. . . .


9 Apr 2018

ئێران و حیزبووڵای لوبنان لە کۆلۆمبیا چ دەکەن؟


و: ئازادبانەیی
سەرچاوە- ڕادیۆ فەردا
لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کۆلۆمبیا کە بەشێک لە ئەنجامەکانی دزەی کردووەتە نێو داودەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، ئاماژە بە چالاکییەکانی حیزبوڵای لوبنان بۆ بەدەست هێنانی دارایی زیاتر بۆ ئەو ڕیکخراوە تێرۆریستییە لە وڵاتی کۆلۆمبیا دەکەن. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە حیزبوڵای لە ڕێگەی فرۆشتنی گۆشت، خەڵووز و ئۆتۆمبێلی دزییەتی و کەڵک وەرگرتن لە ناسنامەی نایاسایی و تەزویر و دەیان ڕێگەی دیکە لە هەوڵی بە دەست هێنانی داهاتی زیاتر دایە.
ڕاگەیاندنە ئەمریکای و ئیسڕائیلییەکان ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ئاوریل بەرامبەر بە ١٩ی خاکەلێوە، بەشێک لەو لێکۆڵینەوانەی کە ماوەی زیاتر لە ٣ سالە لە لایەن پۆلیسی کۆلۆمبیا و بنیاتی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی بۆ چاوەدێری مادە هۆشبەرەکان " دی ئەی ئەی"یەوە ئامادە کراوە بڵاو کردەوە. ئەو لێکۆڵینەوانە باس لەوە دەکەن کە بەشی هەرە زۆری ئەو چالاکییە داراییانەی حیزبوڵا لە لایەن باڵی دەرەوەی ولاتی ئەوڕێکخراوە کە لە ڕۆژئاوا بە ناوی کورتکراوەی " ئەی ئێس" ناوی دەبڕی، ئەنجام دەدەرێن. بە پێێ لێکۆڵینەوەکان کومیتەی دەرەوەی حیزبوڵا توانیویەتی بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانی لە ناو داودەزگاکانی کۆلۆمبیا دا بە ڕەسمی بکات.
لەو لێکۆڵینەوە دا ئاماژە بەوە کراون کە لە ژێر چەتری چەندین کۆمپانیا و بنیاتی ئابووری گەورە دا، حیزبوڵا توانیویەتی لە ڕێگەی فرۆشی مادەی هۆشبەر، هاوردە و هەناردەی ئۆتۆمبێلی دزی و فریودانی بانکەکان و خەڵکی ئاسایی دانیشتووی کۆلۆمبیا، داهاتێکی باشی ئابووری بۆ چالاکییە تێرۆریستییەکانی بە دەست بێنێ.
پۆلیسی کۆلۆمبیا بە هاوکاری باڵی ناوخۆی ئێنتێرپۆل " پۆلیسی نیودەوڵەتی"، بەشێک لە کارە سەرەکییەکانی حیزبوڵای لەو وڵاتە ئاشکرا کردووە کە خۆی لە دۆزینەوەی حەشارەگەی قاییم بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، هێنانی کەسانی تایبەتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و دابین کردنی ناسنامەی نایاسایی و جێگیر کردنیان لە شارەکانی کارتاخنا، بارانکیلا و مایکائۆ خۆی دەبینێتەوە. بەشی دووهەمی چالاکییەکانی باڵی دەرەوەی وڵاتی حیزبوڵا بریتین لە دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەت بە بازرگانی قوماش و کەرەستەی ڕستن و چنین " وەک بردنی جل و بەرگ لە پاناما،وە بۆ لوبنان" بە قاچاخ و هەناردەی خەڵووزی بەردین بۆ لوبنان و فرۆشی گۆشت، کە لە ژێر چاوەدێری کەسێک دا بە ناوی محەممەد عەقیل دا بەڕێوە دەچن.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی زانیاری کۆلۆمبیا، زۆربەی خاوەن بانکە ئوروپییەکان ئاگاداری ٨٠٪ جموجۆڵە بازرگانییەکانی حیزبوڵان و لە ئاڵوگۆڕی پوڵ و داهاتەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە دا دەوری کاریگەریان هەیە، ئەو ٢٠٪ دیکەشی لە ناو کۆلۆمبیا دا و پاناما دا بۆ دانانی سەرمایە کەڵکی لێ وەردەگیرێ.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بە هەوڵەکانی ڕێکخراوی حیزبوڵا بۆ زیاد کردنی ئەندام و لایانگر دەکات و دەنووسێ کە ئەو ڕێکخراوەیە بە بنیات نانی مزگەوت و ڕێکخراوی کلتووری، هەوڵی کۆکردنەوەی زیاتری خەڵک لە دەوری سیاسەتەکانی خۆی دەدات و بە بیانووی دانی بۆرسیە دەیانێری بۆ لوبنان. بە پێی ئامارەکانی حکومەتی کۆلۆمبیا، ١٤ هەزار مسوڵمان بە فەرمی لەو وڵاتە دا دەژین، بەڵام دەگوترێ کە حەشێمەتی ڕاستەقینەی موسڵمان لەو وڵاتە خۆی سەروو چل هەزار کەسەوە دەدات. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو دا نزیکەی ٤٠ لەسەد بە حەشیمەتی مەسیحییە تازە بە موسڵمان بووەکانی ئەو وڵاتە زیاد بووە، کە ئەو گۆڕانکارییانە لە ٥ مزگەوت و ١٠ بنیاتی کەلەپووری ئیسلامییەوە سەرچاوەیان گرتووە و بوونە هۆی فریودانی خەڵک. هاوکات ئەو ڕێکخراوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و دنیای مەجازییەوە پەیوەندی بە خەڵکەوە دەگرن و بە دانی بەڵێنی، دەیان کەنە لایانگری خۆیان و بە تەواوی مێشکیان دەشۆنەوە بۆ ئەوەی کە بۆ بردنەی پێشی سیاسەتەکانی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرن.
لێکۆڵینەوەکانی کۆلۆمبیا و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە فەرمانەکان لە تارانەوە دەدرێن بە لوبنان و لەوێشەوە بۆ فەرماندەی " ئەی ئێس" و پاشان بۆ مۆرە گرینگەکانیان لە کۆلۆمبیا دەنێردرێن.
شەش مانگ لەمەپێش یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی بە ناوی عەبدوڵا ڕادە ڕامل، کە یەکێک لە مۆرە هەرە ناسراوەکانی حیزبوڵایە، بە تاوانی سپی کردنەوەی پوڵ و مامەڵە بە مادەی هۆشبەرەوە لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەرکرا. ناوبراو چەندین جار بۆ ڕێکخستنی کاروباری بازرگانی حیزبوڵا سەردانی وڵاتانی ناوچەکە وەک ونێزوێلا، پاراگوا، بەرازیل، ئارژانتین و تەنانەت سویس و ئاڵمان،یشی کردبوو.
لقی دەرەوەی وڵاتی حیزبوڵا کە بە یەکەی ٩١٠ ناسراوە، لە سەرەتای دامەزرانی دا لە ژێر فەرماندەیی " عیماد موغنیە" دا بوو، بەڵام پاش کوژرانی موغنە لە تەقینەوەیەک دا لە زستانی ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی دا لە سوریە، باس لەوە دەکڕی کە ئێستا فەرماندەییەکەی ڕادەستی کەسێک بە ناوی " تەلال حەمییە کرابێ. ئوسترالیا و چەندین وڵاتی دیکە، چالاکییەکانی لقی دەرەوەی وڵاتی حیزبوڵا،یان قەدەغە کردووە. هاوکات بوڵگارستان و ئیسڕائیل لەو بڕوایە دا کە ئەو هێرشە تێرۆرسیتییەی کە ساڵی ٢٠١٢ لە ناوچەی بورگاس کرایە سەر گرووپێکی گەشتیاری ئیسڕائیلی و بووە هۆ کوژرانی پێنج هاووڵاتی ئیسڕائیلی و شۆفێری ئوتۆمبێلەکەیان، کاری باڵی دەرەوەی وڵاتی حیزبولا بووە. ئیسڕائیل بەرپرسایەتی تێرۆر و تەقینەوەکانی ساڵی ١٩٩٢و ١٩٩٤ی زایینی کە لە ئارژانتین کرایە سەر باڵوێزخانە و بنیاتی کلتووری جووەکان لەو بۆینێس ئایرێس بە هۆیەوە سەدان کەس کوژران و بریندار بوون، دەخاتە ئەستۆی ئەو باڵەی حیزبوڵای لوبنان.
لقی دەرەوەی وڵاتی حیزبوڵای لوبنان بە پێی لێکۆڵینەوەکانی دادوەریی ئاڵمان، دەوری کاریگەر و گرینگی گێڕاوە لە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێستوڕانی میکۆنۆس،ی ئاڵمان، ئەوە جگە لەوەی کە چالاکانی سیاسی ئێرانی دژبەری ڕژیمی تاران، حیزبوڵای لوبنان و دەست و پێوەندەکانی لە دەرەوەی وڵات بە ئەنجامدانی تێرۆرەکانی چوار دەیەوەی ڕابردووی وڵاتانی ئوروپایی، کە کۆمەڵێک لە دژبەرانی حکومەتی تاران کرانە ئامانج دەزانن.
لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل باس لەوە دەکەن کە لقی دەرەوەی وڵاتی حیزبوڵای لوبنان، ڕێکخەر و ئەنجامدەری سەرەکی کردەوەی تێرۆرسیتییەکانی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لە بانکۆکی پایتەختی تایلەندە کە پاش پوچەڵ کردنەوەی پلانەکەیان، چەندین کەسیشیان دەستبەسەر کرد کە لە ئەنجامدا دانیان بەوە دا نابوو کە لە لایەن حیزبوڵاوە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراون.
ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک کەس لە وڵاتی نیجریە بە تاوانی هاوردە کردنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی، لە لایەن داودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە گیران. ئەو کەسانە دواتر لە دادگا دا دانیان بەوە دا نابوو کە پەویەندییان بە حیزبوڵای لوبنانەوە هەیە و کەرەستە سەربازییەکانیشیان لە لوبنانەوە هێناوە. تەنانەت ساڵی ٢٠١٣ پیاوێکی بە ڕچەڵەک لوبنانی کە ڕەگەزنامەی سویدی پێ بوو، لە دورگەی قوبرس بە تاوانی دارشتنی پلانی هێرش کردنە سەر گەشتیارانی ئیسڕائیلی لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە گیراو و دانی بەوە دا نا کە ئەندامی حیزبوڵای لوبنانە.
بڵاوبوونەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە ٣ ساڵییەکەی ئەمریکا و کۆلۆمبیا سەبارەت بە سەرجاوە داراییەکانی حیزبوڵا لە کۆلۆمبیا، لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردوو حەسەن نەسروڵلای ڕێبەری حیزبووڵا لە وڵامی بڕیارێکی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دا کە داوای کردبوو هەندێ لە بانکەکانی لوبنان ئابڵووقەیان بخرێتە سەر، لە وتارێک دا و بە بزەوە گوتی: خەیاڵتان ئاسوودێ بێ، نان، ئاون چەک و تەقەمەنی و هەموو پێداوسیتییەکی ئێمە لە ئێرانەوە دێت، هەتا ئێران پارەی هەبێ حیزبوڵاش پارەی هەیە. ڕێبەری حیزبوڵا لە چەند جێگەی دیکەش باسی لەوە کردبوو کە ڕێکخراوەکەی خاوەن جێگە و پێگەیەکی زۆرە لە ناو خەڵکی جیهاندا و دەیان بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی هاوکاری دارایی حیزبووڵا دەکەن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە هەم ئەمریکا و هەم ولاتانی ئوروپایی و ئیسڕائیل پاش تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئیسڕائیل لە ئارژانتین و دوو ساڵ دواییتر کە ناوەندی هاوکاری یەهودییەکان هەر لەو وڵاتە کرایە ئامانج، سەرنجیان بۆ لای جموجووڵی چڕ و پڕی حیزبوڵا و ئێران لە ئەمریکای لاتین ڕاکێشرا. ئەو وڵاتانە باش ئاگاداری ئەوە بوون کە لە سێگۆشەی نێوان ئارژانتین، برازیل و پاراگوا، ئێران و حیزبوڵا خەریکی بنیات نانی بنکە و بارەگای ئابووری و هەنگاو نانن بەرەوە شوێنە دوورە دەستەکان. هەر لە سەرەتای ساڵانی ٨٠ی زایینەوە پەیوەندی گەرم و گوڕی ڕژیمی تاران لەگەڵ هێندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دا، دەریخست کە ئێران و حیزبوڵا سەرقاڵی دامەزراندنی ڕایەڵکەی سیخووڕی و ئابوورین و هەر ئەو سەردەمە داودەزگای سیخوڕی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێک دا بۆ وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان باسیان لەوە کردبوو ئێران گەییوەتە بنا گوێێ ئەمریکا و دەیەوێ لەو بۆشاییە ئەمنیەتییەی کە لە ئەمریکا لاتین دا لە گۆڕێ دایە بۆ زەبرە لێدان لە ئەمریکا کەڵک وەرگری. تەنانەت دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کورت بە سەر بوونی دۆڵاند ترامپ بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کۆماریخوازەکان، دەوڵەتی ئۆباما،یان بەوە تاوانبار کرد کە هەوڵە نهێنییەکانی دەزگای سیخوڕی ئەمریکا، بۆ لە داوخستن و گرتنی ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانیان پەک خستووە. ئەو چالاکییە کە ناوی " کاساندرا" بوو لە لایەن دەزگای سیخوڕی نەتەوەیی ئەمریکا سی ئای ئەی،ەوە بە مەبەستی گرتنی مۆرە سەرەکییەکانی تاقمی تێرۆریزتی حیزبوڵا کە دەستیان لە مامەڵەی مادە هۆشبەرەکاندا هەبوو ڕێکخرا، بەڵام لە دوا ساتەکانیدا بە فەرمانی خودی ئۆباما وەستێندرا. بیانووش بۆ وەستاندنی ئەوە بوو کە لەوانەیە ڕێکەوتننامەی ناوەکی نێوان ئێران و وڵاتانی ئوروپایی تووشی کێشە بێت و ئێران خۆی لێ بکێشێتەوە.
هەرچەندە دەزگای دادوەری ئەمریکاش هاتوونە نێو باسەکانی پەیوەندی دار بە چالاکی " کاساندراوە" بەڵام تا ئەم ساتە وەختە هیچ هەنگاوێکی بە کردەوە بۆ بەربەست کردن یان وەستاندنی چالاکییە ئابووری و سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵا لە ئەمریکای لاتین هەڵ نەهێندراوەتەوە و ئاوا بڕوا ئێران زۆر بە ئاسانی ئەتوانێ لە ڕێگەی حیزبوڵا و ڕایڵکە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێخکراوەوە هەر کاتێک گەرەکی بێ هێرش بکاتە سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یان بەرژەوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 53 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact