. . . .


8 Apr 2018

سەردەمی پاکڕەوشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەر چووە


جەیمز تراوب و: کەماڵ حەسەنپوور
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕستانی ئایدیالیزمی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکایە. بۆ جیلی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هیوای دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەیەکی سەرکێش و گەلێک گرینگ، گشت چەکوچۆڵێکی کە لە بەردەستی دابووە بەکاری هێناوە: گۆڕینی ڕێژیم، پشتگیریی لە دێموکراسی، دژەسەرهەڵدان، دەستوەردانی مرۆیی، باشوێژیی لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین.

ویلایەتە یەکگرتووەکان چ شتێکی هەیە کە بۆ ئەو هەموو تێچووه‌ی گیانیی مرۆڤ، پارە، هیوا و فکرانە بتوانێ نیشانی بدا؟ لەمەش گرینگتر، دەبێ هاووڵاتی ئاسایی کە لە کۆتاییدا لە میسر، بەحرەین، لیبی، سووریە و عێراق چارەنووسی خۆیان گرتە دەست، چی نیشان بدەن؟ مردن، زیندانیبوون و ترس. ئاشتی زۆر بە دەگمەن ڕووی لە خۆرهەڵاتی ناوین کردووە، بڕوانە سووریە، یەمەن یا لیبی، بەڵام ئەو هەستەی کە داهاتوو لەوانەیە لە ڕابردوو باشتر بێ وەک زۆر شتی دی نێژراوە.

من کاتێک کە [کتێبی] «نەزمی دوای خۆڵەمێشان: بناخە نوێیه‌کانی تەناهی لە خۆرهەڵاتی ناوین»م خوێندەوە، کە کۆکراوەی چەند نووسراوەیە کە لەلایەن [چاپخانەی] سێنچری فاوندەیشن چاپ کراوە، خۆم ناچار کرد کە بیر لەم گۆڕستانە بکەمەوە. کتێبەکە بانگهێشتمان دەکا کە بڕوانینە داهاتوو، بەڵام خودی خوێندنەوەکەی ناچارت دەکا ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەیەوە. بڕوانە ئەم سەردێڕە: «خۆڵەمێش»ەکانی کە باسیان لێوەدەکرێ گشت ئەو شتەیە کە پاشماوەی ئەم ئاگرانەیە کە ئامادە بوون لە ٢٠١١ جیهانی عەڕەب هەڵلووشن. لە کۆکراوەیەکی ٢٠١٧، سیاسەتی عەڕەب دوای سەرهەڵدانەکان: ئەزموونەکانی سەردەمی سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆری، سەدەیەک بڕوا وابوو کە ئەم ئاواتانە لەنێو چووبوون. ئێستا پرسیار دەکا کە ئاخۆ شتێک ماوە کە شایانی دروست کردنەوە بێ لە سەر ئەم مەیتخانەیە؟

ئەم شتە (نەزمە)، کە دەبێ بگوترێ نەزمێکی وێستفالیی دەوڵەتانێکە کە بە یەکەوە بەناوی ئاسایشی ناوچەیی هەنگاو دەنێن. ئەو شتەی کە گەلێک گاڵتەجاڕانەیە و بۆ بیر لێکردنەوە دەبێ، ئەوەیە کە ناوچەیەک کە لە سەرەتادا بە داگیرکاریی ئامریکا بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرێکی بێزراو و ڕێخۆشکردن بۆ گەشەسەندنی دێموکراسی سەراوبن کرا، ئێستا ڕێگای پێ دەدرێ کە هەوڵ بۆ ئاشتییەکی دیکتاتۆرانە بدا. بەڵام ئێمە لە هۆیەکەی تێدەگەین: دیکتاتۆرەکان لە بەشێکی بەرچاوی ناوچەکە دەسەڵاتی خۆیان پتەو کردووە. لە هەموویان خراپتر، بەشار ئەلئەسەدی سووریە، لەوانەیە تەنیا چەند حەوتوو لە بەدەستەوەگرتنی کۆنتڕۆڵ بەسەر نزیکەی دوو لە سەر سێی ڕووبەری وڵاتەکەی دوور بێ و بۆیە دەتوانێ بانگەشەی شێوەیەک لە سەروەری بکا. جیهانی عەڕەب زۆر لە گەڕانەوە بۆ دۆخی باوی سەدەی بیستەم دوور نییە، بەڵام بە دابەشبوونی دەسەڵات بە شێوەیەکی گەلێک جیاواز لە نێوان یاریکەرە سەرەکییەکاندا. جگە لەمە، ئەو شتەی کە لە ناوچەکە بەرەوپێش دەچێ مافی تاکەکان نابێ بەڵکوو کێبڕکێی نێوان وڵاتەکانە.

لێرە من وەک ئایدیالێستێکی مارانگەز قسە دەکەم بەڵام پێم وانیە بەتەنیا بم. من لە ٢٠٠٩ چوومە ئەفغانستان تا چالاکیی دژی بەرهەڵستکاران ببینم، ستراتێژییەک کە لە دەرەوەی قەنده‌هار کەڵکی لێوەردەگیرا. من پێم وابوو کە ئەم ستراتێژییە بیرۆکەیەکی باشە، ئەگەرچی لەوانەیە کاتی پێویست بۆ کاریگەریی نەبێ. بەڵام دوایە گەیشتمە ئەم ئاکامە کە ئەمە بۆ وڵاتێکی بە تەواوەتی جیاواز باش بوو. ئەفغانستانی فرەمەزن، سنوورەکان فرەئاواڵە و خەڵکەکەی زۆر کەم وڵامی دەسەڵاتی ناوەندیی دەدەنەوە. من پێم وایە کە سەرۆک کۆمار ئۆباما ئاواتی دەخواست کە بە قسەی جێگری سەرۆک کۆمار، جۆ بایدێنی کردبا کە ئامریکا بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیی خۆی جەخت لەسەر دژایەتیکردنی تێرۆریزم بکا و ئەفغانستان بۆ خۆیان [ئەفغانستانییان] جێ بهێڵێ.

کاتێک کە لە کۆتاییەکانی ژانوییەی ٢٠١١، گەرەدەلوولی بەهاری عەڕەبی گەیشتە میسر، من بێسەبرانە چاوەڕوان بووم کە ئۆباما لایەنی خەڵکی میسر بگرێ و داوا لە سەرۆک کۆمار حوسنی موبارەک بکا کە واز لە دەسەڵات بێنێ. لە کۆتاییدا ئەو ئەم کارەی کرد و کاتێک کە موبارەک ڕەزامەندیی دەربڕێ کە دەستبەجێ [لە پۆستەکەی] دەست هەڵگرێ، گشت میسر نوقمی شادی بوو. وێدەچوو ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ یەکەم جار لایەنی دروستی مێژووی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژاردبێ. بەڵام ئاراستەی مێژوو بە لایەکیتردا چوو. وەزیری کاروباری دەرەوە، هیلاری کلینتۆن، سەری لە بێ دەسەڵاتیی ڕێبەرانی جووڵانەوە سوڕ مابوو و ئامۆژگاریی ئۆبامای کرد کە پشتگیریی لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بکا. بە ئاوەڕدانەوە بۆ دواوە دژوارە ببینین کە چۆن ئەمە ئاکامێکی جیاوازی لێدەکەوتەوە. بەڵام دوودڵیی کلینتۆن ڕەوا بوو.

ئاخۆ ئەو ئاکامگیرییەی کە دەتوانین لەم بەفیڕۆدانە ترسناکە وەریگرین ئەمەیە کە باشتر دەبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەدەی ٢١، وەک چۆن لە سەدەی پێشتر کردی، پشتگیریی لە هاوپەیمانە دیکتاتۆرەکانی کردبا؟ بێگومان، کارەساتی عێراق، زۆر درەنگ، فێری ژیریی سیاسەتی بەسەبری پێشگیری و کۆنترۆڵی کردین، ئەگەرچی لەوانەیە نائومێدکەر و تەنانەت مەترسیدار بێ. ئاکامە وێرانکەرەکانی دەستوەردان لە لیبی جارێکیتر، فێری ئاکامە نەخوازراو و پێشبینینەکراوەکانی هەوڵی خێرخوازانەی کردین. بەڵام هەڵوێستی بە پرەنسیپی ئۆباما، وەک بۆخۆی وای سەیر دەکرد، لە یارمەتیی بەرچاو بە نەیارانی سووریە چی؟ سووریەیان بە تەنیا لە گێژاوی کارەساتی مەزنتر لە هی عێراق جێهێشت، نیشانیان دا کە ئاکامەکانی بێهەڵوێستیی بە قەد هەڵوێست گرتنە. هەرچەندە «واقیعگەرا» ش بن، ناتوانن لە ئاکامی سووریە ڕەزامەند بن.

مێژووی ئەم دواییانە بەوە دڵخۆشمان ناکا کە چارەنووسی گشتیی مێژوو بەرەوە دادمەندییە، وەک ئۆباما زۆر جار دەیگوت. سەرەڕای ئەمە، من ئێستاش لەسەر ئەم بڕوایەم کە دەبوو بە هەمان شێوە هەڵسوکەوتمان کردبا. من لەمە پەشیمان نیم کە ئۆباما داوای لە موبارەک کرد کە واز لە دەسەڵات بێنێ و ئاواتم دەخواست کە ئەو لە ٢٠١٢ یارمەتیی نەیارانی سووریەی کردبا. دیسانیش وێرانەکان وەبیرمان دێننەوە کە ئێمە چەندە کەم دەتوانین چارەنووسی ئەم خەڵکانە بگۆڕین کە لەنێو وڵاتانی ستەمکاردا دەژین. ئێمە هەوڵی زۆرمان دا، و زۆر بەدوورە (ڕەنگبێ جگە لە سووریە) کە ئەگەر هەوڵی زیاتریشمان دابا جیاوازییەکی هەبا.

نەزمی دوای خۆڵەمێشان بانگهێشتمان دەکا کە هێڵێک بە بن ئەو سەردەمدا بکێشین و بڕوانینە ئاکاری دەرەکیی ئەو دەوڵەتانەی کە دوای بشێوییەکە سەریان هەڵداوە. بەڕاستی، ململانێ هەنووکەییەکانی دەسەڵاتەکانی ناوچە وێدەچێ کە تەشەنە بکا. ڕەنگبێ، پاشان لە سەرەتای گەڕانەوەی کەشوهەوای وێستفالی لە خۆرهەڵاتی ناوین دەرفەتێک بۆ شێوەی نوێی هاوکاری لە نێوان دەوڵەتەکان بڕەخسێ. بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە بۆچی کێشەکە خۆماڵییە ئەوەیە کە وڵاتانی جیهانی عەڕەب ئەو شتەی کیسینجێریان قبووڵ نەکردووە کە لە کتێبی «نەزمی جیهان وەک پرەنسیپی سەرەکیی سیستەمی وێستفالی»ی باسی دەکا، واتە ویستی ڕێگادان بە گشت وڵاتێک کە چارەسەری نەزمی نێوخۆ بکا، هەروەک شازادە پرۆتێستان و کاتۆلیکەکان لە کۆتایی شەڕی سی ساڵەدا کردیان. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەردوو وڵاتی یەمەن و سووریە، نەزمێکی شیعی خەریکی پاکانە حیسابە دژی لایەنی سوننی بە ڕێبەرایەتی عەڕەبستانی سعوودی. ئەگەر سعوودییەکان بەڕاستی ڕیبەری مەزنی ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەیی، لە بواری ئەخلاقییەوە هاوتای هیتلێر دەبینن، هەر وەک شازادەی جێگرەوەی سعوودی، محەممەد بین سەلمان بە [پرۆگرامی] ٦٠ چرکەی گوت، دەبێ چاوەڕێی شتی خراپتر بین.

زۆربەی نووسەرانی کتێبی سێنچری [کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا] چاوەڕوانییەکی دیکه‌یان نیە. هەندێکیان وێدەچێ بڕیاریان دابێ کە هەڵسوکەت لەگەڵ بابەتێک بکەن کە گریمانە پڕهیواکانی ئەویان قبووڵ نیە. بڕایان کاتولیس، پسپۆڕێکی بواری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ناوەندی گەشەی ئامریکا، باسی دوورەدیمەنی نەزمێکی نوێی ناوچەیی وەک شتێکی «لێڵ، ئەگەر هەر بوونیشی هەبێ» دەکا. کاتولیس بە وردی باسی ئەزموونەکانی هەوڵە شکستخواردووەکانی حەفتا ساڵی ڕابردوو بۆ دروستکردنی نەزم لە ناوچەکەدا دەکا: «کێبڕکێی جوگرافیای سیاسی (ژێئۆپۆلیتیک) بەسەر هاوکاریدا زاڵە»، «ترس لە باڵادەستیی جوگرافیای سیاسی پێش بە هاوکاریی ئاسایشی ناوچە دەگرێ»، «پێناسەکانی هەڕەشەی هاوبەش ئەولەوییەتەکان و بەرژەوەندییەکان دەشارنەوە.» بەڵام چونکە نەزمێکی ئەوتۆ «لە ڕاددەبەدەر گرینگە کە دەستی لێهەڵگیرێ،» هەر وەک لە مانشێتی نووسراوەکەی کاتولیس دەردەکەوێ، ئەو پێشنیار دەکا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێ هەنگاوی بەکردەوە بگرێتە بەر، لەنێویاندا پێشگرتن بە هاوپەیمانەکانی بۆ ئەنجامدانی «هەڵەی لەخۆڕا و کارەساتباری ستراتێژیک،» وەک شەڕی سعودی_ئیماڕاتی لە یەمەن.

هەڵبەت ئەمە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە شێوازی بیرکردنەوە نە تەنیا لە خەلیج بەڵکوو لە واشینگتۆنیش دەخوازێ. لە شوێنێکی دیکه‌ی نەزمی دوای خۆڵەمێشان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بروس جێنتێلسۆن، پێشنیاری پێداچوونەوە بە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەکا کە لەویدا ڕێگا بە دیپلۆماسی بەرامبەر بە ئێران و وەستاندنی پشتیوانی لە دیکتاتۆرێکی خاون کاریزما وەک محەممەد بین سەلمان و قبووڵکردنی ڕەوایی ئیسلامی سیاسی بدرێ. تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەستئاواڵەیی بێسنووری بە سعودییەکان هەم لە یەمەن و هەم لە کەمپەینی نێوخۆیی سوننە دژی قەتەر بەخشیوە، لە کاتێکدا کە ترامپ بۆخۆی وێدەچێ ئامادەی بەخشینی دیاریی هەرە نایاب بە سعودییەکان لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران بێ. بۆ ماوەی چەند ساڵی داهاتوو، زۆرتر وێدەچێ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جیات یارمەتی، پێش بە یارمەتییدان بە هەوڵە لەرزۆکەکان بۆ دامەزراندنی نەزم دوای خۆڵەمێشان بگرێ.

هێشتا، شتێکیتر هەیە کە دەیزانین: «نەزم کۆتایی بە سیاسەت ناهێنێ. کاتێک کە خەڵک تامی ئازادی و ڕێزدارییان چێشت، تۆ ناتوانی تا هەتایه‌ لەوانی دوور بکەیەوە. ئەم ئاگرانە لە کۆتاییدا جارێکیتر سەرهەڵدەدەنەوە.»

( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 113 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact