
رۆژی یەکشەممە ١٠ی یانواری ٢٠٢١ی زایینی، هاوڕێ “محەممەد ڕەموکی” ناسراو بە “جەنگجوو”، خەڵکی گوندی “دەشتی قوڕێ”ی ناوچەی نەغەدە، لە وڵاتی دانمارک بەهۆی نەخۆشیی کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد .
بە ھەستکردن بە بەرپرسایەتی و بەو زوڵم و زۆرەی کە لەسەر گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان هەبوو، هاوڕێ “محەممەد جەنگجوو” ھەر لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە وەکو پێشمەرگەیەکی بە باوەڕ تێکەڵ بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ و لە ھێزی “ئەفشین”ی ئەو کاتدا سازمان دەدرێ .
پاکی و سەداقەتی پێشمەرگایەتی وا لە هاوڕێ “جەنگجوو” دەکات ھەر زۆر زوو لە نێو حیزب و کۆڕی هاوڕێیانیدا جێی خۆی بکاتەوە و ببێتە خۆشەویست و جێی متمانەی هەموو لایەک و لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەک رۆڵەیەکی ماندوونەناس و دڵسۆز و ھەڵسووڕ، توانی ئەرکی حیزبی بە باشترین شێوە بەڕێوە ببات و وەکو پێشمەرگەیەک لە بەشی پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی و پاشان وەک پێشمەرگەیەکی پارێزەری دەبیرخانە و ساڵانێکی زۆریش وەک پاسەوانی تایبەتیی نەمر کاک “جەلیل گادانی” درێژە بە خزمەتی خۆی بدات.
پاشان ڕێگەی ھەندەران دەگرێتە بەر و لە وڵاتی دانمارک دەگیرسێتەوە. دەگەڵ ئەوەیدا لە تاراوگەش هەردەم دڵی بۆ وڵات و حیزب و نەتەوەکەی لێێ دەدا و ئارەزووی سەرکەوتنی شۆڕش و گەیشتن بە ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانمان بوو، بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند ساڵ بوو بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند و سەرەنجام دڵی شەیدای بینینەوەی نیشتیمانی لە لێدان کەوت .
بەو بۆنەوە، ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز “رمۆکی” و هەموو خزم و کەسانیان دەکات و لەو خەمە قورسەدا خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات
١١ی جانیوێری ٢٠٢١

Be the first to comment