. . . .


26 Sep 2018

دەقی ووتەكانی لۆرد گلاسمەن و كاك خالید عەزیزی لە پانێلی كنفراسی سالانەی لیبەر پارتی لە لیفەرپوول


وتەکانی لۆرد گلاسمەن

بەیانیتان باش گشت لایەک و بەخێر بێن بۆ ئەم ڕووداوە بەو بەیانییە زوویە. تێدەگەم ئەگەر کەمێک هەست بە خەواڵوویی بکەن، بە پێچەوانەی عێراق خەڵکی ئینگلیس بیرەیەکی زۆر دەخۆنەوە و ئاسەوارەکانیشی دیارن.

ئەمڕۆ باسی هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ناوەندیی حدک لە ناوچە کوردییەکانی عێراق دەکەین. ئەم شتانە. ئەوەی کە بەڕاستی دەمهەوێ بیڵێم، پێش ئەوەی کە قسەکەرەکە بناسێنم ئەوەیە کە کوردەکان لە هەموو شوێنێک دەکوژرێن، کەوابوو من لە تورکیە بووم بۆ رێز گرتن لە کوردی کوژراو، لە سورییە بووم بۆ ڕێز گرتن لە کوردی کوژراو بەڵام ڕەنگبێ ئەوەی لە هەمووان کەمتر لە وڵاتی ئێمە ناسراون ئەوەیە کە لانیکەم ١٢ میلیۆن کورد لە ئێران دەژین ئەوێ شوێنێکی ژیانی کەونارا و بەردەوامی کوردان لە نیشتمانی خۆیان بووە بەڵام هەروەک هەموومان دەزانین کوردەکان قەت لە ماڵی خۆیان خاوەن ماڵ نین، کەوابوو حدک بۆ ئەو کەسانەی کە نایناسن حیزبێکی گەلیک جێگای ڕێزە و سوسیالیستە، ماوەیەکی کورت لە ١٩٤٥ کە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ یەک دوو ساڵ کۆمارێکی سەربەخۆی کوردی بوونی هەبوو لە ئێران بەڵام خێرا کاتێک کە شا دەسەڵاتی بەسەر وڵات دا سەپاند ڕووخاندی. ئێمە دەزانین کە سیاسەتی سەردەمی شا دوای شۆڕشی ئیسلامیی درێژەی پێدراوە کە ناهێڵن کوردەکان کەڵک لە زمانی خۆیان وەرگرن، ناهێڵن کوردەکان دامەزراوە کولتورییەکانی خۆیان هەبێ، دەتوانین بڵێین کە هەر وەک تورکیە ناهێڵن کوردەکان کورد بن، لە چوارچێوە ڕێژیمدا ئەوان ناچار دەکرێن کە زمانی فارسی بەکار بێنن، ڕێگای خۆ ڕێکخستن بە گوێرەی ڕەگەزی خۆیان یا چینی خۆیان نییە. بە گشتیی وەک تورکیە و وەک چۆن باو بوو لە عێراق و هەروەک لە سورییە پێش لێک هەڵوەشانی رێژیم و سەرهەڵدانی پەیەدە، کوردەکانی ئێران هیچ دێموکراسییەکیان نییە، هیچ ئازادییەکیان نییە و ئێستا هەوڵی بەردەوام لە ئارادایە کە کوردی زۆرتر بکوژرێن و پێگەی حدک بۆمباران کرا، ١٤ کەس کوژران. ١٤ کەس کوژران؟ من پرسیار دەکەم، راستە؟ هەندێکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی بوون و ئەوە شتێکی بەڕاستیی حەیاتییە کە ئێمە ئاستی زانیاریی لەبارەی ئەوەی کە لەگەڵ کوردان لە ئێران دەکرێ بەرز بکەینەوە. چونکە ئەوە گرینگە وەک هەمیشە لە پەیوەندی لەگەڵ کوردان، کوردەکان ئەگەر ڕێژیم بە چالش بکێشن ئەوان وەک تێرۆریست حیسابیان بۆ دەکرێ، ئەگەر ڕێژیم بە چالش نەکێشن سەرکوت دەکرێن. ڕێگای بەرەو پێشەوە لەڕاددە بەدەر دژوارە کە دیاریی بکەی. بەڵام ئەوەی کەدەمهەوێ تئێوە بیزانن ئەوەیە کە ئێوە دۆست و پشتیوانتان لە حیزبی ئێمەدا هەن و ئێمە بەهێزین و پشتیوانیی خۆمان نیشان دەدەین. زۆر پێمان خۆشە وتارەکەی ئێوە لە بارەی بۆمبارانەکەدا، لێکدانەوەی ئێوە لەسەر دۆخی سیاسی، داواکانتان لە ئێمە لەبارەی ئەوەی کە بە باشترین شێوە بتوانین پشتیوانیتان لێ بکەین، ببیستین.



وتەکانی کاک خالید

سپاس لۆرد گلاسمەن و سپاس بۆ کوردیش پرۆگرێس و بەخێرهاتنی ئێوە دەکەم بۆ ئەو کۆبوونەوە و بەیانیتان باش. بەڕاستی چی قەوما؟ ٨ی سێپتامبر کۆمیتەی ناوەندی کۆبوونەوەی وەرزیی (پلێنوم)ی لە بنکەی سەرەکیی ئێمە هەبوو لە کۆی سنجق و ئێمە باسی داهاتووی ئێران، هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەسەلی کورد لە کوردستانی ئێرانمان دەکرد.

بە گوێرەی باوەڕی حیزب و سیاسەتی حیزب ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە ئێران هەبووە بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە دوای شۆڕشەوە گوێی لە داخوازییەکانی گەلی کورد لە ئێران نەگرت و ڕێزی لە سیاسەتی حیزب نەگرت بۆ وتووێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. دوای شۆڕش ئایەتوڵڵا خومەینی پێشدا باسی دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانەی کرد بەڵام پاش ئەوەی کە هێرشیان کردە سەر کوردستانی ئێران و گەلی کورد بەرامبەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی خۆڕاگریی نیشاندا، بۆ جارێکی دیکە بۆچوونیان گۆڕی و باسی وتووێژیان کرد، بە گوێرەی سیاسەتی حیزب، حیزبی ئێمە، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە حیزبی سەرەکیی بوو و وتووێژی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەکرد، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی بڕوای بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کورد نەبوو و جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر کوردستانی ئێران و شەڕێکی ناوخۆییان بەسەر ئێمە دا سەپاند، کەوابوو گەلی کورد هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەی نەبوو جگە لە داکۆکی لەخۆ کردن. کەوابوو لەم هاوکێشەیەدا دوو ڕاستیی هەن، ڕاستیی یەکەم ١٠ میلیۆان کورد لە کوردستانی ئێرانە و ڕاستیی دووهەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

کۆماری ئیسلامیی سیاسەتی تێرۆر و لەسێدارەدان و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی هەڵبژارد. بەدوای ئەوەدا ڕێژەیەکی زۆر چالاکی سیاسییان لە ئێران لە سێدارە دا و بەشێکی بەرچاو لە کادر و ئەندامانی پایەبەرزمان لە کوردستانی عێراق تێرۆر کران و درێژەیان بەو سیاسەتە دا تا ڕووداوی ڤییەن. لە کاتێکدا کە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو ڕێبەی حیزب خەریکی وتووێژ لەگەڵ نێردراوەکانی ئێران لە ڤییەن بوو لەوێ تێرۆر کرا. چەند ساڵ دواتر دوکتور سادق شەڕەفکەندی دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سوسیالیست ئینتێرناسیۆنال کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبوو تا لێک تێگەیشتنێک لە نێوان حیزبە ئێرانییەکان وەبینێ، لە میکۆنۆس کوژرا. کاتێک کە دوکتور قاسملو لە ڤییەن کوژرا، کاربەدەستانی ئۆتریشی تێرۆریستەکانی ئێرانیان بەرەو تاران ئیسکۆرت کرد و هیچ دادپەروەرییەک و دادگاییەک لە ئوتریش نەهاتە ئاراوە بەڵام لە میکۆنۆس سیستەمی دادگا و دادپەروەریی ئاڵمان لەڕاستییدا بڕیاری دا کە کاربەدەستانی پایەبەرزی ئێران بەرپرسیاری تێرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندی بوون، کە وابوو ئەوە سیاسەتی ڕێژیمی ئێران بوو. لە ماوەی ئەو کردەوە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی ئێران ئێمە هیچ چالاکییەکی سەربازییمان لە ناوچەدا نەکرد. ئێمە هەمیشە سیاسەتی ناتووندوتیژیی و وتووێژ و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی دێموکڕاتیک بۆ پرسی کوردمان هەڵبژاردووە و وەک ئەندامی سوسیالیست ئینتێرناسیۆنال چاوەڕوانییمان لە سوسیالیست ئینتێرناسیۆنال و حیزبەکانی ئەندامی سوسیالیست ئینتێرناسیۆنال ئەوەیە کە مەسەلەی کورد بۆ ئاستی ناونەتەوەیی بەرز بکەنەوە.

بۆچی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان؟

ئێران ئێستا بەرەوڕووی زنجیرەیەک قەیران بۆتەوە، قەیرانی ئابووری، قەیرانی کۆمەڵایەتی، تەقریبەن هەموو قەیرانێک لە وڵاتدا هەیە، نرخی دراوی ئێران نزیکەی حەفتا لەسەد دابەزیوە، کەوابوو لە ئێران پشێوییە. ئەو ڕێژیمە هێچ ڕێگاچارەیەک، هیچ پرۆژەیەکی نییە کە قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران چارەسەر بکا. بۆیە هەوڵ دەدەن تا ناسەقامگیریی لە ناوچەدا دروست بکەن و بە خەڵکی ئێران بڵێن کە لەدەرەوەی سنورەکانی ئێران دوژمنی زۆری لێن کە هەڕەشەمان لێ دەکەن. بە مووشەکباران کردنی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئەوان پەیامێکی زۆریان هەبوو بۆ ناوچە. یەکەم، ئەوان هێرشیان کردە سەر حیزبی ئێمە چونکە حیزبی ئێمە یەکێک لە سەرەکیترین حیزبەکانە کە پشتیوانی جوڵانەوەی مەدەنی لەناوخۆی کوردستانی ئێران دەکا کە لە ماوەی سێ چوار ساڵی ڕابردوودا دەرفەتێکی مەزن بووە بۆ کوردەکانی ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی. دووهەم، ئەوان دەیانهەوێ پەیامێک بدەنە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەک زلهێزێکی ئەو ناوچەیە و بۆ وڵاتانی ناوچە بنێرن کە ئەو ڕێژیمە توانایی ئەوەی هەیە کە مووشەک باوێ، ئەگەر پێویست بکا تەقریبەن مووشەک بە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بنێ.

بۆچی ئەوان تەنیا حیزبی ئێمەیان هەڵبژارد؟ لەبواری تەکنیکی سەربازییەوە ئەوان حیزبی ئێمەیان هەڵبژارد چونکە حیزبی ئێمە هیچ مووشەکی نییە کە بە بەرەو تارانی بنێرێ. چونکە ئێمە وڵات نین کە بتوانین پارێزگاریی لەخۆمان بکەین. ئێمە تەنیا حیزبێکی سیاسین کە دەتوانین دەنگی کوردی ئێران بەرز بکەینەوە.

بنکە سەرەکییەکە لە کوێیە؟ بنکەکە قەڵایە کە لە نزیک شاری کۆی سنجق هەڵکەوتووە. ئەم قەڵایە شوێنی دامەزراوە جیاوازەکانی حیزبە، یەکیەتی لاوان، یەکیەتی ژنان، ڕێکخراوی منداڵپارێز و ڕێکخراوی پزیشکی و هەموو ڕێکخراوی ئەوتۆ کە خزمەت بە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی لەو قەڵایەدا دەکەن.

کێ لەو قەڵایەدا کوژرا؟ ٦ کەس لە هاوکارەکانی من، لە کاتێکدا کە هەموومان لە دەوری مێزێک دانیشتبووین و باسی دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانە و دێموکڕاتیک بۆ پرسی کورد لەو ناوچەیەمان دەکرد. لەناو ئەوانەی کە بریندار بوون ژن و منداڵی تێدان، ئەوان لە حەوشەی قەڵا بوون. کەوابوو قەڵاکە بنکەی سەرەکیی مەدەنی ئێمە بوو بۆ چالاکییەکانی ئێمە.

کاردانەوەی ئێران چی بوو؟ لە ٩ی مانگی سێپتامبر سپای پاسداران ڕایگەیاند کە مووشەکیان بە بنکەی سەرەکیی ئێمەوە ناوە و ئەوان ئیعتڕافیان پێکرد و قبووڵیان کرد کە ئەو کارەیان کردووە. ئەوە یەکەم جارە دوای شەڕی ئێران-عێراق کە ئێران مووشەکی ئەرد بۆ ئەردی مەودا درێژ باوێ و ئەوە یەکەمجار بۆ هێرش بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزب کەڵکی لێ وەرگیرا.

کاردانەوەی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی چی بوو؟ تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر میدیای فارسی، کوردی، عەڕەبی و ئینگلیسی، ئەوان لەڕاستییدا باسی ئەو ڕووداوەیان کردووە. تەنانەت میدیای ئێرانیش زۆر باسیان کرد. لە پەیوەندیی لەگەڵ کاردانەوەی سیاسی، ئێمە شاهیدی زۆر وڵات و حیزبی سیاسی بووین کە هاوپەیوەندییان لەگەڵ نیشان داوین و کارەکەیان ، ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکوم کرد. تەنانەت نوێنەری وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە توێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی هەیڵی، هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی مەحکوم کرد. کێ کێیە لەو هاوکێشەدا و لایەنەکانی ئەو هاوکێشە و ئەو سێناریۆیە کامانەن؟ وەک باسم کرد لایەنێک گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانە و لایەنەکەی دیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو هێرشەی بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزب کرد، بەڵام پەرچە کرداری گەلی کورد چی بوو؟ ١٢ی سێپتامبر زۆرینەی خەڵکی کوردی ئێران لە کاردانەوەیەکی بەربڵاودا دووکانەکانیان داخستن، لە ماڵەکانیان مانەوە و پەیامێکی ئاشکرایان ناردە تاران. لەوانەیە ئێران بنکەی سەرەکیی ئێمە لە داهاتوودا بکاتە ئامانج هەر وەک پێشووش ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئێران ناتوانێ ١٠ میلیۆن کوردی ئێران بکاتە ئامانجی مووشەک. کەوابوو مووشەک، کردەوەی تێرۆریستیی لەلایەن ڕێژیمی ئێران دژی گەلی کورد و دژی حیزبی ئێمە ڕێگاچارە نییە. تا ئەو جێیەی مافە نەتەوەیی، ئەتنیکی و دێموکڕاتیکەکانی خەڵکی کورد لە ئێران ڕێزی لێ نەگیرێت، خەباتی ئێمە درێژەی دەبێ، خەباتی ئێمە درێژەی دەبێ و دڵنیام، دڵنیام کە سەرهەڵدان لە ئێران، و قەیرانەکان لە ئێران، و لەوانەیە یەکیەتی لەناو حیزبە سیاسییەکان بە کورد و غەیرە کوردەوە بە بێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازیی پێشینە و جیاوازییەکانی ئایدۆلۆژی و ئایینی دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران. ئەو ڕێژیمە ناتوانێ بەو شێوە دڕێژەی هەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێژیمێک کە خۆی بەرامبەر بە خەڵکی خۆی بەرپرسیار نازانێ، ئەو ڕێژیمە ڕێز لە یاسا ناونەتەوەییەکان ناگرێ و ئەو ڕێژیمە ڕێز لە سەروەریی عێراق وەک جیران ناگرێ و مووشەک بەوڵاتێکی دراوسێوە دەنێ، و من پێموایە ئەوە تەنیا سەرەتای بڕیاری ئێرانە بۆ درێژە پێدان بە قەیران، قەیرانی زۆرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکا، بۆ ئەوەی کە ئەو قەیرانانە لە وڵاتانی دیکەدا دروست بکا. چی دەقەومێ ئەگەر ئێران بەرەوڕووی مەحکوم کرانی ناونەتەوەیی نەبێتەوە، چی دەقەومێ ئەگەر هەرکام لەو مووشەکانە بە چەکی شیمیایی تەیار بکرێن؟ چی دەقەومێ ئەگەر هەرکام لەو مووشەکانە لە بەغدا وە ئەردی بکەوێ، لە عەڕەبستانی سعودی، لە ئیسڕائیل، یا لە هەرکام لەوڵاتانی ئەو ناوچەکە؟ چونکە ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا کە بەروەڕووی ئەو قەیرانە قووڵە بۆتەوە، هەموو شتێک دەکا بۆ دروست کردنی قەیرانی زۆرتر لە دەرەوەی سنووری ئێران. ئێران هەوڵ دەدا ئەو پەیامە بە خەڵکی خۆی بگەیەنێ کە تەقریبەن هەموو وڵاتانی ناوچە، هەموو ئایینەکان و هەموو چالاکییەک دژی ئێرانە. هەوڵ دەدەن دوژمنێک بۆ خەڵکی ئێران دروست بکەن و پێیان بڵێن ئێمە دەبێ پارێزگاریی لەخۆمان بکەین. بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە خەڵکی ئێران ناکا، تەنیا دەیانهەوێ کەمێکی تر درێژە بە ژیان بدەن، ئەوان تەنیا داکۆکی لە خۆیان دەکەن و دەیانهەوێ بە دروست کردنی ناسەقامگیریی لە ناوچەدا خۆ لەو قەیرانە دەرباز بکەن و لەوانەیە شەڕیک لەو ناوچەیەدا هەڵایسێنن. ڕێژیمی ئیسلامیی بەرهەمی شەڕ، بەرهەمی تێرۆر و بەرهەمی ناسەقامگیرییە، بۆیە لەوانەیە کەڵک لەو دۆخە وەرگرن و کەڵک لە هەموو شتێک بۆ دروستکردنی ناسەقامگیریی لەو ناوچەیە وەردەگرن.

لە کۆتاییدا ئێمە چاوەڕوانین کە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی و بەتایبەتی حیزبی کار وەک حیزبێکی مەزن لە بریتانیا لە ڕێگای دۆستەکانی لە سۆسیالست ئینتێرناسیۆنال پرسی کورد بەرز بکاتەوە بەتایبەتی بەرپەرچی هێرشی مووشەکیی ئێران بداتەوە کە ئەوە لە داهاتوودا قبووڵکراو نییە. تەنیا، تەنیا، تەنیا دەمهەوێ جارێکی دیکەش ئاماژە بەوە بکەم کە ئەگەر هەرکام لەو موشەکانە بە چەکی شیمیایی تەیار بکرێن، لە داهاتوو دا چی دەبێ؟ بۆیە دەبێ ئێران دەبێ بەرەوڕووی کەمێک بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی ببێتەوە و من هیوادارم کە حیزبی کار ئەو مژارە لەگەڵ دەوڵەتی بریتانیا باس بکا و ئەو پەیامەیان پێ بگەیەنێ، حاڵییان بکا کە ئێران گەمەیەکی ترسناک لەو ناوچەیەدا دەکا. نابێ بێ جواب بمێنێتەوە.

گەلێک سپاس


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 9320 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact