کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ تێچووی پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ لەسەر کۆماری ئیسلامی قورستر بکا

٢٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ (١٠ی دسامبری ٢٠٢٠) بەرامبەرە دەگەڵ حەفتاودووهەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا.
لە ساڵیادی پەسندکردن و ڕێزگرتنی ئه‌م بەڵگەنامە جیهانییە که‌ وه‌ک دێکیۆمێنتی کۆمافی بنه‌ڕه‌تی بۆ دادپه‌روەری و یەکسانیی مرۆڤایەتی ناسراوە، به‌داخه‌وه‌ ئێستاش له‌ بەشی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل ده‌کرێن و هاتن و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی تۆتالیتەر و دیکتاتۆر وەک دەرفەتێک بۆ بەرتەسک‌کردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم ئازادییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە.
لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێرانی داگیرکەر، کوردەکان بە هۆکاری ڕوانین و باوەڕی سیاسی، عەقیدەتی و ئایینی، لەبەر هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە زمان، وێژە و کولتووری نەتەوەیی؛ کۆمەڵەی قوتابی و خوێندکار، کرێکار، فەرمانبەر، مامۆستا، خانەنشین‌کراو و… بە هۆی ناڕەزایەتی بە ڕەوشی خراپی ژیانیان، بێکاری و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابووری بەشیوازێکی پڕسووکایەتی سەرکوت دەکرێن، دەگیرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر. خۆپێشاندانە ڕەواکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەتایبەت خەزەلوەری ٩٨ میناکی ڕاستی و بەرچاوی ئەم سەرکوت و زوڵم و زۆرییەیە کە بەبەراورد دەگەڵ باقی ناوچەکانی ئێران دەرحەقە بەگەلی کورد زۆر زیاتر کراوە.
هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە لەبەرەچاوی هەموو جیهان و بە ئاشکرا بە شێوەی نامرۆڤانە کۆلبەرانی بێ‌تاوان، بێکار و بێ‌دەرەتان لە ناوچە سنوورییەکان دەدنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆ و هەڕەشە لە خەڵکی نیشتەجێی ئاواییەکانی سەر سنوور و مەڕداران دەکەن شوێنی خۆیان چۆل بکەن و بەجێ بهێڵن.
هاوکات بە بەردەوامی لاوانی کورد پۆل پۆل بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکرێن و، زیندان و سێدارە و خۆکوژی وێڕای تەقینەوەی مین ڕۆحی ژیان لە کۆمەڵگەی ئازادیخوازی کوردستانی داڕووشاندووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو سەرکوت و پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی پلان بۆ داندراو و سیستماتیک دەکا کە بە بەردەوامی لە پێوەندی دەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەدا ناوەندە داکۆکیکارە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بڕیارنامەیان بە دژی ئێران پەسند کردوە و ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەیان مەحکووم کردووە.
کۆماری ئیسلامی نەک لەبەرچاوی خەڵکی وڵاتی ئێران، بەڵکوو لە ڕوانگەی نێودەوڵەتیش‌دا بە ڕێژیمێکی پێشێل‌کەری مافی مرۆڤ ناسراوە. لە ماوەی چل و دوو ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا، کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دوو ساڵ نەبێ، هەموو ساڵێک بڕیارنامەی بە دژی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پیشێل‌کرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ڕێگەی تێرۆرەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٨ بە لانی کەمەوە ٣٧٩ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانی شەهید کردووە. هاوکات ٤٤٤ ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کە ناویان لای ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە لە سەرەتای شۆرشەەوە هەتا ساڵی ١٣٩٧ بەتاوانی ئەندامەتی لەو حیزبە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە داوە. لە ساڵی ١٣٩٠ هەتا سێپتامبری ٢٠٢٠ (١٣٩٩) ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کورد توانیویانە شوناسی ٥١٤ کەسی مەدەنیی کورد بە ناو و نیشانەوە تۆمار بکەن کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەسێدارە دروان. هەر لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا ٦٩٦٦ کەس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک چالاکیی ژینگەیی، ئەدەبی، سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و، ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام و… دەسبەسەر کراون کە لە کۆی گشتی ئەمانە ١٣٣٧ کەسیان زیاتر لە ٥ هەزار ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەر لەو دە ساڵەدا ٣٧٦ کەس لە کوردستان بە هۆکاری تەقینەوەی مین بریندار یان کوژراون، ١٣٨٤ کۆڵبەر لەو دەساڵەدا کوژراون و بریندار بوونە (٤٨٥ کۆڵبەر کوژراون و ٨٩٩ کەسیشیان بریندار بوون) کە ٢٢ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. تەنیا لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٩ هەتا ١٩ی سەرماوەز (٨مانگ و ١٩ ڕۆژ) ١٣٣ کەس لە کوردستان لەبەر هەژاری، بێکاری و کێشەی دەروونی و خێزانی بەڕێگای جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە نیوەی زیاتریان ژن بوون. ئەم ئامارانەش تەنیا بەشێکێ ئاشکرا لە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانن کە ناوەندەکانی داکۆکاری لە مافی مرۆڤی کوردستان توانیویانە تۆماریان بکەن.
لەم ڕۆژەدا بە گرنگی دەزانین داوا له‌ هه‌موو ناوەندە جیهانییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت ناوەندی بڕیار لە وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیکی پڕکاریگەری جیهانی بکەین کە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەل کۆمەڵگەی جیهانی تەنیا لە چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئەم ڕێژیمەدا نەبینن. ئەم ڕێژیمە جیا لە هەوڵی بەردەوامی بۆ ناسەقامگیری لە ناوچە و جیهان‌دا، کۆمەڵگەی ئێران و خەڵکی وڵاتی بە بارمتە گرتووە و چاوەڕوانیی ئەوە لە ناوەندەکانی بڕیار لە دنیا دەکرێ کە وێڕای هەڵوێست‌وەرگرتن لە بەرامبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشێل‌کرانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە هەمبەر سیاسەتی دژە کورد و ئاکاری هۆڤییانەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد بێدەنگ نەبن. بێ‌گومان هەتا تێچووی ئەم سیاسەت و ڕەفتارە نامرۆڤانەیە لەسەر کۆماری ئیسلامی قورس نەوەستێ، ڕێژیم نەک لەسەریان بەردەوام دەبێ، بگرە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران لەوەش خراپتر دەبێت.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٩ (١٠ی دێسامبری ٢٠٢٠)

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*