. . . .


5 Feb 2018

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مالمۆ،ی باشووری سوید


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی فیبریواری ٢٠١٨ی زایینی، کۆمەڵەی مالمۆ کورد بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٢هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕێورەسمێکی بەڕێوە برد. سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە کاک مەسعوود بەخیر‌هاتنی میوانان کرا. ئینجا چەند سروودێکی شؤڕشگێرانە کە لە لایەن کۆڕی هونەری کۆمەڵەی مالمۆ کورد ئامادە کرابوون و بە دەنگی زولالی کاک جەمال فەتحیان پێشکەش کران. بە دوای ئەوە دا بەڕێز دکتور بورهان یاسین مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی لوند و کەسایەتی سیاسی کورد باسێکی تێروتەسەل و پڕ ناوەرۆکی سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزرانی کۆماری کوردستان و ئاکام و دەستکەوتەکانی ئەو ڕووداوە مێژووییە مەزنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان پێشکەش کرد و هەلوومەرجی هەنووکەی کوردستان پێشکەش کرد. بەڕیز بورهان یاسن پێشەوا قازی محەمەد بە گاندی سەردەمی خۆی وەسف کرد و گوتی: دەکرێ قازی محەممەد بە گاندی کورد ناوبەرین، چونکا ئامادە بوو بە سەخاتەوە لە پێناو ئازادی گەلەکەی دا خۆی بخاتە مەترسییەوە و گیانی خۆی بەخت بکات. جێگەی ئاماژەیە کە هەر لەو سمینارە دا ئازاد بانەیی پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا مامە قالە شۆڕش کە لە کاتی دامەزرانی کۆمار دا لە تەمەنی ١٤ ساڵی دا لە شاری مەهاباد پێشمەرگە بووە چەند بیروەرییەکی ئەو سەردەمەی گێڕایەوە و پارجە هۆنراوەیەکیشی پێشکەش کرد. ئەو ڕیورەسمە بە سروودی شۆڕشگێرانە و گۆرانی تیپی هونەری کۆمەلەی مالمۆ کورد و هەڵپەڕکێی بەشداران تا درەنگای شەو درێژەی کێشا.
بۆ بینینی وێنەکان کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 132 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact