. . . .


23 Jan 2018

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بە بۆنەی یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بریتانیا


بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی ٧٢مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی جانیوێری ٢٠١٨ کاتژمێری ٢ی پاشنیوەرۆ سیمینارێک بە بەشداری کوردانی دانیشتووی بریتانیا و ژمارەیەک کەسایەتی و نوێنەری حیزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو.

ئەم سیمینارە کە لە ژێر ناوی “کۆمار و پرسی بە دەوڵەتبوونی کورد” دا بوو، لە لایەن کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری مەڵبەندی رۆشنبیری کورد لە لەندەن و یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەلاتی کوردستان رێکخرابوو.

سیمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” کە لە لایەن کۆڕی سرودی “یەکیەتی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان” پێشکەش کرا، پاشان دەقیقەیەك بێدەنگی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن خاتوو بەفرین مەحمودی پێشکەشکاری رێورەسمەکەوە بەخێرهاتنی میوانەکان کرا.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا “رزگار قادر زادە”، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە بریتانیا، بە نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بە خێرهێنانی میوانەکان ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و دۆخی هەنووکەیی پرسی کورد لە پارچەکانی کوردستان و پێداگریی لەسەر زەروورەتی تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کردەوە. “رزگار قادرزادە” لە درێژەی وتەکانی دا بە ئاماژە بەوەی کە بە درێژایی مێژوو کورد بۆ دامەزرانی کیانێکی سەربەخۆ خەباتی کردووە و تا ئێستاش ئەو ئامانجە بنەڕەتییە وەدی نەهاتووە، تیشکی خستە سەر گرنگیی تەورەی سیمینارەکە.

دوای پەیامی کومیتەی حیزب، بەرێز “کاروان جەمال تاهیر”، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوونی سیمینارەکە کرد و وتی: ئەمساڵ جیهان یادی ١٠٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم دەکاتە کە لە ئەنجامی رێککەوتنەکانی دوای جەنگدا، کوردستان دابەشکرایەوە و رێگە نەدرا کورد کیانی خۆی هەبێ و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێ.

کاروان جەمال تاهیر لە درێژەی وتەکانیدا بە لە بەرچاوگرتنی ئەزموونی کۆماری کوردستان و ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کورد ئەو تەنگژانەی بەرۆکی گرتووە بڕەوێنەوە و ویستی بنەڕەتی کورد کە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆیە بێتە دی.

لە درێژەی ئەم رێورەسمەدا نوێنەرانی: “پارتی دیموکراتی کوردستان”، “هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی” و “حیزبی تەزامونی دیموکراتی ئەهواز” بە بۆنەی یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامیان پێشکەش کرد.

لە کۆتایی بەشی یەکەمی ئەم رێورەسمەدا سرودی “رێبەندان” کە لە لایەن گرووپی سروودی “یەکیەتی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان” ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.

لە بەشی دووەمی ئەم یادەدا تەوەری سەرەکی سیمینارەکە (واتە: کۆمار و پرسی بە دەوڵەت بوونی کورد) خرایە بەر باس و گەنگشە. لەم بەشەدا “مادح ئەحمەدی” بە ئاماژە بە ڕابردووی گوتاری سەربەخۆیی کورد کورتەیەکی لەسەر کۆمار و پرسی سەربەخۆیخوازبوونی کۆمار و ئەو روانگانەی کە لەو پێوەندییەدا لە ئارادان خستەڕوو و پاشان لە چوارچیوەی دیالۆگێکی کراوەدا ئەم پرسە لە لایەن دوکتور “سەعید شەمس″ەوە قسەی لەسەر کرا.

د. سەعید شەمس سەرەتا لە روانگە فەلسەفەی مێژووییەوە ڕخنەی لەو دوو خوێندنەوەیە کە بۆ پرسی سەربەخۆیی خواز بوون و یان خودموختاری خواز بوونی کۆماری کوردستان دەکرێت، گرت. سەعید سەمس ئاماژەی بەوەدا ئەو دوو خوێندنەوەیە بۆ کۆماری کوردستان زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی رووداوەکانی سەردەمی خۆیان و لەو روانگەیە خوێندنەوەیان بۆ کۆماری کوردستان کردووە. سەعید شەمس بە ئاماژە بەم دوو خوێندنەوە دژ بە یەکە بۆ کۆمار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە نێوان ئەو دوو خوێندنەوەیەدا خوێندنەوە و روانگەیەکی دیکەش هەیە.

سەعید شەمس بە لە بەرچاو گرتنی مۆدیلی دەسەڵاتدارێتی و هەلومەرجی دامەزرانی کۆماری کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرپرسانی باشووری کوردستان لە حوکمڕانی و هەنگاو نان بۆ سەربەخۆیی نەیانتوانیوە ئەزموون لە کۆماری کوردستان وەربگرن.

لەدرێژەی ئەم باسەدا ژمارەیەک لە ئامادەبووانی کۆڕەکە سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو و دواتر لە لایەن دوکتور سەعید شەمسەوە قسەیان لەسەر کرا.

جێگای ئاماژەیە کە خاتوو بەفرین مەحمودی وەك پێشکەشکاری رێورەسمەکە بۆ نێو ئاخنی بەرنامەکە بە پەخشان و شیعر بەرنامەکەی رازاوەتر کرد.

ئەم سیمینارە زیاتر لە سێ کاتژمێی خایاند و لە هەمان رۆژیشدا پێشانگای هونەرمەند “سمایل ماملێ” کە تایبەت بوو بە وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەنامە لە سەر کۆماری کوردستان لە مەڵبەندی رۆشنبیری کورد لە لەندەن کرایەوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆمارەوە پەیامیان هەبوو کە لە بەر نەبوونی کات تەنیا ناوەکانیان خوێندرایەوە:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
” ئاکام ڕەسووڵی” بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بریتانیا
” محەممەد ئەفەندی”یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە بریتانیا
حیزبی مردمی بلوچستان
پارتی ئازادی کوردستان سوریە
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا
وێنەکانی ئەو سمینارە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 8773 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact