. . . .


17 Sep 2018

لە دەڤەری واشنگتۆن،ی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێز لە شەهیدانی١٧ی خەرمانانی قەڵای دیموکرات گیرا.


ناوەندی هەواڵ - ئامریکا : ‎ڕۆژی ١٦ی سێپتامبر له‌ ده‌ڤه‌ری واشنگتن، ڕێوڕه‌سمی كۆڕیادی ڕێزلێنان له‌ شه‌هیدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی مووشه‌كبارانی قه‌ڵای حیزبی دێموكراتی كوردستان، به‌ ئاماده‌ بوونی بێ وێنه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. دیاره‌ ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆڕیاده‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو.
‎سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستی پێكرد و دواتر به‌ ڕاگرتنی خوله‌كێك بێده‌نگی و وه‌ستان به‌ پێوه‌، ڕێزیان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی گه‌له‌كه‌مان گرت.
‎به‌ڕێز كاك كه‌ریم به‌ختیاری وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كوڕه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ وتارێكی كورت، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی ئێرانی ئیدانه‌ كرد و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی لایه‌نه‌كانی به‌رز نرخاند. دواتر به‌ڕێز موژده‌ خانم عه‌زیزی كچی شه‌هید هاشم عه‌زیزی ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموكراتی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ماته‌مینیدا په‌یامی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵای دێموكراتی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه‌.
‎دواتر به‌ڕێز كاك سه‌لاح بایزیدی به‌ نوێنه‌رایه‌تی ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، وتار و هه‌ڵوێستی ئه‌م ناوه‌نده‌ی پێشكه‌ش كرد. كاك سه‌لاح هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنكه‌وباره‌گاكانی دێموكرات و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی مه‌حكووم كرد.
‎پاشان به‌ڕێز كاك كامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا، وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان به‌ زمانی كوردی و به‌ زمانی فارسی، خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی به‌ بۆنه‌ی كاره‌ساتی قه‌ڵای دێموكرات ده‌ربڕی. ناوبراو له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ دژكرده‌وه‌ی مه‌ده‌نی و مانگرتنی سه‌رانسه‌ری خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كرد و ئه‌م هێزه‌ی به‌ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رخودانی گه‌ل وه‌سف كرد.
‎پاشان به‌ڕێز كاك حیكه‌مه‌ت بامه‌ڕنی به‌رپرسی لقی ٧ی پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا و كانادا، له‌ په‌یامه‌كه‌ی خۆیدا وێڕای ده‌بڕینی په‌ژاره‌ی خۆیان، به‌ توندی هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر قه‌ڵای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیدانه‌ كرد و ئه‌مه‌ی به‌ كره‌ده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی دانا كه‌ هاوكاتیش ده‌بێته‌ی هۆی ناسه‌قامگیری و تێكچوونی ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێم.
‎له‌ بڕگه‌یه‌كی تردا به‌ڕێز كاك عه‌بدووڕه‌حمان حه‌سه‌ن به‌رپرسی ڕێكخستی كومیته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی له‌ ئه‌مریكا، هاوده‌ردی و هاوخه‌می خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی كاره‌ساتی كۆیه‌ ده‌بڕی.
‎به‌ڕێز ڕووبارخانم كه‌ریمی وتاربێژێكی تری ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ زمانی ئینگلیسی ئاماژه‌ی به‌دۆخی داڕماوی ناوخۆی كۆماری ئیسلامی كرد و به‌ره‌و هه‌ڵدێرچوونی كۆماری په‌ت و سێداره‌.
‎به‌ڕێوبه‌ری به‌رنامه‌ كه‌ریم به‌ختیاری به‌ بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆری شه‌هیدی سه‌ركرده‌ دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی، چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
‎پاشان به‌ڕێز كاك ئاره‌ش ساڵح نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ ئه‌مریكا، له‌ وتارێكدا هاوخه‌می خۆی بۆ ئه‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ده‌ربڕی و ئه‌م یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی به‌رز نرخاند.
‎دواتر نوێنه‌ری پارتی دێموكراتیكی گه‌لان (HDP) هاوخه‌می گه‌لی باكووری هێنایه‌ به‌رباس به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی.
هەیئەتێکی نوێنەرایەتی شۆڕای میلی موقاومەت بەشداری ئەو کۆڕیادەیان کرد و پەیامی
بەڕێز مریەم ڕەجەوی،یان خوێندەوە. لەو پەیامە دا هێرشی مووشەکی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بۆ
سەر قەڵای دیموکرات و دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە توندی مەحکووم کرابوو.
‎به‌ڕێز كاك جه‌لیل ئازادیخواز نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له‌ قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رئه‌نجام سه‌ركه‌وتن بۆ كورده‌ و شكست بۆ نه‌یارانی كورد.
‎كاك سالار سه‌لیم نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئه‌مریكا، ئیدانه‌ی هێرشی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی كرد و هاوخه‌می بزووتنه‌وه‌كه‌ی بۆ ئه‌م ڕووداوه‌ تاڵه‌ ده‌ربڕی.
‎له‌ بڕگه‌یه‌كی تر به‌رنامه‌كه‌دا به‌ڕێز كاك ناسر باباخانی نووسه‌ر و كه‌سایه‌تی سیاسی، ئاماژه‌ی به‌مه‌ كرد كه‌ به‌ هۆی ئه‌م نافه‌رمانه‌ مه‌ده‌نییه‌ به‌ربڵاو و بێ وێنه‌یه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، مێژووی هاوچه‌رخی كوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كرێ به‌ به‌ر له‌ ٢١ی خه‌رمانان و دوای ٢١ی خه‌مانان دابه‌ش بكه‌ین. ناسر باباخانی داوای كرد كه‌ ٢١ی خه‌رمانان له‌ ڕۆژژمێری كوردستاندا وه‌ك "ڕۆژی به‌رخودانی نه‌ته‌وه‌یی" دیاری بكرێ.
‎به‌ڕێز كاك مراد ئه‌حمه‌دی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ وته‌كانیدا وێڕای ده‌بڕه‌ینی ئه‌وپه‌ڕی خه‌م و خه‌فه‌تی خۆی كوتی ئه‌م پۆله‌ شه‌هیده‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌ و به‌شێكن له‌ جه‌سته‌ی زامدارم. ناوبراو سپاسی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌.
‎به‌ڕێز حه‌سه‌ن ساماڵی ئه‌ندامی شووڕای حیزبی "ازادی و رفاه‌ اجتماعی ایران" به‌ زمانی فارسی په‌یامهێنی په‌ژاره‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆی بوو بۆ كۆڕیاده‌كه‌.
‎به‌ڕێز كاك خه‌بات ئیبراهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا، وێڕای سپاس كردن له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، كوتی گوتاری حیزبی دێموكراتی كوردستان، گوتارێكه‌ كه‌ له‌رزه‌ی خستۆته‌ له‌شی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ و سیاسه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستان هه‌میشه‌ بایخدان به‌ناوخۆ بووه‌ و پێی وا بووه‌ ئه‌وه‌ی به‌ هێزی له‌بڕان نه‌هاتووی گه‌ل ده‌كرێ به‌ هیچ لایه‌نێك ناكرێ!
‎شایانی باسه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌دا چه‌ند هاوڕێیه‌ك به‌ خوێنده‌وه‌ی شیعر و په‌خشان كۆڕه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد، ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بریتی بوون له‌: كاك جه‌عفه‌ر فه‌قێ نه‌بی، كاك محه‌ممه‌د گرژاڵی، كاك محه‌ممه‌د داستان و مامۆستا سه‌لیم. ھەر وەھا کاک سلێمان عزیزی ئەرکی بەرێوەبەری سالۆنەکەی بە ئەستۆ بوو.
‎هۆڵی كۆڕیاده‌كه‌ به‌ وێنه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵای دێموكرات و وێنه‌ی زیندانیانی ئیعدامكراوی سیاسی و شه‌م و گوڵ ڕازابۆوه‌. به‌شداری بێ وێنه‌ی خه‌ڵك نیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی ئه‌مه‌گ و وه‌فا بوو بۆ گیانی شه‌هیدانی گه‌ل!

بۆ بینینی وێنەکانی ئەو کۆڕیادە کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 9282 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact