پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کریسمەس و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢١ پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و پیرۆزبایی ئەو دوو بۆنەیەی لە مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و هاونیشتمانییانی دەرەوەی وڵات کردوە.

 

دەقی پەیامەکە بەم‌جۆرەیە:

 

بەبۆنەی هاتنی کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە هەموو مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و هاونیشتمانییەکانم لە دەرەوەی وڵات دەکەم.

مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران لە کاتێک‌دا کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی جێژن دەگرن کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بارودۆخێکی هەرە سەخت و تاقەت‌پڕووکێن‌دا دەژین. ئابووریی داڕماوی وڵات و لەو سۆنگەیەوە بێکاری و گرانی و هەر وەها پەتای کۆرۆناش ژیانی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران تاڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەش‌دا کە سەرکوتی بێ‌بەزییانەی دەزگای داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی و بارودۆخی کۆرۆنا بە شێوەی کاتییش بووبێ، پێشی بە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان گرتووە، بەڵام خەڵکی ئێران سەلماندوویانە کە نەتەوەگەلێکی ماف‌خوازن و بەدڵنیاییەوە لە خەبات و تێکۆشانیان، بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیان بەردەوام دەبن.

هیوادارم که‌ ساڵی نوێی زایینی بۆ جیهان به‌گشتی و بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناوچه‌که‌مان به‌تایبه‌تی ساڵێکی ئارام و پڕده‌سکه‌وت بێ و، ئاشتی، ئازادی و دادپه‌روه‌ری زیاتر بەرەو‌ پێش هەنگاو بنێ. هەروەها هیوادارم کە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی لەپێناو سەقامگیریی ئازادی و دێموکراسی‌دا زۆرتر سەرنج بە مافە ئینسانی و دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران بدا.

بێگومان خەڵکی ئێران لە ساڵی نوێ‌دا بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی و نەتەوەییەکان لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ دەستەبەری مافەکانیان بەردەوام درێژە دەبن و ئەمن هیوادارم کە لایەنە سیاسییەکانیش بە یەکیەتیی و یەکڕیزیی خۆیان پاڵپشت و هاندەرێکی باش دەبن بۆ جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی خەڵکی ئێران.

بە هیوای ساڵێکی خۆش بۆ هەموو لایەک.

 

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٥ی دێسامبری ٢٠٢٠

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*