. . . .


13 Mar 2018

کوردەکانی ئێران لەتە ونەکەی پازڵی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست


ئاسۆ حەسەنزادە
له‌دوای شەڕی داعشه‌وه، فاکتەری کورد بۆتە توخمێكی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. به‌ڵام ئەم سەرنجدانە بە چارەنووسی کورد بە شێوەیەکی سەرەکی جەختی لەسەر کوردەکانی عێراق کردووە، هاوکات ڕێگای دەرکەوتنی سیاسیی زۆرتری بە کوردەکانی تورکیە و سووریە داوە. کوردەکانی ئێران ئەو بەشە لە کوردن که لەلایەن بازنە سیاسی و ئاکادێمییەکانی ڕۆژئاوایی کەمترین ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە.
بۆ شیکاریی هۆیه‌کانی پاشگوێخرانی کوردەکانی ئێران دەتوانین ڕوانگەیەکی پێکهاتەیی و مێژوویی ڕەچاو بکەین. ڕووداوەکانی ئەم دواییانە، بە پێشهاتەکانی دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراقیشه‌وه، جارێکی دی سەرکەوتنی ستراتێژیی ئێران لە ناوچەی نیشان دا، و تراویلکەی کورد بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕەنگبێ جۆرێك هەستی پاشه‌کشه و داکشان لە لای گشت کوردێک. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران لەوانەیە ئاسۆی ئاقارێکی جیاوازی بۆ ڕووادوەکانی داهاتوو ئاشکرا کردبێ.
ئەم ڕاستییە کە فاکتەری کوردەکانی ئێران بە شێوەی پێویست نەهاتۆتە ئەژمار شتێکی پارادۆکسە، بەتایبەتی بە لەبەرچاو گرتنی کێشه‌ و گرژییه‌كانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران. سیاسەتی یەک بان و دوو هەوا ڕاستییەکی هەمیشەیی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە. هەڵوێستی دەوڵەتانی خۆرئاوایی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانیشەوە بەرامبەر بە کوردەکانی هەر وڵاتێک، بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئەم دەوڵەتانە بەرامبەر بە هه‌ر کام له وڵاتانی ئاماژە پێکراو.
بەڵام ئەگەر ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ که کورد یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه هه‌رچه‌ند بەسەر چەند وڵاتاندا دابەش کراوه و پرسی کورد یه‌ک پرسه ئەگەرچی لە هەرکام لەو وڵاتانە وەک یەک نیه، ناتوانین بەشێکی بەرچاوی ئەو پرسە گشتییە پاشگوێ بخه‌ین. کوردەکانی ئێران گرینگییەکی مێژوویی بەرچاویان لە جوڵانەوەی کوردیدا هەیە و خاوەنی پۆتانسیەلێکی بەرچاویش له داهاتووی ئێران دان.
کوردەکانی ئێران ئەزموونی ئازادی و خۆبەڕیوەبەرییان هەیە و سه‌رده‌مێک ناوەندی قورسایی گشت جووڵانەوەی کوردی بوون کە کاردانەوەی لەسەر پێناسەی سیاسی و نەتەوەیی سه‌رجه‌م کوردەکان هه‌بووه، ئه‌مه‌ش دوای دامەزراندنی تەنیا کۆماری کوردستان لە مێژوودا لە ١٩٤٦ و دوای شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاڵای هەمان کۆماری هەڵکردووە.
ئەمڕۆ کوردەکانی ئێران ستاتۆیەکی تایبەتی و ستراتێژیکیان هەیە. ئەوان ئەو گرووپەن کە بەرچاوترین ئاستی وشیاریی سیاسی و توانایی مەزنی خۆڕێکخستن و هێزخڕکردنەوەیان هەیە. ئەوان دووهەمین کۆمەڵگەی کوردی لە ناوچە و سێهەمین تاقمی ئەتنیکیی ئێران پێک دێنن. ئەوان دانیشتووی ناوچەیەکن کە لە بواری سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەندە و بۆ کشتوکاڵ گونجاوە و دەستیان بە هێڵە بازرگانییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و ناوەندی ئاسیا ڕادەگا. بەڵام باڵانسی دێموگرافیی ئەوان جیاوازترە. بە پێچەوانەی دووجەمسەریی ئەتنیکی کە لە وڵاتانی دی لە نێوان کورد و عەڕەب یا لە نێوان کورد و تورک دەبینرێ، ڕەنگاوڕەنگیی ئەتنیکی لە ئێران گەلێک ئاڵۆزترە کە خاوەنی شه‌ش کەمە نەتەوە و چەندین کەمینەی دیکەیە. کوردەکانی ئێران بەرەوڕووی دەسەڵاتێکی ناوەندی بوونەوە کە لەسەر نەریتێکی دەوڵەتداری و دەسەڵاتداریی گەلێک کۆنتر دامەزراوە کە بناخەکەی لە سەر ناسیونالیزمێکی فەرمی بە تێکەڵاوێک لە زمانی فارسی و ئایینی شیعە پتەو کراوە. کوردەکانی ئێران زۆرینەیان سوننین، ئەگەرچی فاکتەری ئایین فاکتەری یەکلاکەرەوە لە پێناسەی سیاسیی ئه‌وان نیە هەروەک لە گه‌شه‌سه‌ندنی هەستی نەتەوەیی لەنێو کوردە شیعەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لەو ساڵانەی دواییدا ئاشکرا بووە.
لە پەیوەندی لەگەڵ بەرەوڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، کوردەکانی ئێران ناتوانن خۆیان لە سرووشتی دژە دێموکراتیک، ناوەندگەرا و سەرکوتکەری رێژیمی تاران دەرباز بکەن. ئەمە دەوڵەتێکە کە بە پێچەوانەی عێراق نە ئەزموونی میراتی ئیستیعماریی کە ببێتە هۆی دانپێدانان بە فرەلایەنیی ئەتنیکی هەیە و نە ئاڵوگۆڕی سیاسی پەیتاپەیتای بە خۆیەوە بینیوە کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی دەرفەت بۆ داخوازە ئەتنیکی و دێموکڕاتیکەکان. لە هەمان کاتدا، بە پێچەوانەی تورکیە، ئێران ئەزموونی کەش و هەوای نیمچە دێموکڕاتیکی نەبووە کە دەرفەتی بەشداریی سیاسی بڕەخسێ و کارتێکه‌ریی دەرەکیش لە ئارادا نەبووە وەک ئەوەی کە یەکیەتیی ئووروپا چەند ساڵ لەوەپێش لە بواری ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەکان بەرامبەر بە تورکیە کردنی.
ئەوەی کە کوردەکانی ئێران داوای دەکەن جیاوازییەکی لەگەڵ داواکاریی کوردەکانی وڵاتانی دی نیە. ئەوان خوازیاری دانپێدانان بە ناسنامه‌ی جیاوازیان، کۆتایی هاتنی هەڵاواردن و سیاسەتی سەرکوتکەرانە، مافی خۆبەڕیوەبەریی ناوچەکەیان، و دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە دەسەڵات و سامانەکان لە ئاستی وڵاتن. لە کاتێکدا کە ئەوان داخوازییەکەیان لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسینە، کوردەکانی ئێران داوای جیابوونەوە لە ئێران ناکەن. ئەوان خەبات بۆ دانپێدانان بە مافە نەتەوایەتییەکانیان لە ئێرانێکی دێموکڕاتیک و فیدڕالدا دەکەن. ئەم ڕاستییە کە ئەوان خەباتی خۆیان هه‌م له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی کوردی و هه‌م له چوارچێوه‌یه‌کی ئێرانیدا ده‌به‌نه پێش، ده‌ره‌نجامی ناکۆکی له‌بواری سیاسی و ناسنامه‌دا لێ کەوتۆتەوە. ئەمە بۆتە هۆی بێباوەڕی لەلایەن ئەو ئێرانییانە کە پێیان وایە هاوپەیوەندیی نێوان کوردەکانی ئێران و کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان گەلێک بەرچاوە. شتێک که لە کاتی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق به زه‌قی دیترا. ئەمە هەروەها بۆتە هۆی گومانی کوردەکانی ئێران کە دەبینن داخوازییەکانیان لەلایەن دەوڵەتی ناوەندی و ته‌نانه‌ت لەلایەن زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نە دەبینرێ و نە قبووڵ دەکرێ.
ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردەکانی ئێران هەمیشە بە هەندێک پرەنسیپی ئەخلاقی سیاسی وەفادار بوون. ئەوان هیچکات نەیانویستووە وەک ئامراز نە لەلایەن دەسەڵاتە دەرەکییەکان و نە لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە کەڵکیان لێوەرگیرێ، تەنانەت لەکاتی شەڕی ئێران_عێراق (١٩٨٨_١٩٨٠). ئەوان بڕیاریان داوە کە خەباتە سیاسییەکەیان نابێ بە زیانی برا کوردەکانیان لە وڵاتانی درواسێ بێ. بۆ وێنە، سەرەڕای توانایی سەربازییان، لە‌دوای دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقه‌وه هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئیران چالاکیی خۆیان سنووردار کردووه هه‌تا هەڕەشەی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە. ئەم ڕێکخراوانە خۆیان لە تێرۆریزم بوارد و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ تاران بوون. بەڵام وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زۆر جار تێچووی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌یه. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموكڕاتی کوردستان، لەسەر مێزی وتووێژ لە ڤییەن لە ١٩٨٩ لەلایەن نێردراوانی ئێرانیی لە بەرگی دانوستانکاردا کوژرا. سەرەڕای ئەمە، کوردەکان لە چەند دەرفەتدا هەوڵی بەشداری لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانیان دا به‌و هیوایه که بەربژێرە ڕێفۆرمخوازەکان دۆخه‌که بگۆڕن. بەڵام هەڵوێستی ڕێژیم هەرگیز نەگۆڕا. لەکاتێکدا کە سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە، ئه‌و ڕێژیمه درێژە بە حاشاکردن لە داخوازیی ئاشتیخوازانه‌ی کوردان دەدا. ڕێژیمی ئێران ئامادەیە کوردی وڵاتی دی تەحەممول بکا، بەڵام هیچ مافێک بۆ کوردەکانی خۆی قبووڵ ناکا. ڕێژیمی ئێران ڕیگە بە مناڵانی کورد نادا بە زمانی خۆیان بخوێنن. ئەو چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەگرێ، زیندانییان دەکا، ئەشکەنجە و ئیعدامیان دەکا. ڕێژیم تەنانەت دەستی کردۆتەوە بە ئاکاری تێرۆریستی و کوشتنی دژبەرەکانی کە پەنایان بۆ کوردستانی عێراق بردووە. سەرەڕای بەڵێنییەکانی کاتی هەڵبژاردن، کوردستانی ئێران هەروا بە میلیتاریزەکراوی ماوەتەوە و ئێستاش بەدەست هەڵاواردن و گەشەنەسه‌ندنه‌وه دەناڵێنێ.
پەرش و بڵاویی نێوخۆیی کوردان یاریدەدەری ڕێژیمی ئێران بۆ درێژەدان بە پێشێلکردنی مافەکانی ئەوان بووە. ڕێژیم ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی لاواز کردووە ئه‌مه‌ش بە نۆرەی خۆی بۆتە هۆی قایمتربوونی چەنگداگرتنی ڕێژیم به‌سه‌ر دەسەڵاتدا. ڕێکخراوە کوردییەکانی ئێران به‌و خه‌ڵکه‌ کە ئه‌وان نوێنەرایەتیی داخوازییەکانیان دەکەن قه‌رزدارن کە نێوماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و هەوڵ بۆ ئامانجی هاوبەش بدەن. به‌م دواییانه حیزبە کوردییەکانی ئێران هەنگاوی گرینگیان بەرەو ئامانج و چالاکیی هاوبەش هەڵێناوە.
جگە لەمە، فاکتەری نێونەتەوەیی گرینگیی مه‌زنی هه‌یە. ئێران کەڵکی خراپ لە جێگه و پێگه‌ ستراتێژییەکەی و توانایی ناسەقامگیرکردنی ناوچە وەردەگرێ. له‌خۆڕا نیه دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان بە پارێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران ده‌کەن. ئێران ته‌نیا لەژێر زەختدا پاشه‌کشه‌ ده‌کا، هەر ئەوە بوو کە هاتە سەر مێزی وتووێژ لەبارەی بەرنامە ناوکییەکەی. سەرەڕای ئەم زەختە، ڕێژیمی ئێران درێژە بە چالاکییە ئاژاوەگێڕانەکەی لە وڵاتانی ناوچە دەدا. بە هۆی نەبوونی ستراتێژیی ڕوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەمەڕ شێوەی هەڵسوکەوت بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران، ئەم ڕێژیمە ئێستاش دەوری تێکدەرانە لە عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان دەبینێ. ستراتێژییەکی ئەوتۆ نابێ له هه‌ڵبژاردنێک لەنێوان دەستێوەردانی سەربازی و دۆخی هەنووکەییدا قەتیس بمێنێتەوە. ئابلۆقەکان تەنیا کاتێک کاریگەر دەبن کە هاوکات بن لەگەڵ هەنگاوی بەکردەوە بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئێران لە ناوچەدا. جگە لەمانە، زەختی نێونەتەوەیی دەبێ ڕێگاخۆشکەری وه‌دیهاتنی ئاواتی خەڵکی ئێران بۆ دێموکراسی، ئازادی و پێشکه‌وتن بێ نەوەک ئەو ئاواتە تەریک بخاتەوە.
ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەردەوامەکان داوای ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئەوان لە‌ڕووی فرەلایەنیی داخوازییەکان و ڕادەی بەشدارانه‌وه بێوێنە بوون. سەرەڕای نەبوونی ڕێبەری و ئه‌گه‌ری سەرکوتی بێبەزەییانەی ڕێژیم وێدەچێ ناڕەزایەتییەکان درێژەیان هەبێ. لێرەدایە کە فاکتەری نێونەتەوەیی دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ. جیهانی ئازاد دەبێ پشتگیری لە خەڵکی ئێران بکا، لە ناویاندا خەباتی کوردان بۆ ئازادی و مافەکانی سیاسی و نابێ لە تووڕەیی ڕێژیم سڵ بکەنەوە. ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستەماتیک مۆرکی ئامرازی دەستێوەردانی دەرەکی لە هەر شێوە ناڕەزایەتییەک دەدا. ئێران نابێ بتوانێ به بیانووی سه‌روه‌ری لەژێر بەرپرسیاریی بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ دەرباز بێ. جگە لەمە، گرینگە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نیشاندانی پشتگیریی نێونەتەوەیی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران بە تەنیا نەمێنێتەوە. ئەم پشتگیرییە دەبێ بکرێتە هەنگاوی بەکردەوە بۆ بەهێزترکردنی لایەنە میانڕەوەکانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و یارمەتیدان بە خۆپیشاندەران، ئەگەر ڕێژیم هەوڵ بدا ئەوان سەرکوت بکا.
گونجاوترین ڕێگای بەرەوپێشچوون لە ئێران هاتنە سەر کاری دوڵەتێکە کە نوێنەر و وەڵامدەری خەڵکی ئێران بێ. کوردەکان هەوڵ دەدەن کە مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان لە ئێرانێکی ئەوتۆدا دەستەبەر بکەن. خەڵکی ئێران به سەرجەم پێکهاته ئەتنیکییەکانیەوە داوای ئاڵوگۆڕ دەکەن و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئاشکراکردنی داخوازییەکانیان. ئەوان شایانی پشتیوانی لەلایەن جیهانی ئازاده‌وه‌ن.
***

وه‌رگێڕانی له ئینگلیسییه‌وه: که‌ماڵ حه‌سه‌نپوور
سه‌رچاوه : سایتی ئه‌نستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی نیزیک
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 112 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact