هەست و بیرەوەریی، پاش تێپەڕبوونی 100 دەورەی فێرگەی سەرەتایی پێشمەرگە ??

دیمانە: ئازاد عەباسیان
لاوی کورد هەر حازرو ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدایە، گیان فیدا!
زوڵم‌و داگیرکاری‌و خاکی لە بەندکراو، ئەمانە کۆمەڵێک وشەن کە لە مێشکی لاوانی نیشتمانەکەمان‌دا وەک رەشەبا و گەردەلوولێک بە مۆسیقایەکی فاڵژەوە دەخولێتەوە. بۆ دەربازبوونی گەل لەو وشەگەلە، لاوانی ئازادی‌خواز رێگای جۆراوجۆر دێنە بەرخۆیان، وەک هاتنە نێو ریزەکانی پێشمەرگە بە هەست‌و شووری شۆڕشگێڕیەوە، هەر یەکەو لە لایەک‌و پارتێک. یەکێک لەو لایانە واتە حیزبی دێمۆکڕات هەر لە سەرەتای دامەزرانی‌یەوە بۆتە پاڵپشتی لاوانی وڵات پارێز وەک ماڵە باوانێک. ماڵێک پڕ لە هەست‌و سۆزو خۆشەویستی بۆ خاک‌و نیشتمان.
jalal-1.jpg
ئەو لاوانە سەرەتا روودەکەنە دەرگای یەکەمی ئەو ماڵە واتە پەزیرش(ناوەندی وەرگرتن)، پاشان دەنێردرێنە شوێنێکی راهێنانی نیزامی‌و سیاسیی بۆ فێربوونی وانە شۆڕشگێڕیەکان.
فێرگە شوێنێکە کە ئەوین‌و خۆشەویستی بۆ نیشتمان لای هەر کەسێک بە شێوەیەک پێناسە دەکرێ. شوێنێک کە شووری شۆڕشگێڕی دەبێتە شعووری شۆڕشگێڕی! هەموو وەک یەک لەسەر یەک ریتم دێن‌و دەڕۆن، لە زۆربەیانم کە پرسیوە ئێستا زیاتر بیر لەچی دەکەیتەوە؟ لە وەڵامیان‌دا بیستوومە کە دەڵێن دەترسم کوردستان رزگار بێ‌و ئەمن فریای بەشداری ئەو شانازیە نەکەوم، چونکە لە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەم. ئەمە یانی سۆز، ئەوین‌و خۆشەویستی‌و.... .
یەکێک لەو مرۆڤانە کە هەر لە سەرەتایی دەستپێکی تەمەنی لاوێتی‌یەوە بەو هەست‌و خرۆشەوە رووی کردە ریزەکانی شۆڕشەوە، هاوڕێمان جەلالی ساڵحی یان خۆمانە بڵێین کاک سەید جەلال.
ئەوەی کە بووە بیانوو بۆم کە ئەو دیمانەیە بێنمە بەر باس، تێ‌پەڕبوونی ١٠٠ دەورە بەسەر دەورەی فێرگەی سیاسی‌ـــ نیزامی کاک سەید جەلال بوو(دیارە دەورەی ١١٠ی فێرگە بووە).
jalal-2.jpg
حەزم کرد کۆمەڵێک بیرەوەری‌و ورەبەرزی پێشمەرگەیەک بە هەموو خەم‌و مەینەتیەکانی ژیان بێنمە بەر باس، خەمی قورس وەک کۆچی ئازیزان.

سەید جەلال بەم شێوە دواوە لە پێناسەیەکی کورتیی خۆی‌دا:
لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووم، کورد وتەنی؛ لەوەتەی بەبیرم دێ، هەم. پۆلی یەکەمی سەرەتاییم لە بانە خوێند، پاشان بەهۆی شەڕی نێوان عێڕاق‌و ئێران‌و هەروەها هەڵکەوتوویی سنووریی بانە لەگەڵ عێڕاق(باشوری کوردستان)، بەردەوام لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێڕاقەوە بە شێوەیەک بۆردومان دەکرا، کە لەم سەریشەوە لێ‌یان نەدایە لە کاتی گەڕانەوەیان بەشی بانەیان پێ‌دەما و بێ‌بەشیان نەدەکرد، هەربۆیە نەک ئەوەی کە ژیانی تێدا ناخۆش بوو، بەڵکوو کەسیش بە تەمای خۆی نەبوو، هەربۆیە ئاوارە بووین بەرەو سەقزو لەوێ گیرساینەوە. لەوێ دەستم بە خوێندن کردەوە تا دیپلۆمم وەرگرت.

پێش هاتنت بۆ پێشمەرگایەتی خەریک بەچی بوویت؟!

وەکوو هەر لاوێکی کورد خەریکی خوێندن بووم، بە قەولی خۆمان زستانان دەم خوێندو پاش تەعتیلاتی قوتابخانە واتە هاوینان لە پەنا بنەماڵەکەم‌دا بۆ دابین بوونی بژیوی ژیان‌و درێژەدان بە نەمر نەژی لە کۆمەڵگای ئێران‌دا دەچوومە کار کردن بۆ ئەوەی شتێک پەیدا بکەین‌و درێژە بە خوێندنەکەشم بدەم.

ئەوەی کە هانی دایت بێیتە نێو ریزەکانی شۆڕشەوە چی بوون؟!

وەک هەموو لایەک دەزانین زۆر لەمێژە نیشتمانەکەمان لە لایەن داگیرکەرانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو نەتەوەکەمان دەچەوسێتەوەو رۆڵەکانی لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەو پەتی سێدارە دان‌و خۆشترین ساتەکانی ژیانیان لە کونجی بەندیخانەدا بەسەر دەبەن. سروشتی‌یە ‌لەوەها وڵاتێکی دەست بەسەرداگیراوی تاپۆکراو لە لایەن ئاخوندە مێشک ویشکی سەدە نێوەڕاستی‌یەکان کوا مرۆڤ دەتوانێ چاو لەو هەموو نایەکسانی‌و ناعەداڵەتیانە بنووقێنێ‌و بێ‌غەم دانیشێ‌و پاڵی لێوەدا. منیش وەکوو زۆربەی گەنجانی نیشتمان‌پارێزی وڵاتەکەم ‌ئەو وەزعەم بۆ هەزم‌ کراو نەبوو، بە تایبەتی کە دەم‌دیی زیاد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە تەنیا کوردەکانن دێنە کورەخانە و هێزی کاری خۆیان بە نرخێکی هەرزان بە عەجەمان دەفرۆشن لە بەعی دەست حەقێکی کەم‌دا. منداڵ دەت گوت کەوباڕن رۆژ تا ئێوارە لەنێو گڵ‌و خۆڵ‌دا چینیان دەکردو دایکیان کەمتر دەی‌توانی ئاوڕیان لێوەدا، ژنی دووگیان ناچار بوو لە پەنا منداڵەکانی‌دا کار بکا، ئیتر بە چاوی سووک سەیرکردن‌و بێ‌ڕێزی کردن لەلایەن ئەربابەکانەوە گەڕێین. ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە هەر لەوێ، مرۆڤی دەهەژاندو نەت‌دەتوانی بیریان لێ‌نەکەیەوە، ئەوانەم زۆر بەلاوە گرینگ بوون‌و بە وردی سەرنجم دەدانێ، چونکە لەوەتی فامم کردۆتەوەو دەوروبەری خۆم ناسیوە هەمیشە هێندێک شتم بۆ پرسیار بووە وەک، بۆچی حکوومەت سەرمایەگوزاری لە کوردستان ناکا؟! بۆچی کارخانەیەک کە بەکەڵک بێ نای‌هێنێتە کوردستان؟! بۆچی ناهێڵێ لە قوتابخانەکان بە زمانی خۆمان بخوێنین؟! بۆچی هەمیشە لە بۆسە دایە بۆ لاوی کوردو....، بە دەیان لەو پرسیارانە؟! بەڵام بە گشتی ئەوە سیاسەتی حکوومەت بووە بە نیسبەت نەتەوە غەیرە فارسەکان بە تایبەتی گەلی کورد؟! کاتێک کە ئەو جۆرە سیاسەت کردنە بە نیسبەت نەتەوەکەتەوە دەبینی‌و لەوێ هیچت لە دەست نایە، هاندەری سەرەکیین بۆ هاتنە نێو شۆڕشەوە!

کاتێک چوویتە فێرگە بیرت لەوە دەکردەوە کە پاش تێ‌پەڕبوونی 100 دەورەی فێرگەی سیاسی‌ـــ نیزامی ژیانت بەرەو کوێ دەڕوات؟!

رەنگە ئەوەی من دەیڵێم بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی کە بوونە پێشمەرگەو چوونەتە فێرگە هاتبێتە پێش. کاتێک لە پەزیرش بووم‌و باسی کۆماری ئیسلامی‌و سیاسەتە چەپەڵەکانی زۆر دەکرا، دەم‌گوت؛ تۆ بڵێی فریای لانی کەم پێنج شەش مانگ پێشمەرگایەتی بکەوم‌و حکوومەت نەڕووخێ، ئاخر با کاتێک چووینەوە لای خزم‌و دۆستان لەڕووم بێ بڵێم پێشمەرگە بووم، دەنا حەیاشم دەچێ، بەڵام بەداخەوە ئەوە خەریکە لە ١٠٠ دەورەش زیاتر تێ‌پەڕ دەبێ‌و هەرچی کەس‌و کارە نزیکەکانمن چوونە ژیانی ئەبەدی‌یەوە کەچی بەداخەوە حکوومەت هەر لە جێی خۆیەتی‌و تازە بە تازەیی لەگەڵ وڵاتە زل‌هێزەکان رێک دەکەوێ بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیان! هەربۆیە بیرم لەوە دەکردەوە کە تا دەتوانم واز لە پێشمەرگایەتی نەهێنم‌و لە پەنا هاوسەنگەرانم‌دا خەبات بکەم، بەڵام رەنگە بیرم لەوە نەکردبێتەوە کە لانی کەم ئایا مردن مەودا دەدا ئەوەندە دەورەیە تێ‌پەڕ دەکەم یان بە واتایەکی‌تر ئەوەندە ساڵە دەتوانم پێشمەرگایەتی بکەم، یان دەتوانم هێندێک لە پلەکانی نێو حیزب دەبڕم‌‌‌ .

بە شاهیدی هەموو هاوڕێ‌یانت، لە سەرەتای پێشمەرگایەتیت‌دا تاکوو ئێستا پێشمەرگەیەکی سەرکەوتوو بوویت. کەس یان کەسانێکت وەک ئۆلگوو بۆخۆت دانابوو؟!

لوتفت هەیە کاک ئازاد گیان. دیارە نەک هەر لە پێشمەرگایەتی‌دا بەڵکوو لە ژیانی ئاسایی رۆژانەش‌دا پێویستە لە ژیانی دەوروبەری خۆت چ ئەوانەی نەماون‌و فەوتیان کردوە یان ئەوانەی لە حاڵی حەیات دان‌و دەژین، دەکرێ چاویان لێ بکەی‌و وانەی باشیان بۆ ژیان لێوە فێر بی. جا ئەو یاسایە بۆ دەورانی پێشمەرگایەتی‌و سیاسی رەنگە زیاتر لەجێی خۆی‌دا بێ. هەربۆیە بە شانازی‌یەوە لە ژیانی پێشمەرگایەتی‌و سیاسیی زۆر لە هاوسەنگەرانم شت فێر بووم‌و کردوومنە تۆشەی ژیانی پێشمەرگایەتی‌و تەنانەت ژیانی ئاسایی رۆژانەی شەخسیشم، هیوادارم قوتابی‌یەکی باش بووبم چ ئەوانەی بە رەحمەت چوون‌و شەهید بوون‌و چ ئەوانەش لە حاڵی حەیات دان‌و هەنووکە پێکەوە درێژە بە خەبات دەدەین.

لە بیرمە جارێکیان کە تیمێکی پێشمەرگە دەیان‌ویست بچنەوە نێوخۆی رۆژهەڵات، جەنابیشت دەت‌ویست بچیتەوە، بەڵام بەهۆی کاروباری ئۆرگانیەوە ئۆرگانەکەت ئەو ئیزنەی پێ نەدەدای، چ هەستێکت هەبوو لەو کاتەدا؟!

ئەگەر لە بیرت بێ تا ئەو شەوەش کە بۆ بەیانی دەچووینەوە هەموو شتێکمان ساز کردبوو کە بۆ بەیانی وەڕێ بکەوین، بەڵام ئاگاداریان کردمەوە کە جەنابت ناچیتەوەو کەسێکی دیکە لە باتی تۆ دادەنێین! کە ئەوەم بیست هەر لە جێی خۆم وشک بووم، تا ماوەیەک هەر قسەم بۆ نەکرا لە حەیفان، کورد وتەنی؛ لە ژێرە هەر بۆڵەشم دەهات. لەگەڵ هاوڕێ‌یەک دانیشتبووین‌ و دڵ خۆشی دەدامەوە. منیش وتم؛ مادام کە من نەچوومەتەوە یاڕەبی ئەوانیش بگەڕێنەوەو لە سنوور بەولاوەتر نەچن! ئەو هاوڕێ‌یەم پێم پێکەنی، وەک ئەوەی بە شێتم بزانێ. بەهەرحاڵ کەوتینە بەیانی‌و وەڕێ کەوتن. پاش نیوەڕۆ زەنگیان بۆ لێدام مزگێنیمان دەیە دوعاکەت گرتی‌و هاتنەوە. باوەڕ بکە پێم ناخۆش نەبوو(بە پێکەنینەوە) کە هاتنەوە هەر لەبەر ئەوەی من لەگەڵ نەبووم. یانی تا ئەو رادەیەم پێ ناخۆش بوو.
ئەگەرچی دەشت‌زانی ئەو جۆرە سەفەرانە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی نادیارە، چی ئاوا بێ‌تاقەتی کردبووی؟!
لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەگەر ئەجەلت نەهات لەنێو ئاگریشت هاوێن هیچت لێ‌نایە، بەڵام ژیانی پێشمەرگایەتی مادام دەستت دابێتە چەک، بۆ کەس زەمانەت کراو نیە، وەک ئەوەی کە دەڵێن هێندێک شت ئەجەل نزیک دەکاتەوە. دیارە خەباتەکەی ئێمە بۆ رۆژهەڵاتە، لەوێ خەڵکەکەمان پێویستیان بە ئێمەیە، ئەوە جەبری زەمانە خستووینەتە دەشتی کۆیەو کەوتووینەتە تاراوگەنشینی، دەنا دەبوو لەنێو خەڵکەکەمان‌دا بین‌و لە نزیکەوە ئاگامان لە غەم‌و مەینەتی‌و کوێرەوەریەکانیان بێ. وەک چۆن بۆیان بووینەتە پێشمەرگەو گیانی خۆمان کردۆتە قەڵغان‌و بە خوێنی خۆمان بەرگری‌یان لێ‌دەکەین، ئاواش پێمان خۆشە لەنێو ئەوان‌دا بژین‌و بمرین، چونکە بەڕاستی پێشمەرگەو گەل وەک ماسی‌و ئاو وان بێ یەک ناژین! بەبێ یەک هیچ مانایەک نادەن!

چ وتەیەکت هەیە بۆ ئەو لاوانەی کە دەورەی فێرگەیان تازە تێ‌پەڕ کردوە، واتە 100 دەورە پاش جەنابت؟!

لەبەرکردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی شانازی‌یەکی گەلێک بەرزو پیرۆزە، چونکە کەسایەتی بە ئینسان دەبەخشێ. هیوادارم ئەو لاوانەی دێنە نێو ریزەکانی شۆڕشەوەو چەکی شەرەف دەکەنە شان، بزانن کە کەسایەتی‌یەکی دیکەیان هەیە، نەکەن بە رێگای خیانەتەوە ئەو کەسایەتی‌یەیان لەکەدار بکەن. دیارە گرینگ ئەوە نیە چەند دەورە پێشمەرگایەتی‌ دەکەن، گرینگ ئەوەیە ئەو ماوەی پێشمەرگەن، پێشمەرگەیەکی دەست پاک، داوێن پاک‌، زمان خاوێن‌و بە دیسیپلین‌و لە هەمان کات‌دا لە هەوڵی پێگەیاندنی خۆشیان‌دا بن، چونکە پێشمەرگایەتی ئێستا بە حوکمی ئەوەی لە تاراوگەنشینی داین‌و وەک ساڵانی رابردوو بە بەردەوامی چالاکی چەکداری ناکرێ‌و‌ کەمترە، دەرفەتێکی زیاتر هەیە بۆ خوێندنەوەو تەنانەت درێژەدانی خوێندنیش هەروەک زۆر کەس شەهادەی بەرزیان بەدەست هێناوەو هەنووکە لە پەنا کاری حیزبایەتی‌دا مامۆستای زانکۆشن، یان زۆر کەسمان هەن کاتێک بوونە پێشمەرگە کەلیمەیەک سەوادیان نەبووە، بەڵام بە هەوڵ‌و ماندووبوونی خۆیان نەک هەر خۆیان فێری خوێندنەوەو نووسین کردوە، بەڵکوو تا ئاستی رێبەریش چوون. هیوادارم ئەو لاوانەی دێنە نێو ریزەکانی حیزبی دێمۆکڕاتەوەو دەبنە پێشمەرگە، زوو هەست بەو فەراغە بکەن‌و بە فێربوون‌و فێرکردن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، چونکە جیا لە قازانجی پێگەیاندنیان، مەجالی کەمتریش دێڵنەوە بۆ هێندێک شەڕە دندووکەی نێو حیزبی‌و جەنگی ئەعساب، کە ئاکامەکەی دەبێتە هۆی دڵگەرم بوونی زیاتر بە پێشمەرگایەتی‌و مانەوەی زیاتر!!!

سەید گیان دوا وتەت وەک پێشمەرگەیەکی ئەو نیشتمانە چیە؟!

هەروەک دەزانین کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە لە هیچ جۆرە جینایەتێک بە نیسبەت گەلی کوردەوە دەستی نەپاراستوە. وەک بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە بۆ کاری تیڕۆڕو ئاژاوەگێڕی لەنێو حیزبەکانی رۆژهەڵات‌دا تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێ غەیرە کوردێکی نەناردوە، چونکە بۆویی کورد لەنێوبردنە، مەسەلەن ئەگەر مۆرەی خۆی ناردو پێ‌یان نەزانی ئەوە مەئمووریەتی خۆی بەجێ دەگەیەنێ‌و پێشمەرگە لەنێو دەبەن، ئەگەریش پێ‌یان زانی بازەم هەر کورد لەنێو دەچێ، یانی بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ ئەوە نیە مۆرەی خۆی لەنێو دەچێ یان پێشمەرگە، چونکە هەردووک هەر کوردن‌و کورد لەنێو بچێ! جا ئێستا سیاسەتیشی بە قەولی خۆی گۆڕیوەو لە رێگای ئەنفالی سپی واتە بڵاوکردنەوەی مەوادی موخەدیرو نەخۆشی گەلێکی وەک ئایدزو....، لەنێو گەنجان‌دا بە تایبەت لە شارە کوردنشینەکان کار دەکا. وەک دەبینین ئاشپەزخانەی شیشەی لە شارە سەرسنوورەکان داناوەو سیخوڕەکانیشی خەریکی ئەو کارەن کە بەداخەوە هەر کوردن. بەو ئاکامە دەگەین کە کۆماری بەناو ئیسلامی بە هەموو بارێک هەر خەریکی تێوەگلانی گەنجانی کوردەو لەو رێگایەوە دەی هەوێ مێشکیان وەشواو شیرازەی بنەماڵەکان لێک هەڵ‌تەکێنێ، بە کوردی‌یەکەی کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە سەرمایەگوزاری لە کوردستان دەکا، سەرمایەگوزاری‌یەک کە لاوانی کورد لەنێو بەرێ نەک سەرمایەگوزاری‌ دابین بوونی کار بۆ بژیوی خۆیان‌و بنەماڵەکانیان. بەداخەوە ئەو شێوە سیاسەت کردنەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بە تایبەتی باشوور دەبینین. هەربۆیە داوا لە لاوانی نیشتمانەکەم دەکەم کە بە هیچ جۆر نەچنە ژێر باری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی‌و تەنانەت ئەو لاوانەش کە ئەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان تێوەگلاون، هەوڵی رزگاربوونیان بدەن‌و نەهێڵن لەوە زیاتر لەو باتڵاقەی کە بۆی ناونەوە، تێی بکەون. هەوڵ بدەن بچنە زانکۆکان‌و بخوێنن بە هیچ جۆر واز لە خوێندن نەهێنن. زۆر جار دەبیستینەوە کە دەگوترێ جا خوێندن بە کاری چ دێ ئەوە نیە ئەو هەموو خوێندەوارە مەدرەک باڵایە بێکارن. من دەڵێم نا، ئێوە بخوێنن، شەهادەی بەرز وەرگرن‌و بە مەدرەکی باڵاوە بچن کرێکاری بکەن، جا کە پرسیان بڵێن مەدرەکم لیسانس یان فەوقی لیسانسە و کرێکارم یان بێکار! دیارە ئەوەش هەر سیاسەتی خۆیەتی تاکوو لاوانی کورد نەچنە زانکۆکان‌و هەروا بە نەخوێندەواریان وەهێڵێ نەوەکا دەست بۆ کارێک بەرن، چونکە تەنیا چەکی زانستە چۆک بە دیکتاتۆڕان دادەداو وڵات بەرەوپێش دەبا.
بە هیوای وەدیی‌هاتنی هەموو ئاوات‌و ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەمان!
هەر سەرکەوتوو بی!

سپاس بۆ جەنابت‌و قەبووڵ کردنی ئەو دیمانەیە و سپاس بۆ وەڵامە بە هەست‌و بە پێزەکانت. هیوای شادی‌و تەمەن درێژی بۆ جەنابت‌و سەرجەم هاوسەنگەرانی ئازیزت.

jalal-3.jpg