. . . .


4 Mar 2018

کۆنفرانسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی مارسی ٢٠١٨، کۆنفڕانسی کومیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نوروێژ، کە بە ناوی نوێترین شەهیدی حیزبەکەمان شەهید "تالیب بەساتی وەند" نێودێر کرا بوو، بە سەرپەرستیی بەڕێز سەعید بیگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و بە چاوەدێریی بەڕێزان هاشم رۆستەمی‌ و کوێستان گادانی ئەندامانی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێرەوی ناوخۆی حیزب و بەشداری بەرچاوی ئەندامانی حیزبی لەو وڵاتە بەڕێوە چوو. سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب‌" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب ‌و گەل دەستی پێکرد.
لە بڕگەی یەکەمی کاری کۆنفڕانسدا رێزدار هاشم رۆستەمی، لە پێوەندی لەگەڵ کار و ئەرکەکانی کۆنفڕانس و چاوەروانییە تەشکیلاتییەکان لە ئەندامانی حیزب، باسێکی پێشکەش کرد. دواتر بەڕێز سەردار مەرەسەنە، بەرپرسی پێشووی کومیتەی حیزب لە نۆروێژ، راپۆرتی کار و تێکۆشانی دوو ساڵی ڕابردووی پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفرانسدا، لە لایان بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لۆگۆی ریزلێنان پێشکەشی بەرپرس و ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ کرا. هەر لە درێژی ئەم بڕگەیەدا سەرجەم بەرپرسانی کۆمیتە ناوچەکان، راوێژکاران و هاوکارانی کۆمیتە، خەڵاتی رێزلێنان لە تێکۆشانیان، لە لایان بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا. دوا بە دوای پێشکەشکردنی خەلاتی رێزلێنان، دەرگای باس لەسەر راپۆرتی کۆمیتە و سەرجەم باسەکانی دیکەی پێوەندیدار بە حیزب کرایەوە. لەم بەشەدا بەشدارانی کۆنفڕانس زۆر چالاکانە، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بەشداری باسەکانیان کرد و بەوپەڕی دلسۆزی و سەرنجەوە پرسیار و سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان خستە روو. لە درێژەی کاری ئەم بەشەدا، بەرپرسی بەشەکان و بەرپرسی کۆمیتە، لە پێوەندی لەگەڵ راپۆرتی کۆمیتەدا، وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانیان دایەوە. ئەوجار کاک سەعید بەیگزادە بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، وێرای پێشکەشکردنی وتارێکی گرینگی سیاسی و تەشکیلاتی، وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیار و سەرنجانەی دایەوە کە پێوەندیان بە کاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵات و بابەتەکانی دیکەی پێوەندیدار بە سیاسەتی گشتی حیزبەوە هەبوو، بەشی کۆتایی کاری کۆنفرانس بۆ خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنەوەی کۆمیتەی تازەی حیزب لە وڵاتی نۆرویژ تەرخان کرا بوو، کە لەم بەشەدا ئەو هاوڕێیانەی کە ئامادەگی خۆیان بۆ قبووڵکردنی بەرپرسایەتی حیزبی راگەیاندبوو. لە پرۆسەیەکی دێموکراتیک و ئازاددا، بە دەنگی نهێنی ئەندامانی کۆنفراانسەکە ٧ کەس لە تێکۆشەرانی حیزب کە بریتین لە بەڕێزان:
١- هەمزە ئاگوشی
٢-سۆران شێرزاد
٣-حەسەن غەمبار
٤-حەلیمە ئیسماعیلی
٥-ساماڵ رەحمانی
٦-ئاریا ئەفشار
٧- کامران عەبدوڵاهی
بە ئەندامی ئەسڵی کۆمیتە هەڵبژێردران. هەروەها بەڕێزان کەریم ئاڵلاوەیسی و جەماڵ فەرخەپوور وەک ئەندامی جیگری کۆمیتە دەنگی متمانەی کۆنفرانسیان بەدەست هێنا.
دوای تەواوبوونی ئەو بەشە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا کە بە بەشداری و چاودێری بەرێزان کاک سەعید بەیگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، هاشـم رۆستەمی و دوکتور کوێستان گادانی ئەندامانی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی ناوخۆی حیزب بەڕێوە چوو، لەنێوان دوو کاندیددا، هاوڕێ سۆران شیرزاد بە دەنگی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتە، وەک بەرپرسی کۆمیتەی تازەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ هەڵبژێردرا. کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، وێرای سوپاس و پێزانین بۆ هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆنفرانس، بە تایبەتی ئەندامانی کومیتە ناوچەی (ئۆسلۆ). دەستخۆشی لە هەموو ئەو هاوڕێ بەڕێزانە دەکات کە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس و بەڕێوەبردنی ئەرکی چاوەدێری و پەزیرایی و سەرجەم بوارەکانی دیکە نەخش و رۆڵیان هەبووە . سوپاسی تایبەتیش پێشکەش بەو هاوڕێ بەڕێزانە دەکات کە سەدان کیلۆمەتر رێگەی سەختی زستانەیان بریبوو تا لەم کۆنفرانسەدا بەشدار بن.

کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- نۆروێژ
وێنەکانی ئەو کۆنفڕانسە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 376 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact