. . . .


30 Oct 2018

هەوڵی کردەوەیەکی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتێکی ئورووپایی بێ ئاکام مایەوە


لە کۆتایی مانگی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی دا، لە سەر داوای پۆلیسی دانمارک، هەموو ڕێگا ئاوی و هەوایی و زەمینییەکانی نێوان وڵاتانی دانمارک و سوید کەوتنە ژێر چاوەدێری توند و تەنانەت بۆ ماوەیەک پردی بە ناوبانگی " ئۆرێ سووند" کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مالمۆ و کۆپێنهاگ بە تەواوی داخرا. پاش تێپەڕینی چەند حەفتە بە سەر ئەو ڕووداوە دا هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە هۆکاری ئەو کۆنتڕۆڵە توندە و داخرانی ئەو پردە کە ڕۆژانە دەیان هەزار کەس بە ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر پێیدا تێپەر دەبەن، پێشگرتن بووە لە کردەوەیەکی تێرۆریستی، بەڵام تاوانبارەکە توانیویەتی لە چنگ پۆلیسی دانمارک خۆی دەرباز کات.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی، وتەبێژی پۆلیسی نهێنی دانمارک " پێت" لە پرس کۆنفڕانسێکدا ئاشکرای کرد کە بە هاوکاری پۆلیسی نهێنی وڵاتانی نۆروێژ و سوید، توانیویانە پێش بە کردەوەیەکی پڕ مەترسی کە زۆر جیددی بووە و گیانی چەند کەسێکی دژ بە حکومەتی ئێرانی دەکردە ئامانج بگرن.
" فین بورچ ئاندەرسێن" لێپرسراوی دەزگای ئاسایشی دانمارک ڕایگەیاند کە ئەو کەسە بە ڕەگەز ئێرانییەی کە هەڵگری ناسنامەی نۆروێژی بووە، ویستوویەتی چەند کەسێکی عەرەبی بە ڕچەڵەک ئێرانیی هەڵگری ناسنامەی دانمارکی بکۆژێ. ئەو کەسانە نوێنەر و گڕیدراوی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی ئەحوازن و خاوەنی رەگەزنامەی دانمارکی بوون. بە وتەی سەرۆکی پۆلیسی نهێنی دانمارک، ئەو تێرۆریستە ئێرانییە لە نێوان ڕۆژانی ٢٥ و ٢٧ی مانگی سێپتامبر دا لە نزیکەوە چاوەدێری ئەندامانی الاحوازی کردووە و پاشان ئاگادارییەکانی ناردووەتەوە بۆ داودەزگای سیخوڕی ئێران.
هەر ئەمڕۆ و هاوکات لەگەڵ پرێس کۆنفڕانسی سەرۆکی پۆلیسی نهینی دانمارک، وتەبێژی پۆلیسی نهێنێ سوید " سێ پۆ"ش ئەشکرا کرد کە لە سەر داوای هاواڵەکانیان لە پۆلیسی نهێنی دانمارک، کەسێکی بە ڕچەڵەک ئێرانی، هەڵگری ڕەگەزنامەی نۆروێژی،یان لە شاری گۆتێنبۆرگی وڵاتی سوید دەست بەسەر کردووە. پۆلیسی سویدیش ئەوە ئیدعایەی پۆلیسی دانمارکی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەو کەسە ئێرانییە بە ڕاسپاردەی دەزگای سیخوڕی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە نیاز بووە کە کەسانێکی ئێرانی دژبەری ئەو ڕژیمە لە وڵاتی دانمارک تێرۆر بکات و دانی بە تاوانەکەشدا ناوە. پۆلیسی سویدی ئەوەشی ئاشكرا کردووە کە ئەو تێرۆریستە ئێرانی- نۆروێژییە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤۆڵڤۆ،ی سویدی بۆ ئەنجامدانی کارەکەی دزیوە و هەر بەو ئۆتۆمبێلەشەوە لە شاری گۆتێنبۆرگ دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبر بە فەرمانی دادوەر خراوەتە بەندیخانەوە و پاشان رادەستی پۆلیسی دانمارک کراوە.
هەوالدەرییەکان ئاشكرایان کردووە کە هەوڵ و بڕیاری تێرۆر کردنی ئەو دژبەرانەی ڕژیمی تاران لە لایەن داودەزگای تێرۆریستی حکومەتی ئێرانەوە و دوای ئەو هێرشە خۆکۆژییە دراوە کە کرایە سەر ڕێژەیەکی سەربازی سپای پاسدارانی ئێران و ڕێکخراوی بزووتنەوەی سەربەخۆیی خوازانی ئەهواز ئەو کارەی گرتە ئەستۆ.
دوابەداوی بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە دەوڵەتی دانماڕک بە فەرمی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە بە تاوانبار زانی و، دەگوترێ کەسێکی ئێرانی و نیشتەجێی وڵاتی نوروێژی لەو پێوەندییە‌دا دەسبەسەرکردوە، کە دانی بە تاوانەکەی داناوە.
ئەناس سمووئێلسەن وەزیری دەرەوەی دانماڕک ڕایگەیاند: جیا لەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران دەگەڕێنێتەوە، داوا لە یەکیەتیی ئورووپاش دەکا، گەمارۆی چڕ ونوێ بخرێتە سەر ئێران.
وەزیری دەرەوەی دانماڕک ڕایگەیاند: ئێمە بۆ گەمارۆی زیاتر خستنە سەر ئێران هاوکاری یەکیەتیی ئورووپا دەکەین و، ڕیگە نادەین هێزە ئەمنییەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتی دانمارك کەسانی دژبەری خۆی بکاتە ئامانج.
جێی ئاماژەیە هەر لەو پێوەندییە‌دا مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەڵوێستی وڵاتی دانماڕکی سەبارەت بە لە قاودان و دەسبەسەرکردنی یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە، بەرز نرخاند و گوتی: ئەوە نیزیک بە چل ساڵە وڵاتانی ئورووپایی ئامانجی کردەوە تیرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و، دەبێت یەکیەتیی ئورووپا بە جیددی ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە هەمان کات دا وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بەهرام قاسمی، وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو رووداوە، وەکوو هەمیشە ئەوەی بە پیلان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی زانی.
شیاوی باسە لە دوای ڕیسوایی کۆماری ئیسلامی لە دادگای میکۆنووس، بڕیاری دابوو لە خاكی وڵاتانی ئورووپایی هەوڵی تیرۆریستی نەدات، هەر بۆیە ئەوی ئەمڕۆی دانماڕک دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 9424 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact