. . . .


23 Dec 2017

عەبدوڵڵا حەسەنزادە: پێـشمەرگە شەڕکردنەکەشی هەر لە پێناو ئاشتیدا بووە


دیمانە: عەلی بداغی
(٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە. ئەو ڕۆژە لە مێژ ساڵە لە نەستی هەموو تاکێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێی گرتوە و ٣٣ ساڵیشە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە یادی دەکرێتەوە و بۆنە و ڕێوڕەسمی بۆ دەگیرێ.
ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و لە سەر پێشنیاری مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات؛٢٦ی سەرماوەز بەناوی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کراوە و لەلایەن ڕێبەریی حیزبی دێموکراتەوە پەسند کراوە.
لە ٣٣ ساڵەی ئەو ناودێرکردنەدا بە چەند پرسیارێک لە پێوەندی لەگەڵ پێناسەی پێشمەرگە و ڕۆڵی لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای کوردستاندا چووینە خزمەت مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە)

مامۆستا! ئەو وتووێژهمان تایبهته به یادی ٢٦ی سهرماوهز ڕۆژی پیشمەرگەی کوردستان. پێمخۆشه جەنابت بۆ چوونەنێو باسەکە یان بۆ سەرەتایەک بۆ وتووێژەکەمان بفەرموون پێناسەی جەنابت بۆ پێشمەرگه چیه؟ ئایا پێشمهرگایەتی ئەرکه، پێشمەرگایەتی نازناو و سفەته، پێشمەرگایەتی تەعەهودێکی ئینسانییه؟ جەنابت چۆن باس له پێشمەرگە دەکەی؟

ئەمن جاری دیکه باسی پێشمەرگهم کردوه، تاریفی پێشمەرگەم به دوو سێ جۆر کردوه: یەکێکیان فیداکاریی پیشمەرگەیه که قابیلی تاریفکردن نیە چونکی تەنیا مەوجوودێکە کە واز لە هەموو شتێک دێنێ تەنانەت تا سەرحەدی گیان، ئەویش دەبەخشێ؛ بەڵام لەوە موهیمتر بەڕاستی پێشمەرگەی کوردستان، (ئیجازەم بدە بڵێم بەتایبەتی لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا) پێشمەرگە چاوەڕوانی ئافەرینێکیش نیە، یانی بێ ئەوەی هیچ تەوەقوعێکی هەبێ دەبەخشێ تا سەرحەدی گیانی، کەوابێ لە یادی ڕۆژی پێشمەرگەدا دوای پیرۆزبایی، غەیری سەردانەواندن بۆ ئەو ڕووحه بەرزە پیاو قسەیەکی نیە بیکا.

یانی سەرووتر لە ئەرک، سەرووتر لە تەعەهود؟

یانی سەرووتر لەوە شتێکی دیکە تەسەور ناکرێ. ئەوەی پێشمەرگە دەیکا لەوە هەورازتر نیە، بنیادەم هەموو شتێک دەکا بۆ ئەوەی ڕووحی لەدەست نەدا، ئەو ئەویشی لەسەر بەری دەستی داناوە.

مامۆستا لەمێژساڵە ٢٦ی سەرماوەز لەنەستی خەڵکدا و لە ڕۆژژمێری حیزبی دێموکراتدا بە تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ناسراوە و لەو ڕۆژەدا ڕێز لە حەماسە و گیانفیدایی پێشمەرگە دەگیرێ. بەڵام ئێستا کۆمەڵێ بەڵگە دەرکەوتوون کە نیشان دەدەن ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پەلامار بۆ سەر شارەوانیی ڕێژیمی شا لە مەهاباد نەبووە. بەڵگەنامەکان دەڵێن ئەوە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٢٣بووە نەوەک ٢٦ی سەرماوەزی١٣٢٤. ئێستا کە مەبناکە ئاوایە جەنابت چ تەوزیحێکتان هەیە کە بمانەوێ لەو ڕۆژەدا بیدەین؟

جارێ با لەپێشەوە بڵێم ئەو هەڵەیە لە شتێکڕا هات، لە هەڵەیەکی مێژوویی کە ڕەحمەتی کەریمی حیسامی کردبووی.

لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەدا؟

بەڵێ کتێبێکی هەیە بە ناوی «کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران». لەوێدا داستانی شەهیدبوونی عەوڵای مینەخاڵند کە وەک یەکەم پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ناو دەبا و لە گیرانی شارەوانیی مەهاباددا شەهید بووە، دەخاتە ٢٦ی سەرماوەز. کاتی خۆیشی کە ئەوەمان دانا، غافڵ نەبووین لەوەی کە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیشە، چونکی ئەوەمان بە سەنەد لەبەر دەستدا بوو. بۆیە ئەو وەختی کە داماننا ئەو ڕۆژە بکەینە ڕۆژی پێشمەرگە، گوتمان ئەمە زیاتر لەبەر خاتری ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، بەڵام لەبەر حەساسیەتی هێزە ئێرانییەکان ئێمە ئەو بەشەی دەردەبڕین و دەڵێین ٢٦ی سەرماوەز یەکەمین عەمەلیاتی ئەو هێزەی تێدا کراوە کە دواتر ناوی نراوە پێشمەرگە، بۆیە ئەو ڕۆژەمان داناوە. جا ئێستا کە قسەی لێدەکەین ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز هەتا ئێستا هەر ڕۆژی پێشمەرگەیە و هەر لە جێی خۆیەتی. بەڵام بۆ تاریخەکه بەڵێ، وەختێکی تاریخی ڕووداوێک دەردەکەوێ مەعلوومە دەبێ قەبووڵی بکەی. ئاخر دەڵێن لە دنیادا حەقیقەتی موتڵەق فەقەت تاریخە، هیچ شتێک بە موتڵەقی حەقیقەت نیە بەڵام تاریخ ئەوەیە، ئەوه لە ٢٦ی ڕێبەندانی١٣٢٣دا بووە نە دەکەوێتە ٢٥ و نە دەکەوێته ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٣ش. کەوایە ئەوەیان هەر لە جێی خۆیەتی، بەڵام ڕۆژەکە هەر پیرۆزە ئەگەرچی هەموو ڕۆژی ساڵ ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی فیداکاریی پێشمەرگەیە، بەتایبەتی ئەگەر هەموو بەشەکانی کوردستان بگرین. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژێک بەناوی ڕۆژی پێشمەرگە. عادەتەن ڕۆژێکی وا دادەنرێ کە تێیدا تەجلیل لە توێژێکی کۆمەڵایەتی بکرێ، ئەمە لە جێی خۆیەتی بەڵام ئارەزوو دەکەم دوو شت بێنە دی، یەکیان ئەوە کە هەموو هێزە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان لەسەر ڕۆژی پێشمەرگە ڕێک کەون، یەکیشیان ئەوەیە کە ڕۆژێکی موناسبتر بدۆزرێتەوە بۆ ئەوە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵایە و پارلمانی هەرێمی کوردستانیش پەسندی کردوە و پیرۆزە. بەڵام پێم وایە موناسبترین ڕۆژ، ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانە، چونکە لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا بڕیار دراوە ئەو هێزە ناوی بنرێ پێشمەرگە. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە وشەی پێشمەرگە ئەو ڕۆژە دانەنراوە تەنانەت ناوبردنی شۆڕشگێڕی چەکداری کورد بە پێشمەرگەش ئەو ڕۆژە یەکەم جاری نیە، بەڵام ئەوە کە بە ڕەسمی هێزێکی کوردی، هێزێک کە دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی کورد دەکا ناو بنرێ هێزی پێشمەرگه ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان بوو. ئەو ڕۆژە لە مەهاباد کۆبوونەوەی ئەفسەرانی کۆماری کوردستان بووە و ئەو بڕیارەی تێدا دراوە و لە ڕۆژنامەی «کوردستان»دا ژمارەکەیم ئێستا چاک لەبیر نیە بەڵام ڕۆژی ٢٠ی ڕێبەندان بڵاو بۆتەوە. ئیدی ئەوە سەنەدی تاریخییە.

مامۆستا فەرمووت کە مەبنای دیاریکردنی ئەو ڕۆژە گرتنی شارەوانیی مەهاباد بووە و بەڵام دەکرێ هەر ئەو مەبنایە یانی هەر ئەو ڕێکەوته مێژووییە ئێمە وای دابنێین کە ڕۆڵی پێشمەرگە یەکەم جار لێی دەردەکەوێ ئەوە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو و، هەنگاونان بەرەو دامەزرانی دەسەڵاتی کوردی بگێڕینەوە بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە؟

بە باوەڕی من ئەودەم فکری دامەزرانی کۆماری کوردستان نەهاتبووە ئاراوە. ئەوە وەکوو شانازییەک بۆ ئەو هێزەی کە دوایی بوو بە پێشمەرگە هەر دەمێنێتەوە بەڵام ئەو کاتی کە شارەوانیی مەهاباد گیرا نەک فکری کۆماری کوردستان، بەڵکوو فکری حیزبی دێموکراتی کوردستانیش نەهاتبووە گۆڕێ. حیزبی دێموکڕات ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ دامەزراوە، بۆیە ئەگەر بە ئیشتیا پێمان خۆش بێ جوێیە دەنا لە مەنتیقدا زۆر بەجێ نیە بڵێین ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوە چونکە ئەوکات فکرەکەشی لانیکەم بۆ هەمووان نەهاتبووە ئاراوە.

بەڵام ئەو عەمەلیاتە ڕێی خۆش کردبوو بۆ ئەو گۆڕانکارییانە؟

دیارە ڕێخۆشکردن بۆ ئەوەی کورد شتێکی بە دەستەوە بێ، ئیدارەی خۆی بکا لە مەنتقەیەکی زۆر بچووکی کوردستان لە ساڵی ١٣٢١ەوە زەمینەکەی خوڵقاوە. یانی بە تەواوبوونی شەڕی دووەمی جیهانی لەو مەنتەقەیەدا ئەو زەمینەیە خوڵقاوە و خەڵک دەسەڵاتی خۆی بەدەستەوە بووە و هەر ئەوە کە دەڵێن تەنیا نوێنگەی دەسەڵاتی پاشایەتی لەو مەنتەقەیەی کوردستان شارەوانیی مەهاباد بووە نیشانەی ئەوەیە خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیدا زاڵ بووە. ئێستا ئەوە کە چەندە توانیویەتی ڕێکی بخا ڕەنگە لێی بە ئیراد نەگیرێ چونکە ئێستاش ئێمە هەزاران موشکیل و کەموکوڕیمان لەپێشدایە.

مامۆستا چ پێشمەرگە وەک گوتت ئەو سفەتەی لەو کاتەوە کە لە زەمانی کۆمار کە بە هێزی چەکدار گوتراوە پێشمەرگە و چ پێشتریش، پێشمەرگە دەیان ساڵە نەقشی تایبەتیی خۆی هەیه، کۆماری کوردستان کە دامەزراوە پاراستوویەتی هەتاوەکوو تووشی ئەو نسکۆیه بووە. لە دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیش، لاپەڕەیەکی زێڕین لە ڕاپەڕین و حەماسەتی مێژوویی پێشمەرگەمان بینیوە. پێتان وایە ئێستا ئایا ڕۆڵی پێشمەرگە و نەقشی پێشمەڕگە لە گۆڕانکاریەکانی ئێستادا چیە ئایا هەمان تەعریفی پێشووی هەیە یان تەعریفێکی جیاواز بۆ کاری پێشمەرگە هاتۆتە گۆڕێ ؟

ئەمن پێموایە نابێ تەسەوری غەڵەتمان لە پێشمەرگە هەبێ. ڕاستە پیاو کە بیر دەکاتەوە قەڵافەتی پێشمەرگەی بە تفەنگ و فیشەکدانەوە دێتە بەرچاو چونکە ئەو ناوە بەسەر کەسێکدا بڕاوە کە بە چەکەوە دیفاع لە مافەکانی میللەتی کورد دەکا و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورد دەکا، بەڵام ئەمن پێموایە نابێ پێشمەرگە تەنیا لەوەدا ببینین. بێئەدەبییە دەیڵێم: ئەمن ساڵی ١٣٦١ لە ڕۆژنامەی «کوردستان»دا بە بێ ناو مەقالەیەکم نووسیوە کە دەڵێ: «باهەموومان پێشمەرگە بین». لەوێدا دەڵێم ئەم چینانە و ئەو توێژانەش کە هەر یەکەی لەبەر خۆیەوە بەڕێگایەکدا بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو ئامانجە تێدەکۆشن هەموویان پێشمەرگەن. بێجگە لەوە عینوانی پێشمەرگایەتی شانازییەکە کە دەکرێ بیدەی بە هەموو خزمەتگوزاران بەڵام پێشمەرگە هەر تەقەکردن نازانێ، پێشمەرگە ئێستا موهەندیسە، ئێستا نووسەری چاکە، پێشمەرگە ئێستا تەبیبی چاکە، پێشمەرگە ئێستا بیرمەندی چاکە. لە هەر بوارێکدا بیگری هەر خودی ئەو کەسەی کە لە سفەتی پێشمەرگە دایە تواناکانی هەیە کەوابێ ئەگەر سبەینێ ئیشەڵڵا کورد مافی چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆیەوە گرت ئەوەڵەن پێشمەرگە دەبێ بۆ پاراستنی ئەو وەزعیەتە تازەیە تێبکۆشێ. مەسەلێک هەیە دەڵێ پووڵ پەیداکردن ئاسانە بەڵام ڕاگرتنەکەی بەزەحمەتە. بەدەستهێنانی ئازادییش ئاسانترە هەتا پاراستنەکەی. کەوایە ئەودەمی ئیحتیاجیمان بەو هەیە، شەرت نیە تەنیا لە موقابیلی دوژمن و لە شەڕی چەکدارانەدا بێ، لە پەروەردەکردنیدا لە پێگەیاندنیدا لە گەیاندنەوەی بە کاروانی پێشکەوتنی گەلاندا پێشمەرگە دەتوانێ نەقشی کاریگەر ببینێ و ئەوانەش کە تێکەڵ بەو ڕەوتە دەبن زۆر بەجێیە شانازیی ناوی پێشمەرگەیان پێ ببەخشرێ چونکە پێشمەرگە ناوێکی کەم نیە. لەبیرمە جارێکیان ئێمە چووبووینە دێیەک ئەمن و یادی بەخێر کاک حەسەن ڕەستگار بووین، لە مزگەوت کۆبووینەوە خەڵکەکە پێیان خۆش بوو قسەیان بۆ بکەین و بە بڵیندگۆ بانگی خەڵکی دێیان کرد بێنە مزگەوت. ئەوەی کە بانگی خەڵکی دەکرد گوتی: پێشمەرگە هاتوون وەرنەوە و هەر لەسەر بڵیندگۆ داوای لێبووردنی کرد و گوتی: ببوورن پێشمەرگە نین مەسئووڵن. هەر لەسەر بڵیندگۆکە جوابم دایەوە و گوتم: ئێمە شانازیی ئەوەمان نەبوو حەقی ئەوەمان نەبوو کە پێشمەرگە بین، ئەتۆ ئەوەت لێئەستاندینەوە؟

مامۆستا جیا لەو پێناسە جوانەی جەنابت بۆ نەقشی پێشمەرگە و ڕۆڵی پێشمەرگە و ئەوەی ئەو نەقشە ڕەنگبێ بازتەولید بێتەوە یان لە ڕەهەندەکانی دیکەدا بەکار ببرێ، بەڵام زۆر دەنگی نەشازیش دەبیستین کە دەڵێن سەردەمی خەباتی چەکداری نەماوە، سەردەمی پێشمەرگایەتی نەماوە، سەردەمی خەباتی ئاشتییانەیە، لە حاڵێکدا هەر چەند ڕۆژ لەوەپێش بوو کە پووتین پلاتفۆڕمی نوێی بۆ ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکانی خۆی دیاری کرد، دەبینین کە مەسەلەن ئامریکا چ دەکا. ئەو قسانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟

ئەو قسانە هێندێک کوردیش فێریان بوون و وەکوو تووتی دەیانڵێنەوە بەڵام بەشی زۆری لە دەسەڵاتە گەورەکانەوە هاتوە، ئەو دەسەڵاتانەی کە ئێستا خەریکن شەڕی ئەستێرەکان دەکەن، لە کوراتی ئاسمانیش ململانەی نیزامیی خۆیان هەیە بۆ میللەتێک کە لە هەموو مافەکانی بێبەشە دەیانەوێ چووکترین وەسیلەی دیفاع لە خۆی نەبێ. ئەوە ئیدی ئەوپەڕی بێ ئینسافییە کە لەگەڵ حەقیقەت، لەگەڵ تاریخ زیاتر لەوەی کە لەگەڵ میللەتێک دەکرێ. کەوایە هیوادارم قەت میللەتی ئازادیخوازی کورد تەسلیمی ئەو نازانم ناوی لێ بنێم تەبلیغات ناوی لێ بنێم تەوەهووم تەسلیمی نەبی، چونکی کورد ئێستاش خەتەری ئەوەی لەسەرە سبەینێ دوچاری خەباتی چەکدارانە ببێتەوە وەکوو گوتیشم ئەگەر مافەکانیشی وەدەست بێنێ بۆ پاراستنی هەر دەبێ هێزی پێشمەرگەی هەبێ. ئێمە لە بەرنامەی حیزبیشدا ئەوەمان هەیه کە ئەگەر حکوومەتی کوردستانمان دامەزراند هێزی پێشمەرگە و هێزە ئینتزامییەکانی دیکە پاراستنی ئەمنیەتی وڵات بەدەستەوە دەگرن، دیارە ئەوە مەفەهوومی خۆی هەیە کە دەڵێین هێزی پێشمەرگە و هێزە ئینتزامییەکانی دیکە کە لێرەدا شەرحی بەرنامە ناکەین. لە پاشان بەتایبەتی بۆ ئێمەی دێموکرات با کەس فێرمان نەکا خەباتی ئاشتیخوازانە باشە، چونکی لە ڕۆژی ئەوەڵەوە حیزبەکەمان لەسەر مەبنای ئەوە دانراوە کە مەسەلەی کوردستان بە چەک چارەسەر نابێ. ئەو وەختیش کە ئەوەمان گوتوە ڕاست دوو تەڕەفمان مەقسوود بووە یەکێکیان ئەوەی ئێمە ناتوانین بە چەک دەوڵەتەکان بەچۆکدا بێنین، یەکیشیان ئەوە کە دەوڵەتەکان ناتوانن بە چەک ئێمە بەچۆکدا بێنن و وا بکەن ئێمە واز لە ماف و داخوازییەکانمان بێنین. کەوابێ ئێمە لەوەدا زۆر کۆنین دەتوانم بڵێم پێشەنگین حیزبی دێموکرات لەو بارەیەوە پێشەنگه، تەنانەت وەختێکی ئێمە ئەوەمان دەگوت هیزی سیاسیی دیکە هەبوون ئێرانییش و تەنانەت کوردستانییش کە دەیانگوت ئازادی لە لوولەی تفەنگ دێتە دەرێ. ئێمە کە دەمانگوت ئاشتی باشە پێیان دەگوتین سازشکار، با کەس فێری ئاشتیخوازیمان نەکا.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاشتییش هەر بە شەڕ دەپارێزرێ؟

بەڵێ بەڵێ ئوسوولەن ئێمە زۆر جار گوتوومانە شەڕەکەشمان بۆ ئاشتییە، پاشان ئاشتی ئەگەر قووەتی لە پشت نەبێ مادام جامێعە ئەوەندە پێش نەکەوتوە کە باوەڕی بە ماف و ئازادیی جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵ هەبێ ئاشتییەک قووەتی لە پشت نەبێ شانسی بەردەوامبوونی نیە.

مامۆستا! جەنابت لە پێشوازیی ڕۆژی پێشمەرگەدا بابەتێکی جوان و سەرنجڕاکێشت لە ئەکاونتی خۆت لە فەیسبووکدا بڵاو کردەوە لەوێدا بەداخبوونی خۆت لە یەک شتیش دەربڕیوەکە بەڕاستی پرسیاری زۆر خەڵکە کە بەشێکی زۆر و هێزێکی گەورەی باکووری کوردستان نازناوی پێشمەرگەی لەسەر هێزەکانی خۆی دانەناوە و بە گریلا ناویان دەبا. ئەوە هیچ لە ئەسڵی قەزییەکە دەگۆڕێ لەسەر تەعریف و نەقشی پێشمەرگە؟
نا خۆ ئێمە هەر وەکوو ڕێز و قەدر بۆ خەبات و فیداکاریی پیشمەرگە دادەنێین بۆ ئەوانەی ناویان پێشمەرگەیە هەر ئاواش بۆ ئەوانەوی ناویان گریلایە بۆ فیداکارییەکەیان ڕێز دادەنێین، یان ئەوانەی کە لە سوورییە ناوی شەڕڤانیان لەسەر دانراوە، بەڵام ئەو کارەی (پ.ک.ک) کە لە واقیعدا ئەوی سووریەش لە ژێر تەئسیری ئەودایە دوو شتی تێدایە؛ یەکیان دەرچوونە لە ئیجماعی هێزە سیایسییەکانی کورد کە ئەوە باش نیە، ئەوی دیکەیان ئەوەیە ئەو ناوە شیرینە ئەو ناوە پڕ نێوەرۆکە لەسەر تێکۆشەری چەکداری کورد هەڵدەگرێ ناوێکی نامۆ و بێگانە یان ناوێکی بەڕاستی بێ نێوەرۆکی لەسەر دادەنێ، مەسەلەن هەزار پەرژینی بەگوڵ بێ داعشیش شەڕڤانە، هەرکەس شەڕ بکا شەڕڤانە. بەڵام ئەوەی خۆی بۆ ماف و ئازادیی میللەتی کورد بە کوشت بدا ئەو پیشمەرگەیە. بۆیە هەم ئەو ناوە حەیفە حەزف بکرێ هەم لەو ئیجماعدەرچوونە باش نیە. هەروەکوو لە باری دیکەشەوە جاروبار ئاوا دەرچوون. مەسەلەن خۆ ئیستا ئەو ئاڵایەی لە کوردستان پەسەند کراوە و ئاڵایەکی ڕەسمییە ئیمە وەک هەمبەستگی هەڵیدەگرین، دەنا ئەگەر سبەینێ ئێمە کوردستانی گەورەمان هەبێ ڕەنگە بگۆڕێ، تەنانەت ئەگەر کوردستانی ئێران وەزعیەتێکی وەک کوردستانی عیراقی بۆ پێک بێ قانوونی نێونەتەوەیی ڕێگەمان نادا عەینی ئەو ئاڵایە هەڵکەین. دەبێ ئاڵایەکی دیکە بێ، ڕەنگە تۆزێک وەک یەک بچن بەڵام نابێ یەک شت بن. باشە لەوێدا بۆ ئێمە لێک بترازێین بۆ هەموومان شتێک نەکەینە سێمبول؟ بەداخەوە ئەوان وایان بە باش زانیوە کە لە هەموو شتێکدا هی خۆیان هەبێ.

مامۆستا! هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ئیجماع و ئەو سێمبولەی کە جەنابت باست کردبوو جەنابت پێت باش بوو کە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان بکرێتە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو پیشنیارە وەک حیزبی دێموکرات دراوە بە لایەنێکی دیکە یان بە حکوومەتی هەریم و بە هێزەکانی دیکە یان هەر وەک پیشنیاری جەنابتانە؟

پێموایە پێرارەکە بوو هەر کە باسی ڕۆژی پیشمەرگە کرا لە تەرەف ئێمەوە، لە تەڕەف حیزبی دێموکراتەوە پیشنیهاد بە هێزە سیاسییەکانی کوردی باشوور و بە حکوومەتی هەرێمیش کرا کە لە پێش چاو بگیرێ و دابنرێ.

مامۆستا زۆر سپاس بۆ ئەوە کاتەی تەرخانت کرد بۆ ئەم وتووێژە
-سوپاس بۆ ئێوەش.

( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 831 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact