. . . .


24 May 2018

شەڕی ساردی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردۆتەوە


ڕابێرت تراسینسکی و: که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور
شەڕی سارد لەگەڵ ئیران دەستی پێکردۆتەوە. من ئەوەی وەک ڕەخنە لە سەرۆک کۆمار ترامپ بۆ هەڵوەشاندنی ڕێککەوتننامەی ئه‌تومی له‌گه‌ڵ ئێران باس ناکەم. ئەم بڕیارە هەڵگیرسێنەری ناکۆکییەکه‌ نەبووە. شەڕی ساردی ئێران دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان قەت نەوەستا. ئەم بڕیارە تەنیا ددان بەم ڕاستییە دادەنێ و ئامریکا دەگەیەنێتە شوێنێک کە ئێمە دەبێ بەشە شەڕی خۆمان بکەین.
ڕوونتر بیڵێم، ئەوە [جێهێشتنی ڕێککەوتننامەکە] خەیاڵی ئۆباما هەڵدەوەشێنێ کە پێی وابوو هەڵگرتنی زەخت لەسەر ئێران کۆتایی بە دوژمنکاریی ئەوان دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەرژەوەندییەکانی دێنێ. ئەو بیرۆکەیە کە ئامریکا دەتوانێ سەرجەم دوژمنەکانی تەنیا لە ڕێی میهرەبانتر بوون بەرامبەریان لەکۆڵ خۆی بکاتەوە خولیای تاکە کەسیی سەرۆک کۆمار ئۆباما بوو و ڕێککەوتنەکەی ئێران بەڵینیی تاکیی ئەو بوو. بۆیە دەکرا تاکلایەنانە هەڵپەسێردرێ. بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە بڕیاری ترامپ تووشی هەناسەبڕکە بوون، سێناتۆری کۆماریخواز بێن ساس جوابێکی هەیە کە لێرەدا باسی دەکەم:
« ئەمڕۆ وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە ئەگەر پشتیوانەی بڕیارەکەت پلەی سەرۆک کۆماری بێ، ئەم بڕیارە لە کۆتایی ماوەی سەرکۆمارییەکەتدا دەمرێ. ئێمە دبێ بە ڕوونی بڵێین: دۆنالد ترامپ ڕێککەتننامەیەک نادرێنێ، ئەو بەڵێنیی باراک ئۆباما هەڵدەوەشێنێ. دوو ساڵ و نێو لەوەپێش، سەرۆک کۆمار ئۆباما مامەڵەیەکی لەگەڵ ئێران کرد بەبێ پشتیوانیی کۆنگرە، و ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار ترامپ بەڵێنیی تاکەکەسیی سەرۆک کۆمار ئۆباما جێ دەهێڵێ، و ئەو پێویستیی بە پشتیوانیی کۆنگرە نیە بۆ ئەم کارە. سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەرەوپێشچوونی بێ پسانەوە بەخۆیەوە دەبینێ کاتێک کە سەرۆک کۆمار بەڕێوەبەری بێ، کۆنگرە پەسەندی بکا و ڕاستگۆیانە پێشەکشی خەڵکی ئامریکا بکرێ.»
سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا هەروەها کاتێک بە باشترین شێوە کار دەکا کە کۆمەڵێک بڕیاری لێک جیا نەبن، هێرشێکی ئاسمانی لێرە، لێکهەڵوەشاندنی مامەڵەی سیاسی لەوێ، بەڵکوو بەشێک بن لە هەوڵی درێژخایەن بۆ بەکارهێنانی چەندین ئامراز بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجێکی ڕوونی ستراتێژیک. لەم پەیوەندییەدا، چەندین نیشانەی دڵخۆشکەر لە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بەدی دەکرێن، بەتایبەتی چۆنیەتیی بەرینکردنی پاشخانی لۆژیکی نە تەنیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمییدا ساختەکاریی دەکا، بەڵکوو دەوری ئێران وەک سەرچاوەی چەندین هەڕەشەیه‌ بۆ سەر بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی؛ وه‌ک:
ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتییە. ئەو مووشەکی مەترسیدار هەناردە دەکا، پەرە بە ناکۆکییەکانی سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناڤین دەدا و پشتگیریی تێرۆریستان، میلیشیای بەکرێگیراو وەک حیزبوڵڵا، حەماس، تالیبان و ئەلقاعیدە و هتد دەکا.
ڕێککەوتننامەکە ئابلۆقەی ئابووری ئیفلیجکەری لەسەر ئێران لابرد [ لە بەرامبەر] سنووری لاواز بۆ چالاکیی ئەتۆمیی ڕێژیم و هیچ سنوورێک بۆ گشت ئاکارە شەیتانییەکانی، لەناویاندا چالاکییە بەدخوازانەکانی لە سورییە، یەمەن و شوێنی دیکە لە چوارگۆشەی جیهان دانەنا.»
دۆناڵد ترامپ کابرایەک نیە کە دەستەواژەی «ئاکاری شەیتانیی» لەخۆوە بەکار بێنێ. بێگومان ئەو ئەم دەستەواژەیەی لە ڕاوێژکارەکەی وەرگرتووە کە یادداشتی فەرمیی بڕیارەکەی نووسیوە، کە مانشێتەکەی ئەمەی تێدا، «هەنگاوی دیکە بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی شەیتانیی ئێران» کە دەقاودەق شتێکە کە دەبێ ئەنجامی بدەین.
لەسەرەتای دامەزرانیەوە لە ١٩٧٩ وەک ڕێژیمێکی ئایینی شۆڕشگێڕ، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی ڕایگەیاندووە. ئێران وەک یەکێک لە ڕێبەرانی تێرۆریزمی دەوڵەتی ماوەتەوە و یارمەتیی پێشکەش بە حیزبوڵڵا، حەماس، تالیبان، ئەلقاعیدە و هێڵە تێرۆریستییەکانی دیکە دەکا. ئێران هەروەها ئاگری توندوتیژیی تایفیی لە عێراق خۆش دەکا و پشتگیریی لە شەڕی قیزەوەنی نێوخۆیی لە یەمەن و سورییە دەکا. ئەو پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ دەکا و لەسەر تاوانی بێ بنەما و بێ لەبەرچاوگرتنی پرۆسەی یاسایی بیانییان، لەنێویاندا شارۆمەندی ئامریکایی لە گۆترە دەستبەسەر دەکا.
ئەمە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە پێش بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی ویشکاڕۆبڕ بگرێ، و ڕایەڵە و هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرهەڵستکاریی ناوچەیی لێک هەڵوەشێنێ، پێش بە دەستڕاگەیشتنی سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی بگرێ کە دەستییان بەو سامانانە ڕابگا کە درێژە بە چالاکییە تێکدەرەکانیان بدەن، و بەرپەرچی هەوڵە شەڕانگێزییەکانی ئێران بۆ گەشەپێدانی مووشەک و چەکوچۆڵی ئاسایی بداتەوە.»
دەزانن کێ دەستەواژەی « نفوزی شەیتانیی» بەتایبەتی لەبارەی ئێراندا بەکار دێنێ؟ جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپە. ئەو هەروەها کابرایەکە کە ستراتێژییەکی وەها پان و بەرین دژی ئێران داڕێژێ و جێبەجێی بکا کە ئاماژەی پێ کرا.
بە ڕاستی شەڕی سارد مۆدێلی دروست بۆ ڕەچاوکردنی شێوەی هەڵسوکەت لەگەڵ ئێرانە، چونکە لە زۆر بوارەوە وەک یەک دەچن. ئێران ڕێژیمێکە کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی شوڕشگێڕیی دروست کراوە کە دەیهەوێ هەناردەی گشت شوێنێکی جیهانی بکا بە تایبەتیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەندێک جار ئەو ئەم کارە لە ڕێگای تێوەگلانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و هەروەها لە ڕێگای شەڕی بەوەکالەت و ڕووخاندن و پشتیوانیی لە حیزبی سیاسی، جووڵانەوەی شۆڕشگێڕ، و تاقمی تێرۆریستیی دەکا، گشت ئەمانە لاپەڕەی کتێبی کایەی یەکیەتیی سۆڤییەتن.
لەم ڕوانگەیەوە، ئێران هەمیشە هەڕەشەیەکی مەزنتر لە داعش بووە و دەبێ. ئەو گروپە هەوڵی دا ببێتە دەوڵەت بەڵام هەرگیز بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوو. ئێران بە کردەوە هەمان ئایدیۆلۆژی هەیە، سەرەڕای جیاوازییە ڕواڵەتییەکانی [تاقمەکانی نێو دەسەڵات] دەوڵەتیشە و، خاوەنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیش.
هەر وەک یەکیەتیی سۆڤیەت، ئێران لە نێوخۆدا لاوازە. لە پشت بانگەشە و هەراوهوریا شۆڕشگێرییەکەی، ئابوورییەکی فەشەل، تاقمی دەسەڵاتداری بەرتیلخۆر و سەرکوتکەری هەیە کە خەڵکی خۆی تەریک خستۆتەوە. ڕێژیمی ئێران چەند دەیەی ڕابردوو خەریکی سەرکوت کردنی سەرهەڵدانی خوێندکاران و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان کردووە کە داوای ئازادیی زۆرتریان کردووە، هەر وەک لە ژانوییە و زۆر بەناوبانگتر لە کاتی شۆڕشی سەوز لە ٢٠٠٩، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما بە ئانقەست ویستی یەکگرتووانەی ئەوانی لە بەر تراویلکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پاشگوێ خست.
ئەمە هەلی ڕاستەقینەیە کە بە بڕیاری سەرۆک کۆمار هاتۆتە ئاراوە. ئەگەر ئێران مۆتۆڕی پشێویی بێ، ئێمە دەبێ ئەوە وەک دەرفەتێک سەیر بکەین تا ئەم مۆتۆڕە لەکار بخەین. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، نیویۆرک‌ تایمز لەبەر بڕیاری ترامپ لەبارەی جێهێشتنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ ئێران بوورایەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا وتارێکی بڵاو کردەوە کە بە ئاشکرا باسی پۆتانسیەلی ئاسەواری ئەم بڕیارە شی دەکاتەوە:
«قەیران لە ئێران قووڵ و بەربڵاوە. ئابوورییەکەی خەریکی داڕمانە. پارەکەی خەریکی تێکڕووخانە. چوونەسەرێی نرخەکان زەخت دەخاتە سەر دانیشتووانی شار. وشکەساڵیی پێنج ساڵە گوندەکانی وێران کردووە. ململانێی نێوان ڕێفۆرمخوازەکان و بنئاژۆخوازەکان هێندە مەترسیدارە کە تەنانەت باسی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن هێزە چەکدارەکان دەکرێ.
ئێستا، ئەو پەتی ژیانەی کە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ دەستەبه‌ری کرد، کە قەرار بوو زەختی سەر ئابووریی ئێران کەم بکاتەوە و درز بخاتە سەر بەربەستەکان بەرەو ڕۆژئاوا خەریکی داڕمانە. سەرۆک کۆمار ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنەکە دێنێتە دەر، کە ئەو بە « ڕێککەوتنێکی کارەساتبار» ناوی برد.
لە درێژخایەندا، لێکهەڵوەشانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەتوانێ هەواڵێکی ناخۆش بێ بۆ سەرجەم رێبەریی ئێران، کە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی پەرەئەستێنی جەماوەریی بە هۆی ئابووریی و نەبوونی ئازادیی و نەبوونی داهاتووی ڕوون بوونەوە. ئەمە دەتوانێ هەواڵی ناخۆش بۆ خەڵکی ئاسایی ئێرانیش بێ.
« تکایە، یەکێک چارەنووسی ئێمە بگۆڕێ، هەر کەسێک بێ، تەنانەت ترامپ». عەلی شوجاع، کە شوێنان خاوێن دەکاتەوە گوتی که‌ توانای بەخێو کردنی سێ کوڕەکانی نیە. «من له‌ پێشدا شۆفیر بووم، ئێستا شوێنان خاوێن دەکەمەوە. دوای ئەمە چی بکەم؟ من ناتوانم ببمە سواڵکەر.»
کۆی ئامانجەکە گۆڕینی چارەنووسی ئێرانە، ئەگەرچی ئێمە هیوادارین کە هێندە ئێرانیی هەبن کە بیانهەوێ چارەنووسی خۆیان بەدەست خۆیانەوە بگرن.
شەڕی ساردی ئێمە لەگەڵ ئێران هەرگیز نەوەستا. ئێمە تەنیا کۆتاییمان بە شەڕکردن هێنا. ئەگەر سەرۆک کۆمار ترامپ لە سەر بڕیارەکەی سوور بێ، ئەو دەرفەتی هەیە نە تەنیا هەوڵی ئامریکا دژی ئێران زیندوو بکاتەوە بەڵکوو ئەم شەڕە ساردە بە هەمان شێوە کە ئێمە دژی سۆڤییەت بەڕیوەمان برد، و بە هەمان ئاکام بۆ ئاشتی جیهانیی، خۆشگوزەرانی و ئازادی، ببەینەوە.
***
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 205 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact