. . . .


16 Sep 2018

کۆڕی پرسە و رێزلێنان لە شەهیدانی کارەساتی قەڵای دێموکرات لە دانمارک بەرێوەچوو


رۆژی شەممە ١٥ی سێبتامبری ٢٠١٨ هاوکات لەگەڵ بەسەرچوونی هەفتەیەک بەسەر جنایەتەکانی شەممەی خوێناوی واتە لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی کورد و موشەکبارانی قەڵای دێموکڕات لە هەشتی سێبتامبر، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆمیتەی دانمارک کۆڕێکی پرسە و رێزلێنانیان لە شاری غۆسکیلدەی وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد.
سەرەتا رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی شەهیدانی ئەم کارەساتانە و هەموو شەهیدان و گیانبەختکردووانی رێگای رزگاری وڵات دەستی پێکرد و داوا لە هاوڕێ سولەیمان کەلەشی کرا تا وەکوو بەرپرسی کاتی ناوەندەکە چەند وتەیەک پێشکەش بکا و رێوڕەسمەکە بکاتەوە، ناوبراو لە وتەکانی‌دا جەختی لە درێژەدانی رێگای ئەو رێبوارانەی ئازادی گەلەکەمان کردەوە و باسی لە زەروورەتی یەکدەنگی و بە یەکەوە بوونی لایەنەکانی کرد و سپاسی بە دەنگەوە هاتنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە لایەن هاوڕێ خالید رەواندووست پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و تێیدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان سپاسی بەشداری هەموو لایەکی کرد کە لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست لە دژی کۆماری ئیسلامی دەنگیان هەڵبریوە و هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێمە سەرەڕای بە ژان بوون و گەورەیی کارەساتەکە لە خەبات و تێکۆشان سارد نابینەوە و باوەرمەند بە هێزی جەماوەری کوردستان بەردەوام دەبین تا رووخاندنی دێوزمەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەر لە بەشی یەکەم‌دا پەیام و برووسکەی چەند لایەنێک خوێندرایەوە کە هەر هەموو بە تێکڕایی هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان دەگەڵ بنەماڵەی ئەم شەهیدانە راگەیاند و هەنگاوەکانی لێک نیزیک بوونەوەی هێز و لایەنەکانیان بەرز نرخاند و پشتگیری خۆیان لە جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە و ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندەیە و لە سێدارەدانی لاوانی کوردیان لە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرد.
لە بەشی دووهەمی کۆڕەکەدا لە لایەن ئەحمەد رەحمانی پەخشانێک تایبەت بەم کارەساتانە ئامادە کرابوو کە جەنابیان پێشکەشی بەشداربووانی کرد و پاشان سوپاسنامەی ناوەندی هاوکاری لە لایەن هاوڕێ کاوە فتووحی خوێندرایەوە و بۆ جارێکی دیکە سپاس و پێزانینی ناوەندیان ئاراستەی هەموو کوردانی دانیشتووی وڵاتی دانمارک کرد کە لەو ماوەیەدا شان‌بەشانی خوشک و براکانیان لە رۆژهەڵات لەسەرشەقام بوونە و پشتگیریان لە رۆڵەکانیان کردووە.
لە کەشێکی پڕ ماتەم و پڕ لە هاوسۆزی دەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان‌دا، هاوکات لە کەشێکی پڕ لە هیوا و هومێد بۆ داهاتوو بە سروودی ئەی شەهیدان و هەستانە سەرپێی بەشداران کۆتایی بە رێوڕەسمەکە هات.
ئەو هێز و لایەنانەی لە کۆڕەکەدا پەیام و بروسکەیان بوو بە ریزی خوارەوەن:
پارتی سۆسیالیستی کوردستان باکوور
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان(برووسکە)
حیزبی شیوعی کوردستان(برووسکە)
پارتی دێموکڕاتی پێشرەوی رۆژئاوا
پارتی دێموکراتی کوردستانی رۆژئاوا
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات
فدارسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە دانمارک
بۆ بینینی وێنەکانی ئەو کۆڕیادە کرتە لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 39 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact