. . . .


1 Dec 2017

بەرێوەچوونی سێمینارێك بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی دژ بە تووندوتیژی لە شاری ستۆکهۆڵم


ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ ـ ١١ ـ ٢٠١٧ چوار ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان سێمینارێكیان سەبارەت بە تووند و تیژی و شێوەی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ تووندوتیژی لە کۆمەڵگا دا بە یەکەوە بەریوە برد.
سەرەتا لە لایەن خاتوو چنوور فتوحی و خاتوو سیلڤیا بە دوو زمانی سوئێدی و کوردی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و دواتر بە خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کوردستان و قوربانیانی دەستی ستەم و سەنگەری یەکسانی و بەتایبەتی بۆ ڕێز گرتن لە قوربانیانی كارەساتی بۆمەلەرزەی كرماشان یەك خولەك بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

بەرێوەبەرانی سێمینار ئامانجی سەرەکی هاوکاری ئەو چوار ڕێکخراوانەیان بە گشتی بۆ بەشداربووان شی کردەوە و ریزی بەرنامەکانیان پێشکەش کرد.
خاتوو بەناز مەستی بە ھۆنراوەیەك بە ناوی "با ئەستێرەكان هەر درەوشاوە بن" كە لە وەسفی ژن دا بوو بەرنامەكەی كردەوە. دواتر بەرپرسی هەر چوار ڕێکخراوەکە خۆیان بە بەشداران ناساند و ھەركام بە كورتی كار و ئامانجی ڕێكخراوەكەی خۆیان باس كرد.
یەکەم کۆڕگێر خاتوو لاوێن ڕێدار سەر بە حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر وەزعیەتی ژنان بە گشتی لە جیھان و بەتایبەتی لە وڵاتێ سوئێد باس كرد.
ڕێدار لە قسەكانی دا باسی لە كەمپینی " می توو" كردو گوتی: لەو ماوە دا بە سەدان كەس بە ھۆی ئەو كەمپینە باسییان لە جۆری دەستدرێی جنسی و روحی خۆیان كردوە كە لە لایەن دۆست، ھاوكار، ڕەفیق و تەنانەت كارفەرماكانەوە پێانكراوە.
ئەو ئاماژەی بە نابەرابەری موچەی ژنان لە گەڵ پیاوان دا كرد و گوتی ئێمەی ژن دەبێ لە خۆمان بپرسین كە بۆ دەبێ ئەو جیاوازیە ھەبێ و بە ھۆشیاری ھەوڵ بۆ لە نێو بردنی ئەو نابەرابەریە بدەین.
لە درێژەی كاری سێمینار خاتوو ئاڵا ڕیانی کچە ئەکتەری کورد و شانۆکار ی دانیشتووی وڵاتی سوئێد، کورتە شانۆیەکی پێشکەش کرد.
پاشان بەریز نیکلاس چالاكی بواری یەكسانی باسەکەی خۆی لەسەر تێكەڵاوی كولتوری و پەروەردە پێشكەش كرد بەرێزیان بە پرسیار لە بەشداران ھەوڵی دەدا ھەمووان چالاكانە بەشداری باسەكە بن.
بەرێزیان بۆ وەڵامدانەوە زیاتر تیشکی خستە سەر نێوەرۆکی پرسیارەکان و ئەم بەشەش کۆتایی پێهات.
لە دوایین بەشی ئەم سێمینارە بە ھاوكاری چەند هونەرمەندی موزیکژەن و بە هاورێیەتی خاتوو بەناز مەستی چەندین گورانیان پێشكەش بە بەشدارن كرد و دوای چوار كاتژمێر لە لایەن بەڕێوەبەران سپاسی ھەموو لەیەك كراو كۆتایی كاری سێمیناریان ڕاگەیاند.
پێویست بە ئاماژەیە كە پێکهێنەرانی ئەم سێمینارە چوار ڕێکخراوەی چالاکی بواری ژنان بوون کە بریتین لە:
- یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد
- یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد
- یەکیەتیی ژنانی کوردستان لە سوئێد
یەکیەتی ژنانی تێنستا و یولستا

یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستان كۆمیتەی سوئێد
٢٥-١١-٢٠١٧

بۆ بینی وێنەکان

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 63 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact