دایکی چوار ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

رۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە “خاتووزین کاکەمەمی” دایکی ٤ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوشکی شەهید “قادر کاکەمەمی” کە وێڕای ٣٦ کەس لە لاوانی شاری مهاباد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گوللە باران کران، لە شاری مهاباد کۆچی دوایی کرد.
دایە “خاتوزین کاکەمەمی” ساڵی 1312ی هەتاوی لە گوندی “گردەبەردان”ی سەر بە شاری مهاباد لە دایک بووە. چوار لە کوڕەکانی بە ناوەکانی “کەماڵ، جەماڵ، ئەمیر و ئەنوەر بەروەندی” لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا وەک پێشمەرگە و ئەندامی ئەو حیزبە لە خزمەت گەل و نیشتیمانەکەیاندا بوون. هاوکات وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، برایەکیشی بە دەستی نیزامی کوردکوژی ئیسلامیی ئێران گوللەباران کرا.
دایە “خاتووزین” لەو دایکە کوردپەروەرانە بوو کە هەمیشە دڵی بۆ ئازادیی نەتەوەکەی لێی دەدا و ئاواتی دیتنەوە و لەباوشگرتنەوە پێشمەرگە و کوڕە دوورەوڵاتەکانی بوو و وێڕای تەمەنی زۆری ، لە زۆربەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی مهاباد دژ بە کۆماری ئیسلامی و دامودەزگاکانی، بەشداری چالاکانە هەبوو و پشتیوانێکی هەمیشەیی لاوانی شاری مهاباد بوو و لەو راستایەشدا، هەم بە هۆی کوڕە پێشمەرگەکانی و هەم بەهۆی بەشداری لەو خۆپێشاندان و چالاکییەکاندا، چەندین جار لە لایان دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و بێ رێزی پێ کراوە.
بەم بۆنەوە، ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەرەخۆشی لە هاوڕێیان کاک “کەماڵ، کاک جەماڵ، کاک ئەمیر و کاک ئەنوەر و بنەماڵەی بەڕێزی “بەروەندی” بە تایبەتی و خزم و کەسوکار بە گشتی دەکات و لەم خەمە گەورەدا خۆی بە شەریک دەزانێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*