. . . .


22 Apr 2018

وتەبێژی جەیشولعەدل: دەسەڵات دەرفەتی چالاکیی سیاسیی لە دژبەرانی بڕیوە


دیمانە: ئازاد مستۆفی
ڕێکخراوی جەیشولعەدل ساڵی ١٣٩١ دامەزراوە و لەو کاتەوە کۆمەڵە چالاکییەکی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە. «عێرفان شەهنەوازی»، وتەبێژی ئەو ڕێکخراوە لێدان و کردنە ئامانجی شوێن و مۆرەکانی ڕێژیم، هێرش کردنەسەر پێگە و بنکەکانی هێزەکانی چەکدار و گرفتنانەوە بۆ ئەو پیلان و سیاسەتانەی ڕێژیم کە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەلووچ و ئایینزای سوننەن، بە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدلی دەزانێ.

جەیشولعەدل لەو چەند ساڵەدا توانیویەتی زیاتر لە سەد چالاکیی جۆراوجۆر بکا کە هێرشکردنە سەر پێگەی گرووپی تیرۆریستیی سپای پاسداران و بەبارمتەگرتنی چەکدارانی ڕێژیم و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان، گرنگترینیانن. بەگوێری هەندێک سیاسەت جارێ ئەم ڕێکخراوە تەنیا لە جوغرافیای بەلووچستان چالاکە کە ١٩ شارستانی پارێزگەی بەلووچستان دەگرێتەوە.

ڕۆژنامەی «کوردستان» توانیویەتی وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ عێرفان شەهنەوازی، وتەبێژی ئەم ڕێکخراوە پێک بێنێ و لەگەڵ بەڕێزیان باس لە سیاسەت و خوێندنەوەی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ پرسە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئێران بکا.

بۆچی دژی کۆماری ئیسلامی خەباتتان دەست پێکرد؟

بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان وا باشترە شوناس و کاکڵی ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ چەمکی کۆماری و چەمکی ئیسلامیتان بۆ باس بکەم کە زۆر لێک دوورن و ڕێژیمی «دیکتاتۆری نفاقی» پڕ بە پێستی ئەو ڕێژیمەیە.

ڕێژێمێک کە تەنانەت لەنێوخۆیشیدا بەجۆرێک سیستمەکەی داخستووە کە ئەگەر کەسانێک نەرمتر لە سیاسەتە دیاریکراوەکان بڕوانن؛ ئیزنی خۆدیتنەوە لە دەسەڵاتیان پێ نادرێ (نموونە رەدی سەڵاحییەتی بەربژێرەکانی سەرکۆماری). ئەم ڕێژیمەی ئێستا خەبات لە دژی دەکەین، هێندە لە گۆڕان و ئیمتیازدان بەو کەسانەی لە بازنەی هزری ئەو سیستمەدا نین دەترسێ، کە تەنانەت ئیزنی خۆدیتنەوە بەو کەسانەی نزیک لە خۆیشی نادا کە شک و گومانی هەبێ بێ ئەولا و ئەملا فەرمان و بڕیارە دەرکراوەکان جێبەجێ بکەن. کەواتە چۆن ئیزن بەوانە دەدا کە بەتەواوی بەپێچەوانەی سیاسەتە گشتی و بنەماییەکانی ئەو ڕێژیمە بیر دەکەنەوە!؟

بەدڵنیاییەوە ئەو بەستێنانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ چالاکیی سیاسی بۆ خەڵکێک کە بەپێچەوانەی سیستم بیردەکەنەوە دیاری کراون، کۆمەڵە گەمەیەکن کە ئامانج و ئاکامی لەپێشدا نووسراوە. کەواتە بۆ ئەو کەسانەی بەڕاستی خوازیاریی باشبوونی بارودۆخ و چارەسەری کێشە و ئارێشەکانی وڵاتن، ڕێگەیەک جگە لە خەبات نامێنێتەوە. لە ڕاستیدا خەباتی ئێمە ئاکامی تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی ئەو سیستمەیە.

خەباتی ئێوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر سیاسییە یان سەربازی؟

شۆڕشی ئێمە، خەباتە بۆ داکۆکی لە شوناس و وڵات و ئایینمان. واتە خەبات بۆ لانیکەمی مافە مرۆییەکانی نەتەوەیەک. دیارە کاتێک مرۆڤ بۆ سەرەتاییترین مافەکانی خەبات دەکا، هەموو چەشنە بەربژێرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاردێنێ. ئێمەش لە جەیشولعەدلدا هیچ سەرەتییەکمان بۆ چالاکی سەربازی لەچاو چالاکیی سیاسی دانەناوە، جگە لە دۆخی ئارایی وڵات و ئەو کەشە داخراوەی دەسەڵات پێکی هێناوە. بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێ کە جەیشولعەدل تەنیا خەباتی سەربازی دەکا، بەڵام دەبێ بڵێم ئەو بارودۆخەی وڵاتەکەمان پێیدا تێ دەپەڕێ، چالاکی سیاسی تێیدا جێی نابێتەوە. چالاکیی سیاسی زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئەمڕۆ تەنیا دەرکردنی بەیاننامە و هەوڵوێستگرتنە سەبارەت بە بارودۆخی وڵات.

ئەگەر بەوردی بڕوانین دەبینین ئەو وڵاتە جۆرێکە هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی ئیزنی چالاکیی نیە. واتە دەسەڵات هیچ چالاکییەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆی قبووڵ ناکا. هەر بۆیە چالاکیی سیاسی بەو شێوەیەی لە وڵاتانی دیکەدا باوە لە ئیران ڕێگەی پێ نادرێ. لە ڕاستیدا ڕەوشەکە بۆ چالاکیی سیاسی هێندە ناخۆشە و مەترسیدارە کە هیچ هاووڵاتییەکی ئێرانی ناتوانێ بڵی ئەمن سەر بە فڵانە حیزب و لایەنی سیاسیم. ئەندامبوون لە هەموو پارت و لایەنە دژبەرەکاندا لەلایەن دەسەڵاتەوە بە تاوان دادەنرێ و تاک تووشی سزا دەبێ. کەواتە ئێستا لەو ڕەوشەدا تەنیا باسکردن لە چالاکیی سیاسی یا هەرچەشنە چالاکییەکی دیکە بەبێ چالاکی سەربازیی کارێکی ژیرانە نیە. بۆیە لەو ماوەیەدا جەیشولعەدل زیاتر لە بواری سەربازییەوە چالاک بووە.

ئێمە پێمان وایە چالاکیی سیاسی وەک یەکەیەکی فیدایی وایە کە دیوارە پتەوەکانی دوژمن تێک دەشکێنێ و بەستێنەکە بۆ چالاکیی سیاسی خۆش دەکا. بە واتایەکی دیکە ڕێژیم پەلکێشی مێزی دانوستان دەکا و ڕێژیم ناچار بەوە دەکا بۆ کۆنترۆڵی بارودۆخەکە ئیمتیاز بە دژبەران بدا.


تا چ ڕادەیەک پێوەندیتان لەگەڵ پارتە بەلووچەکانی دیکە و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەیە؟

هێڵی سیاسیی ڕێکخراوی جەیشولعەدل هەمیشە لە سەر ئەو بنەمایەیە کە لەگەڵ هەر ڕەوتێک کە دژی بەرژەوەندیی شوێنکەوتووانی سوننە و نەتەوەی بەلووچ نەبێ، هاوکاریی هەبێ. جەیشولعەدل پێی وایە هەڵچنینی دیوار لە نێوان پارت و لایەنەکاندا بەواتای درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیمی ئاخوندییە. کەواتە پێویستە ئێمە دەگەڵ هەر ڕەوت و لایەنێک کە ئەو بنەمایانەی سەروو لەبەرچاو دەگرێ دەست بدەینە دەستی یەک و هەروەها دەستی رەدیشمان بە سنگی ئەو ڕەوتانەوە نەناوە و ناینێین. دیارە دەبێ بڵێم زۆربەی ڕێکخراو و لایەنەکان بەهۆی جۆری چالاکیی چەکدارانەی جەیشولعەدل حەزیان لە پێوەندیگرتن لەگەڵمان نیە کە بەدڵنیاییەوە لەو دۆخەشدا هیچی لەگەڵ ناکرێ. سەبارەت بە پارتەکەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێ بڵێم جەیشولعەدل پێوەندیی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان هەیە بەڵام لەگەڵ پارتە کوردی و عەڕەبەکان پێوەندیی بەهێزترە.

ئێوە داوای چ چەشنە مافێک بۆ خەڵکی بەلووچ دەکەن؟

نەتەوەی بەلووچ لەمێژ ساڵە له‌ زۆربه‌ی هەرە زۆری مافه‌کانی بێبەشە و زوڵمی لێ دەکرێ. ئێمە دەڵێین ئەو کەرامەت و ماف و ڕێزەی لە هاووڵاتییەکی شیعەی فارس زمانی تارانی دەنرێ لە هاووڵاتییەکی سوننەی بەلووچیش بنرێ.

ڕاتان لەسەر سیستمی داهاتووی ئێران چیە، ئایا لەگەڵ فیدراڵیزم بۆ ئیران هەن؟

پێمانوایە دەبێ هەموو ڕەوت و لایەنەکان له‌سه‌ر ئه‌م بابەتە پێوەندی و دانوستانیان هەبێ تا بە ئاکامێکی دروستی وا بگه‌ن کە پارێزەری بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی ئێران بێ. لەسەر فیدراڵیزمیش ئه‌من پێموایە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لە ڕابردووشدا هەمیشە بە شێوەی فیدراڵیزە و حکوومەتی خۆجێیەوە ئیدارە کراوە. به‌ڵێ پێموایە فیدراڵیزم باشترین بەربژێرە بۆ ئێران.

بەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە بەربەرینانەی ئێرانی گرتۆتەوە، پێتانوایە داهاتووی خەبات دژی سیستمی گەندەڵ ویلایەتی فەقیهـ چۆن دەبێ؟

پێموایە ناڕزایەتییەکان چوونەتە قۆناغێکی تازەوە کە پێشتر نەبینراوە. ئەو ناڕەزایەتییانە بە پاڵ کێشەی نێوخۆیی دەسەڵاتداران و هەروەها گەندەڵیی بەربەرینی نێو بازنەی دەسەڵات و گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێ بۆ هەمیشە پرێسکەی ویلایەتی فەقیهـ تێکەوەوە پێچێ.

دیارە ڕێژیمیش دەستی لەسەر دەست دانەناوە و بۆ سواربوون بەسەر ئەو بارودۆخەدا هەنگاوی ناوە و خەریکە. چالاکی و هەوڵەکانی رێژیم و کێشە و دووبەرەکیی نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن و، هەروەها نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ڕوانینێکی هاوبەش و یەکگرتوو بەم زوویانە، دەتوانێ خەڵکی وڵات وەک گرنگترین بەشی پازڵی ڕووخاندنی رێژیم لە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان دڵسارد بکاتەوە و ئەو کەشەی ئێستا، لە گەرموگوڕی بخا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران چ زوڵم و زۆرییەک لە خەڵکی بەلووچ دەکا؟

لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا و یان ئەگەر وردتر بڵێم لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا نەتەوەی بەلووچ نەک هەر لە مافەکانی بێبەش کراوە، بەڵکوو بەجۆرێک لە جوغرافیای ئێراندا پشتگوێ خراوە. دیارە گوشارەکان لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بەگوێرەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی سیستم لەسەری دەڕوا، زۆر زیاتر بووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتەوەی بەلووچ بەتەواوی لە ئیدارەی وڵات و تەنانەت پۆست و بەرپرسایەتییە باڵاکانی پارێزگەی بەلووچستان و هەروەها بەرپرسایەتییە سەربازیی و ئەمنییەتییەکانیش بێبەش بێ. نەتەوەی بەلووچ لە دوو ڕوانگەی نەتەوەیی و ئیتنیکییەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە زوڵمی لێ دەکرێ. بەواتایەک نیشتمانی بەلووچەکان لەلایەن دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهەوە بەبێ ئەوەی ڕێز لە بەرژەوەندیی خاوەنەکانی بگیرێ، داگیرکراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەسەڵات وەک نەتەوە داگیرکراوەکانی دیکەی ئێران هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێمە دەکا و بەردەوام هەوڵ دەدا زمان و فەرهەنگ و ئایینزای خۆی بسەپێنێ.

ئەم چەشنە ڕوانینە لە نەتەوەی بەلووچ بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو نەتەوە مەزنە لە هەموو پێوەرە خۆشبژێوی، پەروەردەیی و تەندروستییەکاندا بکەوێتە ڕیزی ئاخر. لە بەلووچستان لە هەموو شوێنێک زیاتر واز لە خوێندن دەهێنرێت. قوتابخانەکانی بەلووچستان نزمترین ئاستی ستانداردیی پەروەردەیی وڵاتیان هەیە و شارەکانی بەلووچستان بەتایبەت چابەهار و زاهیدان لەچاو حەشیمەتەکەیان لە ڕیزی پەڕاوێزنشینترین شارەکانی ئێرانن. بێکاری بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک ڕوو لە هەندێ کار و پیشەی وەک کڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی و شتی وا بکەن کە ساڵانە دەیان که‌س له‌وان دەکەونە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گیانیان لێ دەستێنرێ. کاتێک باشتر و ڕوونتر لەو زوڵمەی کە لە نەتەوە بەلووچ دەکرێ، دەگەین کە دەبینین دەیان هەزار بەلووچ بێ پێناسەن. واتە بەکردەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا کۆماری ئیسلامی پشتگوێی خستوون و هەر چەشنە هەوڵێکیان بۆ گەیشتن بە شووناسی ئێرانیبوونیان لەلایەن دەسەڵاتەوە تووشی شکست هاتووە.


زۆر سپاسی ئێوە دەکەین بۆ ڕەخساندنی ئەم هەلە کە بتوانین زیاتر لە دۆخی خەباتەکەتان و هەروەها بارودۆخی خەڵکی زوڵملێکراوی بەلووچ ئاگەدار بین.

هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەش.

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 101 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact