ژن و بیرکردنەوە

لەیلا قادری

ئەگەر پێمان وابێ کە ڕەوتی بیرکردنەوە (تێفکرین) بە واتای بیرداڕێژی-یه نەک لەکارکردنی ئەقڵ، ئەوکات تێ‌دەگەین کە ئەقڵ، کۆچەمکێکە کە تەنیا تایبەت بە ڕەگەزێک نییە. ئەقڵ لە خۆی‌دا، تایبەت بە جنسییەت نییە، بەڵکوو توانایی مرۆڤە لە لەکار کردنی تواناییە زەینییەکانی و هەموو مرۆڤێکیش لێی بەهرەمەندە. بەڵام مەرجی بەهرەمەندی لە ئەقڵ، کارامەیی ئەوە. بەو هۆیەوە ئەو تەرح و گەڵاڵانەی لە کۆنەوە لە زەینییەتی بەشەردا جێ ماون وەک ئەوەی کە ژن کەم ئاوەز و لاواز و ساویلکەیە، ئەوانە هەمووی لەو بارودۆخە نالەبارانە سەرچاوە دەگرن کە تێیان‌دا دەرفەتی “بیرکردنەوە” بە ژن نەدراوە و پیاوان لەجێی ژنان بیریان کردۆتەوە.
زۆر ئاساییە کە ئەگەر پیاویش کەوتبایەتە وەها بارودۆخێکەوە، دەرفەتی کارامەییی ئەقڵی پەیدا نەدەکرد و لە ئاکام‌دا نەیدەتوانی ئیدە و بیرۆکە داڕێژێ و ناو دەر بکا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە “کارامەیی ئەقڵی” لە ئاکامی هەڵسوکەوت و ئاڵووێڕ و دانوستانە کۆمەڵایەتییەکان دەستەبەر دەبێ.
کاتێ کەسێک لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک‌دا قەتیس مابێ، بە جۆرێک کە تەنیا لەگەڵ کەسانێکی کەم، هەستێ و دانیشێ و لەگەڵ بابەت و پرسە جیدییەکان ڕووبەڕوو نەبێتەوە و ئەزموونی جۆراوجۆر و دژواری نەبێ، ئاساییە کە تواناییی ئاوەزی و ئەقڵی لەودا بەرەو لاوازی دەچێ.
ئاراستە سەرەکییەکانی مێژوو بە جۆرێک بووە کە دەرفەتی ئەزموون کۆکردنەوە و سات و سەودای فکری و کۆمەڵایەتی بە ژنان نەداوە. کەوایه هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە بواری” فکر” دەر نەکەوتوون و ئاشکرا نەبوون و بە دەربڕینێکی سادە، لە مێژووی “بیرکردنەوە” بزر و ونن، دەگەڕێتەوە سەر ئەو بارودۆخ و قۆناغانەی ژنان بە درێژایی مێژوو لێی تێپەڕیون و هیچ پێوەندیی بە جەوهەر و هەقیقەتی زاتی ئەوانەوە نییه. هەرکاتێکێش نەتوانین جەوهەری ژن وەک مرۆڤێک لەو دۆخە جیا بکەینەوە کە تێیدا ژیاوە، بەدڵنیاییەوە سەبارەت بەوان تووشی هەڵەی تێگەیشتن دەبین.
ژنان نەیانتوانیوە، تیۆری و بیروڕا جیدییەکان بێننە ئاراوە و بڵیمەتیی ژن بە نیسبەتی پیاو کەمترە، هۆکار ئەوەیە کە دەرفەت بۆ تەجروبە وەرگرتن و پراکتیزە کردنی هێز و توانایی ئاوەزی کەمتر بۆ ڕەخساوە و زاڵ‌بوونی ڕوانگە پیاوانەکان، بۆتە هۆی بەردەوامیی وردە گەڵاڵە کلیشەییەکان لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆنەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، ژنان بە بەردەوامی کەڵکیان لە بەرهەمی فکریی پیاوان وەرگرتووە، هەر بۆیە خۆیان لە قەرەی پڕۆسە و ڕەوتی بیرکردنەوە نەداوە. تەنانەت ژنان لە گۆشەنیگای پیاوانەوە لە خۆیان و لە تواناییەکانی خۆیان دەڕوانن، چون ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆخۆیانی دەکەن، ئاکام و بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی پیاوانەیە و بۆخۆیان هیچ ڕۆڵ و نەخشێکیان لە بەرهەمهێنانی ئەو فکرانەدا نەبووە و نییە.
ئەوڕۆ کە ژنان لەچاو ڕابردوو دەرفەت و هەلی ئەزموون کۆکردنەوە و تاقی‌کردنەوەی زیاتریان بۆ دەڕەخسێ، کەوتوونەتە ناو پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بیروڕا و فکر و تیۆرییەوە، بەڵام لێرەش‌دا، کاتی پەخش و بڵاوبوونەوەی تیۆرییەکانیان، بەرەوڕووی سنووردارێتی دەبنەوە. چونکە کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا، ڕوانگەی پیاوانە زاڵ و حاکمە، هەروا بێ‌بڕوایی و بێ‌متمانەیی بە ڕەسەنایەتی بیروبۆچوونی ژنان وەک ڕەگەزی پلە دوو، لەژێر کاریگەریی گەڵاڵە دەق‌گرتوو و کلیشەییەکان‌دا دەمێنێتەوە.
بەداخەوە پیاوان، بەقا و باوەڕیان بەوە نییە کە ژن دەتوانێ فکر و تیۆرییەک بەرهەم بهێنێ.
هەتا پیاوانیش خاوەنی ئەو بێ‌باوەڕییە بن، زۆر ئاساییە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی تیۆرییەکانی ژنان، سەقیلی و چاوچنۆکی دەنوێنن و بەرهەڵستی بیروڕای ژنان دەبنەوە. دیارە حاشا لەوەش ناکرێ کە حزووری ژنان لە مێژووی “بیرکردنەوە/ ڕامان” کەم‌ڕەنگ بووه، بەڵام هۆکار؟
یەکەم، وەک ئاماژەی پێ کرا، دەگەڕێتەوە سەر بێ‌بڕوایی و بێ باوەڕیی پیاوان بە نیسبەتی بەرهەمە فکرییەکانی ژنان.
دووهەم، ئامادە‌ نەبوونی بەستێن و پانتاییەک بۆ بەرهەمە فکرییەکانی ژنان بە هۆی تەرحە هەڵە و کۆنەکانەوە.
سێهەم، پێشگیری و لەمپەڕسازی لە هەمبەر بڕەوپێدانی فکر و ڕای ژنان و لە کۆتایی‌دا هەڵسەنگاندنی ڕەگەزی بۆ نووسراوەکانیان.
حەقیقەت ئەمەیە کە ئەوانە زۆرداریی مێژوویین و بە درێژایی مێژوو بەسەر ژنان‌دا سەپاون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*