. . . .


23 Jun 2018

کەماڵ کەریمی: دروستبوونی هیچ جەمسەربەندییەکی حیزبی ناتوانێ خزمەت بە داهاتووی بزووتنەوەی کورد لە ئێران بکا


دیمانە: مەنسوور مرووەتی

[له‌ که‌س شاراوانه‌ نیه‌ که‌ ئێران له‌به‌رده‌م گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی دایه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌م له‌نێوخۆ ناڕه‌زایه‌تییه‌کان په‌ره‌یان سه‌ندوه‌، هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش فشاری زیاتر خراوه‌ته‌ سه‌ر کۆماری ئیسلامی. داهاتووی ئێران به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا؟ ئایا شۆڕشێکی دی له‌ ئێران به‌ڕێوه‌یه‌؟ ئایا کۆماری ئیسلامی ناچار به‌ هه‌ندێ گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی ده‌کرێ؟ کورد له‌ ئێران له‌ کوێی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا جێی گرتووه‌؟ ئه‌م باسه‌ و چه‌ند بابه‌تێکی دی ته‌وه‌ری وتووێژێکی تایبه‌تیی «کوردستان»ن له‌گه‌ڵ کاک که‌ماڵ که‌ریمی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان]

کاک کەماڵ زۆر کەس وەزعی ئیستای ئێران بە ساڵی ٥٦ و ڕۆژانی پێش ئینقلاب دەشوبهێنن. زۆر کەس هەن باس لەوە دەکەن کە حەتمەن کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ و زۆر کەسیش هەن کە پێیان وایە کە نەخێر کۆماری ئیسلامی ته‌نیا لەبەردەمی ڕووخان دایە. جەنابت لەگەڵ کام له‌و بۆچوونانه‌ی؟ ئایا کۆماری ئیسلامی بەڕاستی دەڕووخێ، یا لە بەرامبەر فشارەکانی دەرەکی بە تایبەت ئەمریکا لە بەرەبەری گۆڕانێکی جیددی دایە؟
ڕاستییەکەی موقایسەی بەینی ساڵەکانی ٥٦ _٥٧ له‌گه‌ڵ ٩٦_٩٧ بە لایەنێک دەتوانێ دروست بێ هەرچەند لە هێندێک شتدا جیاوازییان زۆرە. دروستبوونەکەی لەوە دایە کە لە ساڵی ٥٦دا ئێعترازەکان بەرەبەرە دەستیان پێکرد و دوایی ئیدامەی پەیدا کرد و لەم شار بۆ ئەو شار گواسترایەوە هەتا هەموو شارەکانی ئێرانی گرتەوە. لە لایەکیتریش ئێعترازەکان هەرچەند بە قەولێک یەک هۆکاری تایبەتیی هەبوو بەڵام دواتر دیتمان بوو بە ئێعترازێکی گشتی لەنێو سێنفەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران. لە نێو زانستگاکان، مەدرەسەکان، بازار و بەرەبەرە مانگرتنی گشتی لە نێو مامۆستایان، کارمەندان، کرێکاران بە تایبەت کرێکارانی سەنعەتی نەوت کە گەورەترین زه‌بری ئابووریی لە ڕێژیمی شا دا. بەمجۆرە ئێران بەرەبەرە بەرەو قۆناغێک ڕۆیشت کە دەبوو ئینقلاب ڕوو بدا. ئەوەی ئیستا لێرە دەیبینین هۆکاری دیکەشی هەیە وه‌ک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وەزعی خراپی ئابووری، فەساد، ڕانتخۆری و بە گشتی نەبوونی ئەمنییەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و… . ئەگەر بڵێین هۆکارەکان جیاواز بن بەڵام شێوەی دەسپێکردنەکەی بە تایبەت لە سەرەتای بەفرانباری ٩٦، هەمان شێوازی دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٥٦ دەبینین. بەڵام دوو جیاوازی لە بەینی ساڵەکانی ٥٦ و ٩٦دا دەبیندرێ. ئەویش ئەوەیە کە ساڵی ٥٦ کە ئەم ناڕەزایەتییانە دەستیان پێکرد سەرەتا دیار نەبوو کە ڕێبەرییەک لە پشت ئەم بزاوته‌یه‌ و هاتووە بۆ ئەوەی ڕێبەری بکا و لە ڕاستیدا خۆی بەسەر ئینقلابدا سەپاند و خۆی کردە خاوەنی ئینقلاب. بەرەبەرە کە خۆپیشاندانەکان پەرەیان گرت ئەمانە زیاتر هاتنە نێو ڕیزەکانی ناڕازییان و مزگەوتەکانیان کردە مینبەری ئینقلاب، ئەویش لایەنی مەزهەبیی حەرەکەتەکەبوو؛ لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوی چەپی بەهێز لە ئێراندا هەبوون و لە دوای ئینقلاب لە تاران دەماندی کە خۆپیشاندانی چەندسەد هەزار کەسییان وەڕێ دەخست. بۆیە بوونی ڕێبەرییەک بۆ ڕێکخستن و ڕێبەریکردن و تەنانەت ڕێکخستنی دروشمەکان و خستنە سەر زاری خەڵک، هۆکاری سەرەکیی گەیشتن بە ئینقلاب بوو. ئەمە ئێستا لەم قۆناغەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێراندا نابیندرێ. ئەوە جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان ئەو کات و ئیستادا.

هەروەک باست کرد نە ڕێبەرییەکی دیار و گشتی هەیە و نە ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددی لە ئاستی ئێراندا و نە ئالترناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی و ئه‌م ڕێژیمه‌ زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی. ئه‌وه‌ ئەم فکرە بەقووەت ناکا کە نەخێر کۆماری ئیسلامی لە ڕووخان جارێ دوورە؟

مەسەلەی ڕووخان یا گۆڕان لە کۆماری ئیسلامیدا لە هێندێک لایەنەوە دەکرێ وەک یەکی ببینین. گرینگ ئەوەیە کە ئایا گۆڕان لە کۆماری ئیسلامیدا، لە ئاستی ئەو دروشمانە دایە کە ساڵانێکە میانڕەوەکان و ئیسڵاح تەڵەبەکان باسی دەکەن؟ یا نا گۆڕان دەگاتە ئاستێک کە بتوانێ خەڵک ڕازی بکا و دڵنیابن کە ئەو گۆڕانە دەتوانێ ژیانی ئەوانیش بگۆڕێ. من پێموایە هۆکارێکی گرینگ جیا لە وەزعییەتی خراپی نێوخۆیی لە ئارادایە، ئەویش هۆکاری دەرەکییە و دەوری ئەمریکا بە تایبەت لەو مەسەلەدا. فشارەکانی ئەمریکا لە یەک ساڵی ڕابردوودا کەموێنە بووە لەو چل ساڵەی ڕابردوو کە بەردەوام شەڕەدەندووکەیان بووە. ئەم فشارانە وەک زۆرجار لە زمان بەرپرسانی ئەمریکاوە گوێمان لێدەبێ کە مەبەست ڕووخانی ڕێژیم نیە، ڕەنگبێ لە نێوخۆ هێزێکی وا دروست بکا کە ببێتە ئەهرومی فشار بۆ سەر دەسەڵات و ناچار بە گۆڕانکاریی بکا. ئەگەر باس لە پێویستیی نەمانی ڕێژیم بکەین لە ڕاستیدا ئێران گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە پێویستە نیزام یا سیستمێکی نوێ لەو وڵاتەدا دابمەزرێ. ئەم حکوومەتە نە لە باری ئابوورییەوە توانیویەتی کارێکی وا بکا، نە لەباری سیاسی و دیپلۆماسییەوە توانیویەتی ئێعتباری وڵاتێکی وەک ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بپارێزێ و نە لە ناوچەدا توانیویەتی لەگەڵ دراوسێکانی پێوەندییەکانی ڕابگرێ کە جێی متمانە بێ. لە نێوخۆی وڵاتیش ئەوەی کە دەیبینین جگە لە نێو کۆمەڵێک چەکدارانی سپا و بەسیج و ئەو دەزگایانەی کە سەر بە بەیتی ڕێبەرین، لە نێو خەڵکی ئێرانیشدا ئێعتبارێکی ئەوجۆرەی نەماوە. بەڵام ئەو ڕاستییە هەیە کە بۆ ئەوەی نیزامێک بگۆڕی دەبێ هێزێکی دیکەت هەبێ کە جێگەی ئەو بگرێتەوە. لە ئێراندا دەبینین ئۆپۆزیسیۆنێکی په‌ڕشوبڵاو هەیە لە چەپەکان، کۆماریخوازەکان، شاپەرەستەکان و موجاهیدین کە بە زۆری لە دەرەوە تێکۆشانیان هەیە و لە ڕاستیدا هەتا ئیستا هەست بەوە ناکرێ کە هیچکام لەم لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن، توانیبێتیان لەنێو خەڵکی ئێراندا پێگەیەکی به‌هێز بۆ خۆیان دروست بکەن و بتوانن مەسیری ئینقلاب دیاری بکەن. بەو مانا کە ئەگەر ئینقلاب پێ دەگرێ دەبێ ڕێبەرییەکی هەبێ مەسیرەکەی دیاری بکا و بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو بیباتە پێش. لەولاشەوە ئەگەر سەیر کەین ڕێژیم هەتا ئیستاش بە هۆی پاڵپشتیی هێزە سەرکوتکەرەکانی درێژە بە سەرکوت و ترساندنی خەڵک دەدا. هەروەها هەتا ئیستا فشارە نێودەوڵەتییەکان وا نەکەوتوونەتە پاڵ یەک کە نیشان بدا وڵاتانی زلهێز و بڕیاردەر ڕووخانی ڕێژیمیان مەبەستە و زۆرجار پێچەوانەکەی لە ئورووپاییەکان و تەنانەت لە ئەمریکاییەکانەوە دەبیسین. بۆیە ئیستا مەسەلەی گۆڕان زۆرتر دیتە بەرباس بەڵام، گۆڕانێک کە زۆرکەس پێیانوایە کۆماری ئیسلامی بەو نێوەرۆکەی خۆی ناهێڵێتەوە. ئەمە لەوانەیە گۆڕانێک بێ کە خەڵکی ئێران پێی ڕازی بن. ئەویش گۆڕانێکە کە لە سەرەتاوە دەبێ لە قانوونی ئەساسییەوە دەست پێبکا. ئەو قانوونەی کە بۆخۆی سەرچاوەی تەواوی ئەو نابەرابەری و جیاکاری لەنێو خەڵک و دوورخستنەوەی خەڵکە لە هاوبەشبوونیان لە ئیدارەی وڵاتدا. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە هەموو ئەو شوێنانەی لەو قانوونەدا باسی سەڵاحییەت و مافی خەڵکە بەستراوەتەوە بە پاراستنی ئەسڵی نیزامی ئیسلامی و ڕێکبوونی لەگەڵ ئەحکامی ئیسلامی و تەفسیری ئەمەش دراوەتە دەست شووڕای نیگەهبان.

کاک کەمال هێندێک وردتر هاتیە نێو کێشەکانی قانوونی ئەساسی و ئەو شتانە کە ئەگەر گۆڕانێک دەست پێبکا لە کوێوە بێ. بەڵام لە سەر کوردستان. ئیستا چ کۆماری ئیسلامی بڕووخێ و نەمێنێ یا گۆڕانێکی دڵخوازی خەڵک ڕوو بدا، وەزعی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی یا حیزبەکانی کوردستانی ئێران زۆرجار باس کراوە و ئیتر بووەتە پرسیارێکی کلێشەیی کە وەزعیان چۆنە. بەڵام ئەوەی کە ئیستا هەیە، سبەینێ هەر تەحەولێک هەبێ؛ ڕووخان بێ یا گۆڕان وەڵامدەری ئەوەیە کە لەقەدەر داخوازی و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران بن؟

بە سەراحەت بڵێم زۆر بەداخەوە نا. هەرچەند کوردستان بۆخۆی وەک واحیدێکی جیاواز لە شوێنەکانی دیکەی ئێران دەبێ چاوی لێبکرێ، لەبەر ئەوەی کە خاوەنی خەباتێکی جیاوازە لەو خەباتەی خەڵکی تاران، مەشهەد یا شیراز دەیکەن. ئەویش بەو مانایه‌ کە جگە لە شتە هاوبەشەکانیان کورد بە دوای مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیەوەیەتی. ڕەنگە بڵێین لەهەر هەلومەرجێکدا کە ڕێژیم ئەگەر بەرەو ڕووخان بڕوا ئەو بۆشاییەی کە لە نەبوونی دەسەڵات لە ئێراندا دروست دەبێ کوردستانێکی ئازاد بەدوای خۆیدا دێنێ. ئەمەیان تا ئێرە دەکرێ پێی دڵخۆش بین بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕەنگە کافی نەبێ کە بڵێین حکوومەت دەڕووخێ و….

کوردستان ئازاد دەبێ، بە هۆی تێکشکانی هێزەکانی ڕێژیم و کۆنتڕۆڵی لەلایەن خەڵک و هێزی پێشمەرگەوە کە دەبێ خاوەنداریەتی کوردستانی ئازاد بکەن. کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکا کە ئەم هێزە کوردییانە دەبێ پێشتر بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکاری و هاوئاهەنگیی تەواویان کردبێ بە یەکەوە بۆ یارمەتیدان بە ڕووخانی ڕێژیم ئەگەر بەرەو ڕووخانی ڕویشتین و تەنانەت لە ئەگەری گۆڕانیشدا که‌ ئەگەر فاکتەرەکانی ڕووخان تەواو بەدەستەوە نەبن و ڕێژیم ناچار بە قبووڵی گۆڕانێکی جیددی بێ ئەو جۆرەی خەڵک دەیانەوێ. لێرەشدا دەبینین ئەو بۆشاییە هەر هەیە. هەتا ئیستاش هێزەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی پێوەندییەکانیان باشه‌ به‌ڵام نەبوونەتە خاوەن بەرنامە و ستراتیژییەکی پێویست کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو قۆناغانە دەبنەوە. بە بڕوای من ئەمە گەورەترین کێشەیە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ بەرەو ڕووخانی ڕێژیم بڕۆین چ بەرەو مەسیری ئەو ئاڵووگۆڕە ئیحتمالیانەی دیکە. لە شەرایتێکی وادا زۆر کێشەی چاوەڕوانکراو هەیە کە هیچیان یارمەتیدەر نابن بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان.

پێشتر باسمان لە وێکچوونەکانی ئیستا و سەرەتای ئینقلاب کرد. ئەودەم لە کوردستان تەنیا دوو حیزب هەبوون کۆمەڵە و دێموکرات. ئێستا هەر ئەم حیزبانە بوونە پێنج شەش حیزب و بۆ خۆیان ناوەندێکی هاوکارییان پێک هێناوە. زۆر کەس دەڵێن ئه‌وه‌ بۆ ڕوتیناتە هیچ شتێکی جیددی نیە و هیچ ئیلزامێکی تێدا نیە. وەک نموونە باس لەوە دەکرێ کە ئەم ناوەندە بۆ کاری دیپلۆماسیی خۆیان ناوەندێکی هاوبەشیان نیه‌ و هەر حیزبێک دەچێ بە ناوی خەڵکی کوردەوە قسە دەکا و پێشنیاری سەیروسەمەرە دەدا. ئەم کێشانە چۆن چارەسەر دەبێ؟

دیارە ئەوەی باسی پێوەندیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی هاوکاریی ئەو حیزبانەیە دەبێ بڵێین ئەو ناوەندی هاوکارییە ئیستا لە سەرەتای کاری خۆی دایە. تا ئیستا لەو ناوەندەدا کۆمەڵە یاسا و ڕێسایەک کە جۆری هاوکاریی هەمەلایەنەی ئەو حیزبانە لەو ناوەندەدا تەعریف بکا پەسەند نەکراوە. بۆیە سەیر نیە کە هەر حیزبێک کە لەو ناوەندەشدا بێ بۆخۆی کار و تێکۆشانی دیپلۆماسیی خۆی هەبێ و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکا. ئەمە ڕەنگبێ بۆ هەمووان ڕەوا بێ. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەگەر قەراربێ ئێمە گرینگی بدەین بەو داهاتووەی کە لێی نیگەرانین و گرینگی بدەین بەوەی کە چۆن ئەم نیگەرانییانە دوور بخەینەوە لە خۆمان، و زەمینەی هاوکارییەکی باشتر لە داهاتوودا خۆش بکەین و وا بەرەو پێشەوە بڕۆین کە دڵنیا بین لە داهاتوودا کەمتر تووشی ئەو گیروگرفتانە دەبین؛ پێویستە هەموو لایەک بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن دەتوانن هاوکاریی باشتریان هەبێ لە داهاتوودا. ئەزموونی هەموو ساڵانی ڕابردووی ڕۆژهەڵات و هەموو ئەحزابی کوردی نیشان دەدا کە دنیای دەرەوە کەمتر گوێ لە حیزبێک دەگرێ. ئەوان شناختیان هەیە بە نیسبەت حیزبەکان و مەسەلەی کوردەوە، زۆرجار بە نوێنەرانی ئێمە و حیزبەکانی دیکەش گوتراوە ئەگەر بکرێ بە یەکەوە قسە بکەن لەگەڵ دەوڵەتان و ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە کاریگەرییان دەبێ لەسەر بابەتەکانیان. هۆکارەکەش ئەوەیە هەر حیزبێک دەچێ قسەی خۆی دەکا ڕاستە بەناوی کوردەوە قسە دەکا. بەڵام ئەو تەنیا قسەی خۆی لە ڕوانینی خۆیەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەو شوێنانەش کە دەیانبینین هەموو حیزبەکان دەستیان پێڕادەگا و دەتوانن بیانبینن. بۆ وێنە هەر ئەو ماوەیه‌ لە ئەمریکا کە دوو حیزبی کوردی سەردانی ئەوێیان کردبوو، ناوەندێکی فکریی ناحکوومییان دیوە کە تەبلیغاتی زۆریشی پێوە کرا، کە هەشت مانگ لەمەوبەر نوێنەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و جێگری سکرتێری حیزب دانیشتنی لەگەڵیان هەبووە و هەر ئەو باسانەیان لەگەڵ کردوون. لەوانەیە هەموو قسەکان وەک یەک نەچن چون هەرکام لە ڕوانگەی حیزبی خۆیەوە قسە دەکا. بە بڕوای من لە جیاتی ئەوەی لە یەکتری بشارنەوە کە خەریکی چین و زیاتر لەوەی کە هەیە گەورەی بکەنەوە باشتر وایه‌ کە لەگەڵ یەکتر باسەکانیان بکەن بۆ ئەوەی کە دەچنە ئەو شوێنانە قسەی هەموو لایەنەکانیان پێ بێ و بتوانن نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بکەن. ئەمە یەکێک لە کێشەکانی نێو ئەو حیزبانەیە و زۆرتر کێشەیەکی ڕەوانییە بە مەبەستی تەبلیغات و خۆنیشاندان. هێندێک دەیانەوێ بەمجۆرە وانیشان بدەن کە ئەوا مەترەحن لە حاڵێکدا ئەو شوێنانە گرینگییەکی ئەوتۆیان لە وەزعییەتی ئیستای ئێمەی کورددا نیە. ئەم بابەتە جیا لەو تەبلیغاتە حیزبییەی کە بە جۆرێک له‌ڕاده‌به‌ده‌ر‌ گه‌وره‌ پیشان ده‌درێ خاڵێکی گرینگە و ئەگەر ئیستا بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمەی کورد لە داهاتوودا بەرەو چ مەسیرێک لە گۆڕانکارییەکان بە ڕووخانی ڕێژیمیشەوە دەڕۆین و بۆ ئەوەی دڵنیابین کە نیازەکانی داهاتووی خەڵکی کوردستانمان دابین کردوە، پێویستە گرینگی بده‌ین بە هاوفکری و هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ یەکتر لە هەر زەمینەیەکدا؛ چونکی تەنیا کاری دیپلۆماسی نیە، لە زەمینەی کاری پێشمەرگایەتی، ڕاگەیاندن و هەر کارێک کە بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوە پێویستە هەنگاوی باشتر بنێین بۆ ئەوەی لەهەر شێوازی گۆڕانێکدا بتوانین دەوری خۆمان بە باشی بگێڕین.

ئەوەی کە باست کرد دوو حیزبی کوردستانی ئێران سەردانی ئەمریکایان کردووە من بیستوومە کە ئەو دوو حیزبە داوایان کردووە کە جگە لەوان با حیزبەکانی دیکە نەیەنە ئەوێ، یانی مەرجیان داناوە. واته‌ گوتویانه‌ ئێمە دێین بە مەرجێک بۆ وێنە حیزبی دێموکراتی کوردستان نەبێ یا فڵانە کۆمەڵە نەبێ. ئەوە تا چەند ڕاستە؟

ئەو قسە بۆ ئەو دیدارانە نەبوو. لە ڕاستیدا سمینارێک کە لەلایەن لایه‌نگرانی حکوومەتی پاشایەتی لەوێ پێکهاتبوو و لە ڕێگەی ئاغای نووریزادەوە حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ دەعوەت کرابوون، کە وەک کورد تەنیا کاک عه‌بدوڵڵا موهتەدی بەشدار بووە و لەوێ ئەو قسەیه‌ی کردوە کە گرینگییەکی نیە؛ لەبەر ئەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سیاسەتی ئێران بۆ داهاتوو لە بازنەی شاپەرەستەکاندا نیە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوان باوەڕیان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کە خاوەن مێژوو و خواستی خۆیەتی نیە.

یانی هەم حدکا هەم کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وایان گوتووە؟

به‌ڵێ ئێمەش وامان بیستووە.

باشە ئه‌مجۆره‌ پێوه‌ندییه‌ مەترسیی ئەوە دروست ناکا ئەم حیزبانە کە هێزی چەکداریان هەیە سبەینێ لەبەر ئەوجۆرە ڕوانینەیان بۆ یەکتر قبووڵنەکردن کێشە بخوڵقێنن؟ چ زەمانەتێک هەیە کە سبەینێ کە لە سنوورەکان چووینە ئەودیوو ئەوەی بە شەڕی براکوژی ناودەبرێ دەست پێنەکاتەوە؟

بە دڵنیاییه‌وه‌ دەڵێم ئێمە لە دە ساڵی ڕابردوودا بە سەردانی بەردەواممان لە حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ڕێکخستنی پێوەندییەکی ساڵم لەگەڵ هەموویان هاندەر بووین بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە کار بکەین. دەزانین کۆسپەکان کەم نەبوون لەسەر ڕێگەمان. ئێستا ئەم کۆسپانە ناڵێم نەماون بەڵام کەم بوونه‌تەوە. هەربۆیە توانیمان ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دروست بکەین. هەرچەند ئەوەش بۆخۆی بێ کێشە نەبوو لەلایەن هێندێک لە حیزبەکانەوە. ئەمە ڕاستییەکە لەبەردەم حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کە نە هیچ حیزبێک بە تەنیا، نە دوو دوو بە یەکەوە و تەنانەت دروستبوونی هیچ جەمسەربەندییەکی حیزبی ناتوانێ خزمەت بە داهاتووی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بکا. ئەمە ئەزموونێکی گشتی بزووتنەوەی کوردە، ئەزموونی چل ساڵ بەیەکەوە نەبوونمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەزموونی زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەباتی باشوور، تەنانەت باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش لەم چەند ساڵەدا، پێمان دەڵێ بەیەکەوە نەبوونمان هیچ ڕێگەیەکمان لەبەردەمدا ناهێڵێتەوە جگە لە یەکترکوژی. بۆیە دروستکردنی ناوەندی هاوکاری شتێکی پێویست بوو، پەرەپێدانی جۆری هاوکارییەکانی ئەو حیزبانە زۆر گرینگە و هەوڵدان بۆ ئەوەی سنووری هاوکارییەکانمان لە چوارچێوەی ناوەند بگوازینەوە بۆ ڕێکخستنی بەرەیەکی کوردستانی ئەرکێکی زەروورییە. بۆ ئەو کارەش ئێمە بەرنامەی خۆمان ئامادە کردوە هەرچەند بەداخەوە ئێستا بە تەواوی زەمینەی ئەو کارە لە نێو هەموو حیزبەکاندا ئامادە نیە. بۆیە ئێستا باشتر وایە لە چوارچێوەی ناوەنددا چۆنیەتیی هاوکارییەکانمان دیاری بکەین و ئەمەش کارێکی قورس نیە. دەتوانین بۆ هەموو ئەو کارانەی لەبەر دەستمان دایە کۆمیتەی هاوبەش دروست بکەین و ئەرکەکان بە یەکەوە ڕاپەڕێنین. ئێمە ئەم باسانەمان لە ناوەندی هاوکاریدا بووە. ئێمە هەمیشە پێداگریمان کردوە لەسەر بەیەکەوەبوونمان و ئێستاش پێمان وایە کاری یەک یا دوو حیزبیش بەیەکەوە ناتوانێ ئەو کەلێنانە پڕبکاتەوە و لەوانەیە ئەگەر هەروا بڕوا لە جیاتی بەرەیەک دوو بەرە دروست ببێ. دروستبوونی ئەم دوو جەمسەرییە لە نێو حیزبەکاندا لە باشووری کوردستان لە دەیەی ٦٠ی میلادیدا ئەزموونێکی تاڵی لێ کەوتەوە و ئەوجا لە جیاتی دوو حیزب بەشەڕبێن دوو گرووپ لە حیزبەکان بوونە دوژمنی یەکتر.

لە قسەکانتاندا وادەردەکەوێ کە مەترسییەکان هەست پێدەکەن. باشە جیا له‌و واقعه‌، ئێستا که‌ تێکنۆلۆژیی پێوه‌ندییه‌کان گه‌شه‌ی کردوه‌ و له‌ به‌رده‌ستی حیزبه‌کانیشدا هه‌یه‌، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ چۆن که‌لکی لێوه‌رگیراوه‌؟ یان پێتان وانیه‌ که‌ خراپ که‌لکی لێوه‌رگیراوه‌ و ململانێی نێوان حیزبه‌کان له‌ نێو تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌ خراپ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌؟ چ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ کار نه‌کاته‌ سه‌ر پێوه‌ندیی حیزبه‌کان؟

ڕاستییەکەی هیچ شتێک تەزمینی ئەوە ناکا جگە لەوەی حیزبەکان ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە هەوڵ بدەن بەرنامەیەکی عەمەلی بۆ هاوکاریی هەمەلایەنە دیاری بکەن. بۆ ئەوەی هەمووان بەیەکەوە لە کارەکاندا بەشدار بن. ئێمە نابێ بڵێین حیزبی دیموکراتی کوردستان حیزبی ٥٠ لەسەدی خەڵکی کوردستانە و فڵانە حیزب ٥ لەسەدی خەڵکی لەگەڵە. دیارە ئەو هاوسەنگییە هەر ناکرێ و هەر حیزبێک بەپێی نفووزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی پێگەی بەهێزتر و دیارتر بێ و زۆریش ئاساییە کە شوێندانەریی زیاتری هەبێ لە نێو کۆمەڵگە و دەورووبەریش. بەڵام ئەگەر بێینە سەر بیرکردنەوە لە هاوکاری دەبێ ئەو شتانە وەلابنێین. بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە چۆن دەتوانین وەها بەیەکەوە بین کە وەکوو واحیدێک عەمەل بکەین، ئەمەش تەنیا ڕێگەیە کە دەتوانێ دوورمان خاتەوە لەو داهاتووەی کە لێی دەترسێین. ئەگینا هیچ تەعەهودێکی یەک یا دوولایەنە ناتوانی پێشی ئەوە بگرێ. ئەگەر ئێمە تەعەهودی ئەخلاقیمان نەبێ بەرامبەر خوێندنەوەمان بۆ داهاتووی کوردستان و هاوکاری هەموو حیزبەکان لەگەڵ خۆمان بە زەروور نەزانین ڕەنگە سبەینێ زۆر شت بخەینە ژێر پێ. گرینگ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین لەگەڵ هەموو حیزبەکان بەبیرکردنەوەی هاوبەش بەرنامەیەکی ئەوتۆ دابڕێژین کە هەموومان وەک ئەوی دیکە کارەکە بکەین. لەوێدا ئیتر دیار نیە بن کێم و ئەوی دیکە کێیە. چونکە کورد بەیەکەوە ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە.

هه‌ر له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ و کار و به‌رنامه‌کانی داهاتووی ئه‌و ناوەنده‌ هاوکارییه‌، بفەرموون کە پێشنیاریی ڕوونتان چیه‌؟

ئێمە ئیستا ناوەندێکی هاوکاریمان هەیە و وەک ئەرک دەبێ هەرچی زووتر ئاییننامەیەکی تێدا پەسەند بکرێ و بە پێی ئەو ئاییننامەیە جۆری پێوەندییەکانمان دیار بێ و ئەرکەکانمان دیاری بکرێ. هه‌روه‌ها بۆ کاری هاوبەش گرووپی هاوبەش دروست بکەین، بۆ هەر کارێک چ کاری دیپلۆماسی بێ یا پێشمەرگانە یا ڕاگەیاندن و هەر ئەرکێکی دیکە. ئەوە جیاواز لەوەی هەر حیزبێک کاری تایبەتیی خۆی هەیە. ئەو جۆرە لە هاوکاری دەتوانێ یارمەتیمان بدا بە بەرینتر کردنەوەی بازنەی هاوکاری هەموو حیزبەکان و بێگومان کاریگەریی باشی دەبێ لەسەر قوناغەکانی خەباتی داهاتوومان. وەک پێشتر باسم کرد بۆ ئەو کارە ئێمە شتی ئامادەمان هەیە و هیوادارم کە بتوانین لە ڕێکخستنی باشتری هاوکارییەکانمان لە چوارچێوەی ناوەند و تەنانەت بەرەیەکی بەرینتریشدا سەرکەوتوو بین.

لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 246 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact