یەکەم شەڕی ژەنڕال ئەردۆغان

فارین پاڵیسی – ستیڤن ئەی کوک
وەرگێڕانی: کەمال حەسەنپوور
ئیسماعیل حەققی کارادایی هەرگیز لە پشت وەزیری بەرگریی دانەدەنیشت. حوسێن کیڤریک ئۆغڵۆش بە هەمان شێوە. هیچ فەرماندەیەکی گشتیی سوپای تورکیەی پێش ئەوانیش ئەو کارەیان نەکردبوو. ئەوە هەمیشە وەک شتێکی سەیر لە کۆبوونەوەکانی وەزیرانی ناتۆ دەبینرا کە ئەفسەرانی سوپای وڵاتانی تر لە پشت سەری ڕیبەرە سیڤیلەکانیان دادەنیشتن، جگە لە ئەوانی تورکیە، ئەوان لەپەنای وەزیرەکانیان دادەنیشتن. بەڵام گشت شتێک جگە لەوە شێواندنی پرۆتۆکۆڵ بوو. چارتی ڕێکخراوەیی تورکیە ڕوون بوو: وەزیری بەرگریی هیچ ئۆتۆریتەیەکی بەسەر فەرماندەی سوپاوە نەبوو، و لە کاتێکدا کە هەردووکیان لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی سیڤیل دابوون، پیاوە یونیفۆرم لەبەرەکان هەمیشە بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان نەدەکرد.
ئێستا خەریکە ئەو شێوازە پەیوەندییەی نێوان بەشی سوپا و سیڤیل لە تورکیە دەگۆڕێ. لاوازکردن و وەدەرنانی هێزە سەربازییەکان لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا بەو مانایە بووە کە ئیستا سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی تورکیەیە کە خاوەنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکانی دیاریکراو لە بڕگەی ژمارە ١٠٤ و ١١٧ی یاسای بنەڕەتیی تورکیەیە. ئەو بڕگانە ئەرۆغان دەکەنە فەرماندەی گشتیی ( بە نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی مەزنی نەتەوەیی) و ڕێگای پێدەدەن کە " بڕیاری بەکارهێنانی هێزە سەربازییەکانی تورکیەی بەدەستەوە بێ"، کە دووهەمین سوپای مەزنی ناتۆیە. و ئەو بە سەخاوەتەوە کەڵکی لەو دەسەڵاتە وەرگرتووە، لە ماوە ١٨ مانگی ڕابردوودا دووجار فەرمانی بە فڕۆکە، تانگ و سوپای تورکیە داوە کە بچنە ناو سورییە.
ئەردۆغان چ جۆرە فەرماندەیەکی گشتیی بووە؟ عەمەلیاتی چڵە زەیتون، کە ٢٠ ی ژانویە دەستی پێکرد، نیشانی داوە کە ئەردۆغانی فەرماندەی سوپا تا ڕاددەیەکی زۆر وەک ئەردۆغانی سیاسەتوانە، هەر دوو نێشانەی کەسێکی ڕیسککەر و پراگماتیست، لە داگیرکارییەکەی لە سورییە دەبینرێن. بەڵام شتێک کە ڕێبەرایەتییە سەربازییەکەی سەرۆک کۆماردا نەگٶڕ ماوەتەوە: شێوەی ئاخافتنی خۆسەپێنەر و نەتەوەپەرستانە، هەم لەبارەی ئامانجە سەربازییەکانی و پێشوەچوونەکانی. جگە لەوە لە کاتی قسە کردنی ئەردۆغان بۆ لایەنگرەکانی لە بارەی دوایین دەستدرێژییەکەی بۆ ناو سورییە، پێداگریی ئاشکرا لەسەر سوژەی ئیسلامیی دەکا.
ئاکامەکان لە بەرەی شەڕدا هەرچی بێ، ئەردۆغان هەر ئێستا دەورێکی سەربازیی بێ وێنەی بۆ خەڵکی سیڤیلی تورکیە دەستەبەر کردووە.
دەسەڵاتەکانی فەرماندەی گشتیی کە لەدەست ئەردۆغان دان، دەسەڵاتێکە کە سەرۆک کۆمارەکانی پێشووش هەیانبوو. بڕگەکانی ئاماژە پێکراو لە یاسای بنەڕەتیی دا لە دوای پەسەند کرانیان لە ١٩٨٢ ئاڵوگٶڕیان بەسەردا نەهاتووە. سەرەڕای ئەوە، ئەردۆغان بە هۆی زیندوو کردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە تاقانەیە. تەنیا نموونەی سیاسی لە ساڵەکانی دوای کودەتای ١٩٨٠، سەردەمی سەرکۆماریی خاوەن کاریزما تورگوت ئۆزال بوو. هەروەک ئەردۆغان جیلێک دواتر، ئۆزال بڕیاری دابوو کە ئۆتۆریتەی خۆی لە ڕیگای بە چالش کێشانی دەسەڵاتی ئەفسەرانی سوپا بسەپێنێ. لە ١٩٨٧، ئەو ژەنڕال نەجیب تۆرومتای وەک سەرۆکی فەرماندەی گشتیی دیاریی کرد کە بووە هۆی ناڕەزاتەیی ئەو فەرماندانە کە عادەتیان بەوە گرتبوو کە ئەوان ئەو بڕیارە بدەن.
ئەو سەردەم، دوو ساڵ و نیو دواتر، ئۆزال، کە ئەو کات یەکەم سەرۆک کۆماری سیڤیلی وڵات بوو، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی تووشی کێشمەکێش بوو لەبەر پێداگریی لەسەر پشتیوانیی تورکیە بۆ عەمەلیاتەکانی قەڵخانی بیابان و گەردەلولی بیابان بە ڕێبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان. وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین تۆرومتای دەستی لە کار کێشایەوە. پاشان هیچ شتێک نەقەوما. هیچ هەڕەشەیەک لە لایەن ئەفسەرانەوە نەبینرا، هیچ یادداشتێک بەرەوەڕووی ئۆزال بۆ گۆڕینی سیاسەتی تورکیە نەبۆوە و هیچ کودەتایەکیش نەهاتە ئاراوە.
بەڵام سەربەخۆیی ئۆزال بەرامبەر بە سوپا بە مەرج و بەستراوە بە هەلومەرجی تایبەتییەوە بوو و شێوەی نەریتیی دەستەوەستانی سیڤیل دوای مردنی ناوبراو لە ١٩٩٧ گەڕایەوە. پێش ئەوەی کە یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیی لە ژوئەنی ١٩٩٧ ناچار بە دەستلەکار کێشانەوە بکرێ، فەرماندەی گشتیی، سەرەڕای دڵگرانیی تووندی سەرۆک وەزیران نەجمەددین ئەربەکان، پەیوەندیی ستراتێژیکی لەگەڵ ئیسڕائیل دامەزراند، و بوونی ئەوەیان لە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لە واشینگتۆن ڕاگەیاند، جگە لەوە عەمەلیاتی سەربازیی لە عێراق دژی حیزبی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بێ ئاگادار کردنەوەی ئەربەکان ئەنجام درا. ئەفسەرەکان دوای هەوپەیمانیی لەرزۆکی ڕاست-چەپ کە دوای ئەربەکان دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، عەمەلیاتێکی سەربازیی تریان لەناو عێراق ئەنجام دا. سەرۆک وەزیرانی نوێ، مەسعود ییلماز، بەهەمان شێوە لە تاریکییدا مایەوە.
کاتێک کە ئەکەپە لە نۆڤامبری ٢٠٠٢ دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، دەستی بە ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندیی نێوان ڕیبەرانی سیڤیلی هەڵبژێراوی تورکیە و ئەفسەرانی سوپا کرد. دەوڵەتی پێشوو هەندێک دەستوەردانی لەو مژارە بە گۆڕینی پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە، کاناڵی سەرەکیی کە لەوێوە سوپا کاریگەریی لەسەر سیاسەت و سیاسییەکان دادەنا، بە قازانجی سیڤیلەکان ئەنجام دابوو. بەڵام بە لەبەر چاو گرتنی کۆنتڕۆڵی سوپا بەسەر دامودەزگای بوروکراتیکی ئەنجومەنەکەوە، کاریگەرییەکی سنوورداری هەبوو. هەوڵەکانی ئەکەپە بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانیی بەربڵاوی جەماوەریی لە چاکسازییەکانی پەیوەندییدار بە یەکیەتیی ئوروپا کە بەشێکیان دەگەڕاوە سەر هاوتەریب کردنی پەیوەندیی نێوان سوپا و ڕیبەرە سیڤیلە هەڵبژێراوەکان لەگەڵ نۆرمەکانی یەکیەتیی ئوروپا، بێ کێشە دەستیان پێکرد. ئەردۆغان و سەرۆک ئەرکانی ئەوکاتی، ژەنڕاڵ حیلمی ئۆزکوک، وێدەچوو گەیشتبنە لێکتێگەیشتنێکی جێنتلمەنانە بۆ پێشگرتن بە شێواندنی گۆڕەپانی سیاسی لەبەر ئەو ئاڵوگٶڕانە.
لە ٢٠٠٧ کاتێک کە سوپا پێشی بە بەربژێری ئەکەپە عەبدوڵڵا گیول گرت کە ببێتە سەرۆک کۆمار، هەندێک ئاڵۆزیی هاتە ئاراوە. لە ترسی ئەوەی کە نوخبەی نەریتیی تورکیە هەرگیز نەهێڵی ئەو ببێتە سەرۆکی دەوڵەت، ئەردۆغان و ئەکەپە دەستیان کرد بە هاوکاریکردن لەگەڵ لایەنگرانی فەتحوڵڵا گیولەن و دەسەڵاتی سوپایان لە ڕێگای دادپرسیی فەرمایشی بە بەڵگەی ساختەوە کەم کردەوە. چاوترسێن کردنی سوپا بە وەلانانی ئەفسەرانێک کە بە لایەنگریی کردن لە گیولەن تاوانبار کرابوون، ئێستا دەوڵەتی تورکیە ئەو مەلایە کە دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانە بەوە تاوانبار دەکا کە ڕێبەری ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە کە لە پشت کودەتای شکستخواردووی جولای ٢٠١٦ بووە، و ئەندامانی تری سوپا کە وەفاداری [ئەردۆغان] نین درێژەی پێدرا. ئەوە بۆتە هۆی ئەوە کە سوپا لە دۆخێک دانەبێ کە بتوانێ ئەردۆغان بە چالش بکێشێ. ئەگەرچی بیرۆکەیەکی باش نییە کە بڵێین سەردەمی کودەتاکان لە تورکیە بەسەر چووە، لانیکەم لەبەر ئەوەی کە زۆر لە لێکۆڵەرەوان پێش هەوڵی کودەتای سەربازیی لە ٢٠١٦ ئاماژەیان پێدەکرد، دەسەڵاتی درێژخایەنی ئەردۆغان وێدەچێ شێوەی پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان بەشی سیڤیل و سوپای لە تورکیە گۆڕیبێ.
داگیرکارییەکان لە سورییە دەقاودوق ئەو ڕاستییە نیشان دەدن. ئێستا ئەردۆغان دووجار فەرمانی بە هێزە سەربازییەکانی تورکیە، کە فەرماندەکانی پێشتر پێداگرییان لەسەر عەمەلیاتی خێرا، سنووردار لەوبەری سنوورەکان کردووە، داوە تا لە باشووری سنوور عەمەلیات بکەن. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ئاڵۆزیی شەڕی سورییە هۆی ئەوە بوو کە ئەردۆغان چەندین ساڵ بەڕیوەبەرایەتیی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان باراک ئۆبامای هاندەدا و فریوی دەدا تا لە سورییە دەستوەردان بکا تا ڕێبەری تورکیە ناچار نەبێ هێزەکانی خۆی بنێرێ بۆ ئەو کێشە مەترسیدارە. کاتێک کە لە هەوڵەکانی قەناعەت هێنان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان شکستی هێنا، ئەردۆغان بۆخۆی لە کۆتاییدا ئەو ریسکەی کرد و تەنیا پێنج حەوتوو دوای کۆدەتا شکستخواردووەکە لە جولای ٢٠١٦ بڕیاری دا تا سوپا سەرلێشێواوەکەی دەست بە عەمەلیاتی قەڵخانی فوڕات بکا. عەمەلیاتەکە دەرکەوت کە هێرشێکی ناسەرکەوتوو بێ، بە ڕکخستنی خراپ، ڕیبەریی لاواز و حەوت مانگی پێچوو تا تەکمیل کرا. نێوان ٣٥ تا ٧٠ سەربازی تورک لە هەوڵەکان بۆ ئەستاندنەوەی ئەلباب و شارێکی تر لە داعش بوونە قوربانیی. تێچووە سیاسییەکانی ئەو عەمەلیاتە بەو ڕاستییە کەمتر کرانەوە کە لایەنگریی لە ئەکەپە ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لە ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیەدا هەبوو. ئەوە هەروەها لە کاتێکدابوو کە دوای کودەتای جولای، ئەردۆغان لەلایەن بەرەیەکی بەرین لە لایەنە سەیاسییەکانی تورکیەوە پشتیوانی لێدەکرا.
وێدەچی ئەردۆغان بەشێوەیەکی جیاوازتر دەستی کردبێ بە دوایین قوماری خۆی، لە ژێر ناوی سەیروسەمەرەی "چڵی زەیتون"، کە بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە گرەوەکە قورسترە، مرۆڤ لیی تێدەگا. لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیەوە، ئەو داگیرکارییە بۆ ڕێگریی کردن لە دامەزرانی دەوڵەتێکی تێرۆریست لە سەر سنوورەکانی پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەردۆغان هەنگاوێکی دراماتیکی لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شەڕێک لە دژی ئەو هێزانە کە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانن هەڵگرتووە و لانی کەم ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە سەربازانی ئامریکا لەبەر ئەو بەڵێنییە کردووە کە دەیهەوێ بەرەو مینبەج و ئەولاتریش تا سنووری عیراق بچێ. ئەو ناوچەیە شوێنێکە کە هێزە تایبەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، تاقمێکی پەیوەندییدار بە پەکەکەوە، بەشی سەرەکیی هێزی وشکانیی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ شەڕ دژی داعش پێک دێنن.
پێویست بە گوتن ناکا کە فەرماندەرە گشتییەکانی پێشووی تورکیە وێناچێ بەو شێوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانیان بە چالش کێشابا. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بە لەبەرچاو گرتنی پەیوەندیی واشینگتۆن لەگەڵ یەپەگە و تووڕەیی تورکیە لەو پەیوەندییەدا، هەڕەشەی کێشە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی باشە کە دەبێتە هۆی چوونەسەری ڕێژی پشتیوانانی ئەردۆغان، شتێک کە پێش عەمەلیاتی چڵی زەیتون لە بەراورد لەگەڵ دوای کودەتای ٢٠١٦ کەمتر ببۆوە.
تا ئێستا وێدەچێ کە سوپا لە عەمەلیاتی قەڵخانی فوڕات ئەزموونی وەرگرتبێ. تورکیە بە بۆمباران و تۆپ باران پشتیوانیی لە سوپای ئازادی سوریە دەکا، کە بە نوێنەرایەتیی تورکیە دژی یەپەگە لە ناوچەی عەفرین شەڕ دەکەن. ئەوە بٶتەی هاتنە خواری ڕێژەی قوربانییەکانی تورکیە. ئاشکرا نییە کە ئاخۆ ئەردۆغان لە هیچ پلان دانانێکی سەربازییدا بەشدار بووبێ، جگە لە پەسەند کردنی پلانەکە و فەرمانی دەستپێکی دوژمنکارییەکە. لە یەکەم حەوتووی شەڕەکە دا، ئەو لە شوێنێک کە وەک ناوەندی فەرماندەیی عەمەلیاتەکە دەچێ بە باڵتۆیەکی سەربازییەوە وێنەی لێگرا کە ئاماژە بە شتێک دەکا کە وەک بەڵگە و نەخشەی گۆڕەپانی شەڕەکە بێ. ئەوە وەک وێنەیەکی ستاندارد دەچێ ( هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ وێنەی سەرۆک کۆماری ئامریکا لە کاتی سەردان بۆ ناوچەی لە سوپا پاک کراوەی نێوان کۆرەی باکوور و باشوور نییە)، نەوەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە ئەردۆغان بە ڕاستیی شەڕەکە بەڕێوە دەبا. وەک سەرۆکێک کە خۆ لە هەموو شتێک هەڵدەقوتێنێ، ئەردۆغان، وێدەچێ بە پێچەوانەی عادەتی خۆی وردەکارییەکانی شەڕی بۆ سەرۆک ئەرکانی سوپا جێهێشتبێ.
ئەوە هەنگاوێکی زیرەکانەیە، بەڵام بەهەمان شێوە گرینگە کە فەرماندەری گشتیی پێداگر بێ کە زانیاریی بە وەخت و ڕاستەقینە لە بارەی مەیدانی شەڕی پێ بدرێ. بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی هەڵەی بەڕێوەبەریی ئەردۆغان، کەس ناتوانێ لەوە دڵنیا کە بەو شێوەیە. لەوانەیە لە ڕۆژەکانی سەرەتایی شەڕەکەدا بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ترس، خولیای نەتەوەپەرستانە و تووڕەیی ( زۆرتر بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان) کە لەناو دانیشتووانی تورکیەدا ورووژاندوویەتی، ئەوە گرینگ نەبێ.
بەڵام ئەگەر هاتوو زۆرتر سەربازی تورک کوژران چی؟ ئەگەر هاتوو یەپەگە بەرخۆدانێکی سەرسەختانەتری کرد چی؟ ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست لە هاوپەیمانە کوردەکەی هەڵنەگرێ چی؟ ئەگەر هاتوو هیزەکانی ڕێژیمی سورییە بە هاوکاریی شەڕکەرانی حیزبوڵڵا هێڕشیان کردە سەر هێزەکانی تورکیە لە ئیدلیب و ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بەربڵاوتر بوون، و ئەگەر هاتوو سورییە بوو بە باتڵاقێک بۆ هێزە سەربازییەکانی تورکیە چی؟ زۆر ڕێگای هێرش بردنە سەر وڵاتانی جیران هەن کە لەسەر نەخشە جوان و خاوێنن بەڵام دەبنە هۆی تێکشکانی عەمەلیاتی سەربازیی و تەنانەت دەبنە هۆی ئەوە کە زۆر ڕیبەری کەڕی سیاسی بنکۆڵ بکەن، نائومێدیی دوای مردنی هاوسەرەکەی و باتڵاقی عەمەلیاتی ئاشتی بۆ گالیلێ لە ١٩٨٢بووە هۆی تەریک مانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل مێناخێم بێگین لە پاشماوەی ژیانی دا. لەوانەیە ئەردۆغان لە گشت ئەو ریسکانە ئاگادار بێ، بەڵام هەمان دینامیزمە سیاسییەی کە بۆ ڕاکێشانی پشتگیریی لە عەمەلیاتی چڵی زەیتون دروستی کردووە، لەوانەیە بۆی دژوار بکا کە کۆتایی پێبێنێ.
بەڵام تا ئێستا وێدەچی کە لە ڕۆڵی تازەی خۆیدا چاکی بۆ بگوزەرێ. ئەو ئامانجەکانی عەمەلیاتەکەی دیاری کردوون و بۆ دڵنیا بوون لە بەرژەوەندیی جوگرافیایی سیاسی تورکیە، هێزی خۆی بۆ بەڕیوەبەریی سیاسەتەکانی ناوخۆ لە ڕێگای ورووژاندنی پشتیوانیی ناوخۆیی، کە کەم کەس وەک ئەو لێی شارەزان، بۆ عەمەلیاتی چڵی زەیتون لەماڵەوە لەکاتێکدا کە شەڕەکە بە فەرماندەکان دەسپێرێ، تەرخان کردووە. بەڵام بە بێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە مرۆڤ چۆن لەبارەی ڕەوایی دۆزی تورکیە لە سورییە بیر دەکاتەوە، کۆنتڕۆڵی سیڤیل بە سەر سوپا لە تورکیە ئێستا واقیعییەتێکە. ئەوە شتێکی بە تەواوی نوێیە. مەترسیی ڕاستەقینە بە لەبەرچاو گرتنی جیهانبینیی دیکتاتۆرییانەی ئەرودۆغان و هەڵوێستی لەبارەی سیاسەت ئەوەیە کە سوپا بکاتە ئامرازێک بۆ خولیای خۆی بۆ گۆڕینی تورکیە. تەنیا فەرماندەیەکی گشتیی کە تا ئێستا ئەو کارەی کردووە، مستەفا کەمال ئاتاتورک بووە.