. . . .


8 Mar 2018

كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی مەحكوم دەكەین


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکومکردنی تێرۆری قادر قادری، یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە كۆماری ئیسلامی باش بزانێ بەو كردەوە تیرۆریستییانە ورە‌ و هێز‌ و توانای شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووخاندنی دامودەزگای سەركوتگەر ‌و تیرۆریستپەروەری ڕێژیم زیاتر بەتینتر دەبێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە کە لە ماڵپەڕی ناوەندیی کۆمەڵەدا بڵاو بۆتەوە بەمجۆرەیە:

بەپێی ڕاگەیەندراوی سكرتاریای حیزبی دیموكراتی كوردستان، شەوی 15 لەسەر 16ی رەشەمە، كاك قادر قادری، فەرماندەی دێرینی حیزبی دیموكرات لە میحوەری بالیسان – چوارقوڕنە لە باشوری كوردستان، بەدەستڕێژی گوللەی ژمارەیەك چەكدار گیانی لەدەست دا.

تیرۆری گیانبەختكردو قادر قادری لەكاتێكدایە كە هەر چەند ڕۆژ لەوپێش لە كردەوەیەكی تیرۆریستیی دیكەدا، ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەناوی سەباح رەحمانی لەئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەكەی گیانی بەخت كرد.

ئەم دوو كردەوە تیرۆریستییە ‌و كردەوە تیرۆریستییەكانی دیكە ڕێژیم دژ بە حیزبەكانی دیكە لەوانە دژ بە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی دەزگای تیرۆری كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە لە باشووری كوردستان كەوتووەتە گەڕ‌ و پێشمەرگە‌ و كادر‌ و سەركردایەتیی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كردوەتە ئامانج.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەم كردەوە تیرۆریستییە مەحكوم دەكا ‌و داوا لە دەزگا ئەمنیەتییەكانی هەرێم ‌و بەرپرسانی دوو حیزبی سەرەكی باشوری كوردستان دەكا بۆ پاراستنی گیانی هەڵسوڕاوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ. هەر لێرەشەوە داوا لەمیدیاكان ‌و كۆڕ ‌و كۆمەڵە ڕوناكبیرییەكان ‌و خەڵكی بەشەڕەفی باشووری كوردستان دەكەین بەرامبەر بە دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی ‌و تەڕاتێنی تیرۆریستەكانی ڕێژیمی تاران لە خاكی باشووری كوردستاندا بێدەنگ نەبن.

كۆماری ئیسلامیش باش بزانێ بەو كردەوە تیرۆریستییانە ورە ‌و هێز‌ و توانای شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕووخانی دامودەزگای سەركوتگەر‌ و تیرۆریستپەروەری ڕێژیم زیاتر بە تینتر دەبێ.

بە بۆنەی گیانبەختكردنی كاك قادر قادری سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی سەركردایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان‌ و بنەماڵە ‌و هاوڕێیان ‌و كەسوكاری كاك قادر دەكەین ‌و خۆمان بە شەریكی خەمیان دەزانین.


كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

16ی رەشەمەی 1396 – 7ی مارسی 2018

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 185 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact