. . . .


23 Jun 2018

هەیئەتێکی حدک لەگەڵ رێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لە نۆڕوێژ کۆ بووەوە


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژ، لەگەڵ سەرۆك و جێگری رێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لە شاری "درامن"ی وڵاتی نۆڕوێژ بەیەکەوە کۆ بوونەوە.
رۆژی هەینی ٢٢ی ژوئەن بەرانبەر بە ١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە بەڕێزان کاک "کەریم ئەڵڵاوەیسی" بەرپرسی پەیوەندییە نۆڕوێژییەکانی کومیتەی نۆڕوێژ و کاک "ئیدریس ئابدە" هاوکاری بەشی پەیوەندییەکانی کومیتە، لە گەڵ هەریەک لە بەڕێزان کاک "موحسین محەممەد عەبدوڵڵا" سەرۆکی رێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و کاک "شۆڕش جەلال کوردستانی" جێگری سەرۆکی ئەو رێکخراوە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەتا سەرۆک و جێگری ئەو رێکخراوە لە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە بە وردی دوان. پاشان چەند خاڵێکی سەرەکی وەک مافی مروڤی کورد و زیندانیانی سیاسی و دۆخی کۆڵبەران و چەوسانەوە و پێشیلکردنی مافەکانی گەلی کورد لە لایان کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی چوار دەیەدا، باسیان لێوە کرا.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بارودۆخی زیندانیانی سیاسی بە گشتی و کەیسی بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام "ڕامین حوسین پەناهی" و مەترسی گیانی لەسەر ناوبرا و مەسەلەی کۆڵبەران و هەنگاوە بەپەلە و کردەییەکان گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ بەرپرسانی رێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی کرد.

هەر لەو کۆوبونەوەیەدا بڕیار درا لە دواڕۆژێکی نزیکدا چەند هەنگاوێکی بە کردەوە بهاویشترێ و لەسەر مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیمینار پێك بهێندرێت.

شایانی باسە رێکخراوی ناوبرا بە گشتی کار بۆ چەسپاندنی دادپەورەوی و ئاشتی جیهانی و یاسای نێودەوڵەتی بە تایبەتیش بۆ مافەکانی کورد و کەمەنەتەوایەتیەکان دەکات و بنکەی سەرەکی لە شاری "کۆنگسبێرگ"ی وڵاتی نۆڕوێژە و هەتا ئێستا چەندین چالاکی ئەنجام داوە و ژمارەیەك کوردی بە توانای لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە. هاوکات هاوکاری نزیکی ناوەندێکی ئاکادمیکە کە ژمارەیەکی زۆر خۆیندەواری باڵای تیدایە و چەند سەرکەوتنیکی بەرچاویشی بەدەست هێناوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان. کومیتەی نۆڕوێژ
hdk-dadparwari-2.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 384 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact