. . . .


7 Nov 2017

چەپی کورد و پرسی نەتەوایەتی


د. کامران ئەمین ئاوە
بیری چەپ و دۆزی سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان(٧_٧)
چەپی کورد و پرسی نەتەوایەتی
بێگومان لە نێو ھەر کۆمەڵگه‌یەکدا بە پێی بوونی چین و توێژی جۆراوجۆر، حیزب و ڕێکخراوەی ڕەنگاوڕەنگ بە بیر و کردەوەی جیاوازەوە دروست دەبێ. لێرەدا بە پێی ھەلومەرج و بارودۆخی مێژوویی کوردستان کە لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش‌کراوە، ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ئەرکی سەرەکیی حیزبێکی کوردستانی بە ھەر بیر و باوەڕێکەوە چیە و کام ڕێباز کورد بە کیان و سەروەریی خۆی نزیک دەکاتەوە. بڵێی ئەرک و پڕۆگرامی حیزبێکی کوردستانی یەک لەوان چەپ لە وڵاتێکی داگیرکراو و کوڵۆنی‌کراودا ھاوئاھەنگی لەگەڵ حیزبێکی سەرتاسەری یان حێزبێک هه‌بێ کە نەتەوەکەی کێشەی میللیی نیە و بە دەوڵەت و کیانی خۆێ گەیشتووە؟ بڵێی بە لەبەر چاوگرتنی بیر و باوەڕی ھێزە سەرکییەکانی ئێرانی سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی بە گشتی و کێشەی کورد بە تایبەتی کە تەنانەت مافی کورد لە چوارچێوەی تەسکی خودموختاریشدا بە ڕەوا نابینن و لەھەر حاڵەتێکدا مۆڕی جیاییخوازی لە نێوچاوانی ھەڕ کوردێک دەدەن، بە شوێن چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا تەنیا بە ھه‌ده‌ردانی ھێز و توانایی کورد و بە فیرۆدانی کات و دەرفەتەکانی مێژوویی نەبێ؟ ئایا بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستییە کە کورد وەکو نەتەوەیەک، واتە بە تەواوی چین و توێژەکانییەوە دەچەوسێتەوە، بڵێی تەنانەت ئەگەر لە کۆمەڵگه‌یەکی فیدراڵیشدا بە ئازادی بگا، کێشەی نەتەوەیی ئەو چارەسەر بکرێ؟ بڵێی نەتەوەیه‌ک کە بە کۆمەڵ لە تەواوی بوارەکانی ژیانیدا لە ژێر زوڵم‌و زۆری نەتەوایەتی‌و ڕەگەزپەرەستیی سەقامگرتوودایە، بە گەیشتن بە مافی شارۆمەندیی لە ئێراندا لەم کێشە مێژووییە ڕزگاری بێ؟ ئایا لە کوردستاندا ئەرکی سەرەکیی حیزبەکان دەبێ تەنیا لەچوارچێوەی بەرگری لە مافی چین و توێژەکان و گەیشتن بە مافی مرۆڤ قەتیس بمێنێتەوە؟
کاتێک وڵامی ئەم پڕسیارانە نەرینی بێ، پێویستە تێکۆشەری کورد لە ھەنگاوی ھەوڵدا ھەوڵی ڕزگاربوونی خۆی لەم بارودۆخە بدا و بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆی تێبکۆشێ و ڕووی سەرەکیی بزووتنەوەی کورد بەرەو ڕەوتی مێژوویی خۆی بگەڕێنەتەوە و لەوە زۆرتر نه‌بێتە پاشکۆی بیری ئێرانچیەتی بە چەپ و ڕاستی‌ ئه‌و بیره‌ داگیرکه‌ره‌.
کاتێک ئەم ڕاستییە کە مەسەلەی کوردستان وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو نە لە بوون لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە، بەڵکوو بە پێچەوانە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد چارە دەکرێ ببێتە نێوەرۆکی فیکریی ئەم چەشنە حیزبانە، ئەو کات خەبات لە پێناوی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت و کیانی نەتەوەیی دەبێتە ستراتێژیی سەرەکی ئەوان و لە پێناوی ئەم ئامانجەدا تاکتیکەکانی کاتیی بە پێی باڕودۆخ و پارسەنگی ھێزەکان، ئاستی ئاگایی نەتەوەیی، ڕێکخستن و کۆکردنەوەی کۆمەڵی خەڵک لە دەوری ئەو دروشمانەی کە بزووتنەوی ڕزگاریخوازیی کورد لە پێناوی گەیشتن بە ئاواتی مێژووییان نزیک دەکاتەوە، تەنزیم دەکرێ و ستراتێژیی کورد فیدای تاکتیکی کاتی ناکرێ. بەم پێیە پێویستە ھێزی چەپیش نە تەنیا بۆ وەدیهێنانی حەقی زەحمەتکێشی چەوساوەی کورد تێبکۆشێ، بەڵکوو ئەم ڕاستییەش لەبەر چاو بگڕێ کە زەحمەتکێشی کورد و تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵگه‌یە مەسەلەیەکی زۆر گرینگی دیکەیان بە ناوی «مەسەلەی نەتەوەیی»ھەیە و بێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، مەسەلەی چینایەتییان چارەسەر ناکڕی و پێویستە کورد ماڵی و کیانی خۆی دروست بکا تا بتوانێ لە کوردستانێکی سەربەخۆدا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دیموکرات و نزامێکی دادپەروەر خەبات بکا. ئەوە بەو مانایەیە کە بوار و سروشتی خەباتی سەرەکیی بزووتنەوەی کورد لە قۆناخی ھەوەڵدا ڕزگاریخوازانەیە، پێویستە لە بەرەیەکدا تەواوی چین و توێژی کورد بە ھەر بیر و باوەڕێکەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێبکۆشن.
بێگومان هەڵبژاردنی تاکتیکی دروست بۆ گەیشتن بە ئامانج واتە ستراتێژی پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی کوردستان، وڵاتەداگیرکەرەکان و سیاسەتی گشتی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان هەیە.
ئەمڕۆکە ئەگەر بیرۆکەی مافی شارۆمەندی ‌‌و خودموختاری فەرهەنگی‌ وەڵانێن، لەوەدەچێ لە بارودۆخی ئێستادا دوو بۆچوونی سەرەکی لە نێوان ڕووناکبیرانی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ شێوەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببیندرێ:
*یەکەم؛ لەم سەردەمەدا دروشمی سەرەکی‌ گەیشتن بە وڵاتێکی فیدراڵە، بەڵام ئەگەر مافی کورد لەم چوارچێوەیەدا مسۆگەر نەکرێ، ئەوە مافی کوردە داوای جیابوونە بکا. زۆربەی حیزب‌ و ئەو کەسانەی کە هۆگری ئەم بیرەن، مافی چارەنووسی کوردو تەنانەت سەربەخۆیی بە مافی کورد دەزانن بەڵام ئێستا بە پێی لێکدانەوەی بارودۆخی ئەمرۆ دانی ئەم دروشمە بە گونجاو نازانن. بە پیێ بۆچوونێک، بۆ گەیشتن بە سەربەرخۆیی پێویستە بە پێی هەلومەرجی ئەمرۆی کوردستان ‌و جیهان، لاسەنگی هیزی کوردو دەوڵەتەکان، بوونی زۆرینەی ئەم حیزبانە لە تاراوگە، دوور بوونیان لە کۆمەڵگای کوردی، نزمبوونی ئاستی ئاگایی نەتەوەیی‌و بیری سەربەخۆییخوازی، نزمبوونی ئاستی گەشەسەندنی بنەمای ئابووری‌و کۆمەڵایەتی– سیاسی کوردستان، بۆ وەدیهێنانی ئەم ئاواتە دەبێ لە کاناڵی فیدراڵیزمەوە بۆی بچین. فیدراڵیزم بە پێی کۆتاییهێنان بە نەخشی ناوەند و بە‌هێزکردنی ڕۆڵی نەتەوەکان لە کاروباری ژیانی خۆیان، دیاریکردنی سنووری جوغرافیای – مێژوویی و پێکهێنانی ستروکتوری دەوڵەتی کوردی دەبێتە ڕێخۆشکەری سەربەخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە‌پێی ئەم باوەڕە فیدراڵیزم ئەو دەرفەتە پێکدێنی کە کورد پەیتا پەیتا بە خەرجێکی کەمتر ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە ئاواتی دێرینە خۆی یانی سەربەخۆیی و پێکهێنانی کیان‌و سەروەری خۆی ببڕێ. بۆ وێنە ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمی ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتن نموونەیەک لەو حاڵەتەن. پێکهاتنی کۆمارەکانی سۆسیالیستی لە یەکیه‌تیی سۆڤییەتی پاش شۆڕشی ئوکتۆبر لە ساڵی ١٩١٧ی زایینی بوو بە هۆی بە نەتەوە‌بوون‌و پێکهاتنی دەزگا و سیستەمی دەوڵەتی ئەو گەڵانەی کە لە کاتی تێزاردا لە ژێر زۆڵم و زۆری دەوڵەتی ڕووسیەدا بوون. بە ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت، ئەم کۆمارانە بە پێی هەبوونی بنەمای پێویست بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ، هەر کامیان وڵاتی سەربەخۆی خۆیان پێکهێنا و ڕایانگەیاند.
*دووهەم؛ سەربەخۆیی وەکو دروشمی ستراتێژیکی و تاکتیکی‌ تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی کوردە. بە‌پێی ئەم باوەڕە هەر چەشنە بیرێکی فیدراڵیخوازی دەتوانێ کۆسپێک بێ لە سەر ڕێگای گەیشتن بۆ پێکهێنانی کیانی نەتەوەیی ‌و سەربەخۆیی کورد. بە‌پێی ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە ئاستی ناوچە‌و جیهان لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێكهاتووە کاتی سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونی کورد گەیشتووە و دەبێ داوای سەربەخۆیی بکردرێ. ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی یەکیه‌تیی سۆڤییەت ‌و بەرەی سۆسیالیستی لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا‌و سەرهەڵدانی چەندین وڵاتی تازە‌و سەربەخۆ، ڕووخانی دەوڵەتی بەعسی سۆسیالیستی ئێراق ‌و پێکهاتنی دەوڵەتی نیوە‌سەربەخۆی باشووری کوردستان، پێکهاتنی دەوڵەتی دیموکراتیکی‌ تەیمور و باشووری سودان، ویستی سەربەخۆیی لە کاتالۆنیای ئیسپانیا‌ و قەیرانی نەتەوەیی بلژیک لە ئورووپای یەکگرتوودا، هەروەها قەبوڵی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی سکاتلەند لە لایەن دەوڵەتی ئینگلیسەوە، نزیکبوونەوەی پەیتا پەیتای فه‌لستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆو هتد… کۆمەڵگای جیهانی تووشی ئاڵوگۆڕێکی گەورە‌و سەرنجڕاکێش کردوە و پێویستە کوردیش لەم ڕەوتە وەپاش نەکەوێ و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی و ڕاکێشانی بیروڕای گشتیی جیهانی بۆ ئەم مەسەلەیە بدا.(1)
تەواوی ئەم خاڵانەی سەرەوە جێگای باس ‌و لێکدانەوەن، دەکرێ نوێنەرانی جۆراوجۆری کورد سەبارەت بە شیوەی گەیشتن بە مافی کورد لە فیدراڵیزمەوە هەتا سەربەخۆیی بیرورای جیاوازیان هەبێ. بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئەویە کە ئەوان باوەڕیان بەوە هەبێ کە پرسی کورد تەنیا بە پێکهێنانی سەروەری‌و کیانی خۆی چارەسەر دەکرێ‌و بە ڕاشکاوی پاریزگەری مافی نەتەوەی کورد هەتا ئاستی جیابوونەوە بن. لەم قۆناخەدا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە بە پێی بەرژوەندیی ئەو بەشەی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆی تێبکۆشێ ‌‌و قۆناخ بە قۆناخ بە پێی هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای کورد ببڕێ‌ و سیاسەتی خۆی بە بەشێکی دیکەی کوردستان گرێ ‌نەدا .»(2)
ھێگێل(3) [فه‌یله‌سۆفی ئەڵمانی] دەڵێ: «تا ئێستا ھیچ کەس، ھیج کات شتێک لە مێژوو فێر نەبووە». ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەوە لەم ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە مێژوو مرۆڤ فێری چەند وانەیەکی بەکەڵک و ژیرانە دەکا و پێویستە ئینسان لە مێژوو دەرس وەربگرێ، ئەنجامە بەکەڵکەکانی دەرکێشی و بەلانیکەم ھەڵەی پێشینیان دووپات نەکاتەوە. لێرەدا خەتاکار دەرسەکانی مێژوو نییە، بەڵکوو نەبوونی بڕشت و لێهاتوویی بۆ فێربوونی ئەم وانانەیە.»(4)تەواوی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دوو سەدەی ڕابردوو نیشانی‌داوە کە نەبوونی دەوڵەتی یەکگرتووی کورد و کوڵۆنیبوونی کوردستان ھۆی سەرەکی تەواوی ئەم بەسەرھاتە تاڵانەی نەتەوەیەکی ٤٠ میلیۆنییە کە لە سەدەی ٢١یشدا لە مافە ڕەواکانی خۆی بێبەش کراوە و ئەم نوقسانە گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای گەشەسەندنی کورد لە تەواوی بوارەکانی ژیانی ئەمڕۆیی‌دایە. کورد بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی مێژینەی خۆی تەنیا و تەنیا ڕێگایەکی لە پێشە، ئەویش خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و کیان و سەروەریی خۆیەتی. میللەتی کورد بێ سەربەخۆیی، ھیچ کاتێک بە ھێمنی و ئاواتەکانی خۆی ناگا و ڕۆڵەی کورد وەک دیل و ژیردەستی نەتەوەی زاڵ دەمێنێتەوە. ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی‌داوە کە تەواوی گۆرانکارییەکانی جیهانی و ناوچە ھەلومەرج ودەرفەتی پێویستی بۆ گەیشتن بەم ماڤەی پێک هێناوە و کورد تەنیا لە ڕێگای یەکیه‌تی و خەباتی ژیرانە چ لە ئاستی کوردستان و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی نیوەڕاست و چ لە ئاستی جیهانی‌دا دەتوانێ بەم ئاواتە پیرۆزە یانی «سەربەخۆیی کوردستان» بگا.

سه‌رچاوه‌کان:
1) کورتەباسێک لەسەر ڕەمزی سەرکەوتن، بیری سەربەخۆیی‌خوازیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌، کامران ئەمێن ئاوە
2) کێشەی کورد و درووشمی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەڵاڵەی مەسەڵە، کامران ئەمێن ئاوە
3) Georg Wilhelm Friedrich Hegel ( 27. August 1770 in Stuttgart; 14)November 1831 in Berlin
4) تاریخ کردستان، مولفان لازایف، محوی و دیگران. نتیجەگیریی ص ٣٠٨ ترجمە منصور صدقی و کامران امین آوە، چاپ اول ٢٠٠٧ ، آلمان.
( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 31 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact