. . . .


14 Aug 2018

دیداری بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی ح د ک لەگەڵ وەزیری کۆچبەرانی کانادا


ناوەندی هەواڵ- کانادا: رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی ئاگۆست هاوڕێ محەممەد خادمیانی بەرپرسی پەیوندییە بیانیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمیتەی رۆژئاوای کانادا، لە سەر بانگهێشتی تایبەتی نووسینگەی بەڕێز " ران مەکانن ئەندام پارڵمانی کانادا سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری لیبراڵ " بەشداری کرد لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەرێز" ئە‌حمەد حوسێن " وەزیری کۆچبەران، پەنابەران و هاووڵاتی کانادا دا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە کۆمەڵێک بەرپرس و نوێنەری رێکخراوە حکومی و ناحکومی و چالاکانی جێگیر لە وڵاتی کانادا تێیدا بەشدار بوون، وەزیری پەنابەرانی کانادا ریپۆرتێکی سەبارەت بە سیاسەت و ستراتژی و بەرنامەی چەند ساڵەی داهاتووی ئەو وەزارەتخانەیەی پێشکەش کرد. ناوبراو بە هێنانەوەی ئامار و رێژی ساڵانەی پەنابەران، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ بەرژەوەندی و بوژانەوە و گەشەپێدانی کانادا، پێویستە رێژەی وەرگرتنی پەنابەران زیاد بکرێت و جێکەوتن و سەرکەوتنی پەنابەرانی لە کانادا بە سەرکەوتنی دەوڵەت و هەموو کانادا وەسف کرد.
لە درێژەی ئەو دیدارە دا کاک محەممەد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە سەرەتا دا سپاس و پێزانینی دەوڵەت و پارڵمانی کانادای کرد بۆ گرتنەبەری سیاسەتی نوێ بە دژی رژیمی ئێران و ناساندنی سپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و خستنە ناو لیستی گرووپە تێڕۆڕیستی‌یەکان بە پێی یاسای کانادای بە دەسپێکی نوێ دەوڵەتی کانادا بۆ رێزگرتن لە یاساکانی نێونەتەوەیی پێناسە کرد. بەرپرسی پەیوەندییە بیانیەکانی حدک لە رۆژئاوای کانادا ئاماژەی بە ناوەرۆکی تیرۆریستی سیستمی دەسەڵاتی رژیمی ئێران کرد و داوای کرد نەهێڵن کانادا وەک وڵاتانی ئورۆپایی ببێتە هێلانە و شوێنی ئەمنی تیرۆریستانی رژیمی ئێران و بنەماڵەکانیان. کاک محەمەد باسی ئەوەی کرد کە گەڵی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان گەورەترین قوربانی تیرۆریسمی رژیمی ئێرانن و هەردووک رێبەری مەزن دکتور عبدولرحمان قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی لە ناوەندی ئوروپا بە دەستی تیرۆریستانی رژیمی ئێران تیرۆر کراون. بۆیە داوای ئەوەی کرد کە زۆر زیاتر لە جاران بواری ئەمنی ئەوانەی لە ئێرانەوە داوای پەنابەری دەکەن بکرێ و ویزای ئەوانەی ئیستا لە کانادا دەژین دوبارە پێداچوونەوەی جیدی بەسەردا بکرێت. وەزیری پەنابەرانی کانادا ئەو نیگەرانیانەی بەرپرسی پەیوەندییە بیانیەکانی حدک لە رۆژئاوای کانادای بە گرینگ زانی و باسی ئەوەی کرد کە وەزارەتخانەکەی ئەو و ناوەندەکانی دیکەی بەرپرسیار بە وردی چاوەردێری پرۆسەی وەرگرتنی پەنابەران دەکەن و هەروەها داوای ئەوەی کرد کە لەگەل بەرێز ران مەکانن زیاتر لەو بوارەدا هاوکاری بکرێت.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی کانادا
hdk-wazizri-kochbaran-2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 157 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact