. . . .


29 Oct 2018

نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی و ناتەبایی لەگەڵ ئامانجەکانی FATF


عومەر باڵەکی
ماوەیەک لەوە پێش مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لایحەی پەیوەستبوونی بە دامەزراوەی اف ای تی اف کە کارەکەی بەربەرەکانییە لەگەڵ ئەو شوێنانەی سەرچاوەی دارایی تێرۆریزم دابین دەکەن، دوای هەرا و بەزمێکی زۆر پەسند کرد و بۆ یەکلاکردنەوەی ناردی بۆ شووڕای نیگابان. پەسندکردنی ئەو بەڵگەنامەیە هەرچەند لەگەڵ نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی ئێران ناتەبایە بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگە و ڕەنگە ئەوەش وای کردبێ کە کاربەدەستانی ڕێژیم سەرەڕای ئەو ناتەباییە وەک ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستای وڵات بیبینن و بچنە ناوی.

دەستەی تایبەتیی کرداری ماڵیی (FATF) دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە کە پێوانەکانی نێونەتەوەیی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ سپیکردنەوەی پووڵ و پارە بۆ پاڵپشتیی تێرۆریزم (CFT/AML) دیاری دەکا. ئەم دامەزراوەیە بنکەی لە پاریسە و بۆ پارێزگاری لە سیستمی ماڵیی نێونەتەوەیی و بۆ باشتربوونی بارودۆخی نیزامی بانکی و دراو تێ دەکۆشێ و ڕێنوێنی دەدا بە دەوڵەتەکان. ئەم دامەزراوەیە بڕیارنامەیەکی هەیە کە 40 مادە لە خۆدەگرێ و وا داڕێژراوە کە هەموو دەوڵەتانی ئەندام بتوانن بەڕێوەی بەرن. ئەم دامەزراوەیە هەر لەو کاتەدا کە ڕێگری دەکا لە سپیکردنەوەی پووڵ، لە هەمان کاتیشدا نابێتە کۆسپ لەبەردەم ئاڵووێری دراو لە نێو ئەندامەکانیدا و کاریگەریی نێگەتیڤ ناکاتە سەر گەشەکردنی ئابووریی ئەو وڵاتانە. بەڵام کاتێک لەلایەن ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییەوە وڵاتێک دەکەوێتە لیستی ڕەشەوە، هەر چەند ئابڵۆقەی ڕەسمی بەدوواوە نابێ، بەڵام بانکەکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەندام ئەوپەڕی خۆپارێزی دەکەن لە سەودا و بازرگانییان لەگەڵ ئەو وڵاتە.

کاتێک باس لە دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ تێرۆریزم دەکرێ وا دێتەبەرچاو کە مەبەست تەنیا پووڵ و پارەیە، بەڵام کۆنڤانسیۆنی (FATF) بەم جۆرە ئەم سەرچاوانەی پێناسە کردووە کە: «تەنیا چەکی بانکی و پووڵ، بەشە شیرکەت و بانک و…لە خۆ ناگرێ، بەڵکوو هەر هەموو سامانی گواستراوە و نەگواستراو، سامانی دیارونادیار وەک بیمەی تەمەن، بەڵگە و کەرەسەی قانوونی بە هەر شێوەیەک نووسراو یا ئەلکترۆنیک یا دیجیتال بێ، لە خۆ دەگرێ.»

«سی اف تی» لە پێناسەیەکی کورتدا بەو جۆرە باسی تێرۆریزم دەکا: «کردارێک کە ئامانجی کوشتن یا نقوستانکردنی غیرە نیزامی یا هەر کەسێک کە لە تێکهەڵچوونی سەربازیدا بەشدار نەبووبێ، بەڵام گەڵالەی بۆ داڕێژرابێ بەو مەبەستانەی سەرەوە و ئامانجی ئەو کردارە لە نێوەرۆکی خۆی کاریگەریی لە سەر دەستەیەک لە خەڵک، دەوڵەتێک یا ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی هەبێ.»

ئێران پێش ڕێککەوتنی بەرجام لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی (FATF) دابوو، بەڵام دوای ڕێککەوتن لەگەڵ شەش زلهێزە ئابوورییەکەی جیهان، تاران گەیشتە ئەو ئاکامە کە بۆ سەردەمی دوای لاچوون گەمارۆ ئابوورییەکان و بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندیی ماڵی لەگەڵ دنیای دەرەوە پێویستی بەوە هەیە کە چاکسازی لە کۆمەڵە قانوونێکدا بکا کە دەبنە ڕێگر لە سەر هاتنە دیی ئامانجەکانی بەرجام. کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە لە لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەیە دەربێ پێویست بوو چەندین داواکاریی ئەو ڕێکخراوەیە جێبەجێ بکا. بۆ نموونە:

١- ئێران دەبێ دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ تێرۆریزم بەبێ هەڵاواردنی ئەو دەستە و تاقمەی لەژێر ناوی کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی خاریجی، ئیستعماری و نیژادپەرەستیدا تێ دەکۆشن، وەک تاوان دەستنیشان بکا؛ بەڵام مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە پەسندکراوی ١٥ی جۆزەرداندا پێداگری دەکا لەسەر سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و ئەو کردارانەی سەرەوە بە کردارێکی تێرۆریستی نازانێ.

٢- دیتنەوە و دەستبەسەرداگرتنی سامان و ئەمواڵی گرووپ و لایەنە تێرۆریستییەکان لە ڕاستای پەسندکراوی شووڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان.

بۆ هەڵسەنگاندنی تەنیا ئەو دوو خاڵە لە کۆی نزیک بە ١٠ خاڵ لەگەڵ قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی پێویستە ئاوڕێک لە نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی ئێران بدەینەوە و بزانین ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێوانەکانی (FATF) یەکتر دەگرێتەوە؟

لێرەدا دەبێ سەرەتا لەسەر ئەوە بوەستین کە کێ تێرۆر دەکا و کێ تێرۆریستە؟ ئەگەر چاو لە پێناسەی گشتیی تێرۆریزم بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوی کە تێرۆر «جۆرێک کوشتنی بەئانقەستە کە بە ئامانجی سزادان یا ئامانجی سیاسی لەلایەن دەوڵەتێک یا ڕێکخراویەکەوە بەرێوەدەچێ، کەس یا کەسانی کوژراو یا خاوەنی هەڵوێست بەناوبانگن و یا خاوەنی ئەندێشەی سیاسین کە جیاواز لە دەسەڵات بیر دەکەنەوە، یا بە هۆکاری ئەوەی بێحورمەتیی بە بیروباوەڕی لایەنێک بە تایبەتی دینیی کردبێ، حوکمی کوشتنی بەشێوەی تێرۆر لەلایەن بریاردرەوە دەردەچێ. بە مانایەکی دیکە دەتوانین بڵێین بەرێوەبردنی ئەو کوشتنە بە دوو ئامانج لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە بەڕێوە دەچێ؛ یەکەم کوشتنی کەس یا کەسانێکە کە بەدژبەری خۆیانیان دەزانن و دووهەم خوڵقاندنی کەشی ترس و دڵەخورپەیە لە نێو کۆمەڵگەدا کە هەر کەس دژی ئەو ئەندێشە سیاسی یا دینییە و یا سیستمی ئیدارەی دەوڵەت بێ؛ سزاکەی کوشتنە.»

لە پێشەکیی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا کە باس لە شێوە حکومەتی ئیسلامی دەکا، هاتووە: «قانوونی بنەڕەتی ئێران بە سەرنجدان بە نێوەرۆکی شۆڕشی ئێران کە حەرەکەتێک بوو بۆ سەرکەوتنی تەواوی زوڵملێکراون (مستضعفین) بە سەر زاڵماندا (مستکبرین)؛ بەستێنی پەرەپێدان و گەشەکردنی ئەو شۆڕشە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئامادە دەکا و بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی نێونەتەوەیی لەگەڵ جووڵانەوەی ئیسلامی و خەڵکییەکان تێ دەکۆشێ هەتا ڕێگای پێکهاتنی ئۆممەتی تاک جیهانی خۆش بکا و بەردەوامیی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەکانی بێبەشکراو و ژێردەستەی زوڵم لە تەواوی جیهاندا پەرە پێدەدا.»

ئەگەر ئەو بەشە لە پێشەکیی قانوونی بنەڕەتیی ئێران کە لە ڕاستیدا نێوەرۆکی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامییە و لە هەمان کاتدا سەلمێنەری ئەوەیە کە دەستی دەوڵەتی ئاوەڵا کردووە بۆ هەناردەکردنی شۆڕش و؛ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بە پێوانەی ناسینی کۆماری ئیسلامی بگرین و بەراوردی بکەین لەگەڵ ئامانجەکانی FATF، دەبینین ئەو دووانە ئەوەندە لێک دوورن کە ناکرێ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا ببینینەوە.

FATF هەروەکی پێشتر باس کرا ڕێکخراوڕکی نێودەوڵەتییە کە چاوەدێری دەکا بە سەر مامەڵەی ماڵی، بانکی و تیجاریی دەوڵەتەکان بۆ بەرگرتن لە یارمەتیگەیاندن بە دەستە و ڕێکخراوی تێرۆریستی و، ئەو دامەزراوەیە لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدا ئەمنیەتی جیهانی بپارێزێ. بەڵام لەملا دەبینین کۆماری ئیسلامی قانوونە ئەساسییەکەی بە هەناردەکردنی شۆڕش، خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی خوڵقاندنی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەیە و ڕێگاخۆشکەرە بۆ نائەمنکردنی ناوچەکە و تەنانەت جیهان و لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان بە کردار لە کۆماری ئیسلامی دیتووە کە سەرچاوەی داهاتی هەموو ئەو تاقم و دەستە و ڕێکخراوە بناژۆخوازانە بووە کە بوونە هۆی تێکدانی سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە. بۆ نموونە دەستەی تایبەتی کارکردن لەسەر ئڕران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢دا پتر لە ١٦میلیارد دۆلاری بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد لە سووریە و ئەو دەستە و ڕێکخراوانەی لە یەمەن و عێڕاقدا هەنی خرجی کردووە. لە لایەکی دیکەوە هەواڵنیری بلومبێرگ لە ساڵی ٢٠١٥ بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەک ڕایگەیاند کە تاران ساڵانە شەش میلیارد دۆلار بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هەزینە دەکا و هەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە ئەو ڕادەیە گەلێک جاران هەتا ١٥میلیارد دۆلاریش چووەتە سەرێ.

لە کۆتاییدا دەتوانین ئاوا ئاکامگیری بکەین بەپێی نێوەرۆک و کردار و کارنامەی٤٠ ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕێژیمە تەنیا ئەو کاتانە وانیشان دەدا بەرپرسە لە بەرانبەر بەڵێنە نێودەوڵەتییەکاندا کە بەتەواوی تینی بۆ هاتبێ و هەر کاتێک فشارەکانی لە سەر کەم بۆتەوە هەمدیسان چووەتەوە قالبی خۆی و گوێی نەداوە بە هیچ کام لەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانە کە ژێرەکەی ئیمزا کردوون. وە بە دڵنیایەوە ئەم جارەش هەروەک جارەکانی دیکە دەسەڵاتدارانی تاران پابەندیی خۆیان بەو ڕێککەوتنە ناپارێزن، چونکە نە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ دەستبەرداری ئەو تاقم و دەستە و ڕێکخراوە تێرۆریستییانە بێ کە بۆ ئامانجی خۆی پێکی هێناون و نە کۆمەڵگەی جیهانیش دەتوانێ بە پەیماننامە و بڕیارنامە کۆماری ئیسلامی ببەستێتەوە و بەداخەوە لەونێوەدا ئەوی هەموو خەسارەکانی بەسەردا دەشکێتەوە هەر خەڵکی ئێرانن.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 9418 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact