. . . .


13 Mar 2018

سەرەکییترین كێشەکانی جیهان بۆ چاودێری لە ٢٠١٨دا


و:کەماڵ حەسەنپوور
ئوری فریدمەن و ئانابێل تیمسیت
وەرگێڕانی لە ئینگلیسییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان لە دونیا، کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ڕێژەی هەڕەشەیان بۆ سەر ئامریکا هەڵدەسەنگێنن. هەموو ئەو ناکۆکییانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا ناکەن، بۆیە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو ساڵێک لێکۆڵینەویەک دەکا تا یارمەتیی ڕێبەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکا کە هەڕەشەکان بۆ ساڵی دواتر پۆلێن بکەن. لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەو لێکۆڵینەوە جەختی لەسەر ئەو مەترسییانە کردووە کە لەلایەن ئەکتەرە دەرەکییەکان دێنە ئاراوە. ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەترسییانەش دەکرێ کە ئامریکا ئاراستەی جیهان و هەروەها خۆی دەکا.
پۆل ستەیرس، بەرپرسی ناوەندی کرداری پێشگیرانەی CFR، کە ئەو لێکۆڵینەوانە دەکا، دەڵێ: «ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی نەکراوترین ئەکتەری جیهانە و، ئەوە بۆتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی قووڵ. تۆ جاران دەتتوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بخەیە لایەنێکەوە و وەک شتێکی نەگۆڕ سەیری بکەی و سەیری جیهان بکەی و ببینی کە گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیریی و نائارمیی لە کوێیە. ئێستا دەبێ تۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو نێو ئەم هاوکێشەیە باوێی. بە لەبەرچاو گرتنی شێوەی هەڵسەنگاندنی ئەو سەرۆک کۆمارە، هیچکەس لەوە دڵنیا نییە کە ئێمە [ئامریکاییەکان] لە دۆخێکی دیاریکراودا چۆن هەڵسوکەوت دەکەین.» ئەم سەرۆک کۆمارە لەوانەیە ئەم بارودۆخەی بەکەیفێ بێ. دۆناڵد ترامپ لە ٢٠١٥دا نووسی؛ «ئەمن نامهەوێ خەڵک بە تەواوی بزانێ چی دەکەم، یا چۆن بیر دەکەمەوە، ئەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی باڵانسی ئەوان.»
پێشبینیی نەکراویی ئامریکاییەکان زۆر بە ئاشکرا لە دوو سێناریۆی دەستنیشانکراودا دەرکەوتن کە وەک مەترسی خاوەن بەرزترین ئاستی ئەولەوییەت لە ڕاپۆرتی ئەمساڵدا ئاماژەیان پێکرا، کە لە وەڵامدانەوەی ٤٣٦ کارناسی سیاسەتی دەرەوە وەدەست هاتووە:
یەکەم؛ کێشەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆرەی باکووو و جیرانەکانی کۆرەی باکوور
دووهەم؛ بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هۆی تێوەگلانی ئێران لە ناکۆکییەکانی ناوچە و پشتیوانیی لە تاقمە شەڕخوازەکان.
ستەیرس گوتی: «ئەمانە دوو مەترسیدارترین کێشەی هەنووکەیین، هەندێک کەس ڕەنگبێ بڵێن ئەمە شتێکی باشە کە لێگەڕێین خەڵک بکەونە گومانەوە، ئەمانە هەمووی بەشێکن لە هەوڵی بەرزکردنەوەی گرەوی [ئامریکا] بەرامبەر بە کۆرەی باکوور و ئێران. پێموابێ زۆربەی پسپۆڕەکان هاوڕا بن کە ئەمە ستراتێژییەکی ژیرانە نیە: ئەمە لەوانەیە کاردانەوەی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە، یا ببێتە هۆی لێکدانەوەی هەڵە و لێکتێنەگەیشتن و شتی لەم بابەتە.»
لە لێکدانەوەکەدا کە نیوەی یەکەمی مانگی نۆڤامبر کرا، لە کاتی پشووی کاتی لە تاقیکارییەکانی ناوکی و مووشەکیی کۆرەی باکوور، هاوڕایی گشتیی ئەمە بوو کە کێشە لەگەڵ کۆرەی باکوور کاردانەوەی «بەرچاوی» دەبێ بەڵام ئەگەری ڕوودانەکەی «مامناوەندییە». گوتنی ئەوەی کە كێشە لەگەڵ کۆرەی باکوور کاردانەوەی بەرچاوی دەبێ کەم نرخاندنە چونکی زۆربەی پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆی سەختترین شەڕ لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە. ستەیرس بۆی دەرکەوت کە لە کاتێکدا کە لە ڕاپرسیی ساڵی ڕابردوودا «کێشەیەکی جیددی لە کۆرەی باکوور» بە هۆی پرۆگرامی چەکی ناوکیی لە ئاڵقەی یەکەمی مەترسییەکاندا پۆلێن کرابوو، شەڕی نێوخۆیی سورییە وەک کێشەی سەرەکی بۆ چاودێریی دیاری کرابوو، ئەوەی کە ئەمساڵ نوێیە ئەمەیە کە نیگەرانییەکی جیددی لەبارەی بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیی لە نێوان کۆرەی باکوور و ویلایەتە یەکگرتووەکان، و ئەوەی کە هاوکات ئەم دوژمنایەتییە ببێتە هۆی هاتنەئارای یەکەم شەڕی چەکی ئەتۆمی لە مێژوودا، لە ئارا دایە.
ستەیرس گوتی: «ئێستا نیگەرانییەکە بە ئاشکرایی ئەمەیە کە شەڕێکی نوێ لە دوورگەی کۆرە دەتوانێ ببێتە هۆی کەڵکوەرگرتن لە چەکی ناوکی. تێگەیشتنی خەڵک لەبارەی شەڕ گۆڕاوە.» سێ هۆی سەرەکیی بۆ ئەم شتە بوونیان هەیە: شەڕی زارەکیی نێوان دۆناڵد ترامپ و کیم یونگ ئون، پێشوەچوونە خێراکانی کۆرەی باکوور لە گەشەپێدان بە مووشەکێک کە بگاتە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە کڵاوێکی ئەتۆمیی هێندە بچووک کە لێێ قایم بکرێ و هەڕەشە پەیتاپەیتاکانی ترامپ و دژبەرەکانی لەبارەی ئەنجامدانی هەنگاوی سەربازیی ئەگەر پێویست بکا.
ئاکامی لێکۆڵینەوەکە لێکدانەوەی چاودێری خاوەن زانیاریی وەک جەیمز ستارڤیدیس، دەریاداری خانەنشینکراو و جان برێنەن، سەرۆکی سی ئای ئەی لە سەردەمی ئۆبامادا پشتڕاست دەکاتەوە. ستارڤیدیس ئەگەری پێکدادانی نائەتۆمیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆرەی باکوور لە سەدا ٢٠ بۆ سەدا ۵٠ پێشبینی دەکا، و ئەگەری شەڕی ئەتۆمی ١٠ لە سەد. ڕەنگبێ بۆ وێنە ئەگەر کۆرەی باکوور فڕۆکەیەکی شەڕکەری ویلایەتە یەکگرتووەکان بخاتە خوارەوە یا مووشەکان بە دوورگەی ئامریکایی گوام بنێ کە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئامریکا و کێشەکە بکەوێتە بواری تۆڵەئەستێنی.
برێنەن لە وتوێژێکدا لەگەڵ دێ ئاتلانتیک باسی پێشبینینەکراویی ترامپ وەک فاکتەرێکی هەستیار بۆ دانی ئەگەری ٢٠ تا ٢۵ لەسەد بۆ هاتنە ئارای شەڕی کردووە. برێنەن گوتی: «ئەمن تەقریبەن دڵنیام کە کۆرەی باکوور نایهەوێ هەڵایسێنەری کێشەیەکی مەزنی سەربازی بێ و چەندین ساڵیش بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری شەڕێکی ئەوتۆ نەبوو، ئەمن نازانم ئاغای ترامپ توانایی کام بڕیار یا کام کردەوەیەکی هەیە.»
هۆگریی دوودڵانەی ترامپ بۆ ڕێککەوتننامەی ناوکیی ئێران، کە ئەو «ڕەواییەکەی ڕەت کردۆتەوە» و بۆ کۆنگرەی ناردووە تا پێداچوونەوەی بۆ بکەن، و ئێستاش ئەگەری ئەوە هەیە کە پاشەکشەی لێ بکا، بە هەمان شێوە بۆتە دروستکردنی مەترسی. ئێستا ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران لەسەر هەندێک بابەتی جێگای ناکۆکی، لە بەرنامەکانی مووشەکی و ناوکیی ئێران تا مانۆڕەکانی لە سورییە و عێراق و پشتیوانیی لە تاقمە چەکدارەکانی یەمەن، لوبنان و فەلەستین کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی وەک ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودی بە تووندی دژی ئەو هەوڵانەن، لە ئارا دایە. هەر وەک کێشەی کۆرەی باکوور، بەشدارانی لێکۆڵینەوەکە شەڕ لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان یا هاوبەشەکانی وەک کێشەیەک بە کاردانەوەی بەرچاو بەڵام بە ئەگەری مامناوەندیی هەڵدەسەنگێنن. ئەم سێناریۆیە لە ڕاپۆرتی CFR لە ساڵی ڕابردوودا نەبوو، کاتێک کە ئیران خەریکی بەشێکی بەرچاو لەم چالاکییانە بوو بەڵام داهاتووی ڕێککەوتننامەی ناوکیی نەکەوتبوو ژێر گومان.
سێناریۆی دیکەی لەم چەشنە بریتین لە هێرشی تێرۆریستی بە قوربانیی گەلێک زۆر، هێرشێکی مەزنی سایبێری بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و دوو دانەی پێشبینیی نەکراو بە لەبەرچاو گرتنی بیدەنگیی لە هەرکام لەم بەرەیانە لە ٢٠١٧: ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە نێوان ڕووسیە و ئەندامانی ناتۆ یا لە نێوان چین و یەکێک یا چەند وڵاتی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان لە دەریای باشووری چین.
ستەیرس نیگەرانیی لەبارەی کێشەی ناتۆ_ڕووسیە بەو شێوەیە ڕوون دەکاتەوە «لەوانەیە ڕەنگدانەوەی خراپتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیە بێ. بە ئاشکرابوونی دەستوەردانی ڕووسیە [لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ٢٠١٦] و لەو پەیوەندییەدا، کێشەیەک لە شوێنێکی دی لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا سەر هەڵ دا.» لە هەمان کاتدا، بەلەبەر چاوگرتنی سەرکەوتنی شی جینپینگ لە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکەی لە کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیست لە مانگی ئۆکتۆبر، «خەڵک ڕەنگبێ هەست پێبکەن کە سەقامگیریی نێوخۆ (سیاسەتی نێوخۆئی چین)، لەوانەیە چینییەکان جارێکی دیکە وا لێ بکا کە لە دەریای باشووری چین شەڕانی بن.»
جگە لەمانە لە نێو مەترسیی پلە یەک، دوو ئەگەری دیکە هەن کە زۆر وێدەچێ بێنە پێش بەڵام کاریگەریی مامناوەندییان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ: خراپتر بوونی شەڕی ئەفغانستان، شوێنێک کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بەڵێنییەکی نیوەچڵی بۆ درێژەدان بە سیاسەتی پێشوو داوە و پەرەئەستاندنی تووندوتیژی لە سورییە هاوکات کە سەرۆک کۆماری سورییە بەشار ئەلئەسەد دووبارە کۆنتڕۆڵی وڵاتە وێرانەکەی دەگرێتەوە دەست.
جێگای سەرسوڕمانە کە لێکهەڵوەشانی پتر لە عێراق کە دوو ساڵ لەوەپێش لە پلەی یەکەمی ئەگەری وەڕاستگەڕان دابوو و پلەی دووهەمی لە لیستەی ساڵی ڕابردوودا هەبوو، لە ڕاپرسییەکەی ئەمساڵدا دەر نەکەوت. سەرەڕای نیگەرانییەکان لەبارەی هێرشی تێرۆریستیی، داعشیش لە لیستەی هەڕەشەکانی ئەمساڵدا نەمابوو. شەممەی ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق یارمەتیی بە شیکردنەوەی هۆی ئەم کارە کرد: ئەو ئیددیعای کرد کە هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانەکان بە تەواوی وڵاتیان لە داعش ڕزگار کردووە، بەڵام هەوڵی تەقاندنەوەی تەرمیناڵی ئوتوبوس لە نیویۆرک ڕۆژی دووشەممە دەری دەخا کە چۆن هەڕەشەی تێرۆریزم دەتوانێ سەرەڕای ئەوەی کە داعش ناوچەی ژێر دەسەڵاتی لەکیس دەدا، هەر وا درێژەی هەبێ.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 90 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact