. . . .


24 Nov 2017

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئێران دا (٣٢)


حەسەن حاتەمی
دژایەتیی ڕۆژئاوا لە ئێراندا

لەپێش شۆڕشی مەشرووتە بەو لایەوە تا ئێستا کە دەکرێ ١٧٠ ساڵ وەکوو بناخە چاو لێ بکرێ، بیروڕای نوێگەرایی لە لایەک و سوننەتگەرایی تێکەڵاو لەگەڵ ئایینی ئیسلامیی_ بە فرە مەزهەبی یەکەشییەوە_ لە لایەکی دیکە لە ململانێکی بێپسانەوە دابوون. شۆڕشی مەشرووتە و دەسکەوتەکانی تاڕادەیەک بە لای نوێگەراییدا، شکایەوە.

لە دەیەی دوویەمی دەسەڵاتی ڕەزا شا دا، ئاڵوگۆڕەکان بۆ لای ژیاری و دامەزرانی بنەماکانی مودێڕنیسم پتر جێگیر بوون. بەڵام لە نێو کومەڵگەدا، قووڵایی کارتێکەرییان کەمتر بوون. بۆچوونی «سیاسەتی ئێمە دیانەتی ئێمەیە و دیانەتی ئێمە سیاسەتی ئێمە»، لایەنگری بەهێزی هەبوو. مودەڕریس ئیدئۆلۆگی ئەو بیرە بوو.

لە ساڵی ١٣٢٠ ەوە دامەزرانی حیزب و رێکخراوەکان پتر پەریان ئەستاند و زۆربەیان لە گەرمەی شەڕی دوویەمی جیهانی یا دوای ئەوکات دامەزران. ئەو حیزب و ڕێکخراوانە هەم سەرانسەری بوون و هەم ناوچەیی. ئەوان، کاریگەریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان بە جۆری ڕاستەخۆ یا ناڕاستەوخۆ لەسەر بوو. ئیسلامییەکانیش بەرەو دامەزرانی حیزب و ڕێکخراوەی خۆیان هەنگاویان نا.

چەپ ئاژۆیی، بە هۆی شۆڕشی ئوکتۆبری ڕووسیە ١٩١٧ (١٢٩٦) و بوونی بە یەکیەتیی سۆڤیەتیی و یەکێک لە براوەکانی شەڕی دوویەمی جیهانی، بۆ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەو قاڕڕەیەدا، پەلی هاویشت و پێگەیەکی بەرفراوانی چێ کرد. چەپ لە بواری بەرنامە و دروشمی ئازادی و یەکسانی لەنێوان مرۆڤەکاندا، لایەنگر و ئۆگری زۆری هەبوو. بلووکی سۆسیالیستی، حیزب و ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیستەکان لە وڵاتانی سەرمایەداری و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکان لە جیهانی سێیەمدا، ئەو بەرەیە بوو کە دژ بە ئیمپریالیزمی جیهانی بە ڕێبەری ئەمریکا، تێ دەکۆشا.

ڕۆژئاواییەکان پتر لە حاڵەتی بەرگریدا بوون. ئازادی، دێمۆکراسی، فرە حیزبی و هەڵبژاردنی دێموکراتیک و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤیان کردە بناخەکانی ژیان و هەڵسوکەوتەکانیان و بەیاسایی کردنیان. بۆ ململانێ لەگەڵ بلووکی سۆسیالیستی و گەشەی چەپ، ڕۆژئاواییەکان ئیمتیاز گەلی زۆریان بۆ زۆربەی دۆست و هاوپەیمانەکانیان دەستەبەر دەکرد.

لە ململانێی شەڕی سارددا _کە ئەمریکا و شووڕەوی سەر بلووک بوون و پتر لە ٥٠ ساڵی کێشا_ کودێتا گەلێکیان لە هێندێک وڵات کرد. ئەو دوو لایەنە هەوڵی بەردەوامیان دەدا دەسەڵاتی خۆیان جێگیر کەن، بۆیە هەوڵی کارتێکەریی خۆیان، لە هەموو جیهاندا دەدا.

ئێران کە گرینگیی چەند لایەنەی هەبوو و جیرانی ڕووسیە و یەکیەتیی سۆڤیەتی بوو، لە ماوەی ٤٤ ساڵدا سێ کودێتای لێ کرا. _ محەممەد عەلی شای قاجار، ١٢٨٧، ڕەزا خانی میر پێنج_ کە پاشان بوو بە رەزا شای پەهلەوی_ ١٢٩٩و محەممەد ڕەزا شا١٣٣٢.

لە کودێتاکانی دوویەم و سێیەمدا، ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتی ئینگلیس و ئەمریکا، بۆ بەرگری لە پێشڕەویی چەپ یا کۆمۆنیزم، بەیارمەتیی هاوکارە نێوخۆییەکانیان گەڵاڵە دارێژەر، دابینکەری ماڵی و پشتیوان بوون. بەڵام بەهۆی قوڵبوونی ڕیشەی ئیسلامی و زۆرینەی مەزهەبی شیعە و فەزای دژی ئیمپریالستیی و کردەوەی ڕێکخراوەکانی لەو چەشنە، بیری لێبڕالیستی و فەرهەنگی ڕۆژئاوایی، گەشەی پێویستی نەکرد و مافی ڕەوای پێکهاتەکانی فرەگەلیش لە ئێراندا، گرینگیی پێ نەدرا.

لەدوای تەواوبوونی شەڕی دوویەمی جیهانی و دەستپێکی شەڕی سارد، حکومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان ڕووخێندران و ڕێبەرانیان لە سێدارە دران یا لە هەندەران گیانیان لێ ئەستێندرا. تێکۆشەرانی سیاسی و نەتەوەیی و حیزبەکانیان کەوتنە نێو بازنەی ئەسڵی ٤ی تڕۆمێن_ سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا_ و دژایەتیان لەگەڵ کرا. (١) چالاکەکانی دژی ئیمپڕیالیست و مافی نەتەوەیی، سەرکووت و تەپەسەر و زیندانی کران یا دوور خرانەوە. ئەو کردەوانەش بۆ قبوڵی هێژموونی ڕۆژئاوایی لەو ناوچانە و تەنانەت لەنێو بلووچ، عەرەب و تورکمەنەکانیشدا_ کە ئەوانیش سەرکوت کراو و ماف پێشێلکراو بوون_ نەتوانرا بەتەواوی داسەپێنرێ.

زۆربەی ئیسلامییەکان، مەشڕووعەخوازی لە زەمانی مەشروتەدا، دژایەتیی لەگەڵ دامەزرانی وڵاتی ئیسرائیل و پشتیوانیان لە کودێتای دژی د. موسەدیق کرد. دواتر بەناوی «ئیسلامی شۆڕشگێڕ» بە دژی پێشکەوتوویی و ڕێفۆڕم لە ساڵی ١٣٤٠ دا، یارمەتیدەری بەرەی دژی ڕۆژئاوا بوون.

لە ماوەی ٣٧ ساڵی دەسەڵاتی پەهلەویی دوویەمدا، جگە لە ئیسلامییەکان و لەنێو ئەوانیشدا، زۆربەی شیعە و تا ڕادەیەکیش سونییەکان، چەپ و نەتەوەخوازەکانی لۆکالیش دژی ڕۆژئاوا بوون. بۆیە لەو ململانێیەدا، ڕۆژئاوا و بەتایبەتی لە دوای کودێتای سێیەمەوە ئەمریکا، وەک ئادرەسێکی بەهێز لە بەر هێرش و زار و زماناندا بوو.

دوو کەسی نووسەر و خاون کتێب و سوخەنڕانی زۆر لەنێو ئیسلامییەکاندا، جەلال ئالی ئەحمەد و د. عەلیی شەریعەتیی بۆ ماوەی نزیک ٣٠ ساڵ بە دژی ڕۆژئاوا و ئەمریکا هەوڵی بەرچاویان دا. ئەوان لە نێو کۆمەڵگەی زانستگەییدا، کاریگەرییان هەبوو.

کودێتا دژی دەوڵەتی د. محەممەدی موسەدیق، و کوشتن و بریندار و زیندانیکردنی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە ڕۆژی ١٦ ی سەرماوەزی ١٣٣٢ دا، قبووڵنەکردنی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیەتییەکان لە چوارچێوەیەکی عەقڵانیدا، و ئیجرانەکردنی یاسای بەرایی و پشتکردن لە مەشرووتەخوازی، بیر و کردەوەکانی پتر بۆ لای چریک بوون و شەڕی چەکداری لە شار و لادێ برد. زانکۆکان بەهێزترین پێگەی هزری و کردەوەیی شەڕی چریکی بوون. لە دنیاشدا، تا ڕادەیەکی زۆر ئەو بیرە لە ئارا دابوو. شەڕی چریکی لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و ئاسیا، سەرکەوتنەکانی لە کووبا، ئەلجەزایر، ڤیتنام، بوونی جووڵانەوی چەپ و چریکی لە زۆر شوێن، وزەبەخش بوون.

لەنێو زانکۆکانی ئێرانیشدا، دوو ڕێکخراوەی بەهێزی چریکە فیداییەکان و موجاهیدینی خەڵق، ڕوویان لە شەڕی چریکی کرد و ژمارەیەک لە خوێندکارانیان بۆ ئەو مەبەستە سازمان دا. پێش ئەوانیش حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، جووڵانەوەیەکی بەهێزی دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دوویەم وەڕێ خستبوو. لە بوارەکانی دیکەشدا، وەک: فەرهەنگ و ئەدەبیات، هونەر و سینما و…. دژایەتیی ئەمریکا، پتر دەکرا.

بەگشتی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی پێلانگێڕێکی رەشدا، چاوی ڵی دەکرا. لەم بارەیەوە برایم ئەسغەر زادە دەڵێ: کاتێک دەچوویە زانکۆ، فەزا چاویلکەیەکی لەچاوانی دەکردی کە ساکارتر کۆمەڵگەی پێ ببینی. لایەک رەش و لەیەکی دیکەش سپی بوو. لایەک دێو و لایەکەی دیکە دڵبەر یا فریشتە بوو. (٢)



سەرچاوەکان

١) ویکی پدیا، دانشنامەی آزاد

٢) گفتگوی حسین دهباشی با ابراهیم اصغرزادە، یوتیوب، خشت خام، قسمت ١٦

( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 55 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact