ژنان – کەمینە نەتەوەییەکان لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا

دیلان هەردی

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

(ژنان – کەمینە نەتەوەییەکان لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا)

 

لەو کاتەوە کە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای پڕەنسیپە ئایینییەکانەوە نووسراوەتەوە، ستاتۆ ‌و مافەکانی ژنان بە پێی پێوەرە ئایینییەکانەوە پێناسە کراون. دوای ئەوەی لایەنە ئایینییەکان بە دەسەڵات گەیشتن ‌و شیعەگەریی دەوڵەتییان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند، ژنان ئەو مافە زۆر کەمەی لە سەردەمی شادا وەدەستییان هێنابوو، ئەویشیان لێ زەوت کرا. بندەستی ‌و چەوسانەوەی ڕەگەزی مێینە کە لە نەریتی ئایینی شیعەدا بوونی هەبوو، فۆڕمێکی یاسایی بە خۆیەوە گرت‌ و ژیانی هەموو ژنانی ئێرانی هێنایە ژێر سێبەری ڕێسا ئایینییەکان. لە ڕاستیدا شۆڕشی ئێران، لە ڕوانگەی مافەکانی ژنانەوە “شۆڕشێکی باوک‌سالارانە” بوو. ئەو جۆرە شۆڕشە، ژنان پەڕاوێز دەخا ‌و بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە سەربەخۆبوونیان دەگرێ‌ و ناتەبایە لەگەڵ پێناسەکانی سەربەخۆیی، ئازادی ‌و ئازادبوون، هەروەها پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژیکی لە نێوان بەهاکانی باوک‌سالاری، نەتەوەپەرستی ‌و سیستەمی ئایینی دروست دەکا. لە کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، جەخت لە ستاتۆی بەرزی بنەماڵە دەکرێتەوە‌ و ڕۆڵی ژن تەنیا لەنێو چوارچێوەی بنەماڵەدا زۆر گرنگ وەسف دەکرێ. لە پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ژنان بەو شێوە پێناسە کراون:

“ژنان پێناسەی ڕاستەقینەی خۆیان ‌و ئەو مافانەی لە سەردەمی شادا لێیان زەوت کرابوو، وەدەستیان هێنایەوە ‌و بنەماڵە، یەکەی بنەڕەتیی کۆمەڵگه ‌و خاڵی گەشە کردنی مرۆڤە”. بەو شێوە ڕوانینە لە بنەماڵە، ژن لە شێوەی “کەرستە بوون”‌و بە ئامراز کرانی لە خزمەت پەرەپێدانی بەکارهێنەریگەری ‌و چەوسانەوە دێتە دەرەوە”. (پێشەکیی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران)

 

یاسای بنەڕەتی ئێران، جگە لە ئامانجی هینانە کایەی بنەما ئیسلامییەکان، دان بە پێناسەی بنەڕەتی‌ و مافە بنەڕەتییەکانی ژنان دانانێ. لەو ڕووەوە، مافەکانی ژنان بە شێوەی سەربەخۆ هیچ گرنگییەکیان نییە، بەڵکوو ژن تەنیا وەکوو پێداویستییەکە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئامانجەکانیان بگەن. بەپێی ئەو ڕوانگەیە، ژن تاکێکە کە تەنیا لە بنەماڵەدا بەهای هەیە ‌و هەموو ماف ‌و ئەرکەکانیشی تەنیا لەو چوارچێوەیەدا گرنگییان هەیە. ڕۆڵی ژن وەکوو دایک پێناسە کراوە کە ئەرکی پەروەردە کردنی مرۆڤی لە نێو ماڵدا لەئەستۆیە. دەستووری ئێران دژی ئەوەیە کە ژن ‌و پیاو لە سەر بنەمای ڕەزامەندی‌و بە ئارەزووی خۆیان پەیوەندییان پێکەوە هەبێ، بەڵکوو پەیوەندیی نێوانیان بە ڕێسا ئایدۆلۆژیکەکان سنووردار دەکاتەوە. لە لایەک، مادە جۆراوجۆرەکانی وەکوو مادەی ١٠‌و مادەی ٢٠ی دەستوور، جەخت لەوە دەکەنەوە کە “ژن‌و پیاو لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن” یان “لە لایەن یاساوە پارێزراون”، بەڵام لە لایەکیترەوە، جەخت لە ڕێزگرتن لە نەریتەکانی ئیسلام دەکاتەوە. ئەو بنەماڵەی کە یاسای بنەڕەتیی ئێران پێناسەی دەکا، بنەماڵەی نەریتییە کە لەودا تاکەکان یەکسان نین‌ و ڕۆڵی ژنانیش تەنیا لە چوارچێوەی ماڵەوەدا سنووردار کراوە. بەپێی ئەو نەریت ‌و ڕێسا ئایینییانەی کە یاساکانی ئێران بە سەر خەڵکدا دەیانسەپێنن، ژن لەگەڵ پیاو یەکسان نییە(مادەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی). بۆ نموونە، سزای کوشتنی مرۆڤ بۆ ژن ‌و پیاو یەکسان نییە. ئەگەر پیاوێک بە دەستی ژنێک بکوژرێ، ژنەکە بە سزای قەساس کە دەکاتە کوژرانەوە، حوکم دەدرێ، کەچی ئەگەر ژنێک بە دەستی پیاوێک بکوژرێ، پیاوەکە تەنیا بە سزای پێدانی دییە یان بەهای خوێن حوکم دەدرێ.

بابەتێکی گرینگی دیکە، سەرپۆشی زۆرەکییە کە تەواوی ژنانی ئێرانی کردۆتە ئامانج. دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، ڕێبەرانی ئایینی کۆماری ئیسلامی، یەک لە دوای یەک، پێداگرییان لەسەر زۆرەکی بوونی سەرپۆش دەکردەوە. بە گوتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بێ سەرپۆشی (بی حجابی) لە ئێران لە لایەن یاساوە بە نایاسایی ‌و لە هەندێک بواردا وەکوو تاوان ناسێندراوە ‌و دەستەواژەی “خراپ خۆ داپۆشین” (بد حجابی)ی بۆ بەکار دەهێنرێ. لە مادەی ٦٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، حوکمی هەتا ٢ مانگ بۆ ئەو ژن ‌و کچانە دیاری کراوە کە تەمەنیان لە سەرووی ٩ ساڵانە ‌و لە شوێنە گشتییەکان بەبێ سەرپۆش دەردەکەون. لە کردەوەدا، سەرپۆش لە ٧ ساڵییەوە زۆرەکییە، چونکە کچان هەر لە ٧ ساڵییەوە کە دەچنە خوێندنگەی سەرەتایی دەبێ سەرپۆشیان هەبێ. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایدەگەیەنێ کە ژنان ڕۆژانە ئازار دەدرێن ‌و لەلایەن پۆلیس ‌و کەسانی توندڕەوی لایەنگری دەسەڵاتەوە بە بیانووی سەرپۆش هێرشیان دەکرێتە سەر. بە گوتەی فیلیپ لوتێر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست ‌و ئەفریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، “یاساکانی ئێران بۆ سەرپۆش، نەک تەنیا بە توندی سووکایەتی بە ژنان دەکەن ‌و شێوەیەکن لە هەڵاواردن، کەچی، بۆ پاساودانی توند‌وتیژی لە دژی ژنان لە سەر شەقامیش کەڵکیان لێ وەردەگیرێ”. لەو ساڵانەی دواییدا، سەرکوتی ژنان لە لایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە پەرەی سەندوە، بە تایبەت ئەو ژنانەی بە شێوەی مەدەنییانە لەنێو شەقامەکاندا لە دژی یاساکانی سەرپۆشی زۆرەملێیانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. بۆ نموونە، نەسرین ستودە، پارێزەر ‌و چالاکی بواری ژنان، سەرەتای مانگی مارسی ٢٠١٩، بە هۆی دژایەتیی یاسای سەرپۆش‌ و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ژنان، بە ٣٣ ساڵ زیندان ‌و ١٤٨ قامچی سزا درا.

بابەتێکی تری توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە “بەردباران کردن” کە لەسەر ئەو ژن ‌و پیاوانە ئەنجام دەدرێ کە پەیوەندی سێکسییان لە دەرەوەی ژیانی هاوبەشەوە هەبووە. ئێران یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە بەردباران کردن لە یاسای سزادانەکەیدا هەیە. بەپێی مادەی ٨٣ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، سزای بەردباران کردن لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێ کە مێردیان هەیە، بەڵام پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ کەسێکی‌ تری جیا لە مێردەکانیان هەیە. یاسای سزای مردن جۆر‌ و قەبارەی ئەو بەردانە دیاری دەکا کە لەو شێوە سزای لەسێدارەدانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بەپێی مادەی ١٠٢، بۆ لەسێدارەدان بەشێوەی بەردباران، پیاوەکە دەبێ هەتا نێوقەد‌ و ژنەکەش هەتا سینگ لە زەوی بنرێن. بە پێی مادەی ١٠٤، بەردەکان نە دەبێ هێندە گەورە بن کە تاوانبارەکان زوو بمرن، نە هێندەش بچووک بن کە نەتوانرێ ناوی بەردیان لێ بنرێ. ئامانجی ئەو یاسایانە ‌و سزای بەردباران کردن ئەوەیە کە قوربانییەکان زوو گیان لەدەست نەدەن، بەڵکوو لە پێشدا بە پڕۆسەیەکی دوور‌ودرێژی پڕ لە ئێش ‌و ئازاردا تێپەڕ بن، ئینجا بمرن. پیاوان، بۆ خۆ دەرباز کردن لە سزای بەردباران کردن، هەندێک فێڵی یاساییان لەبەر دەستدایە، چونکە پیاوێک کە خەیانەتی لە هاوسەرەکەی کردبێ، بە شێوەی یاسایی دەتوانێ لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە‌ و لەگەڵ ژنێکی دیکە ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، بەڵام ژنێک کە بە تۆمەتی خەیانەت دەگیرێ، بە سزای مردن بە شێوەی بەردباران کردن حوکم دەدرێ. ئێران یەکێک لە واژۆکەرانی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە سیاسی‌ و مەدەنییەکانە، بەڵام بە گوتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئێران سەرەکیترین مادەکانی ئەو پەیماننامەیە بە بەردەوامی پێشێل دەکا، وەکوو “قەدەغە کردنی سزای لە سێدارەدان بەشێوەی بەردباران کردن، مادەی ٦ (مافی ژیان) ‌و مادەی ٧ (قەدەغەی ئەشکەنجە‌و ئەو سزا‌ و هەڵسوکەوتانەی بێ بەزەییانە ‌و نامرۆڤانەن یان سووکایەتی پێکردنن).

 

کەمینە نەتەوەییەکان لەژێر سێبەری “فارسیزم”دا

ئێران لە خەڵکانی جۆراوجۆر پێک هاتووە. پێکهاتەی ئیتنیکیی ئێران چەندین کەمینەی جیاوازی وەکوو ئازەری، کورد، عەڕەب، بەلووچ‌، لۆڕ و چەندین نەتەوە‌ و زمانی دیکەی لە خۆ گرتووە. بەر لە هاتنە سەر کاری بنەماڵەی پەهلەوی لە ١٣٠٤دا، هەرێمەکانی ئێران دەسەڵاتی زیاتر لە ئەمڕۆیان هەبووە. بەڵام ڕەزاخان کە زۆر لەژێر کاریگەریی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک (دامەزرێنەری تورکیەی نوێ)‌ و سیاسەتەکانی (یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان) بوو، هەوڵی دەدا زیاتر لە جاران دەسەڵاتی ناوەند بەهێز بکا‌ و هەموو دانیشتوانی ئێران تەنیا یەک شوناسیان هەبێ. هەر بۆیەش ساڵی ١٣١٤، ناوی وڵات (فارس)، لە لایەن ڕەزاخانەوە کرا بە “ئێران”، وەکوو ژێدەرێک بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکان. لە ئێرانی نوێدا، هەموو ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی هەرێمەکاندا بوون، وەلا نران ‌و وڵات بەرەو فارسیزم ڕۆیشت‌ و دەسەڵاتە هەرێمییەکان هەرچەندە زۆر کەمیش بوون، لەنێو چوون. بنەماڵەی پەهلەوی هەتا ڕووخانیان، لە هەوڵەکانیان بۆ تواندنەوەی هەموو نەتەوەکان لەنێو یەک شوناس بە ناوی ئێرانی-فارسی بەردەوام بوون، کە هەمووی لە بەرژەوەندیی نەتەوەی فارسدا بوو. دوای شۆڕشی ١٣٥٧، کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی چڕتر‌ و جدیتر بەردەوامیی دا بە هەمان سیاسەت. لە دەستووری بنەڕەتیی ئێراندا، نەتەوە جیاوازەکانی ئێران وەکوو یەکەیەک ئەژمار کراون کە هەموویان یەکسانن‌ و پێکەوە نەتەوەی ئێران پێک دێنن، بەڵام بە شێوەیەکی دژبەیەک، لە مادەکانی دیکەی یاسای بنەڕەتیدا، نەتەوە نافارسەکان لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون. نەتەوە نافارسەکانی ئێران تەنیا بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیان یەکسانن نەک بۆ مافەکانیان.

مادەی ١٥ [زمانی فەرمی] : “زمان ‌و خەتی فەرمی ‌و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگە ‌و نووسینە فەرمی‌یەکان‌ و کتێبە دەرسییەکان دەبێ بەو زمان ‌و خەتە بن، بەڵام کەڵک‌وەرگرتن لە زمانە ناوچەیی ‌و قەومییەکان لە بڵاوکراوە‌ و مێدیاکان ‌و خوێندنی ئەدەبیاتەکەیان لە خوێندنگاکان، لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە. ”

 

سەبارەت بە بەشی یەکەمی مادەی ١٥ی دەستوور ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە تەنانەت ڕێژیمی پەهلەویش هیچ‌کات زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمیی ئێران پەسند نەکرد ‌و هیچ زۆرێکیش بۆ فارسی‌بوونی بەڵگە فەرمییەکان بوونی نەبووە. بەشی دووهەمی مادەکەش نەک هەر هیچ‌کات جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو ئەو کەس ‌و لایەنانەی کە داوای جێبەجێ‌کردنی مادەکە بە تەواوی دەکەن، مۆرکی جیاخوازی ‌و هاوکاریی دوژمنایان لێ دەدرێ.

سیاسەتێکی دیکە کە نەتەوەکان ‌و هێما نەتەوەییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج، گۆڕینی ناوی شوێنە جوگرافییەکانە. ئەو سیاسەتە گوێ بە پێناسەی نەتەوەیی هەرێمەکان ‌و شارەکان نادا. ڕۆژی ٢٤ی ژانویەی ١٩٨٩، شوڕای باڵای شۆڕشی کولتووری بڕیاری خوارەوەی پەسند کرد:

“شارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ هەر کامیان مێژوو ‌و جوغرافیا‌ و شارستانییەتی ئیسلامی پێشکەش بکەن. لەو ڕووەوە، بەرپرسانی ناولێنان دەبێ کەڵک لە هێما کولتووری، ئەدەبی‌ و زانستییەکانی مێژووی شارستانییەتی ئیسلامی وەرگرن. هەروەها، دەبێ کەڵک لە ناوی شارەکان ‌و شوێنەکانی ئەو سەدەیە وەربگیرێ. ”

 

دەسەڵاتی یاسادانانی کۆماری ئیسلامی، نەک تەنیا هیچ مافێکی بۆ نەتەوەکانی ئێران دیاری نەکردووە، بەڵکوو هەبوونی نەتەوەکانیش ڕەت دەکاتەوە ‌و کەمینە نەتەوەیی‌ و ئیتنیکی ‌و زمانییەکان وەکوو “دابەش‌کردنی ساختە” ئەژمار دەکا. بەپێی یاسای ڕاگەیەنەکان، “ڕووماڵ‌کردنی سنوورە ساختە ‌و بەکێشەکان، هەروەها دانانی چین‌ و توێژێک لە پێش ئەوانیتر، وەکوو پۆلێن‌کردنی تاکەکان بەپێی ڕەگەز، زمان، داب‌ و نەریتە ناوچەییەکان، بە تاوان دادەنرێ”. لە ڕاستیدا، ئەو یاسایە‌ و زۆر یاسای دیکە، بە مەبەستی نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان نەتەوە‌ و چین ‌و توێژەکانی ئێران دانەنراون، بەڵکوو بۆ بێدەنگ‌کردن ‌و شاردنەوەی هەبوونی ئەو جیاوازی ‌و نایەکسانییەیە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە سەر نەتەوە‌ و چین ‌و توێژەکانەوە جێبەجێ دەکرێ. دامەزراندنی کەمینەکان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان بە توندی کۆنتڕۆڵی لە سەرە‌ و کەسانێک کە ئینتمای نەتەوەییان بەهێزە، بە ئاسانی ناتوانن پۆستە ئیدارییەکان بگرنە دەست. بەربژێری پۆستە ئیدارییەکان، نابێ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی‌ و بنەماڵەییان، نە لە ئێستا‌و نە لە ڕابردوودا لەگەڵ حیزبە قەدەغە کراوەکان هەبێ. پۆستە سیاسییەکان لەو ناوچانە کە زۆرینە فارس نین، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە هەم ڕابردوو‌و هەم ئێستا بە تەواوی لە خزمەت لایەنی دەسەڵاتداردا بوونە‌ و لە لایەن دەسەڵاتی ناوەند‌ییەوە بۆ ئەو پۆستانە دادەنرێن. کەسانێک کە بۆ پۆستە سیاسییە هەستیارەکانی وەکوو پارێزگار دەستنیشان دەکرێن، بێجگە لە پارێزگا فارس‌ نشینەکان، ئەوانیتر خەڵکی ناوچەکە نین‌ و هەم لەبواری نەتەوەیی ‌و زمانییەوە‌ و هەم لە بواری ئایینییەوە، لە خەڵکی ناوچەکە جیاوازن‌ و زۆربەی پارێزگارەکان، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی کولتووری‌ و زمانی‌ و ئایینییان بە خەڵکەکەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان کەسانی کۆنی نیزامی سەر بە سوپای پاسدارانن. خزمەتی نیزامی بە کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو پیاوێکی سەروو ١٨ ساڵ زۆرەکییە، بەڵام گەیشتن بە پلە نیزامییە باڵاکان بۆ هەموو ئێرانییەکان یەکسان نییە‌ و ئەو کەمینە نەتەوەیی ‌و ئایینییانەی کە جیاوازن لە نەتەوەی فارس‌ و ئایینی شیعە، جگە لە چەند پلەی سەرەتایی، ناتوانن بگەنە پلە ‌و پۆستە باڵا نیزامییەکان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*