. . . .


26 Jun 2018

بەرێوەچوونی کۆنفرانسی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی هولەند


ناوەندی هەواڵ- هولەند: ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٢٤ ـ ٠٦ ـ ٢٠١٨ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سپاکێن بۆری لە وڵاتی هولەند بە مەبەستی دیدار نوێکردنەوە و هەروەها نوێ کردنەوەی کۆمیتە لە دەوری یەک کۆبوونەوە. سەرەتا بە خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان کۆبوونەوەکە دەستی بەکارەکانی خۆیکرد و دواتر لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب کاک مەحموود ساڵحی لە هولەند بەخیرهاتنی گشت لایەک کرا. لە لایەن بەرێزیانەوە کورتە راپۆرتێک سەبارەت بە کارو چالاکی و تێکۆشانی خۆیان لە ماوەی دوو کۆنفرانس دا بۆ بەشداران باس کردا و هاوکات بەرێزیان تیشکی خستە سەر هەندیک وردە کاری و چۆنیەتی بە دەنگەوە چوونی کار و ئەرکی حیزبی لە وڵاتی هولەند و ئاماژەی بە بەربڵاوی ئەندامانی حیزب لە جوغرافیای هولەند دا کرد و لە هەمان کاتدا سوپاسی بە دەنگەوە هاتنی ئەندامانی کرد و گووتی لەگەڵ ئەوەدا ئەندامان لە هولەند ئامادەگی بەرێوەبردنی هەر جۆرە ئەرک و مەئموریەتێکی حیزبیان هەیە .
لە بڕگەی دووهەم دا لە لایەن بەرێز حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەک سەبارەت بە پرسە تەشکیلاتی‌یەکان و شێوەی کار و چالاکی و هەروەها گرینگی ئەم بەشە لە ریزەکانی حدک بە گشتی و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی پێشکەش کران. سەبارەت بە قەوارەی حیزبی دێموکراتی کوردستان گووتی : خەباتی پێشمەرگانە بە بێ بوونی ئەندام لە نێوخۆی وڵات، و پشتیوانی خەڵکی کوردستان گەلێک زەحمەت و دژوارە، هەر بۆیە حدک بەوە سەر بڵیند و سەربەرزە کە قەوارەی ئەم حیزبە پێکهاتووە لە کادر و پێشمەرگە و ڕیبەری حیزب، ئەندامانی نێوخۆت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات ، بە گشتی ئەم سێ قەوارەیە لە چەند ڕەهەندەوە بە یەکەوە کار بۆ سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات دەکەن و لە هەموو بوارەکانی وەک پێشمەرگایەتی، خەباتی نەهێنی و خەباتی ئاشکرا و دیپلۆماسی بە قازانجی بەرەوپێشچوونی حدک کار دەکەن. بەرێز کەریمی بە گشتی باسی لە پرنسیپەکانی کاری و ئەرک و مافی ئەندام و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بە قازانجی بەرەو پێشچوونی کاری حیزب و هەروەها چۆنیەتی درووست کردنی پەیوەندی نێوان کورد بە گشتی لە تاراوگە و هەندەران لەگەڵ ناوەندە بریاردەرەکانی وڵاتانی دەرەوە و کاری دیپلۆماسی و هەندێک پرسی دیکەی تەشکیلاتی لەم سمینارەدا بە وردی باس کرد، بەرێزیان تیشکی خستە سەر دوایین ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی گۆرەپانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها چۆنیەتی خۆئامادەکردنی ئەندامان بۆ هەموو پێشهات و ڕووداوە نەخوازراوەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات. لە سەریەک باسی لە یەکریزی و پتەوی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گووتی کە سەرکەوتن لە یەکریزی و یەکگرتن دایە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم بەشە دا بەریز کاک حەسەن حاتەمی ئەندامی ڕێبەری لە کۆمیسیۆنی تەشکیلات و پەیوەندی‌یەکانی دەرەوەی وڵات، لە چەند وتەیەک دا ئاورێکی چڕوپڕی لە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی نێوخۆی ئێران دایەوە و بە گشتی پەنجەی لە سەر کارە دژی‌گەلی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانا و باسی لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و بەگژداچوونەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی کرد و لە سەریەک چەند نموونەی لە سەر پێشێلکاری‌یەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، کاری ڕێکخراوەیی و ژینگەپارێزی و کوشتنی کۆڵبەران و گرانی و بێکاری و ئێعدام و هەروەها تەریک مانەوەی ئێران لە دونیای دەرەوە دا کرد. بەرێزیان باسی لە دانیشتنەکانی چەند وڵاتی زلهێز و سازانیان لەگەڵ یەکتر کرد و نموونەی لە سەر وەزعیەتی ئەمرۆی ئێران وەک تاقە یارمەتیدەری تیرۆر و تیرۆریزم کرد و باسی لە دەست تێوەردانەکانی ئێران لە چەندین وڵاتی دەوروبەری ئێران و تەنانەت دوورتریش کرد و مەسەلەی چەکی هەستەیی و هەڵوەشاندنەوەی بەرجام لە لایەن ئەمریکا و گەمارۆکانی بە گشتی باس کردن.
لە دوایین بڕگەدا بەشداران بە هێنانە بەرباسی پرسیار و تێ‌بینی و پێشنیارەکانیان باسەکانیان گەرمتر و دەوڵەمەندتر کرد و بە گشتی خەمخۆری و بەڵینی خۆیان بۆ حیزبەکەیان دووپات کردەوە و لە بەشی کۆتایی دا چەند کەس لە ئەندامان بۆ کاری داهاتووی کۆمیتەی هولەند خۆیان بەربژێر کرد و لە ئاکام دا کۆمیتەیەکی نوێ لە لایەن بەشدارانەوە هەڵبژێردرا.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- هولەند
konfrani-holand2018-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 312 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact