. . . .


24 May 2018

ڕێگاوبانی کوردستان، ڕێگای چوون و نەهاتنەوە


سەیران بایەزید حوسەینی
هەر وڵاتێک خاوەن ڕێگەوبانی ڕێکوپێک و گونجاو بێ بۆ هاتوچۆ، وڵاتێکی گه‌شه‌کردوویه‌ و نیشانەی پێشکەوتوویی و ئاوەدانیی هه‌ر وڵاتێک لە ڕێگەوبان و پێوەندیدا خۆی ده‌رده‌خا.
ئەو دنیایەی ئەمڕۆ بەو هەزارەزیلەیەی ئامێر و کەرەسەی هاتووچۆوە لە چوارقوڕنەی خۆیدا، نیشانەی نەبوونی ڕێگەوبانێکی گونجاوە، کە تەنیا بە نەبوون و کەمبوونی ڕێگەکانی پێوەندیکردن لە ناوچەیەک خۆی نانوێنێ، بەڵکوو ڕێکوپێکی و کوالیتیی ڕێگەکانی گەیاندن و هاتووچۆش هەم لە بواری کات و هەمیش شوێنەوە گرنگن.
کرماشان یەکێکە لە پارێزگا گرینگەکانی کوردستان لە ڕۆژاوای ئێران، کە باشووری ئەو وڵاتە بە باکووری ڕۆژاواوە دەبەستێتەوە و، هەروەها چونکی هاوسنووری ئێراقیشە بە پردێکی گرنگی پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داده‌نرێ. ئه‌گه‌ر که‌مێک به‌ وردی بڕوانین ده‌بینین لە سەرانسەری وڵاتەوە ڕێگەوبانێکی زۆر دێنەوە سەر جادەکانی کرماشان، هەر بۆیە گرنگیدان بەو هێڵه‌ و به‌ جادەکانی ئەو پارێزگایە لە جێی خۆی دایە.
جادەی ژمارەی ١٩ بە درێژایی ١٧٣ کیلۆمێتر کە شائاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژاوا) بە پۆلدۆختەر واتە جادەی ژمارە ٣٨ و جادەی تاران ـ ئەهواز ژمارە ٤٨ دەبەستێتەوە. جادەی ژمارە ١٧ بە درێژایی ٢٥٢ کیلۆمێتر لە ئیسلامئاواوە ڕۆژاوای مێهران بە ئیلامەوە دەبەستێتەوە. جادەی ژمارە ١٥ بە درێژایی ٣٧٥ کیلۆمێتر کە کرماشان بە پاوە، مەریوان و سەقز دەبەستێتەوە. ئه‌و جادانه‌ هه‌موو گرینگن به‌ڵام بەداخەوە بەشیکی زۆری ئەو جادانەی دەڤەرەکانی مەریوان هەتا سەقز قیره‌تاو نەکراون.
جادەی ژمارە ٢١ بە دریژایی ٩٧٨ کیلۆمێتر، جادەیەکە لە ڕۆژاواو و باکووری ڕۆژاوای ئێرانه‌وه‌، کە لە بواری جوغرافیاییەوە باکوور بەرەو باشوور هەڵکەوتووە و ناوەندی پارێزگاکانی رۆژاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا سنووری ئازەربایجان لێک گرێ دەدا.
جادەی ژمارە ٤٨ بەدرێژایی ٦٠٤ کیلۆمیتر جادەیەکی زۆر کۆنە کە لە ڕابردوودا بەشێکی گرینگی جادەی ئەبریشەم بووە. ئەو جادەیەیە لە کۆندا بەهۆی لێکبەستنەوەی ئیمپراتۆرییە گرنگەکانی ناوچەکە بە یەکتر و هەروەها بەهۆی هەڵکەوتن لەسەر رێگەی بازرگانی چین ــ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ـ ئورووپا خاوەن گرنگیی خۆی بووە. ئەو ڕێگەیە دوای فەرمی بوونی ئایینزای شیعە لە ئێران و دوای سەردەمی قاجار زیاتریش وەگرنگی کەوت، چونکی خەڵکێکی زۆر بەو جادەیەدا هاتووچۆی کەربەلا و نەجەف دەکەن. ئەم جادەیە لە دیوی ئێراقەوە دەگاتەوە جادەی خوسرەوی.
جادەی ژمارە ٣٥ بەدرێژایی ٧٩٥ کیلۆمێتر زەنجان و خۆڕەماوا لێک دەبەستێتەوە، کە بەشی گرنگی ئەو جادەیەیە، لای باشوورێتی کە خۆڕەماواو کرماشان دەگەیەنێتەوە یەک.
بە چاوخشاندنێک بە دۆخی ئەو ڕێگەوبانانەی دەگەنەوە ئەم پارێزگایە دەبینین، گشتی پارێژگاکە خاوەن ئوتووبان و گەورەڕێگەیەک نیە و جادە دووسایدە پڕمەترسییدارەکان تەنیا ڕێگەی پێوەندیی ئەم پارێزگایە گرینگ و گەورەیەن. جێی سه‌رنج ئه‌وه‌ش که‌ زۆربەی کارەساتە جادەییەکان لە دەرەوەی شار ڕوو دەدەن کە ئوتووبان و گەورەڕێگە و چەند سایدە نین و زیاتر لە هەشتا لە سەدی ئەو کەسانەی تێدا دەچن پیاوان و لاوانن کە زیاتریان لە تەمەنی ٢٠ هەتا ٢٩ ساڵن.
تەرخاننەکردنی بودجە و گووژمە بۆ نۆژنکردنەوە و کارئاسانی ڕێگەکانی هاتووچۆ لە سیستمی ڕێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێگەوبانی ئەو بەشەی لە کوردستانی کردوە بە جادەی مەرگ و کارەسات.
نەبوونی پردی پێوەندیی گونجاو دەگەڵ پارێزگاکانی دیكە لەو چاو حەشیمەتی ئەو پارێزگایە جیاوازییەکی واتادار دەردەخا، کە ئەو جیاوازییانە دەتوانین لە کێشە و ئارێشەی تەکنیکی بەتایبەت تەسکبوونی جادەکان و تاریکبوونی ڕێگەکان و پڕڕەنگنەبوونی هێڵە ئاگادارکەرەوەکانی سەر جادەکان و کەمبوون یان نەبوونی تابڵۆی وریاکردنەوە و، هەروەها هەندێک جیاوازیش دەگەڕێتەوە بۆ کوێستانی و شاخاوی بوونی ڕێگەوبان و کۆن بوونی رێگەکانی پێوەندیکردن و جادە خاکییەکاندا (شانەهای خاکی) ببینین.
نەبوونی هۆکارە تەکنییکی و ژێرخانییەکان و هەروەها هۆکارە مرۆییەکان کە گرنگترینیان وریانەبوون و خۆنەپاراستنی تاکەکانە، هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و مردن و برینداربوون و کەمئەندامبوونی هاتووچۆکەرانە.
سەرەڕای ئەوەش، کاتێ ئەو بوومه‌لەرزە هەژێنەرە لەو ناوچەیەی دا، ڕووداوەکانی هاتووچۆی یارمەتیدەران لە ماوەیەکی کورتدا نیشاندەری کەمبوون و نەبوونی تۆڕی رێگەوبان لەو دەڤەرە بوو. تەنانەت لەو ماوەیەشدا، بچووکترین سەرنج نەدرایە ئەو ڕێگەوبانە و بچووکترین هەوڵ نەدرا بارگرانی کێشە و ئارێشەکانی ئەو جادانە کەم بکەنەوە هەتا پرۆسەی یارمەتیدان خێراتر بکەن و بارتەقای کارەسات و ڕووداوەکانی هێزی مرۆیی دابەزێنن.
کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی ناوچە کوردییەکان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەڕادەیەکە، کە ئامار و ڕێژە هەژێنەرەکانی کارەساتەکانی هاتووچۆش ناتوانێ ویژدانی خەسیو و ڕزیویان ڕاچڵەکێنێ. وه‌ک ده‌ببینین ئەو هەمووە کارەسات و ڕووداوە هاتووچۆیانەی لە جادەکانی کوردستاندا ڕوو دەدەن، کەچی حکوومەت مێشێکیشی لێ میوان نیە.
جادەکانی کوردستان پێویستییەکی زۆریان بە نۆژنکردنەوە و ڕاکێشانی ڕێگە و شاڕێ و گەورەڕێگە و سیستمێکی گونجاوی هاتووچۆ هەیە و ئه‌وه‌ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌که‌ هه‌وڵی بۆ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لەوە زیاتر ئەو بێبەشی و پشتگوێخستنەی کوردستان گیان و ماڵی خەڵکی کورد نەکا بە ئامانج.
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 84 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact