. . . .


5 Jul 2018

کۆبوونەوەی بەڕێز سەعید بەگزادە لەگەڵ نوێنەری ٣ نەتەوەی دیکەی ئێڕان لە ئەمریکا


لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانی بەڕێز کاک سەعید بەگزادە بەرپرسی تەشكیلات دەرەوەی وڵات و ئەندامی ڕیبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ کاک کامەران بالنوور نوێنەری حیزب لە ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی جولای ٢٠١٨ی زایینی دانیشتنێکی چوارقۆڵی بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنە دا نوێنەرانی سێ نەتەوەی سەرەکی ئێران لەگەڵ بەڕێز سەعید بەگزادە، بارودۆخی ئێران و جۆری پەیوەندییەکانی نێوان نەتەوەکانیان تاوتوێ کرد.
لەو کۆبوونەوەیە دا بەڕێزان د. کەریم عەبدیان ڕاوێژکاری باڵای حیزبی تەزامونی دیموکراتیکی ئەهواز، د. محەممەد حسێن حوسێن بۆڕ سەرۆکی شۆڕای بلووچەکانی ئەمریکا و بابەک چەلەبیانی وتەبێژی مقاومەتی میللی ئازەربایجان بەشدار بوون.
کۆی قسەکانی ئەم بەڕێزانە لە دەوری ئەم باسە خولی دەخوارد کە گەلی کورد بە نسیبەت نەتەوەکانی دیکەی ئێران خاوەن پێشینە و مێژوویەکی دوورودرێژە و لە باری ڕێکخراوەییشەوە هەروەتر و جێ پەنجەی کورد لە خەباتی دژ بە ڕژیمی پەهلەوی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دیار و بەرچاوە. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە پەیوەندی نێوان نەتەوەکان تۆکمەتر و زیاتر بێت و پەیوەندییەکی دوو لایەنەی میدیایی ساز بکرێ.
کاک سەعید وێڕای سپاس و پێزانین لە بەشداری نوێنەری نەتەوەکان، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ناوخۆ و لە ژێر گوشارەکانی دنیای دەرەوە، بە تایبەتی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە باسەکەی دا باسی لەوە کرد کە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی دا، پێویستە نەتەوە غەیرە فارسەکان لە کەشێکی دیموکراتیک و ئاوێتەی ڕێز دەست بە دانوستان بکەن، بە تایبەتی ئەو نەتەوانەی سنووری هاوبەشیان هەیە و ڕابردوویەکی لە مێژینە پێکەوە گرێیان دەدا.
بەستەرسازی و ئامادە کردنی زەینی نێوان نەتەوەکان بۆ دوورەپەرێزی لە توندوتیژی لە دوای ڕوخانی ڕژیمی ئیسلامی، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. هاوڕێ سەعید بەگزادە لە درێژەی وتەکانی دا وتی: ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەک چۆن لە شۆڕای دیموکراسی خوازانی ئێران دا باسمان کرد و پێداگر بووین، کە بەشداری سیاسی سەرجەم نەتەوەکان لە داهاتووی ئێراندا دەبێ لە سەر بنەمایەکی مافی وەک یەک و لە دۆخ و کەشێکی دیموکراتیک دا بێ، لەگەڵ ئەوەی دا کە پێمان وایە فیدیڕالیزم وەک سیستەمێکی گونجاو بۆ ئیدارە کردنی ئێرانی فرە نەتەوە شیاوە، بەڵام لە یاسای بنەڕەی وڵات دا دەبێ مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو نەتەوەکان دیاری بکرێ و ئەمەش بە یەکدەنگیی تەواوی نەتەوەکان مسۆگەر دەبێ.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 501 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact