ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و ئالنگارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

بێهنام بین تالبلو/ وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ساڵێک لەوە پێش چ شتێک بووە هۆی ورووژاندنی ناڕەزایەتییەکان؟

لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە وەڵامی بڕیاری دەوڵەتی حەسەنی ڕوحانی بۆ بردنە سەری نرخی سووتەمەنی تا دوو هێندەی نرخی پێشوو، ناڕەزایەتی لە شارە گەورەکان دەستیان پێ کرد. زۆری پێ نەچوو خۆپیشاندانەکان وەک کارگ لە نزیکەی ١٠٠ شار و شارەدێ لە ماوەی حەوتووی دواتر سەریان هەڵدا، لە هەمان کاتدا خۆپیشاندەران لە پرسی ئابوورییەوە، پرسەکەیان کردە گشتپرسییەک لە بارەی خودی ڕێژیم. ئێستا ئێرانییەکان ناوی ئەو ڕووداوەیان ناوە ناڕەزایەتییەکانی ئابان [خەزەڵوەر]، کە ناوی فارسیی ئەو مانگەیە کە ناڕەزایەتییەکان تێیدا ڕوویان دا.

ڕێژیم بە توندی ئەو ناڕەزایەتییانەی سەرکوت کرد، لەنێو هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە بڕینی ئینتەرنێت بوو کە بووە هۆی سنووردار کردنی ئاڵووێری زانیاریی لە نێوخۆ و هەروا بۆ دەرەوەی وڵات. لە ژێر پەردەی ئەو کارەدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران بێ‌بەزەییانە و بە چەکی شەڕ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.

بەراوردە سەرەتاییەکان لە بارەی ڕێژەی کوژراوان زۆر لێک جیاواز بوون بەڵام، مانگێک دوای خۆپیشاندانەکان ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز بڵاو بۆوە کە لەودا لە زمان کاربەدەستانی ئێرانی، کە ناویان نەدرکێندرابوو، ژمارەی کوژراوەکان ١٥٠٠ کەس نرخێنرابوو. لە هەمان ڕاپۆرتدا ئیددیعا کرابوو کە ڕێبەری گەورەی ئێران ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، لە بارەی خۆپیشاندانەکاندا گوتبووی، “کۆماری ئیسلامی لە مەترسی‌دایە. هەرچی پێویستە بۆ کۆتایی‌هێنان بە ناڕەزایەتییەکان بیکەن. ئێوە فەرمانی منتان لە لایە.”

وەک لە بەڵگەنامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەر دەکەوێ، جگە لە کوشتنەکان، فەرمانی خامنەیی وێدەچێ بووبێتە هۆی تاقمێک تاوانی دیکە. بەشێک لەو تاوانانە ڕەشبگیریی خەڵک تا ٧٠٠٠ ئێرانی (لە نێویاندا ژن و منداڵ) دەگرێتەوە و بە هەمان شیوە ددانپێدانانی زۆرەملی کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی‌دا بڵاو بوونەوە. پسپۆڕانی دامەزراوەکانی داکۆکی لە دێموکڕاسی ددانپێدانانی زۆرەملی کە لەژێر ئەشکەنجە وەدەست دێن و لە تەلەفزیۆندا بڵاو دەکرێنەوە، وەک تاکتیکێکی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیی دەستنیشان دەکەن.

 

بۆچی ئەو ناڕەزایەتییانە گرینگن؟

کاربەدەستانی ڕێژیم ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەریان لە سەرجەم ناڕەزایەتییەکی دیکە لە ماوەی ٤١ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی توندوتیژانەتر سەرکوت کرد. لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی لە ڕابردوودا کەڵکی لە هێزی کوشندە وەرگرتووە، قەیرانی ڕەوایی هەنووکەیی ڕێژیم، لە لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئێران لە بارەی کەڵک وەرگرتن لە هێز بۆ “بردنی خەڵک بۆ بەهەشت” دەر دەکەوێ، بە هەمان شێوە لە لێکۆڵینەوەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی ناڕەزایەتییەکان، فاکتەرێکە کە دەبێتە هۆی کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە توندوتیژی.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی جووڵانەوەی سەوز لە ١٣٨٨، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو کات ١١٢ خۆپیشاندەریان کوشت، خامەنەیی پێی وابوو ڕێژیمەکەی “لە لێواری نەمان‌دایە.” تەنیا دەیەیەک دواتر، کاربەدەستانی ئێران درێژە بە باس لە سەر مەترسیی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەر ئاسایشی ڕێژیم دەدەن و، بە هەمان شێوە باسی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەریان کردووە. ئێستا وێدەچێ خۆپیشاندەران زۆرتر خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژیم سەلماندوویەتی کە هێزە ئەمنییەتییەکانی تا ڕادەیەکی زۆر یەکگرتوون و لە کاتی پێویست‌دا خاوەن توانایی کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژیی و چاوترسێن کردنن.

ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر بە هەمان شێوە ئاڵوگۆڕی بەرچاوی لە نێو ئەو هاپەیمانییەدا پێک هێناوە کە دژی ڕێژیمە. هەر وەک پسپۆڕانی دامەزراوە داکۆکی لە دێموکراسییان ئاماژەیان پێ کردووە، ناڕەزایەتییەکانی دوای ١٣٩٦ لە ئێران زۆرتر حەزی تێپەڕ بوون لەو ڕێژیمە هاندەریانە تا چارەسەر کردنی گیروگرفتە لە ئەژمار نەهاتووەکانی کۆماری ئیسلامیی. بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییە مەزنەکانی ١٣٧٨ و ١٣٨٨، ناڕەزایەتییەکانی دوای ١٣٩٦ کەسایەتییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نێوخۆ وەک ڕێبەر سەیر ناکەن. بەو شێوەیە، ئەوان لەوانەیە زەنگی مەرگی جووڵانەوەی پیر و پەراوێزخراوی چاکسازیی لێ‌دەن. جگە لەوە، خۆپیشاندەران زۆرتر دێنە سەر شەقام و، ئەوان بەو کارەیان، پێچەوانەی ئەو ئۆستوورانە لە بارەی خۆڕاگریی خۆپیشاندەرانی ئێرانی دەسەلمێنن کە دوای سەرکوتی جووڵانەوەی سەوز، زیاتر لە ١٠ ساڵ لەوەپێش، بڵاو بۆوە.

 

خۆپیشاندانی زۆرتر لە داهاتوودا دەکرێن؟

لە دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر، ئێرانییەکان درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە، بەڵام بە ژمارەی بەشدارانی زۆر کەمتر. ئەوان کەڵک لە هەموو دەرفەت و ئامرازێک، وەک دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئوکراین لە مانگی جانیوەری، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ڕێبەرانییان وەردەگرن. بە ڕاستی، لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ئێرانی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی سیاسەتەکانیان خەبات دەکەن، وێدەچێ ڕێگا چارەی ئەوتۆ هەڵبژێرن کە ببێتە هۆی ناڕەزایەتیی زیاتر.

بۆ وێنە، لە کاتێکدا کە پەتای کۆڤید-١٩ بەربەستێکی کاتییە بۆ جووڵانەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران، گزەی ڕێژیم لە هەڵسوکەت لەگەڵ ئەو قەیرانە دەتوانێ ببێتە هاندەرێک بێ بۆ خۆپیشاندانەکانی داهاتوو و نەفرەتی زۆرتر لە ڕێژیم. کاتی هەستیاری دیکە دەتوانێ قەیرانی جێگرەوە، دوای مردنی ڕێبەری گەورەی ئێران بێ؛ ئالنگاریی کەم‌بوونەوەی ئابووریی وڵات؛ ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی؛ تەشەنە کردنی بێکاری؛ قەیرانی هەنووکەیی ژینگەیی؛ ڕوانگەکان لە مەڕ شکستەکانی سیاسەتی دەرەوە؛ هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی وڵات بە لە بەرچاو گرتنی ناڕەزایەتیی ئەتنیکی؛ ساختەکاریی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکان‌دا، سەپاندنی زۆرەملیی یاساکانی ئیسلام، ئەوانە تەنیا چەند نموونە بوون. شێوەی هەڵسوکەوتی واشینگتۆن لەگەڵ چاوەڕوانییە نێوخۆییەکان لە ئێران، و هەروەها سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێژیم، بێ‌گومان فاکتەرەکانی بەردەوامیی و کاریگەریی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی داهاتاوون.

 

سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران چییە؟

هەر وەک سەرۆک کۆمارەکانی پێش خۆی، دۆناڵد ترامپ کەڵکی لە دەسەڵاتی سەرکۆماریی وەرگرتووە تا بە هۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئابلۆقەی بخاتە سەر. جیاوازییەکەی ئەوە بووە کە بە هۆی چوونە سەری ئاستی سەرکوتی دەوڵەت و ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان، ئەو ئابلۆقانەش پەیتا پەیتاتر سەپێنراون. نابێ لەبیرمان بچێ کە لیستەی پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێکهاتووە لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، سیستەمی دادوەریی، بەندیخانەکان، کۆمپانیاکانی پێوەندیی، ئەو دامەزراوانەی خاوەنەکانیان یا ئەو کەسانەی کونتڕۆڵیان دەکەن لەبەر هاوکاریی لە سەرکوتەکان‌دا کەوتوونەتە ژێر ئابلۆقە. بەڕیوەبەرایەتیی [ترامپ] ئەوانەی کردوونە ئامانجی ئابلۆقەی ئابووری، شێوەی داهێنەرانەی کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمەکانی پێوەندیگرتن، ناو بردن و شەرمەزار کردنی پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ و، دەربڕینی پشتیوانیی لە خەڵکی ئێران کاتێک هاتوونەتە سەر شەقامەکان.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران درێژەیان هەبووە هەر وەک لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کراوە، ئەوە بەو مانایەیە کە سیاسەتی مافەکانی مرۆڤی وڵاتە یەکگرتووەکان زۆرتر سزادەر بووە تا هەڕەشەکەر. لە درێژخایەن‌دا، واشینگتۆن هێشتا هیوادارە کە تێکەڵاوێک لە تەریک خستنەوەی سیاسی و زەختی ئابووری ببێتە هۆی کۆتایی هاتن بە کردارە بەدخوازانەکانی ئێران، یا لانیکەم، بۆی دژوارتر بێ کە بەڕێوەیان ببا. بەردەوامیی سیاسەتی ئاشکراکەرانەی مافەکانی مرۆڤی واشینگتۆن دەتوانێ بە هەمان شێوە ئاوا لێک بدرێتەوە کە ئەوە هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی فرەلایەنە بۆ سیاسەتی “تاکڕەوانەی” ئەوپەڕی زەخت، لە هەمان کات‌دا بە خەڵکی ئێران دەڵێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەوانی لە بیر نەکردووە.

 

سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە مەڕ مافەکانی مرۆڤ و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، چۆن بێ؟  

بەڕێوەبەرایەتیی ئێستا توانیویەتی دۆزی خۆپیشاندەرانی ئێران لە ڕێگای وتاردانی بەردەوام و سەپاندنی ئابلۆقە بەسەر بەشدارانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەرز بکاتەوە. هەروەک لە سزاکانی ئەو دواییانەی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئەو کەسانە کە لە دەسبەسەر کردن، زیندانی کردن، ئەشکەنجە و، کوشتنی زۆرانبازی ٢٧ ساڵە، نەوید ئەفکاری، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران بەشداریی کردبوو، دەردەکەوێ، واشینگتۆن توانایی سەرڕاست کردنی ڕێگاچارەکانی بۆ ئاشکرا کردن و سزادانی ئەو کەسانە و دامەزراوانەی هەیە. واشینگتۆن دەبێ بە وشیارییەوە درێژە بەو لایەنانەی سیاسەتە میزان‌کراوەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ و ناڕەزایەتییەکان بدا، چونکە ئەوە دەرخەری تێگەیشتنی ورد لە بارەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی تاران و توانایی بەرپرسیار کردنی ئەو کەسانەی هەیە کە ڕاستەوخۆ لەو تاوانانەدا بەشدارن.

لە کاتێک‌دا کە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی بایدن بەتەمایە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران بگۆڕێ و دووبارە جەخت بکاتەوە سەر لایەنەکانی بەرنامەی ناوکی، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو نابێ دۆخی مافەکانی مرۆڤ پاشگوێ بخا. پسپۆڕانی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان سەرنجیان داوەتێ چۆن هەڵوێستی بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ بەرانبەر ئێران خۆی لە تێکەڵ کردنی باسی مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دەسەڵاتداریی نێوخۆیی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێ‌دا بواردووە. جێگای شەرمەزاری دەبێ ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی بایدن ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە.

لەو ڕوانگەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن نابێ پرسە ئاسایشییە “ڕەقەکان” لە پرسە سیاسییە “نەرمەکان” لێک جیا بکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەو کارە بکا بەرەوپێش‌چوونەکان لە پرسە گرینگەکانی مافەکانی مرۆڤ کەم بایخ دەکا. تا کاتی دەستپێکی وتووێژەکان لەگەڵ تاران، واشینگتۆن دەبێ ئەو شتە گەشە پێ بدا کە پسپۆڕانی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان ناویان ناوە “شێوەی هەڵسوکەوتی دوولایەنە لەگەڵ ناڕەزایەتی لە ئێران.” ئەو نەخشە ڕێگایە دەبێ زەختی ئابلۆقە، دیتنەوەی ڕێگاچارە بۆ پاراستنی پێوەندییە سەرهێڵەکانی ئێرانییەکان بە یەکەوە، تەنانەت کاتێک کە ڕێژیم درێژە بە سیاسەتی پساندنی هێڵی ئینتەرنێت لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بدا و، تەگەرە خستنە سەر هەوڵەکانی ئێران بۆ گەشە پێدانی ئینترنێتی نیشتمانی [هێڵی پێوەندیی نێوخۆیی کە لەوێدا پێوەندیی لەگەڵ دنیای دەرەوە دەپچڕێ. و.].

بە هەمان شێوە کۆنگرە دەتوانێ لەو بارەوە دەور ببینێ. وەک چۆن لێدوانەکان، ڕاگەیەندراوە چاپەمەنییەکان و، نامەکانی کۆنگرە یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپیان کرد بۆ بەڵێنییەکانی لەمەڕ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران، دەبێ کۆنگرە درێژە بە دەور گێڕان لە بەڕیوەبەرایەتیی داهاتوودا بدا تا درێژە بە جەخت کردن لەسەر گشت چالاکییە بەدخوازانەکانی ئێڕان بدا.

بە هەمان شێوە واشینگتۆن دەبێ هەوڵ بدا پردەکانی پێوەندیی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانە نۆژەن بکاتەوە کە لەبارەی سەپاندنەوەی ئابلۆقەکان بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران گوماندار بوون. نۆژەنکردنەوەی هاوپەیمانی و هاوبەشی لە مەڕ نیگەرانییە ستراتێژیک و ڕەوشتییە هاوبەشەکان، وەک مافەکانی مرۆڤ، دەتوانێ و دەبێ پێشترێتی بدرێتێ. لەو ڕوانگەوە دەبێ واشینگتۆن بریتانیا هان بدا کەڵک لە دامودەزگا سەربەخۆ و نوێیەکەی ئابلۆقەی مافەکانی مرۆڤی ئەو وڵاتە وەرگرێ تا پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بکاتە ئامانج.

واشینگتۆن دەبێ بە هەمان شێوە زەخت بخاتە سەر یەکیەتیی ئەورووپا، کە خەریکی ئامادە کردنی هەنگاوی هاوشێوەیە، تا هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر. لە کاتێکدا کە ئەوە نابێتە جێگرەوەی سیاسەتی زەختی ڕاستەقینە بۆ سەر ئێران، دەتوانێ لانیکەم هەوڵێک بێ بۆ دەستپێکی وتووێژ لە بارەی ئابلۆقەی هاوکات.

لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان نابێ ببنە پاڵنەری هەر گفتوگۆیەک لەبارەی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران، ئەو کاتەی ئێرانییەکان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای دەوڵەتێکی وەڵامدەر، بەرپرس و نوێنەرایەتی‌کەر دەکەن، سەرۆک کۆمار و کاربەدەستە پلەبەرزەکانی دیکە دەبێ ددان بە ڕەوایی خولیاکانی خەڵک دابنێن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*