. . . .


4 Feb 2018

به‌ڕێوه‌چوون ڕێورەسمی ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزرانی كۆماری كوردستان له‌ ئاڵمان


ناوەندی هەواڵ- ئاڵمان: كۆمیته‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌ ئاڵمان ڕۆژی شه‌ممه‌ ٣ی فه‌ورییه‌ی ٢٠١٨ی زایینی بۆ ڕێزلێنان له‌ ساڵیادی كۆماری كوردستان مه‌ڕاسمێكی به‌شكۆی له‌شاری فڕانكفورت پێك هێنا.ئه‌و مه‌ڕاسمه‌ كه‌ به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب و كوردانی تاڕاوگه‌ی نێشتەجێ له‌ ئاڵمان و نوێنه‌رانی حیزب و ڕێکخراوە‌ كوردستانیه‌كان به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن پێشكه‌شكارانه‌وه‌ هاوڕێیان سه‌یران بایه‌زیدحوسێنی و خالق شه‌ریفی دوای به‌خێرهێنانی به‌شداران به‌سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب وساتێك بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان كرایه‌وه‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی كۆمیته‌ی حیزب له‌ ئاڵمان له‌ لایه‌ن هاوڕێیانی پێشكه‌شكار، بۆپشتیوانی له‌ زیندانیانی سیاسی وبه‌تایبه‌ت ڕامین حسێن په‌ناهی وهیدایه‌ت عبدووڵاپوور به‌ نیشانه‌ی وه‌فاداری هه‌ستانه‌ سه‌رپێ وحوكمی ناعادڵانەی سه‌پێندراو به‌سه‌ریاندا مه‌حكووم كرد.
داوا له‌ هاوڕێی به‌ڕێز و تێکۆشەری دێرینی حدک كاك عەبدووڵا عەبداڵی ئەندامی کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان كرا كه‌ بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان وتارێک پێشكەش بکات.
به‌ڕێزیان له‌ وته‌كانی خۆیدا باسێكی له‌ ساته‌كانی ڕاگه‌یاندنی كۆمار كرد كه‌ فرمێسكی شادی له چاوی به‌شداراندا قه‌تیس ما. له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانیدا گوتی كه‌ له‌ ٢ی ڕێبه‌ندانی ٢٦٤٥ی كوردی به‌رانبه‌ر به‌ ٢٢ی ژانویه‌ی ١٩٤٥ی زایینی له شاری مه‌هاباد یه‌كه‌م كۆماری كوردی واته‌ كۆماری كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشەوای مەزنی گەلی کورد قازی محەممەد و بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستان داده‌مه‌زرێت. خه‌ڵكێكی زۆر له ‌دوو شه‌قامی شاره‌كه‌ كه‌ تێكه‌ل به‌ چوارچرا ده‌بوونه‌وه‌، ئاپۆرایان به‌ستبوو وچاوه‌ڕێی‌ هاتنی پێشه‌وایان ده‌كرد.كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌به‌رده‌رگای مه‌حكه‌مه‌ چاوه‌روان بوو. جه‌نابی پێشه‌وا و كاك حاجی بابه‌شێخ به‌ كۆڵانی مه‌حكه‌مه‌دا به‌ره‌و چوارچرا شۆر ده‌بنه‌وه‌. له ‌سه‌فی پێشه‌وه‌ی پێشوازیدا ده‌ست له‌گه‌ل ژێنڕاڵ بارزانی و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی تر لێده‌ده‌نه‌وه‌وبه‌ره‌وچوارچرا به‌ڕێ ده‌كه‌ون.له‌وكاته‌دا ده‌بێته‌ چه‌پڵه‌ڕێزان وبه‌ ماڕشی كوردی وسروودی میللی كوردستان شار ده‌نگ ده‌داته‌وه‌.جه‌نابی پێشه‌وا پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌سه‌ر سه‌كۆی چێو كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سازكرابوو، داوا له ‌كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌كات كه‌ قورئان و نه‌خشه‌ی كوردستان و ئاڵای پیرۆزی كوردستان بێنن. به‌رپرسی شاره‌وانی به‌ڕێز غه‌نی خوسره‌وی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌و پیرۆزبایی له‌ جه‌نابی پێشه‌وا ده‌كات. جه‌نابیان سوێندی یاسایی ده‌خۆن وهه‌ر له‌و كاته‌شدا وشه‌ی پێشه‌وا كه‌ زۆر شیاووڕه‌وایه‌، به باڵای پێشه‌وا ده‌بڕدرێ و ده‌بێته‌ پێشكۆی قازی نه‌مر. سوێند به‌ خوا، به‌ كه‌لامی خوا وبه‌ نیشتیمان وبه‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان تا ئاخرین هه‌ناسه‌ی ژیان و تا ئاخرین تنۆكی خوێن به‌سه‌روماڵم پارێزگاری له‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئاڵای پیرۆزی ده‌كه‌م و وه‌فادار ده‌مێنمه‌وه‌، ئاخرین وتاری پێشه‌وای نه‌مر ده‌بێ له‌ چوارچرا. له‌و شوێنه‌ كه‌ له‌ پێناویدا سه‌ری دانا.ئه‌م ڕۆژه‌ ده‌بێته‌ خۆشترین ڕۆژ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی كورددا.
به‌ڕێز عه‌بداڵی هه‌ر له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ئاوڕێكیشی له‌ وه‌زعی ئێستای ئێران دایه‌وه‌وبه‌تایبه‌ت تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران وبه‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرینگی له‌ قه‌ڵه‌م دان كه‌ ده‌توانن ببنه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتایی هاتنی ڕێژیمی ئێران. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر شه‌رخوازیه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دژی كوردانی ڕۆژئاوا دوا و وێڕای مه‌حكووم كردنی هیوای خواست كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ئاست ئه‌و شه‌ره‌ ناڕه‌وایه‌ بێده‌نگی بشكنن و پشتیوانی حیزبی دێموكڕاتی بۆ گه‌لی ڕۆژئاوا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا هاوڕێ جه‌هانگیر قوربانی په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌مه‌ر هێرشی توركیه‌ بۆ ڕۆژئاو وعه‌فرین خوێنده‌وه‌‌. دواتر ژماره‌یه‌ك حیزب و لایه‌ن بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستانەوە په‌یامیان ناردبوو، په‌یامه‌كانیان پێشكه‌ش كران. كۆتایی ئه‌م به‌شه‌ بریتی بوو له‌ خۆیندنه‌وه‌ی په‌یامی یه‌كیه‌تی لاوانی دێموكڕاتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن به‌رێز بێهزاد كارساز. نێوئاخنی به‌رنا‌مه‌كه‌ش بریتی بوو له‌چه‌ندین پارچه‌ هه‌ڵبه‌ست و شێعر ‌له‌ لایه‌ن پێشكه‌شكارانه‌وه‌ .
له‌ كۆتایدا هونه‌رمه‌ندان عه‌لای سه‌لاحیان، محمد بۆكانی وگرووپی هه‌ندرێن به‌ چه‌ندین ئاوازوگۆرانی كۆڕه‌كه‌یان ڕازانده‌وه‌.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی ئاڵمان
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 337 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact