. . . .


14 Sep 2018

خۆپێشاندانی سەدان کەس لە ستۆکهۆڵم بۆ شەرمەزارکردنی موشەک بارانی قەڵای دێموکرات .


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی خەرمانان، بەرانبەر بە ١٢ی سپتامبر، لەسەر داوای فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، کۆمیتەی هاوکاریی هێزەسیاسییەکانی کورد و کوردستانی و ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران، خۆپێشاندانێکی بەرین، بە بەشداریی ژومارەیەکی زۆر لە کوردەکانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم و دەوروبەر،لە مەیدانی '' مینت تۆریەت'' لەبەردەم پارلمانی سوئێد، بۆ مەحکووم و شەرمەزارکردنی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات و بنکەیەکی راهێنانی حدکا لە کۆیە، هەروەها ئعێدامی هاوکاتی سێ لاوی بەندکراوی کورد لە چاڵەڕەشەکانی رژێم دا بەڕێوەچوو.
سەرەتا خۆپێشاندانەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب دەستیپێکرد. دواتر وتاری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە لایەن بەریز، کیا ئیزۆل پێشکەش کرا. دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن بەریز سالار ئاشناگەر خوێندرایەوە.
لە لایەن نوێنەری پارتی سوسیالدێموکرات لە پارلمانی سوئێد رێزدار سەرکان کۆسێ، وتارێک پێشکەش کرا و لە بەشێک لە وتارەکەدا سەرکان کۆسی بەڵێنی دا کە کێشەی کورد بە گشتی و تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەها کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە ئوروپا و بە تایبەت مووشەک بارانی بنکەی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پارلمان باس بکات و بەدواداچوونی بۆبکات.
پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە زمانی سوئێدی لە لایەن هاوڕێ ئارێز رەمەزانییەوە پێشکەش کراو و دواتر بە زمانی کوردی لە لایەن خاتوو لەیلا محەمەدی خوێندرایەوە.
دواتر پەیامی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە لایەن بەڕیز ئەمیری سوڵتانییەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا بەریز کاک پۆڵای نانەوازادە شێعرێکی خوێندەوە.
هونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان کاک ناسری رەزازی و کاک فەریبورزی فەخاری و خاتوو شنۆ ئەحمەدی بە خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان، و ژەنینی مۆسیقا، هاوخەمی خۆیان بۆ رووداوەکە دەربڕی و مەحکوومیان کرد.
لە لایەن خاتوو چنوور فتووحی خوشکی شەهید مەنسوور ئەکبەرپوور کە لە مووشەک بارانی قەڵای دێموکرات دا شەهید کرا، بەشێک لە نامەیەکی شەهید مەنسووری خوێندەوە و پەیمانی درێژەدانی رێگای خەباتی شەهیدانی ئەم کارەساتەی نوێ کردەوە و داوای یەکڕیزی و یەکگرتنی لە حیزبەکان کرد.
لە لایەن بەڕیز حەسەن رەحمانزادە، نوێنەری کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران وتارێک پێشکەش کرا.
خاتوو ئامینە کاکە باوە، ئەندامی پارلمانی سوئێد لە سەر لیستی حیزبی چەپ، وتارێکی پێشکەش کرد و بەڵێنی دا لە دەوری داهاتووی کاری پارلمانی سوئێد دا مەسەلەی کورد و کێشە رەواکەی بە گەرمی بەرێتە پێش و بەتایبەت سات و سەودای دەوڵەتی سوئێد لە گەڵ رژێمی ئێران لە قاو بدا و پێشی پێبگرێت.
کاتژمێر ١٩ی دوای نێوەڕۆ خۆپیشاندانەکە کۆتایی هات.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 91 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact