. . . .


6 Jan 2018

گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێگای بەرپەرچدانەوەی شەڕەنگێزیی ئێران


فاکس نیوز - مایکڵ ماکۆفسکی
وەرگێڕانی لە ئینگلیسییەوە: کەمال حەسەنپوور

پەرە ئەستاندنی دەسەڵاتی جوگرافیای سیاسیی ئێران بەرچاوترین و مەترسیدارترین ڕووداوی ئەم سەدەیە لە خۆرهەڵاتی ناوین. بەڵام لە کاتێکدا کە ستراتێژی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بە دروستی ئێران وەک یەکێک لە هەڕەشە گرینگەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستنیشان دەکا، ستراتێژییەکی بەکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی پەرەئەستێنی ناوچەیی ئێران دیاریی ناکا.
سەرۆک کۆمار ترامپ دەبوو لاسایی سەرۆک کۆمار ڕەیگان بکاتەوە کە ستراتێژییەکی هەڵمەتبەرانەی بۆ بنکۆڵ کردنی یەکیەتی سۆڤیەت گرتە پێش کە پشتیوانیی کردن لە گشت سەرهەڵدانە دژە کۆمۆنیستییەکان لە سەرتاسەری جیهانی لەخۆ گرتبوو. ئەمڕۆ، ئامریکا دەبێ پشتگیریی لەم هێزە ناوخۆییانە بکات کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدەن و دژی دەسەڵاتی ئێرانن.
بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی ستراتێژیکی ئێران پێویستی بە حوزوری بەردەوامی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یارمەتیی سەربازیی بۆ هێزە ناوچەییەکان لە سورییە و عێراق هەیە. ئەمە هەروەها دەخوازێ کە یارمەتیی زۆرتر بە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە، وەک ئیسڕائیل و ئۆردۆن بکەین، کە دەبێ پێش بە هەوڵە تیکدەرانەکانی ئێران و بەکرێگیراوانی بگرن. بەڵام ئەم هەڵوێستە بەرگرییکەرانە تەنانەت بۆ پێشگرتن بە ئێران بەس نییە، جا چ بگا بەوەی کە ڕیبازەکەی پێ بگۆڕێ.
ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە ئیعتراف بەو ڕاستییە لەبارەی سورییە، عێراق، لوبنان و یەمەن بکا: ئەمانە وڵاتانێکی ناسەرکەوتوو و دەستکردن کە لە ژێر دەسەڵاتی ئێران دان. ئێران کەڵکی خراپی لە تێک ڕمانی خەلافەتی داعش بۆ پەرە پێدانی دەسەڵاتی خۆی لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ساختاری سیاسی هەنووکەیی خۆرهەڵاتی ناوین لە خزمەت بەرژەوەندی ئێران دایە و کاتی کۆتایی پێهێنانی هاتووە.
بەردەوامیی سورییە، عێراق، لوبنان و یەمەن بە شێوەی ئێستا ناسرووشتییە و لەخزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێران دایە. هیچ شتێکی پیرۆز لە بارەی سنووری ئەم وڵاتانە بوونی نییە کە وێدەچێ لەلایەن نەخشە کێشێکی سەرخۆش و چاوبەستراوەوە کێشرابنەوە. بێگومان، داعش و ئێران هەر ئێستا بە پاشگوێ خستنی ئەم سنوورانە بێ مانایی و ناسەردەمیانە بوونی ئەوانیان نیشان داوە.
سورییە، عێراق، لوبنان و یەمەن دەوڵەت- نەتەوە نین بەم شێوەیە کە ئامریاکییەکان لێی تێدەگەن، بەڵکو وڵاتانی دەستکردی دوای شەڕی جیهانیی، کە زۆرتر لە پاشماوەکانی ئیمپراتوریی عوسمانی وەک ئەزمونێکی شکستخواردووی مەزن لە لایەن ڕێبەرانی ناوەنەتەوەییەوە، پێکهاتوون.
ئەم چوار وڵاتە بە کەلێنە قووڵە ئێتنیکی و تایفییەکانیانەوە یا لە لایەن حوکومەتە سەرەڕۆکانەوە پارێزراون یا بە هۆی خوێنڕێژیی تایفی.
بێگومان، خاڵی لاوازیی سەرەکی ستراتێژی ناوچەیی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دڕندەی ئێران کە خاوەنی کەلێنی قووڵی ئێتنیکی و تایفییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ کەڵک لەم لاوازییە بە پشتیوانیی کردن لەم هێزانە لە سورییە، عێراق، لوبنان و یەمەن وەرگرێ کە دژی نفوزی ئێرانن و داوای سەربەخۆیی زیاتر و جیابوونەوە لە پایتەختەکانیان دەکەن.
ئاکامەکە دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی ئەم دەوڵەتە فەشەلانە بۆ سیستەمی کۆنفێدراڵی یا وڵاتی نوێ کە سنوورەکانیان سرووشتی‌تر ڕەنگدانەوەی هێڵە تایفییەکان بێ.
هەر چەشنە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و سنوورەکان گەلێک ئاڵۆزە، و ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێ ئاکامەکەی دیاریی بکا. بەڵام ئێمە دەتوانین کاریگەریمان لەسەریان هەبێ. پێویستە ئێمە هەرکام لەم وڵاتانە لە ڕوانگەی تایبەتمەندی و مێژوویان بخەینە ژێر لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ و پێش بڕیار دان لەبارەی سیاسەتێک لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان ڕاوێژ بکەین.
ئەمە نموونەی هەندێک ئاکامی سیاسین کە لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێیان بگا:
- ئێمە لەوانەیە دەستبەرداری دابین کردنی چەکوچۆڵ بۆ عێراق بین و بڕیاری پشتیوانی و یارمەتی بەهێزی سەربازیی بۆ دەوڵەتی کوردی لە عێراق بدەین، کاتێک کە ئەوان یەک بگرن و چاکسازیی لە دەوڵەتدرایی دا بکەن. ئێمە دەتوانین پشتگیریی لە فێدێڕالیزم بۆ باقی عێراق بکەین.
- بۆ سورییە، ئێمە دەتوانین داوای کونفێدڕاڵی لە سەر بنەمای ئەتنیکی یا وڵاتی جیاواز کە لەگەڵ یەکتر هاوسەنگ بن بکەین. عەلەوییەکان کە ئێران پشتگیرییان دەکا بە درێژایی کەنار دەریا، کوردەکان لە باکووری خۆرهەڵات، و سوننییە عەڕەبەکان لە ناوەندی وڵات. ئێمە هەروەها دەتوانین دژە شیعە نەبوونی خۆمان بە باشتر کردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئازەربایجان، وڵاتێکی شیعەی سێکولار کە هاوسنووری ئێرانە و داوای پەیوەندیی نزیکتر لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکا نیشان بدەین.
سوودێکی چاوەڕوانکراوی ئەم هەڵوێستە ئەمەیە کە گرژییەکان لەناو خۆی ئێران، کە خاوەنی حەشیمەتێکی بەرچاوی کورد و ئازەرییە، پەرە دەستێنن و بەم شێوەیە ڕێژیمی ڕادیکاڵی تاران لاواز دەبێ.
هەندێک کەس لەوانەیە دەلیل بێننەوە کە ئەم هەڵوێستە ناعەمەلی، تێکدەری سەقامگیریی و دابینکەری دەرفەتی نوێ بۆ ئێرانە.
ڕەنگبێ وا بێ، بەڵام ئاراستەی هەنووکەیی ناوچەکە مەترسیدارترە. ئەرکەکە کەوتۆتە سەر شانی ویلایەتە یەکگرتووەکان تا سیاسەتی خۆی بۆ نەهێشتنی سنوورەکان و بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزیی ئێران بگونجێنێ.
ئێران بە دەستکەوتەکانی تائێستای ڕازی نییە، ئەمە بۆتە هۆی هاندانی ڕێژیمە تووندڕەوەکەی تا بە تەمای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ناوچە و لەناو بردنی ئیسڕائیل بێ. بە دامەزراندنی پێگە و ناوەندی بەرهەمهێنانی مووشەک لە سورییە کە دەبێتە هۆی کرانەوەی بەرەی دووهەم لە باکووری ئیسڕائیل، شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل هەر دێتو نزیکتر دەبێتەوە.
جگە لەمە، ئامریکا دەبێ سەرنج بداتە سەر بەرنامەی گەشە پێدانی مووشەکی بالیستیکی هەڵگری چەکی ناوەکیی کە دەتوانێ لە کۆتایی دا بگاتە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
وڵاتانی دەستکرد بە سەرکەوتوویی ڕێژەیی لە ڕابردوو دا جیابوونەوە و لێکهەڵوەشانیان بە خۆوە دیتووە، بۆ وێنە یەکیەتی سۆڤیەت، یوگوسلاوی و چێکوسلۆڤاکیا، کە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیی پێكهاتبوون. بۆسنیا و هەرزێگۆڤینا توانیویانە وەک سیستەمێکی کۆنفێدڕال سەرکەوتوو بن.
سەرۆک کۆمار ترامپ دەبێ هەڵوێستێکی هێرشبەرانە بەرامبەر بە ئێران بگرێتە بەر. پێکهاتەی سیاسی هەنووکەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئێرانە و کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی پێبێ.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 188 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact