. . . .


6 Aug 2018

سەركەوتنی جەبری بیركاری بەسەر جەبری مێژووییدا


ژیوار ڕەسووڵی
لێئۆن پی بارادات(1) پێیوایە ناسیۆنالیزم ئاوێنەیەكە كە مرۆڤەكان خۆی تێدا دەبینن، ھەڵدەسەنگێنن و لەكۆتاییدا پێناسە دەكەن؛ دوای خۆناسینیش لە بەرامبەری ئەویتردا دژكردەوە نیشان دەدەن. «كوھێن»(2)یش پێی وایە ناسیۆنالیزم بەرھەمی وشیاریی نەتەوەیەكە كە دەیانەوێ بەرەو «دەوڵەت_نەتەوە»بوون برۆن، سایكۆلۆژیا و زەینییەتی نەتەوەیەك خۆڕسك بەرەو خۆ جیاكردنەوە و خۆبەرێوەبردن دەڕوا. ئیتر لەو كاتانەدایە كە كۆمەڵێك مرۆڤ لە دەوری یەكتر كۆدەبنەوە و نایانھەوێ جگە لە خۆیان كەسێكیتر بن.
خۆئاگایی (Consciousness) پەیوەندییەكی تەواوی بە خودی تاكەوە ھەیە، كۆمەڵێك تاك بەو خۆئاگاییە دەگەن، ئینجا ئاگایی كۆمەڵگە و ئاگایی نەتەوەیەك دروست دەبێ. ھەتا تاك خۆی بەو ئاگاییە نەگا، ھیچ دەسەڵاتێكی سیاسی و زڵھێز ناتوانێ ئەو ئاگاییە لە دەرونی تاكدا دروست بكا، كە خۆی پێ فارس، تورك یان كورد بێت. بەڵام پەروەردە و بانگەشە ڕێگەیەكی باشن كە خەڵكانێك خۆیان بە نەتەوەیەكی دیاریكراو بزانن، ئینجا ھێزی ڕەقی سیاسییەكان ھاوتەریب لەگەڵ بانگەشەكان ئاراستەی ئەو نەتەوەیە بەرەو دەوڵەت_نەتەوە ببا.
شوناسی نەتەوەیی پێرسیەن (Persian) بە ناوەندییەتی فارس و تا ڕادەیەك توركەكان ھەتا كۆتاییەكانی سەردەمی قاجارییەكانیش شوناسێكی شێواوی گرێدراو بە مەزھەبی شیعەی سەردەمی سەفەوییەكان بوو و، ڕایەڵی ناسكی دەرەبەگەكان لە نێوخۆی كوردستان و ساتوسەودای ڕووسیه‌ی تەزاری و عوسمانییەكان لەسەر سنوورەكان لەگەڵ ئێران، كوردستانی لەڕووی فیزیكییەوە بە جوغرافیای فارسەكان بەستبوویەوە.
پاشاكانی قاجار زۆر جاران بە فیتوای مەرجەعە مەزھەبییەكان خۆیان بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی داده‌نا، كەچی دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان تەنیا لە پایتەخت بوو و، سەرجەم نەتەوەكانی دیكە ڕایەڵەیەكی ناسكیان لەگەڵ تاران ھەبوو. ئەوە بەھێزیی حاكمانی قەجار نەبوو كە نەتەوەكانی دیكەی وەكوو كورد دەوڵەتی خۆیان ڕانەگەیاندبوو، چونكە نە لەو ئاستەدا بوو، نە ئەو ھێزەی ھەبوو؛ بەڵام خودی كوردەكان خودئاگایی شەخسی و ئینجا جەمعیان نەبوو و، مەلای مزگەوت و ئاغای دیوەخان هۆی سەرەكی نەخوێندەواریی كۆمەڵگەی ئەو كات بوون، جگە لەوەی كورد درەنگ ڕووی كردە شار.
ئیتر لەو تارانە شێواوەدا عەباس میرزا وەكوو یەكەم ناسیۆنالیستی ئێرانی بە چاولێكەری لە كولتووری ڕۆژئاوا كۆمەڵێك خوێندكاری بۆ ئورووپا نارد، كارگەیەكی دروستكردنی تۆپی شەڕی دامەزراند، چاپخانەیەكی ھێنایە تاران و بۆ ھەمووی ئەوانەش فیتوا و مۆڵەتی لە مەرجەعە شیعەكان وەرگرت. ئەو ویستە تێكەڵ بوو بە دروستكردنی قۆناغبەندییەك بۆ مێژووی خۆیان بۆ ئەوەی ھاوشێوەی ئورووپا ناسیۆنالیزمێكی لێ ساغ بكەنەوە، باستانگەراییەكی وەھمییان دروست كرد، قۆناغی ڕێنێسانس و نوێبوونەوەیان پێناسە كرد. لەسەردەمی پەھلەویی یەكەمیشدا و لەساڵی 1930دا ئەو جوغرافیایەی فارسەكان ناوی لێ نرا ئێران بۆ ئەوەی پەل بۆ دەورووبەریان بهاوێن. ڕەزاشا لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی ھیتلەری دەستی بە یەكدەستكردنی شوناس، زمان و كولتوور و بگرە سایكۆلۆژیای تاكی ئەو خەڵكانە كرد كە لە جوغرافیای ئەو ئێرانە نوێیەدا دەژیان. ڕەزاشا خۆی یەكەم پاشای بەزمان فارس لە دوای یەزدگردی دووەمی سەردەمی ساسانیان بوو، كەچی دەیھەویست ھەموو ئێران بكاتە یەك نەتەوە و ئەویش فارس!
لەو كاتەوە ئەو چەپ و ڕاست، سێكۆلار و مەزھەبییانەی كە فارسن یان لەكەوتنە ژێركاریگەریی گەڕانەوە بۆ ھەیبەتی ئێرانی باستان قبووڵی نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیان نەكرد، محه‌ممەد موسەدیقی میللی و لیبراڵ بۆ یەكجاریش باسی مافی كوردەكانی نەكرد، ئەگەرچی كورد پێی وابوو پڕۆژەی ئه‌یالەتی و ویلایەتی لەو سەردەمدا ڕەنگە جێبەجێ بكرێ و دڵیان پێ خۆش كردبوو، كەچی ئەویش ھەر نەكرا. حیزبی توودەش كە باوەڕیان بە ماركسیزم_لنینیزم ھەبوو لەكاتی تەنگانەدا باسی مافی نەتەوەكانیان دەكرد و لە فەرعانێشدا لەگەڵ یەكپارچەیی ئێران بوون، و پشتیوانیكردن لە كۆماری كوردستان و تەنانەت حكومەتی ئازەربایجانی خۆیشیان فیدای سێ وەزیر لە تاران كرد. كۆماری ئیسلامیی ئێرانی موستەزعەفین و ڕزگاركەری نەتەوە ژێردەستەكانیش! كوردەكانی لەسەر داوای خودموختاری قەتڵوعام كرد. ئەو كولتوورە فاشیستییەش لە نوخبەی ئاكادیمیی و سیاسییەكانیانەوە بۆ ھەموو كون و كەلەبەری كۆمەڵگەی فارس و خۆ بەئێرانیزانەكان شۆڕبوویەوە.
ئەو باكگراوەندە مێژووییە كە خۆی ھۆكاری سەرەكی بەھێزبوونی ناسیۆنالیزمی كوردی لەبەرامبەر فاشیزمی ئێرانی_فارسی بێ، وایكرد كە زۆرترین بێڕێزی بە پرۆفیسۆری كورد كۆچەر بیركار، بڕاوەی خەڵاتی فیڵدز (نۆبلی بیركاری) بكرێ. خالی سه‌رنجڕاكێش ئەوەیە كە زۆرترین بێڕێزییەكان لەلایەن چینی خوێندەواری دێموكرات و چەپی ئێرانی بە كۆچەر كرا. لیبرالێكی ئێرانی بە (نمك بە حرام) و چەپێكی ئێرانیش بە (خائین) ناوی برد، تاكە ھۆكاریش ئەوە بوو كە كۆچەر بیركار خۆی پێ ئێرانی نییە، ھەر وەكوو چۆن ئەگەرچی لە «كمبریج» وانە دەڵێتەوە و ھاووڵاتیی بریتانیایە، بەڵام خۆی پێ بەریتانیایش نییە.
پێداگریی كۆچەر لەسەر ئەویتر نەبوون نوێ نییە، بەڵام لەپێگەیەكی ھێندە گەورەوە پێداگریی لەسەر شوناسی خۆی كرد كە كاردانەوەی گەورەشی لێ كەوتەوە، لای كوردەكان ھەموو غەیرە كوردێك عەجەمە، دەستەواژەی عەجەم ھەتا شەپكە بەسەر و پۆستاڵ لەپێكان بۆ قەتڵوعامی كوردستان نەھاتبوون، پێناسەیەكی ئاسایی و گرێدراو بە ڕێز بۆ ئەویتر بوو، ئەوەی كە ئێستا عەجەم پێناسەیەكی ئەویتری پۆستال لەپێشی لێ دەكرێ، ئەوە ھەڵەی داگیركەرەكانە نەك داگیركراوەكان.
بێڕێزییەكان بە پرۆفیسیۆر كۆچەر لەو ئانوساتەدا كە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئێراندا دەكرێ، نموونەیەكی باشیشە بۆ لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بۆ ئەوەی بزانن كە ئێرانییەكان لە تاران، قۆم، لەندەن، پاریس و كالیفۆرنیاوە بە یەك چاو سەیری پرسی كورد دەكەن، لای ئەوان كوردەكان مافی سەركەوتنیان نییە، ئەگەر ھەشیان بێت مافی خاوەنداریەتیكردن لەو سەركەوتنەیان نییە.
سەدان ساڵ كوشت و بڕ و قڕان و دەرپەراندنی كورد، لەپێناو بنەمایەكی قێزەونی فاشیستی ناوەندنشینەكان بووە، چارەنووسی نەتەوەكانی دیكەی ئێران فارسبوونە، جا لە عەباس میرزاوە بگرە ھەتا خامنەیی، لە محەمەدڕەزا شاوە بگرە ھەتا كیانوری بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە، بەڵام بارادات وتەنی كورد بە ئاوێنەی خۆیەوە سەیری خۆی كردووە، لەسەر بنەمای خاكەوە خۆی پێناسەكردووە، ھەربۆیە بەھیچ شێوەیەك خۆی نەداوەتە دەست چارەنووس. زلھێزەكان دابەشیان كردووە، نوخبە سیاسییەكانی ھەڵەیان ھەبووە، دیوەخان و مینبەر وەدوایان داوە، بەڵام تاكە نەتەوەیەكە لەسەر پێیە و ھیوابڕاو نەبووە، ھەر بۆیە پرۆفیسۆرێكی بیركاری مادام شەڕی ھاوكێشەكانی جەبری بیركاری دەكا، ئاساییە كە خۆی نەداتە دەست جەبری مێژوویی داگیركراوی.
***
1) (Leon P Baradat)، نووسه‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌مریکایی
2) هانس کوهێن، فه‌یله‌سووفی هاوچه‌رخی ئه‌مریکایی

لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 188 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact