. . . .


2 Oct 2009

به‌شداریی به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی ح?


ناوه‌ندی هه‌واڵ: به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی کۆمه‌ڵێک پرسی پێوه‌ندیدار به ئێران و مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی شووڕای ئورووپادا، رۆژانی 1 و 2ی ئۆکتۆبری2009، دوکتور ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ نیشتمان عه‌زیزی،‌ به‌شداریی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی وه‌رزانه‌ی شووڕای ئورووپادا کرد که‌ ‌له شاری ستراسبۆرگی فه‌رانسه‌ به‌ڕێوه چوو. له په‌راوێزی کاره‌كانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا و به‌پێی قه‌راری پێشتر دیاریکراو، به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی حیزب له‌ چه‌ند دیداری تایبه‌ت‌دا‌‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی شووڕای ئورووپا و چه‌ند که‌سایه‌تیی چالاک له بواری مافی مرۆڤ دا کۆ بۆوه.
رێکخراوی شووڕای ئورووپا بنکه‌که‌ی له شاری ستراسبورگه و به‌ یه‌كێک له گرینگترین رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان دێته‌ ئه‌ژمار. ئه‌و رێکخراوه‌ ساڵی 1949 به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ بنیاتنانی ئورووپای یه‌كگرتوو له‌سه‌ر بنه‌مای دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ دامه‌زراوه. له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارددا ته‌نیا وڵاتانی ئورووپای رۆژئاوا تێیدا ئه‌ندام بوون، به‌ڵام له‌‌دوای کۆتایی هاتنی جیهانی دوو قوتبی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئورووپاش چوونه‌ته نێو ئه‌م رێکخراوه و ئێستا سه‌رجه‌م 47 وڵاتی ئورووپای گه‌وره ئه‌ندامی شووڕای ئورووپان. شووڕای ئورووپا چ له ئاستی ئورووپادا و چ له ئاستی جیهانی‌دا، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرس و کێشه جۆربه‌جۆره‌کانی دنیای ئه‌مڕۆدا خاوه‌نی ئۆتۆریته‌یه‌کی به‌هێزی سیاسی‌یه. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی رێککه‌وتننامه و ستاندارده حقووقی‌یه‌كانی ئورووپای گه‌وره و له‌نێویاندا په‌یمانی ئورووپایی مافی مرۆڤ و په‌یمانی دیفاع له که‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان له‌لایه‌ن شووڕای ئورووپاوه به‌رهه‌م هاتوون و هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م رێکخراوه‌شدا چاوه‌دێریی به‌جێگه‌یاندنیان ده‌کرێ.
کۆبوونه‌وه‌ی وه‌رزانه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارلمانیی شووڕای ئورووپا که له رۆژه‌‌کانی 28 ی سپتامبر تا 2 ی ئۆکتۆبر و به به‌شداریی میخائیل گۆرباچۆف به‌ڕێوه چوو، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ شه‌سته‌مین ساڵیادی دامه‌زرانی شووڕای ئورووپا. له دانیشتنی ئه‌مجاره‌دا ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌و رێکخراوه‌دا‌ وێڕای هه‌ڵبژاردنی ئاغای "تۆربیۆرن یاگلاند" سه‌رۆکوه‌زیری پێشووی نۆروێژ و سه‌رۆکی پێشووی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست وه‌ک سکرتێری گشتیی تازه‌ی شووڕای ئورووپا، کۆمه‌ڵێک پرسی گرینگی رۆژیش وه‌ك کێشه‌ی نێوان رووسیه و گۆرجستان، سه‌ربه‌خۆیی سیستمی قه‌زاییی وڵاتان، گۆڕانی که‌ش و هه‌وا و قه‌یرانی دارایی جیهانیان تاوتوێ کرد.
ئه‌نجوومه‌نی پارلمانیی شووڕای ئورووپا له‌ دانیشتنی ئه‌مجاره‌ی دا هه‌روه‌ها بڕیارنامه‌یه‌كیشی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وتی دژه دێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ئازادیخوازانی ئه‌و وڵاته‌دا په‌سند کرد که نێوه‌رۆکی ئه‌م بڕیارنامه‌یه و هه‌روه‌ها ورده‌کاریی دیداره‌کانی به‌رپرسی پێوه‌ندی‌یه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ستراسبورگ له رۆژانی داهاتوودا بڵاو ده‌کرێته‌وه.
aso-didari-urupa.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1305 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact