. . . .


6 Dec 2017

دونالد تڕامپ بەیتولموقەدەسی وەک پایتەختی وڵاتی ئیسڕائیل بە ڕەسمی ناسی


لە بڕیارێکی چاوەڕوان کراوە دا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٦ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، دۆنالد تڕامپ،ی سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شاری بەیتوالموقەدەس " ئۆرشەلیم،ی" وەک پایتەختی وڵاتی ئیسڕائیل ناسی و بڕیارە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیک دا لە شاری تێل ئابیب،ەوە بگوازێرێتەوە بۆ شاری قودس.
لە وتارێک دا کە لە کۆشکی سپی،یەوە بڵاوکردەوە، ترامپ ڕایگەیاند: ساڵی ١٩٩٥ی زایینی کۆنگرەی ئەریکا داوای لە دەوڵەتی فێدرال کرد کە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسڕائیل بناسێ. ئێستا ٢٠ ساڵ بە سەر ئەو بڕیار و داواکارییە دا تێپەڕیوە و هەموو سەرۆک کۆمارەکانی پێشووی ئەمریکا ئەو کارەیان دوا خست، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو بڕیارەی کۆنگرەی وڵاتەکەمان بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و ئەمڕۆ من ئەو هەواڵە بە رەسمی ڕادەگەیەنم کە ئۆرشەلیم پایتەختی وڵاتی ئیسڕائیلە.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاشكرای کرد کە داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە کە زەمینەی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تێل ئابیب،ەوە بۆ ئۆرشەلیم دەستەبەر بکات و هاوکات باسی لەوە کرد کە بە زووترین کات دەست بە بنیات نانی بینای باڵوێزخانەی ئەمریکا دەکرێت.
ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا وتی: ئۆرشەلیم ناوەندی دیموکراسی،یە، کنێسێت" پارلەمانی ئیسڕائیل"، دەفتەری سەرۆکایەتی وەزیران و باڵوێزخانەی هەموو وڵاتان لەو شارە جێگیرن. ناوبارو بە ئاماژە بەوەی کە ڕەوتی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین بووتە گرێ کوێرە، وتی: مەبەستی من لەو بڕیارە، دوورکەوتنەوە لە ڕەوتی ئاشتی نێوان ئەو دوو لایەنە نیە، بەڵکوو دەمەوێ بەو بڕیارەم تین و تەوژمێکی دیکە بە ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان بدەم. ڕق و قین و بنئاژۆیی هەڕەشە لە لاوان و نەوەکانی نوێ دەکات، هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە دەنگی نوێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەرز ببنەوە و ببنە هیوایەک بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ناوچەکە.
ئەو هەڵوێستەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شتێکی چاوەڕوان کراو بوو، چونکا لە کاتی پڕوپاگاندەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دا، دۆنالد تڕامپ بەڵێنی دا کە ئەگەر دەنگی پێویست بۆ بوونە سەرۆک کۆمار بە دەست بێنێ، قودس وەک پایتەختی وڵاتی ئیسڕائیل بە ڕەسمی دەناسێ.
هەر چەند خولەکێک پاش وتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان، ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەمریکایان سەرکۆنە کرد و بە بڕیارێکی تاک لایەنە دایان قەڵەم کە دەبێتە هۆی ئاڵۆز بوونی کێشەکانی ناوچەکە و هەلایسانی شەڕێکی توند لە نێوان ئیسڕائیل و دژبەرانی دا.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 5 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact