مەعسوومە خان، خێزانی مامۆستا هەژار ماڵاوایی لە ژیان کرد

مەعسوومە خان ، نموونەی وەفاداری و پشوودرێژی ژنانی کورد ، خێزانی مامۆستا هەژاری موکریانی دوای تەمەنێک ژیان بە سەخڵەتی لە شاری هەولێر بۆ هەمیشە سەری نایەوە.
خاتوو مەعسوومە ئەحمەدی هاوسەری مامۆستا هەژار نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵی‌دا شەوی ١٧ی گەلاوێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
زاگرۆس شەرەفکەندی لە ڕێگای هەواڵدەریی باسنیوز وە، ؛ وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی مەعسوومە خانم ڕایگەیاندوە؛ خاتوو مەعسوومە لە دایکبووی ١٣٠٨ی هەتاوی لە گوندی ئاوایی “نۆبار “ی بۆکانە و لە ماوەی ژیانی هاوبەشی لە گەڵ مامۆستا هەژار بەتایبەتی پاش ئاوارەبوون و هەڵاتنی مامۆستا هەژار پاش روخانی کۆماری کوردستان وەکوو ژنێکی ئازا و هەڵکەوتوو ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی لە ئەستۆ گرتووە.
زاگرۆس شەڕەفکەندی هەروەها گوتی: مەعسوومە خان بە هۆی هەلومەرج و ژیانی سیاسیی مامۆستا هەژار نیزیکەی 30 ساڵ ئاوارەی عێراق، سووریا و هەرێمی کوردستان بووە و چەند جارێک گەڕاوەتەوە ئێران و دووبارە هاتووەتەوە عێراق و ژیانێکی لێوانلێو لە مەینەت و پڕ جەفای هەبووە.
هەروەها دەگوترێ لە کاتی هەڵاتنی مامۆستا هەژارو ژیان بەسەر بردن لە شاخەکانی کوردستان ئەو خاتوونە بۆ ماوەی چەند ساڵ وای دەزانی مێردەکەی گیانی لەدەست‌داوە بەڵام ژیانی خۆی ومنداڵانی تێک‌ناداو ئازایانە ئەرکی دایکی خۆی بە جێ گەیاندوە.

شیاوی باسە دوای کۆچی‌دوایی مامۆستا هەژار لە عەزیمیەی کەرەج، خێزانی ماوەی نۆ ساڵ نیشتەجێ شاری هەولێر بووەو لە لای کوڕەکانی ژیاوە.
خاتوو مەعسوومە بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی شەوی ڕابردوو ماڵاوایی لە ژیان کرد و بەرهەمی ژیانی هاوبەشی لە گەڵ مامۆستا هەژار چوار کوڕە بەناوەکانی “شێرکۆ، خانی، مستەفا و زاگرۆس”.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان یادی ئەو خاتوونە وەفادارە کە وەک پشتیوانێک بۆ مامۆستا هەژار لە هیچ خەمزمەتێک دەریغی نەکردوە بەرز ڕادەگرێ و، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی مەعسوومە خان و بنەماڵەی رێزداری شەڕەفکەندی دەکاو، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.