. . . .


8 Mar 2018

یەکێتیی دێموکراتی کوردستان تێرۆری قادر قادری، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی مەحکووم کرد


یەکێتیی دێموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک تێرۆری شەهید قادر قادری، کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی مەحکووم کرد. لە بەیاننامەیەدا هاتووە کە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هەڵوێستی جیددیان سەبارەت بەو ڕووداوانە هەبێ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێ ئاوڕ لەو مەترسییانە بداتەوە کە سەر لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بووە.

دەقی بەیاننامەکەی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان بەمجۆرەیە:
بەداخەوە هەواڵی دڵتەزێنی تیرۆری کادرێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوی کاک “قادر قادری”مان بیست. وەک یەکێتیی دێموکراتی کوردستان هاوخەمیی خۆمان بۆ لە دەستدانی ئەو شەهیدە دەردەبڕین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید قادر قادری و حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکەین.
کردەوەی تیرۆر لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا، کردەوەیەکی قیزەون و نامرۆڤانەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی سیاسەتە نگریس و ستەمکارییەکانیەوە و بۆ سەپاندنی ستەم و ترس و هەڕەشە، تیرۆر وەک چارەسەر بەکار دێنێ و هیچ سڵ لە کەڵکوەرگرتن لەو کردەوە قیزەونانە ناکاتەوە و چوار دەیە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پڕە لە کردەوەی تیرۆر و وەک دەوڵەت ماهییەتێکی تیرۆریستیی هەیە.
وەک یەکێتیی دێموکراتی کوردستان، هەموو جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ژێر هەر ناو بە هەر پاساوێک مەحکووم دەکەین و داواکارین کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستێکی جیددی وەرگرن و بەرپەرچی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەنەوە. لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش داواکارین کە مەترسیی سەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە جیددی وەرگرن، چوونکو ئەرکی پاراستنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە قورسایی لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە تیرۆرەکانی ئەم دواییە ڕوون بکرێتەوە و ئاکامەکانیشی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە.
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
٣/٧/٢٠١٨

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 152 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact