. . . .


6 Feb 2018

پانتۆمیمێکی پڕ «دەنگ و هەرا»


د. کوێستان گادانی

(خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ وێنه‌یه‌ک له‌ خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌م دواییانە لە ئێران)

خۆپیشاندانە جیاواز و بەربڵاوەکەی مانگی بەفرانباری ٩٦ لە ئێران دوایین ناڕەزایەتیدەربرین نابێ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا. لە نیزیک بە چوار دەیەی ڕابردوودا ئێمە شاهیدی دۆخی ئاڵۆزی نێوخۆیی ئێران بووین و هاوکات دیتمان کە ئەم ڕێژیمە بە مەبەستی پەرەسەندن و سەپاندنی ئیدۆلۆژیی سیاسیی خۆی ئەم ئاڵۆزییەی بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گواستۆتەوە، بێ خەبەر لەوەی ئەم چاڵەی بۆ دەراوسیەکانی هەلکەندبوو خۆی و ئیدۆلۆژییەکەی خەریکن تێیدا نقووم دەبن و حوکمی مەرگ و نەمانی بە دەستی خەڵکی نێوخۆی ئێران بۆ واژۆ دەکرێ.

ئەگەر ئاوڕێکی خیرا بە نێوەرۆک، پێکهاتە و دروشم و بەربڵاویی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار بدەینەوە، دەبینین کە سێ هۆکاری گرێدراو و بنەڕەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری تێدا زەق و بەرچاو بوو. دیارە جێگای پرسیار نیە کە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە لە سەر سیستمێکی ئیدۆلۆژیک دامەزراوە و سیاسەتی خۆی لە سەر پەرەپێدانی ئەم ئیدۆلۆژییە دادەرێژێ، جیاکردنەوەی کەرتی ئابووری و سیاسی بۆ ئەم حکومەتە لە توانا و خواستی ئەو دوورە. داڕشتنی هەر بەرنامەیەکی تۆکمە و پوختی سیاسی و ئابووری لە هەر حکومەتێکدا، ئەمنیەت و خۆشبژیویی بۆ کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە، شتێک کە خەڵکی ئێران بە گشتی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لێ بێبەش بوون. بۆیە ئەو ناڕەزایەتییانە نە چاوەڕەواننەکراو بوون و نە ناسروشتی، ئەوەش کە سەرنجی ڕاکێشام و بوو بە هۆکاری نووسینی ئەم چەند دێرە، ڕۆل و شێوەی دەربرینی نارەزایەتیی ژنان بوو لە خۆپیشاندانەکاندا.

ژنانی ئێران لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا کەم و زۆر هەمیشە پشک و ڕۆڵیان لە ئاڵوگۆڕەکاندا هەبووە. لێرەدا باس لە باشی یان خراپی دەسکەوتەکان نیە، ڕەنگبێ لە ڕوانگەی هیندێک کەس ڕۆلی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی پێش شۆڕشی مەشرووتە، دوای شۆڕشی مەشرووتە و هەروەها لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٣٥٧دا جێگەی ڕەخنە یان بەرزنرخاندن بێ، ئەوەی لێرەدا مەبەستی باسکردنە هاتنە سەر شەقام و دەربرینی ناڕەزایەتی بۆ گەیشتن بە خواستەکانە لە ڕێگەی کەلکوەرگرتن لە مێتودی نوێ.

ناکرێ و ناگونجێ لە نووسینێکی ئاوا کورتدا هەموو نموونەکان بێنینەوە و شەن و کەویان بکەین، بۆیە تەنیا باسی وێنەیەک دەکەم کە بە قەرا بێدەنگیی وێنەکە پەیامی پێ بوو. وێنەی سەرنجڕاکێش، وێنەیەکی نامۆ نیە، وێنەیەکی نەدیتراو نیە و هەمان وێنەیە کە سێ ئێلێمێنتی چاوترسێن و تۆقاندنی بۆ کۆماری ئیسلامی لە خۆی گرتووە کە ئەویش بریتین لە: ژن، شەقام و شۆڕش. سێ وشە کە هەر وشەیەی خۆی بە دەیان پەیام و سیمبولی تایبەت بە خۆی پێیە.

ڕۆژی ٧ی بەفرانبار ڕاست لە گەرمەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان ژنێکی لاوی ٣١ساڵە، هەم دایک، هەم كچ و هەم نەسلی پێگەیشتووی دوای ئینقلابی ئێران بە ناوی «ویدا موحد» بە هەلاوەسینی سەرپۆشی سپی، لە سەر شەقام، ئەویش لە شەقامی پڕ لە هاتوچۆی «ئینقلاب»ی شاری تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە حیجابی ئیجباری بۆ ماوەیەکی کەم بە خۆنواندنێکی «پانتۆمیمی» واتە بە بێدەنگی پەیامی خۆی و بە میلیۆن ژنی نارازیی دیکەی وڵاتی گەیاندە دەسەڵات و دنیای دەرەوە. بە هاتنی پیاوانی حکومەت بۆ سەر شەقام و دەستبەسەرکردنی ویدا پەردەی ئەم شانۆیە بە ڕواڵەت دادرایەوە، ناخافڵ لەوەی ویداکان لە شوێنێکی دیکە خەریکی نووسینەوەی شانویەکی دی بۆ نواندنن.

ئەم جۆرە هەڵوێستە هەڵگری چەند جۆر ئاماژە و پەیامی ڕوون و شاراوەی تایبەتییە:

یەکەم؛ ویدا دەیزانی چ چارەنووسێک و چ دژکردەوەیەک چاوەڕێیەتی، بەڵام دیسان دێتە سەر شەقام. ئەو ساغ بۆتەوە کۆرپەی ١٩ مانگەی خۆی بەجێ بێڵێ و بەرەوپیری مەرگ بچێ بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەی نوێ دەستەبەر بکا، یان لانیکەم بەو هیوایە گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.

دووهەم؛ ویدا بە هەڵاوەسینی سەرپۆشەکەی، ئەو سەرپۆشەی کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە شوناس و کەسایەتیی ڕەگەزیی دەستنیشان دەکا، ئەو بە وەلانان و هەڵاوەسینی ئەویش لە سەر شەقامی «ئینقلاب» بە بێدەنگی ئەو دەنگە هەڵدەبرێ: کە سەرپۆش ناتوانێ کەسایەتی و شوناسی ئەمنی ژن دیاری بکا، کە بە کپکردنی دەنگی ئێمە ناتوانن درێژە بە سیاسەتی بێزارکەرانەی خۆتان بدەن، کە ژنان چیدی فریوی دروشمەکانی ئێوە وەک عەداڵەتی کۆمەلایەتی و یەکسانیی سەردەمی شۆرشی ٥٧ی سەر شەقامی «ئینقلاب»ی ئێوە ناخۆن، کە ئێمەی ژن، ئەمن وەک ژن ئەمرۆ لە سەر شەقامێک کە تۆ شانازی بە ناوەکەی دەکەی؛ ڕاست لە سەر ئەم شەقامە بەم شێوەیە ئینقلابت دەگەڵ دەکەم کە بزانی بۆ منی ژن هەموو سوچ و پەنایەکی ئەم وڵاتە پڕە لە نەفرەت و بێزاری. بە بێدەنگی ناڕەزایەتیی خۆم دەردەبرم کە تابۆی نیزامەکەتم شکاندبێ، کە پێت بڵێم پێکهاتە و ڕوانگەی تۆ لە ئێران کۆتایی تەمەنێتی. هاتوومە سەر شەقام کە بە بێدەنگی و بێ هەست و خوست پێت بڵێم: نە بە بیانووی ئاژاوەگێری، نە بە بیانووی خەلک کۆکردنەوە، نە بە تۆمەتی لایەنگریی سیاسی، نە بە تۆمەتی دەسکیسیی خەڵکی بیانی ناتوانی لە ناوم بەری؛ هاتووم پێت بڵێم کە تەنیا بە بێدەنگییەکی چەند دەقەیی دەتوانم ترس و زەندەق لە تۆدا ببینم، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە تۆ لە بەر هێزی خەڵک خۆ ناگری و تەنانەت لە بێدەنگیی من دەترسی؛ چونکە باشتر لە هەموو کەس دەزانی کە بنەمای نیزامەکەت وەها هەرەسی هێناوە و هڵۆڵ بووە کە بە شەکانەوەی سەرپۆشی سەرم وەلەرزین دەکەوێ. هاتووم بڵێم کە ئێمە نە چی دیکە دەترسین و نە هیچی زیاترمان هەیە تا لە دەستی بدەین، بۆیە هاتووم بە بێدەنگی پێت بڵێم کە ئیدی بەسە، چونکە بە میلیۆن ژنی پەراوێزخراوی ئەم نیشتمانە لێ بڕاون کۆتایی بە نەهامەتییەکانی خۆیان و تەمەنی تۆ بێنن.

خوێندنەوە و ئاماژەدان بە هیندێک پەیام و هۆکاری ئەم جۆرە هەڵوێستگرتنە تەنیا بەم وێنەیە سنووردار ناکرێ، هاوکات دەبێ چاوەڕوانی زیان و دەسکەوتەکانی ئەم جۆرە هەڵوێستانەش بین. لە مێژووی تۆمارکراوی بزووتنەوەی ژنانی ئێران و بەشدارییان، بۆ نموونە هەر لە ڕوودای گریبایدوف و بزووتنەوەی تەنباکو ڕا بگرە تا ئەم خۆپێشاندانەی مانگی بەفرانبار؛ دەبینین کە ژنان زۆر جار لە پیش پیاواندا هەلوێست دەگرن ئەگەرچی مێتۆد و شێوەی نارەزایەتیدەربڕینیان جیاواز بێ؛ بەڵام گرینگتر لە بەشداربوون و هەڵوێستگرتن، هەبوونی بەرنامەو پلانێکی تۆکمەیە بۆ داهاتوو. ئەگەر باس لە سەرکەوتنی بزووتنەوەیەک بکەین، دەبێ سێ قۆناغی سەرەتایی خۆی تێپەرێنێ کە ئەویش دەتوانێ بریتی بێ لە: هۆکار، دەربرین و بەردەوامی نارەزایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانج.

خەڵکی ئێران بە گشتی و بزووتنەی ژنان بە تایبەتی قۆناغی یەکەم و دووهەمیان تێپەراندوە، بەڵام بۆ قۆناغی سێهەم (واتە بەردەوامی) تا ئێستاش بەرنامەدانانێکی باش، یان پلان و ئالترناتیوێک دیار نیە. ڕاستە دەزانین ئەم دەسەڵات و شێوە حکومەتکردنە جێگای پەسند نیە و قبول ناکرێ، بەڵام دەبێ لەسەر ئەوەش ساغ بووبیتنەوە کە بە دوای چیدا دەگەڕێین و چمان دەوێ و چۆنی بە دەست دێنین. کەواتە ئەگەر ویدا بە بێدەنگی خۆی سەدی بێدەنگیی شکاند و تابۆی پێناسەی ئۆلگۆی سێهەمی ژن (ژنێک نە شەرقی بێ نە غەربی، بەڵکوو ژنی موسلمانی ئێرانی) شکاند و بگرە بە سەدان ژنی دیکە گیانی خۆیان فیدای مسۆگەرکردنی ئازادیی نەوەی داهاتوو دەکەن، حەق وا نیە ژنانی دیکە لە پەراوێزدا بن و سەیرکەری گەمەکە بن. لەم هەلومەرجەدا ئەرکی ژن بە گشتی ئەوەیە کە پشتیوانی لەم جۆرە هەلوێستانە بکا، بەشدار بێ لە دارشتنەوەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و سیکۆلار،؛ بەرژەوەندیی تاک وەلا بنێ و کار بۆ هەموو کۆمەڵگە و بەتایبەتی چینی زوڵملێکراو بکا، بۆ ئەوەش کە لە ئاڵوگۆرێکی دیکەدا کەس خۆی لە پەراوێزدا نەبینێتەوە و هەموو پێکەوە ئەرکی بەڕێوبردنی وڵاتیان لە سەر شان بێ، دەبێ لە ئێستادا هەموو هەنگاوی بۆ هەڵبێننەوە و هەست بە بەرپرسایەتی بکەن.

شۆڕشێکی ژنانە تەنیا ژنی شۆرشگێری چەک لە شانی پێویست نیە، بەڵکوو بەشداریی بەرین و پشتیوانیی هەمەڕەهەندی ژنانی دەوێ. لە ئێستادا هەموومان دەبێ لە دەرفەتەکان بە باشترین شێوە کەلک وەرگرین و هەوڵ بدەین لە نموونەی «ویدا موحد» و ویداکان پەروەردە بکەین کە کۆمەلگا شانازیی پێوە بکا و نەهێڵین سەرلەنوێ کەسانی فورسەتتەلەبی وەک طاهرە دباغ (مرضیە حدیدچی) نوێنەرایەتیی ژن بکا کە بە سزادان و ئیدیۆلۆژی ئیسلامگەرایی خۆی، ژن بوون و مرۆڤبوونی لە زاتیدا نەمابوو. ئەگەر شانۆی «پانتۆمیمی» ویدا کۆمەڵگەی هەژاند و لە بێدەنگی وەخەبەری هێنان، بەڵام زەبر و سزای «طاهرە دەباغ» دەنگی ژن، واتە دەنگی کۆمەڵگەی بۆ ماوەیەکی زۆر خەواند و کپ کرد.

لە کۆتاییدا ماوە بڵێم کە چاوەڕێ نەبین کەسێکی دی بێ و داهاتووی ئێمە چێ بکا، با هەر لە ئێستاشدا نەژین و بە ئەزموون لە وانەکانی ڕابردوو بۆ داهاتوو بنواڕین و دادێی خۆمان بە دەستی خۆمان دابرێژین، بۆ ئەوەش تەنیا ڕێگا هاوبەشی و بەشداریکردنە لە ڕەوتی رووداوەکاندا، کەواتە ئەگەر تا ئێستا وەخەبەر نەهاتووین با بە شانۆ بێدەنگە پر لە پەیامەکەی ویدا و ویداکانی دوایە وەخەبەر بێین و تا لەوە درەنگتر نەبووە لەم قافلەیەش جێ نەمێنین؛ ئەگینا ڕێگای کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ نەوەی داهاتووشمان دەبێتە خەون.

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 150 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact