. . . .


4 Nov 2018

بەڕێوەچوونی ڕیوڕەسمێکی شایستە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دیموکرات


ناوەندی هەواڵ- سوید: رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی نوامبری ٢٠١٨، کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کورستان و یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری ئۆرێبروو بە هاوکاری کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوئێد، مەڕاسیمێکی شایستەیان بۆ یادی شەهێدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکڕات بەڕێوە برد.
رێوو رەسمەکە کاتژمێر ١٣،٢٠ بە سرودی ئەی شەهیدان و یەک دەقە بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی سەربەرزی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکڕات دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێوەبەری بەرنامەکە خاتوو کوێستان بابایی بەخێر هاتنی بەشدارانی کرد و داوای لە بنەماڵەی شەهیدان و نوێنەری حیزبە کوردستانیەکان کرد مۆمی رێز لێنانی شەهیدان داگیرسێنن.
" برینی ئەو جارە" ناوی بەرهەمێکی هونەری نوێی گەردی میدیا بوو کە بە دەنگی بە سۆزی هونەرمەندی لاو کاروان حەکیمزادە و ژەنیارانی گەردی میدیا پێشکەش بە یادەکە کرا.
دوابە دوای ئەو، پەیامی کۆمیتەی ئۆرێبرو،ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن کاک کەریم بابەکری، پەیامی کۆمیتەی سوئێدی یەکیەتی ژنان لە لایەن خاتوو شیلان ساڵحی و هەر وەها پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خاتوو موژدە عەزیزی خوێندرانەوە. شایانی باسە لە سەرجەم پەیامەکان دا بەڵێن و پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردنەوە تا وەدی هاتنی ئامانجەکانیان لە خەبات و تێکۆشان ڕانەوەستن.
"بزەی سەر لێوتان سیمبولی نوێی بەرخودانە" ناوی پارچە پەخشانێک بوو کە لە لایەن خاتوو شوعلە قادری پێشکەش کرا.
لە بەشی پانێلی یادەکە سەرەتا کاک حەسەن حاتەمی ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، باسێکی تێرو تەسەلی لە ژێر سەردێڕی " کارەساتی ١٧ی خەرمانان لە پێناوی ئازادی و مافی نەتەوایەتی دا" پێشکەش کرد. بەڕیز حاتەمی لە سەرەتای باسەکەی دا ئاماژەی بە مێژووی جووڵانەوەی کورد لە رۆهەڵاتی کوردستان کرد کە چۆن بە درێژایی تەمەنی ئەو جووڵانەوەیە هیچ کات نە لە شاخ‌و نە لە شارو نە لە زیندانەکان دا بەرۆکی رێژیمەکانیان بەرنەداوە.
بەڕێز حاتەمی هەروەها ئاماژەی بە سەرکوتی رێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران دژ بە جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە چۆن لە هەموو مێتودێک کەڵکیان وەرگرتوە بۆ سەرکوتی ئەو جوڵانەوە رەوایە، هەر لە تێروری رێبەران‌و قەڵاچۆ کردنی کوردستان و تا مۆشکبارانی ١٧ی خەرمانان.
کاک حەسەن بە خوێندنەوەی نامەیەکی کورت کە بۆ رۆژی لە دایک بوونی نەمامی کچی شەهید سوهەیلا نووسیبوو، باسەکەی کۆتایی پێ هێنا.
دواتر دوکتۆر خالید خەیاتی کەسایەتی سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە شاری لینشۆپینگ،ی وڵاتی سوید، باسێکی تێروتەسەلی لە ژێر سەردێڕی "ئەقڵیەتی موشەک هاوێژی ئەوان‌ و سەرگەردانی ئێمە لەسەر دوو رێیانی شناس" دا پێشکەش کرد. دوکتۆر خالێد بەو پرسیارە باسەکەی دەست پێکرد: ئەو شوێنەی کە لە ١٧ی خەرمانان موشەکەکانی بەرەو قەڵای دێموکڕات هاویشت و لە ئاکام دا بوو بە هۆکاری لە دەست دانی ١٦ کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمە کە بەشێکیان ئەندامی سەرکردایەتی حیزب بوون، ئەو ئەقڵیەتە کە پەنجە بەسەر دوگمەی هاویشتنی موشەکەکە دادێنی لە کوێیە؟
بە بۆچوونی کاک خالید بەستێنی ئەو موشەک هاوێژە تەنها لەو پەنجە و لەو ئەرتەشە و لەو بڕیارە دا کورت ناکرێتەوە بەڵکوو دەبێ لە خۆمان بپرسین کام هۆڤیەتە، کام گوتاری سیاسیە، کام ئەقڵیەت و کام مێژوو و کلتور و نوسراوەیە، کامە پەروەردەی بار هێنانە کە دەچنە هەیبەتی ئەو موشەکانە و بەرەو ئێمە دێن؟
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دوکتۆر خالید دەڵێ: ئێمە وەک کورد دەبێ جۆغرافیای خۆمان دیاری بکەین. ئەگینا هیچ هەل و مەرجێکی مێژوویی روو نادا تا ئەوە بو ئێمە دیاری بکا.
لە دوا بەشی قسەکانی دا کاک خالید بەو جۆرە ئاماژە بە بارو دۆخی دوای موشەک بارانی قەلای دێموکڕات دەکا: بە ڕاستی دوای موشک باران مێژوویەکی نوێ خوڵقاوە. ئەو بەها مەعریفە گەورە نەتەوەیی کە کورد لە خۆی نیشان دەدا نیشان دەری ئەوەیە کە حەرەکەتی سیاسی کورد بە جۆرێک رەفتار بکا لە نرخ‌و شایانی ئەو نەتەوەیە بێت.
دوابەشی بەرنامەکە بە چەند بەرهەمی هونەری بە دەنگی بە سۆزو بلاوێنی هونەرمەندانی لاو کاروان حەکیمزادە، شنۆ ئەحمەدی و کامران عەلیپور و بە هاوکاری هونەرمەندانی ژەنیاری گەردی میدیا رازێندرایەوە.
شایانی باسە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون و بروسکەی ماتەمینیان پیشکەش بە یادەکە کرد کە بریتی بوون لە:
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئێران
پارتی دێموکڕاتی کوردستان
یەکێتی نێشمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
پارتی کرێکارانی کوردستان " PKK"
کۆمەڵەی کوردی شاری ئۆرێبروو

کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 123 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact