. . . .


8 Jan 2018

ماڵی ئاغا


عەباس موحەممەدی
ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی کە لە کەمپی ئاڵتاشی ڕۆمادیە گەڕاینەوە بۆ کرماشان، هیچ شتێک بە قەدەر دیتنی دۆستانی کۆن دڵی باپیری منی خۆش نەکرد. دۆستە کۆنەکانیشی زۆربەیان یارسان بوون و باخ و بۆیسانیان هەبوو لە دەوری ڕووباری ئەڵوەن. کاتێک کە دەچوو جاروبار منیش لەگەڵی دەڕۆیشتم. دەست مۆچانی کوردی و چایی و جگەرە و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ساڵەکانی دووری و نیگای پڕ لە سۆز و خۆشەویستی لە بن سێبەری دارێک و لە کۆتایی خواحافیزیەک تا دیدارێکی تر. باپیرم دەیوت کە پێش شۆڕش و شەڕی ئێران و ئێراق چەند ڕەفیقی تری هەبووە کە جوولەکە بوون، دانیال و داوود، بەڵام کە خۆمەینی خوێنمژ و دارودەستەکەی هاتنە سەر کارەوە، ئیتر شوێنی ئەوان نەبوو، هەموو شتیان لێ تێک چوو و چوون بەرەو ئیسرائیلەوە.
لە دوای ئەوەی کە ماڵی باپیرم ڕوخسەتی ئەوەیان پێدرا بگەڕێنەوە بۆ لادێ و ژیانی سەر زەویەکانیان دوای ئەو هەموو ترس و لەرزە کە بۆیان درووستببوو لە لایەن حکوومەتەوە، هەرلەسەرەتاوە غەریبی و بێکەسیەک لە لای ئەوان و خەڵک دەرکەوت. حکوومەتی ئاخوندی و شیعەیان بۆ بێگانە بوو وە هیچ ڕێگەیەکیان نەدەبینی، یان کەسێکیان تێدا نەبوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان. قوتابخانەکان و ئیدارە حکوومەتیەکانیش دەستەیەک فارسی هاوردە ئیدارەیان ئەکرد. لەسەر خاکی خۆمان غەریبە بووین. وە نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو حکوومەت بە چاوێکی نامۆ و بێگانە و وەتەن فرۆش چاویان لە خەڵکی گەڕاوە ئەکرد.
لە لایەکی تر یارسانەکان و پەیوەندی نوێ لەگەڵ ئەوان بۆ دوو نەوەی پێگەیشتووی گەڕاوە لە کەمپەکانی ئێراق کارێکی ئاسان نەبوو. بە تایبەت دوای مەرگی باپیرم ئیتر دۆستی و نزیکی لەگەڵ یارسانەکان لە نێو بنەماڵەی ئێمە نەما. من تەنها لە قوتابخانە ئەوانم ئەبینی و دۆستایەتیم هەر لەوێ لەگەڵیان هەبوو. خۆشیش ئەو کاتە بوو کە بە دەم و پلی کوردی لە جیاتی ئەوەی کوردی بخوێنین و قسە بکەین، زەختمان لە خۆمان ئەکرد و بە فارسیەکی شەق و شکاو قسەمان ئەکرد.
وردە وردە، زیاتر لە 'بحران لا یلتیقان' ئێمە وەک سێ دەریا، لەگەڵ ئەوەی کە لە ناو یەکدی بووین بەڵام هەرگیز تێکەڵی یەکدی نەدەبووین.
شتەکان هەروەهاش نەما، بەڵکو کاریگەریەکانی ڕۆمادی وە دوایی کە خەڵک بە هۆی گرووپە توندە ئیسلامیەکان ڕوویان لە دین و ئیسلامەتی کرد، شەقی قووڵتری درووست کرد و هەست بە جودایی لە ناوی ئێمە زۆرتر و فراوانتر بوو. یارسانەکان کە ئێمە بە قەڵخانیەکان بانگمان ئەکرد، ئەوانیش ئێمەیان بە کەڕە جاف بانگ ئەکرد. بە ئێمەیان ئەوت 'ڕێوی خوەرەیل' مەبەستیان ئەوە بوو کە ئێوە ڕێوی کە گۆشتی بۆ خواردن نیە ئەیخۆن، وە ئێمەش بەوانمان ئەوت ' بەرازخوەرەیل' گۆشتی بەرازیش لای ئێمە پیس بوو. کوردبوونی ئەوان بە سفت بەستنی شاڵەکانیان، وە سمێلەکانیانەوە زۆر دیار بوو. پیاوی یارسان هەر بە سمێڵەکەی دەناسرایەوە. هەروەها یارسانەکان هەستیارتر بوون لە ناونانی منداڵەکانیان، دوو وشەی 'یار و موراد' م زۆر لە پێش و پاشی ناوەکانیان ئەبیست. بەڵام کوردە سونیەکان سمێڵیان کورت ئەکرتەوە و ناوە دینیە ئیسلامیەکانیان هەڵدەبژراد بۆ منداڵەکانیان.
کاتێک کە برا چکۆلەکەم تازە لە دایک ببوو، باوکم ڕۆیشت ناوی بنێ، کابرای حکوومەت وتبووی ناوی چی ئەنێت؟ باوکم وتبووی ئاسۆ، ئەویش وتبووی ئاسۆ چیە، دەبێت ناوی یەکێک لە ئیمامەکانی پێوە بنێیت. باوکم کەوتبووە ڕق لە گەڵیدا وتی هەر لە داخی تۆ ناوی ئەنێم عومەر!
کابرای حکوومەت تۆقا بوو، وتبووی باشە ناوی بە ئاسۆ ئەنووسم، قبووڵمە!
باوکم لە ڕقی ئەوەی کە ئاوەها دژی کورد و خراپتر ڕقیان لە ناوی عومەر بوو، وتی هەر ناوی ئەبێت ببێت بە عومەر و عومەری بڕا لەسەر براکەما.
بە جۆرێک کە بڵێن ئێمە زیاتر ڕقمان لە سونی بوونی ئێوەیە، وایاندەکرد خەڵک بەو بیرە بچێت کە سونی بوون لە لای حکوومەت ناخۆشترە تا کورد بوون. هەر ئەمە ئەبووە هۆی ئەوەی کە خەڵک جۆرێک سەردەرگوم بکەن لە ناسینەوەی ناسنامەی خۆیان.
لە لایەکی تر بە ئاشکرا و نهێنی، حکوومەت زەختی لە یارسانەکان دەکرد ببن بە شیعە و بیانتوێننەوە لە دام و دەزگا حکوومەتیەکان بە پێدانی کارێکی ئیداری و حکوومەتی کە ئەو کاتە و ئێستەش سەختە. بۆیە هەندێک لە گەنجان و بنەماڵەکان بەس بۆ ئەوەی کە سەرچاوەی داهاتێکیان هەبێت ناچار دەبوون بەم کارە. دەسڵات هەستی بەوە کردبوو کە کاری توانەوەی یارسان زۆر ئاسانترە. وە جۆرە هەستێکی کەمبوون یان ئەوەی کە بڵێن ئێوە هیچ نین وەرن با بتانکەین بە شتێک، لە لایەن حکوومەت ئلقا کرابوو بە یارسانەکان.
کوردە گەڕاوەکانی ڕۆمادی لە شاری سەرپێڵی زەهاو مزگەوتێکیان هەبوو بەڵام گەورەیەکی گەورەیان نەبوو، کەسێک یان کەسانێکیان نەبوو کە پشتی پێوە بدەن و دڵیان پێیانەوە خۆش بێت. مامۆستا موحمەممەدی ڕەبیعیان هەبوو کە ئەویش ئیمامی مزگەوتی شاری کرماشان بوو. مامۆستا ڕەبیعی بوێر بوو و زۆر قسەی لەسەر درۆ و دەلەسەی ئاخوندی دەسڵات ئەکرد، ئەیزانی پیسن و بە هیچ ئاوێک پاک نابنەوە تا ئەوە کە ئیتڵاعات تیرۆریانکرد. یارسانەکانیش ئاغا سەید نەسرەدینیان هەبوو و هەیە، پیاوێکی خاوەن دیوەخان کە لە لایان پیرۆزە، سوێندیان بە ماڵی ئاغا ئەخوارد و گوێڕایەڵی بوون. بەڵام ئاغا سەید نەسرەدین بەهەر هۆیەک بێت هەوساری دەسڵاتی بۆ ئاخوندەکانی حکوومەت شل کردبوو. ئیتر ماڵی ئاغا و سوێند خواردن بە ماڵی ئاغا جۆرێک سیمبۆلیک بوو، پەیام و خواستە سیاسیەکانیشی کە دەبوو هەیبێت و دەریببڕێت، لە ژێر چاودێری کۆماری ئیسلامی بوو. کۆماری ئیسلامیش لای هەموو کەس ڕوونە چ دەسڵاتێکی ستەمکارو فێڵباز و دڕندەیە.
باروودۆخەکە لەو کاتە کە کوردە سونیەکان پەیوندیەکانی نێوخۆییان بە دینیانەوە پتەوترکرد و مزگەوتەکانیان قەرەباڵگتر کرد و سەنگەریان گرت دژ بە شیعەکان هەریەکەو لە لایەک بە ئاشکرا و نائاشکرا، چووە قۆناخێکی شەڕگێڕانەوە یان شەڕێکی سارد هەتاوەکوو ئێستە. بەڵام یارسانەکان بەهۆی ئەوە کە سەکۆیەک و بڵندگۆیەکی ڕێگە پێدراویان پێنەدرابوو و هەوڵی هەڵسانەوە لە ناویان نەبوو وەک ئایینێک- لە دیدی منەوە- رۆژ بە ڕۆژ لە لایەن کۆماری ئیسلامی دەتوێنرانەوە و نزیکبوونیان لە شیعەی دەسڵات زیاتر ئەبوو و ئەوەندەی تر گۆمەکە لێڵ بوو لە خەڵکە داماوەکە کە جگە لە سوێند خواردن بە ماڵی ئاغا و داوود و باوایادگار، بە عەلی و حوسەین و قورئانیش سوێندیان ئەخوارد. یارسانەکان جەمخانەیەکیان لە شاری سەرپێڵ هەبوو، بەڵام هەڕەشە و گووڕەشەی حکوومەت نەیدەهێشت کە بناسرێت و بیکەن بە بنکەیەکی ئاوەدانی ئایینی و فەرهەنگی فەرمی خۆیان.
یارسانەکان ئامادە بوون خۆیان بکەن بە قوربانی ئاغا و ماڵی ئاغا، هەرچی بوتایەت لە لایان فرمانی حەق بوو دەبوو جێبەجێ بکرابایەت. بەڵام ئاغا بێدەنگ بوو لەبەرانبەر ئەو توانەوەی کە لە ئاستی ئەوان دەکرا. بێدەنگیەکەشی ئەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ گووشار و خواستەکانی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی ترەوە هەستم بەوە دەکرد کە جەنابی ئاغا شتێکی تایبەتی بۆ وتن پێنەبوو لەسەر ئەم پرسە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کاتێک کە پەیوەندیەکانی ئێران و ئاڵمان لە کاتی پاشایەتی باش بوو، دەستەیەک لە پسپۆڕانی ئاڵمانی هاتبوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەیەک لەوێ خەریکی لێکۆڵینەوە بوون. بماند کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر چی کردووە و چیان بۆ گرنگ بووە. ئەوانەش هەر لە خۆیانەوە نەهاتبوون بۆ کرماشان بۆ لێکۆڵینەوە، سیاسیەکانیان وەک هیتلەر خوێنی ئاریایی بۆ گرنگ بووە، وە نیچە لە لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەکانی ستایشی ڕەسەنایەتی و بڵندیخوازی زەردەشتیەکانی کردبوو. بۆیە ئاڵمانەکان ویستیان بنەوایەکی پتەوی فەرهەنگی دامەرزێنن کە ڕەگ و ڕیشەی لە زەردەشتیەکان هەبێت. سمێڵە فشەکەی نیچەش هەر لە خۆوە نەبوو، بەڵکو بەجۆرێک ئەویش هاتبووە سەر دینە فەرامۆش کراوەکەی ئاغا!
هیوای ئەوەم هەیە کە هەموو هۆز و بنەماڵە کوردیەکان لە لادێ و دەشت و کوێستانەکان، زۆرینەکان و کەمینەکان، لە موسوڵمانەکان، یارسانەکان و مەسیحیەکان، وە هەموو و چین و توێژەکان لە شارەکان، کرماشان و ئیلام و لوڕستان، هەست و نەستی کوردایەتی ببێتە هۆی ئەوە کە پارێزەری یەکدی ببن و دژ بە توانەوە و سووکایەتی کۆماری نائیسلامی ئێران ڕابوەستن هەتا ئەو ڕۆژەی کە خەڵک ڕیشەی ئەو دەسڵاتە زاڵمە- بە بێ ئەوەی خاک لەگەڵ ڕیشەکە بێتە دەرەوە- دەرئەهێنن.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 86 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact