. . . .


11 Nov 2017

بەشداریی وەفدێکی کۆمیتەی سوئێدی ح د ک لە رێورەسمی ناشتن و پرسەی کاک خالید عەباسی دا


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی١٠ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی، لە نێو خەم و پەژارەی هاوڕی و خزم و بەمانڵەکەیدا، تەرمی پیرۆزی هاوڕێ ئازیزمان کاک خالید عەبباسی، پێشمەرگە و کادری دێرنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە شاری ئوپسالا،ی وڵاتی سوید بە خاک سپێردرا. لە سەر گڵکۆکەی کۆمەڵێکی زۆر لە کوردستانی نیشتەجێی وڵاتی سوید و وڵاتانی دیکەی سکاندیناڤی، بۆ دوایین ماڵئاوایی لەو هاوڕێ خۆشەویستەیان کۆبوونەوە و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفادارییان خستە سەر گڵکۆکەی. وەفدێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد و شاری '' ئۆپسالا''، بەشداری ڕێورەسمی بەخاک سپاسردنو کۆڕی پرسەکەی بوون و ڕێز و وەفا و ئەمەکداری حیزبی دیموکراتی و تیکۆشەرانی ئەو حیزبەیان پێشکەشی هاوڕێی کۆچکردوویان وبنەماڵە سەربەرزەکەی کرد و تاجە گوڵینەی ڕێزلێنانیان خستە سەر گڵکۆکەکەی. پاش ئەسپەردە کردنی تەرمی هاوڕێ خالید عەبباسی، ڕێوڕەسم و کۆڕێکی ماتەمینی بەڕیوەچوو، لەو ڕێوڕەسمە دا کە لە لایەن کاک ئیبراهیم پاستوری،یەوە بەڕێوە دەچوو، پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید لە لایەن هاوڕێ کەمال گروێسی بەرپرسی کومیتەوە خوێندرایەوە. لەو پەیامە دا تیشک خرابووە سەر قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشانی کاک خالیدی عەباسی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا.
جێی ئاماژەیە جگە لە پەیامی کۆمیتەی حیزب لە سوئێد ئەم بەڕێزانەش وتاریان پێشکەش کرد:
١ - کاک سوڵتان خوسرەوی بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی کاک خالیدی عەباسی.
٢ – مەلامحەمەد بیگزادە هاوڕێی دێرینی کاک خالید.
٣ – ئەبوبەکر قەدیکورد هاوڕێی کاک خالید.
٤ – یاسین حاجی زادە هاوڕێی کاک خالید
٥ – حەسەن غەمبار هاوڕێی کاک خالید
٦ – حامید نەسیری هاوڕیی کاک خالید
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید
----------------------------------------------------------------
ئەوەش دەقی پەیامی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە لەو ڕێورەسمە دا خوێندرایەوە

بەڕیزان، بەشدارانی رێورەسمی کۆچی دوایی کاک خالیدی عەباسی.
بنەماڵە و خزمان و دۆست و هاوڕێیانی کاک خالید!
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ١١ ـ ٢٠١٧ کاک خالید عەبباسی کوت‌وپڕ بە هۆی سەکتە و ڕاوەستانی دڵەوە تووشی گرفت بووە و ، لەگەڵ ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە بەڵام بەداخەوە هەوڵی دوکتورەکان بێ ئاکام دەبێ و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد و ئێمە و ئێوە و بنەماڵە و دۆستانی بەجێهێشت وتازیەباری کرد.
کاک خالیدی عەبباسی ساڵی ١٣٣٧ ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی خۆشەویست و کاسبکاری گوندی گەڵوانی ناوچەی نەغەدە لە دایکبووە. قۆناغەکانی ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی لەو گوندە تێپەر کردووە و بە پێی پێویست و توانا هاوکاری سەرەکی کارەکانی بنەماڵەکەی بووە.
لە یەکەم رۆژەکانی ڕاپەرینی گەلانی ئێران، وێڕای خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان دا بە گەرمی بەشداری کردووە و دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی و ئاشکرابوونەوەی هەڵسووڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی راستەوخۆ بووەتە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لەو کاتەوە وەک مرۆڤێکی تێکۆشەر و پێشمەرگەیەکی ئازا و بوێر لە کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و هێزی ئەفشین و لکی یەکی شەهید سمایل کرمانج ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی دەست پێکردووە و ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی بۆ لکی ٣ ی مراد شیرژ گوێزراوەتەوە و پلەکانی سەرپەلی و هاوکاری کادر و دواتر کادری سیاسی هەبووە. کاک خالید بە گوێرەی هەل‌ومەرج و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و هەروەها جێگۆرینی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، ئەویش شوێنی تێکۆشانی گۆردراوە و لەو ئۆرگان و بنکانە دا لە بنکەی سنووری شیوەڕەز، بەندیخانەی ناوەندی، فێرگەی سیاسی نیزامی، نەخۆشخانەی گشتی حیزب، بنکەی تداروکاتی گشتی تەقەمەنی و دواتریش سەرپەرستی نیزامیی کۆمیتەی نەغەدە خزمەتی بەرچاوی کردووە.
کاک خالید لەو ماوەیەدا وێڕای راپەراندنی ئەرکی پێشمەرگایەتی لە چەند دەورەی سیاسی و کادر دا بەشداریی کردووە و ئاستی زانیاری خۆی بردووەتە سەر و لە هەموو بوارەکاندا خزمەتی بە حیزب و گەل و نیشتمان کردووە. خالیدی عەبباسی مرۆڤێکی مەند و لەسەرەخۆ، مرۆڤێکی خۆش ئەخلاق و سادق و پاک و ڕووح‌سووک و دەم بە خەندە و کەسێکی خۆشەویست و جێگای باوەری گشت لایەک بووە و بەوپەڕی دڵسۆزی‌یەوە خزمەتی کردووە و وێرای ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە دژوارترین کاتەکان دا لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دا سەنگەری لە داگیرکەرانی کوردستان گرتووە و وەک مرۆڤێکی بە هەست و نیشتمانپەروەر ئەرکی نیشتمانی خۆی بەرێوەبردووە.
شایانی باسە دوای ئەوەی ماوەیەک لە باشووری کوردستان بوو ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و لە وڵاتی تورکیە ساڵانێک لە چاوەروانی قەبووڵی یوئێن دا ماوەتەوە و بەداخەوە لەو ماوەیە دا تووشی نەخۆشی دڵ دەبێ و هەر لە تورکیە نەشتەرگەری بۆ دەکرێ و دواتر ساڵی ٢٠٠٨ ی زایینی دێتە وڵاتی سوئێد و لە شاری ئوپسالا درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدا و لێرەش وەک مرۆڤێکی بە هەست و نیشتمان‌پەروەر لە هەموو ڕۆژە مێژوویی و گرینگەکانی گەلەکەمان و لە خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوەکانی تایبەتی دا زۆر بە چالاکیی بەشداری دەکرد و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجارەکی بەردەوام کاری بۆ وەسەریەک خستنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکرات دەکرد و هاوکاری چالاکییەکانی رەوەندی کوردی لە وڵاتی سوئێد بوو.
بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی کاک خالیدی عەبباسی، لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە سوئێد، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە وڵاتی سوئێد و لە کوردستان، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەردەبڕین و هیوا دەخوازین ئاواتەکانی کاک خالیدی عەبباسی کە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەی و وەسەریەک کەوتنەوەی دێموکراتەکان بوو وەدیبێ.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد.
بۆ بینینی وێنەکان کلیک لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 38 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact