بەڕێوە چوونی وێبینارێک بە بۆنەی ۲٥ی نوامبر،ڕۆژی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توند و تیژی بەرامبەر ژنان لە سوئێد

ڕۆژی شەممە ۲۱ی نوامبر، لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکڕات کومیتەی سوئێد،، وێبینارێک بە بۆنەی ۲٥ی نوامبر، ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی دژی ژنان، بۆ بەڕێزان کەژاڵ ئەحمەدی و تارا عەزیزی و بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوان لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو.
لە بڕگەی یەکەمی وێبینارەکەدا خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی، کۆمەڵزان و شارەزا لە بواری ڕەوان دەرمانی باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر دڵەڕاوکێ و ڕەفتاری زیان لەخۆدەر و هۆکارەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.
ناوبراو پاش ئاماژەدان بەوەی کە دڵەڕاوکێ نەخۆشییەکی دەروونی و درێژخایەنە کە زیاتر لە نێو لاوان و ژناندا باوە و هەر وەها هۆیەکی سەرەکییە بۆ دروست بوونی ئازار و دواتر زیان لەخۆدان لە لایەن نەخۆشەوە، باسی لەو ڕێکارانە کرد کە لە وڵاتی سوئێد و لە لایەن بەشی تەندروستییەوە پێشکەش بەو کەسانە و بنەماڵەکانیان دەکرێ و هەروەها چۆنیەتی هەڵسوکەوت و ئەرکی بنەماڵە و دەوروبەر لە ئەگەری هاتنە ئارای حاڵەتێکی لەو شێوە لە خێزاندا کرد.
بڕگەی دووهەمی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ خاتوو تارا عەزیزی، مافناس و نوێنەری سوئێد لە کومیسیونی نێو دەوڵەتی مافناسان ( ئای سی جی ICJ ) لە ژێر ناوی توند و تیژی دژی ژنان لە سۆنگەی مافی ژنان و یاسا نێو دەوڵەتییەکانەوە کە بە هەر دوو زمانی سوئێدی و ئینگلیزی پێشکەشی کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا، بە پشت بەستن بە مافەکانی پەسەندکراوی ژنان لە یاسا و چارتەرەکانی نەتەوە یەکگرتۆکان و ئەو دەوڵەتانەی واژۆیان کردووە دەست نیشانی کرد کە توندو تیژی و هەڵاواردن لە دژی ژنان تاوانە و دەوڵەتان و دەسەڵاتدارەکان نە تەنیا دەبێ پێش بە ئەو جۆرە تاوانانە بگرن، بەڵکو لە جێبەجێکردنیشدا بەرپرسیار و وڵامدەرن و دەبێ سەزاش بۆ تاوانکار دابنێن.
عەزیزی لە بەشێکی تری باسەکەیدا وێرای ئاماژە بە دۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان، گوتی بە پێی سەرچاوەکانی ئەمنستی و هیومن ڕایتس واچ جیاواز لە لایەنی کولتوری و یاسایی کە مافی ژنان ڕەچاو ناکرێ، دەسەڵات خۆشی تاوانبارە بۆ ڕێگە خۆش کردنی هەڵاواردن و توندو تیژی لە دژی ژنان.
ناوبراو هەروەها گوتی کە ژنانی ئێران و کوردستان کۆڵیان نەداوە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زانیارێکی بەرچاو لەسەر وەزعی خۆیان بەڕی دەکەن بۆ ناوەند و ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا خاتو تارا عەزیزی گوتی لە سەردەمی کۆڕۆنادا بە پێی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی UN بە داخەوە ڕادەی توند و تیژی لە دژی ژنان بە ڕێژەی لەسەتا سی زیادیکردووە و کۆمەڵگا دەبێ ئەو پەیامە بە جیدی وەرگرێ.
بەشی کۆتایی وێبینارەکە تەرخانکرابوو بۆ پرسیاری بەشدار بووان، کە لە لایەن هەر دوو بەڕێزان، خاتوو کەژاڵ و خاتوو تارا بە وردی و تێر و تەسەلی وەڵام درانەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*