بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە نۆروێژ وێبینارێک بەڕێوە چوو

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرانبەر ١٦ی دێسامبری ٢٠٢٠ی زایینی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بەشداری بەسێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە، وێبنارێکی بۆ دکتور “کوێستان گادانی”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا.
سەرەتایی وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزب بەو بۆنە پیرۆزەوە، لە لایەن هاوڕێ “خوسرەو قادری”، ئەندامی کۆمیتەی نۆڕوێژەوە پێشکەش کرا. لە پەیامی کۆمیتەدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەو رۆژە پیرۆزە، باسی لە رەوتی جوڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتی ناودێرکردنی ٢٦ی سەرماوەز بۆ هەڵکردنی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگە کرد و رۆڵ و نەخشی پێشەوای مەزن و رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی هەم لە کاتی هەڵکردنی ئاڵا و هەم دواتر بۆ ناودێرکردنی ئەو رۆژە وەک رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی نۆروێژدا وێڕای باس لە قارەمانییەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەدا هاتبوو: “ئێستا خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ قۆناخێکی ناسک و چاره‌نووسسازدا تێده‌په‌رێ. مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی زۆر له‌ جاران به‌ربڵاوترن. ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ هه‌ر تاکێکی نیشتمانپه‌روه‌ری کورد به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان پێشمه‌رگه‌ بێت وهه‌ر بسته ‌خاکێکی ئه‌م جیهانه‌ سه‌نگه‌رێکی بەرگری له‌ مافه‌کانمان بێت. ئێمه‌ی کورد له‌ هه‌نده‌رانیش سه‌رەڕای دووریمان له‌ خاک و نیشتمانمان، ده‌توانین ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تیمان به‌ گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی ئێره‌ به‌ڕێوه‌ به‌رین. هه‌موومان ده‌زانین که‌ دوژمنانی ئێمه‌ بۆ زه‌ربه‌وه‌شاندن له‌ پێشمه‌رگه‌ و تێکۆشه‌رانی کوردستان سنوور ناناسن و تا ئێستا چه‌ندین که‌سیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات لێ شه‌هید کردووین. شه‌هیدانی رێبه‌ر و سه‌رکرده‌ “د. قاسملوو و د.شه‌ره‌فکه‌ندی” و هاوڕێیانیان له‌ ریزی پێشەوەی گیانبازانی گەل و وڵاتدان، کە له‌ ئوروپای ئازاد و دێموکراتدا تیرۆر کران.”
دوابەدوایی پێشکەشکردنی پەیامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، بەڕێز “د.کوێستان گادانی” باسێکی بەپێزی بەو بۆنە پیرۆزەوە کە تایبەت بوو بە رۆژی هەڵکردنی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لە سەرەتایی باسەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی گەرمی خۆی سەبارەت بەو رۆژە مێژووییە، هەروەها سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ ئەو هاوڕێیانە دەربڕییەوە کە لە یەک ساڵێ رابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئازیزانێکیان لەدەست داوە و هیوای خواست کە ساڵی داهاتوو ئەو پەتایە ریشەکێش بێ.
پاشان بەڕێزیان هاتە سەر باسێکی مێژوویی لەسەر نەمانی دەسەڵاتی نگریسی پەهلەوی و هەلومەرجی رەخساو بۆ هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها رۆژی پێشمەرگەی کوردستان.
دکتور “کوێستان گادانی” سەبارەت بە پێناسەی ئاڵا بە گشتی لە جیهاندا گوتی: “بە بڕوای من جوانترین پێناسە کە وەک سیمبۆلی نەتەوەیی کرابێت، لە لایەن بیرمەندی ئامریکایی “مایک بیلگە” کە پێی وایە ئاڵای وڵات و نیشتمان و نەتەوە رۆڵێکی گرینگ و بەردەوام لە بەرهەمهێنان و پاراستنی گوتار و ناسنامەی نەتەوە دەبینێت .”
هەروەها بەڕێز گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب ئاڵای کوردستانی بە رەمزی هەرمانی نەتەوەیی زانی و هیوای خواست کە ئێمە لە شێوەی بەکارهێنانی ئاڵادا سەرنجی زیاترمان هەبێ و هەمیشە وەک سەروەرێک چاوی لێ بکەین و شەکاوەی رابگرین. بەتایبەتی لە تاراوگە نەسلەکانی دواتر فێری هێما و رەمزەکانی ئاڵای کوردستان بکەین و ئاواتی خواست کە رۆژێک هەرچوارپارچەی کوردستان لە یەک ئاڵا کەڵک وەربگرن.
لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەی خاتوو “کوێستان گادانی” کە تایبەت بوو بە رۆژی پێشمەرگە، باسێکی مێژوویی سەبارەت بە هەل و دەرفەتێک کرد کە لە کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئێران و بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتبووە پێش و گوتی: “دوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ئەو سیستمە بەڕێوەبەریی ئەوکاتی کوردستان پێویستی بە سوپایەکی میللی هەبوو کە بتوانێ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی بکا، هەر بۆیە ناوی پێشمەرگەیان بۆ ئەو سوپا میللییە هەڵبژارد کە دواتر لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٦ی سەرماوەزی وەک رۆژی پێشمەرگە دیاری کرد.”
سەبارەت بە پێناسەی پیشمەرگە بەڕێز گادانی گوتی: “لە پێناسەی پێشمەرگەدا، نە قەلەمی کولی من و نە گوتەی من ئەگەر باشترین وشەکانیش بە زماندا بێنم، دیسان بڕوا ناکەم ئەو وشە جوانانە ببینمەوە کە پێناسەی پێشمەرگە بکات. بۆیە لێرەدا کڕنۆش دەبەم بۆ هەستی پاک و گیانفیدایی پێشمەرگەی کوردستان کە خۆنەویستانە بە بێ بەرژەوەندیی خۆیان حازرن گیانی خۆیان فیدای دەستەبەرکردنی ئازادیی نەتەوەکەیان بکەن. هەر ئەوەی کە ماوەی ٧٥ ساڵە پێشمەرگە هەر لە دەورانی کۆمارەوە تا بزووتنەوەی ٤٦ ـ ٤٧ و تا ئێستا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا راوەستاوە و خەباتی ئازادیخوازانەی لە رەهەندی جۆراجۆر وەک خەباتی چەکدارانە، مەدەنی، فەرهەنگی و هتد… درێژە پێ داوە، شاهیدی ئەو ئازایەتی و فیداکارییانەمان بۆ دەردەخا.”
لە کۆتایی باسەکەیدا دکتور “کوێستان” ئاماژەی بە ناو و ناوبانگی پێشمەرگە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە دنیای دەرەوەش دا کە وەک قارەمانێک لە دژی تێرۆر و کۆنەپەرستی و بە هێزێکی رزگاریدەر و ئازادیخوازی وەسفی دەکەن. هەر بەو تاریفەوە بەڕێزیان هیوای خواست کە لە داهاتوودا پێشمەرگە وەک سوپا و هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دامەزرێ، نەک ئەوەی کە هەر حیزبەی پێشمەرگەی تایبەتی بە خۆیی هەبێ.
لە کۆتایی وێبینارەکەدا، دوایی پێشکەشکردنی پارچە شێعرێکی نیشتمانی، بەشداران بە را و بۆچوون و پرسیاری خۆیان وێبینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. جێگای ئاماژەیە کە ئەو وێبینارە دوایی ٢ کاتژمێری کۆتایی پێ هات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان – کۆمیتەی نۆروێژ

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*