کۆچی دوایی دڵسۆزێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد

بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مەهابادەوە بە دەستمان گەشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی دڵسۆزێکی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کوردایەتی بە ناوی کەریم ئەحمەدپوور لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. کاک کەریم ئەحمەد پوور کوڕی مامۆستا مەلا براییمی گاگەشی سەروو، سەربە ناوچەی مەنگوڕایەتی شاری مەهاباد و برای پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک عەلی کوردستانی،یە. کاک کەریم لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و گەل خۆشەویست هاتە دنیاوە و گەورە بوو. بنەمالە و باوک و برا و خزمانی لە ڕیزی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان دا بوون. چ سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و چ سەردەمی ڕژیمی ئیسلامی، ماڵی باوی کاک کەریم لە گوندی گاگەش بنکەی حەسانەوە و پشوودانی تێکۆشەرانی دیموکرات بوو. خزمایەتی بنەماڵەی کاک کەریم لەگەڵ تێکۆشەرانی ناسراوی گەلەکەمان کاک حەسەن رەستگار و مامۆستا رەسووڵ پێشنماز و بوونی کاک عەلی کوردستانی برای و بنەماڵەکەی لە ڕیزەکانی حیزب دا هۆکار بوون بۆ ئەوەی بکەونە بەر ئەزیەت وئازاری داودەزگای سەرکوتگەری ڕژیمەکانی شا وحکومەتی ئیسلامی و هەر بەو هۆیەوە ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان جێ بێڵن و ڕوو لە شاری مەهاباد بکەن. کاک کەریم مرۆڤێکی خۆشەویست، خەمخۆری گەل و نەتەوە بوو. ئاواتی ئەوە بوو بۆ جارێکی دیکە کاک عەلی براگەورەی و پێشمەرگە شۆڕشگێرەکان لە ئامێز گرێتەوە بەڵام بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەو ئاواتەی بێتە دیی.

پێویستە بگووتری کە بەداخەوە ئێمەی کورد بێجگە لە زوڵمی نەتەوەیی، تەنانەت لە ئیمکانات و تێکنیکی پزیشکیش پشتگوێ خراوین. دەکرێ بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی فەوتی کاک کەریمیش هەمان کەمتەرخەمی و بێ ئیمکاناتی پزیشکی بوو کە بووە هۆی ئەوەی چارەسەرییەکەی وەدرەنگی بکەوێ و دوای عەمەلەکەی نەهاتەوە هۆش و ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد!

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی، خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵە و کەس و کاری کاک کەریم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی هاوڕێیانی ئازیزمان کاک عەلی کوردستانی و بنەمالەی و بنەماڵەی سەربەرزی ڕەستگار، عەبباسی و ئیبنی عەبباسی بە گشتی دەزانێ.