. . . .


12 Feb 2018

بەڕێوەچوونی جێژنی هاوبەشی دێموکراتەکان لە شاری ترۆندهایمی نۆرویژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: ئەندامان و لایەنگرانی دێموکراتەکان لە شاری ترۆندهایمی نۆڕوێژ پێکەوە لە ڕێ و ڕەسمێکی بە شکۆدا و بە بەشداری یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان و نوێنەری حیزبە کوردستانییەکان و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کوردستانیان، ڕێزیان لە ٢ی ڕێبەندان حەفتاودووهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان گرت.
جێژنی هاوبەشی دێموکراتەکان کە بە مەبەستی هاوڕیزی و تەبایی زیاتری دێموکراتەکان و هەر لەو سۆنگەیەوە ئاڕاستە کردنی پەیام بە ڕێبەرایەتی دوو بەشی دێموکرات بوو؛ بە پێشکەش کاری هاوڕێیان هۆزان ئاگوشی و هێڕش عابدی و بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی دوژمن شکێنی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
ئەو جار نۆرە گەیشتە پەیامی "هاوبەشی دێموکراتەکان" کە لایەن هاوڕێ عەزیز مەعرووفی،یەوە نووسرابوو و لە لایەن کاک کامران تەیموری پێشکەش کرا. پەیامی هاوبەشی دێموکراتەکان، وێڕای بەخێر هێنانی هاوڕییان و میوان و نوینەرانی هێزە کوردستانییەکان، لە سەر پێکهاتنی کۆمار کوتی: " کۆماری کوردستان" لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ لە شاری مەهاباد وەک پێتەختی کۆمار، بە هیممەت و لێوەشاوەیی و بە بڕیاری درووست و مێژوویانەی پێشەوای کورد، قازی محمەدی نەمر، دامەزرا. کۆماری کوردستان، وەک دەسەڵاتی نەتەوەیی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کورد، لە نێو جەرگەی تەپ و تۆزی وێرانەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی و لە ئاکامی سەرکەوتنی وڵاتە زلهێزەکان بە سەر بەرەی فاشیزم و هەر لەو سۆنگەیەوە کز و لەرزۆک بوونی دەسەڵاتی حەمە ڕەزا شای پەهلەوی لە ئێران و کوردستان بە تایبەتی و بە پێی هەل و مەرجی ئەو کاتی نێودەوڵەتی پێک هات.
بەشیکی گرینگ لە پەیامی "هاوبەشی دێموکراتەکان" تەرخان کرابوو بۆ یەکڕیزی و هاوخەباتیی دێموکراتەکان، لەو بارەوە بەڕێز تەیموری کوتی: ئێمە دێموکراتەکانی ناوچەی ترۆندهایم، ئەوساڵ پێکەوە یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە. وەها هەنگاوێک، وە نەبێ لە پڕ و لە خۆوە و هەنگاوێکی هەڵنەسێنگێندراو بێ، بەڵکو بە پێچەوانە بە هەست کردن بە روحی هاوخەباتیی، یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی و بە هەست کردن بە هەل و مەرجی ناسکی داهاتووی ناوچە و کوردستان، قۆزتنەوەی هەل و دەرفەتەکان و گەڕانەوەی هەیبەت و قورسایی و جێگەی شیاوی دیموکرات لە کوردستان و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هاوکیشە سیاسییەکان دایە. بە هەر پێوەر و بە هەر چەشنە ڕوانگەیەک لە دۆخی ئێستامان بروانین، درێژە کێشانی ئەو دۆخە نەخوازراوە پاساو هەڵناگرێ. زۆر دەمیکە کاتی ئەوە هاتووە، هەموو پێکەوە مشوورێک لە پەرتەوازەیی و نالێکی نێو ماڵی گەورەی دێموکرات بخۆین. لە سەر شانی یەک بە یەکی ئێمە ئەرکە، تێکڕا قۆڵ لە داڕشتنەوەی بناغەی تۆکمە و قایمی دێموکراتی یەکگرتوو کە هەموو لایەک تێیدا هەست بە براوەیی بکەن، هەڵماڵین. ئەو مینبەرەی پێشەوای کوردستان، سوێندی وەفاداری لێ خوارد و گیانی پاکی لە پێناو دانا، لێی دەوێین، بە پێی قۆناغ و گرینگی و پیرۆزیی خەباتەکەمان هەنگاوی بە کردەوە بۆ ئەو مەبەستە هەڵێنینەوە.
بەشێکی گرینگی دیکە لە پەیامەکە، تایبەت بوو بە ڕێژیمی فاشیزمی- مەزهەبی کۆماری ئیسلامی، لەو بارەوە بەڕێزی تەیموری کوتی: "رێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە درێژایی تەمەنیی، ٣٩ ساڵە رەبەقە، پشتیوانی لە دەستە و تاقمی ترۆریستی دەکات و داڵدەیان دەدات و دەستی لە ترۆر و ڕەشە کوژی و خۆش کردنی ئاوری ڕەگەزی و مەزهەبی نەگێڕاوەتەوە. پێویستیشە وەبیر کوردستانیانی هێژا بێنینەوە؛ دەسەڵاتی فاشیزمی- مەزهەبی کۆماری ئیسلامی، دۆست و پشتیوان و فریاد ڕەسی هیچ بەشێکی کوردستان نییە، شاهیدین زۆر جار بە نێوی پشتیوان و دۆستی کورد! و خۆ شیرن کردن، زۆر جاریش لە ڕێگەی هەڕەشە و گوڕەشە هەوڵی بنکۆڵ کردن و تێکچوونی دەستکەوتەکانی خەباتی کورد و هەوڵی چاندنی تۆوی دووبەرەکیی و کێشە و ناکۆکی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان و هێزە خەباتگێڕەکانی داوە، بۆیە پێمان وایە ئێستا کە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتی بەڕێوەن و سنورەکان خەریکن سەر لە نوێ دادەڕێژرێنەوە کورد دەبێ لە ئاست کار و کردوەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەموو کات زیاتر وریا و هوشیار بێ. ئەو رێژیمە نامەشڕووعە، کە تەمەنی نگریسی لە ژێر دەواری ڕەشی ئاژاوە و شەڕ دا هەتا ئێرەی هێناوە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە سەرچاوە و منداڵدانی ناسەقامگیری و پشێوی، دەنێو خۆدا لە گەڵ بەرەی ئازادیخواز کە بەرەی خەڵکە بەرەوڕوویە. خۆپێشاندانی ئەو دواییانەی نێو شارەکانی ئێران و کوردستان پەپامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەو رێژیمە کە خەڵکی ئازادیخواز لێی بێزارە و درەنگ یا زوو ئەو دەسەڵاتە شوومە مەحکوم بە نەمانە".
لە کۆتایی دا دێموکراتەکان بەم جۆرە هیوادارییان دەربڕیبوو؛ "لە یادی حەفتاودووهەمین ساڵی کۆماردا، وێڕای سوور بوونمان لە سەر یەکگرتوویی و هەوڵ بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی گەورەی دێموکرات پەیمانیش نوێ بکەینەوە بۆ ئامانجە پیرۆز و ڕەواکانی کۆماری کوردستان و هەنگاوە بەرز و پیرۆزەکەی پێشەوای نەمر تێ بکۆشین. هەر بەو پێیەش، بە گلێنەی چاوی کۆمار و دێموکراتی کوردستان و بە سۆمای چاوی ڕۆژهەڵات لە دەستکەوت و پێشەوەچوونەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەڕوانین".
دواتر کیژۆڵەی دەنگ خۆش ڕۆژان ئاگوشی، بە چەند گۆڕانییەکی شاد، جێژنی هاوبەشی دێموکراتەکانی ڕازاندەوە.
لە بڕگەی دواتر دا نۆرە گەیشتە کاک عارف نادری بۆ پێشکیش کردنی پەیامی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکانی چوار پارچەی کوردستان. پەیامی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان، باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر ڕوانگەی بیری نەتەوەیی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر و کۆمار کوردستان کردبوو. هیوایان خواست بوو دێموکراتەکان، هەنگاو بۆ یەکگرتنەوە هەلێننەوە. هەروەها دۆخی ئێستای کوردستان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەت هێرشی ناڕەوای تورکیە بۆ سەر عەفرین یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد بەشیکی گرینگی دیکە لە پەیامەکەیان بوو.ئەو هێزە و لایەنانە بریتی بوون لە ؛
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ( ی.ن.ک)
پارتی یەکێتی دێموکراتیک (پ.ی.د)
کۆما جڤاکێن کوردستان ( ک.ج.ک)
پارتی دێموکراتی کوردستان( پ.د.ک)
پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریا ( پەدەکەسە)
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سوریا ( ئەنەکەسە)
پاشان لە سەر داوای خۆیی نۆرە درا بە کاک عیرفان ڕەهنموون، لە سەر یەک چەند وتەیەک سەبارەت بە پەیام و هەنگاوی مێژوویی پێشەوا قازی و کۆماری کوردستان باس بکات. بەڕێزیان وێڕای قامک دانان لە سەر دۆخی پەرتەوازەیی نێومالی کورد بە گشتی هیوای خواست هەر دوو بەشی حیزبی دێموکرات کاری شێلگیر بکەن تاکو بنەمالەی گەورەی دێموکرات یەک بگریتەوە.
دواتر بابی لڤین بە پێشکێش کردنی چەند ستران بە زاراوەی شیرنی کرمانجی خۆش و خرۆشێکی تابیەتی بە جێژنەکە بەخشی.
لە درێژەی رێ و ڕەسمەکە دا، بزووتنەوەی گۆڕان، لە جیاتی پەیام، وەسیەتنامەی تۆمار کراوی پیشەوا قازی مەحمەد'یان بڵاو کردەوە. پەیامی پێشەوای کوردان، لە گەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوڕوو بوو.
لە دڕێژەی رێ و ڕەسمەکەدا، هاوڕێ ئاسۆ گولابی پەیامی یەکێتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خوێندەوە. هاوڕێ کاک ئاسۆ وێڕای وەرد دانەوەی قۆناغ و مێژووی ئەوکاتی پێکهاتنی کۆمار و گرنگی دانی کۆمار بە چین و توێژی لاوان، قامکی خستە سەر بەشداری پێکردنی ئەو توێژە گرینگە لە خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەمان.
هۆنراوەی " بۆ نیشتمانەکەم" هۆنراوەی هاوڕێی هەست ناسک کاک عەلی شەهید ئەحمەد پێشکێشی بەشداربووان کرد.
دوا بڕگە و بەشی جێژنەکە بۆ گرووپی موزیکی دیلان و دەنگ و چریکەی هاوڕی ڕامین شینانی و شایی و هەڵپەرکێ تەرخان کرابوو.
بۆ بینینی وێنەکان کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 619 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact